کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


ترەمپ و کوردەکان

Wednesday, 09/10/2019, 20:42


ترەمپ لە بڕیارێکى کت و پڕو لە ناکاودا و دواى پەیوەندیە تەلەفونیەکەى بە گەورە دیکتاتۆر ئەردۆغانەوە ،کشانەوەى هێزەکانى لە رۆژئاواى کوردستان راگەیاند ، پێشتر ترەمپ وتبووى کوردەکان شەڕکەرى ئازان ، ئەوە ئەو کاتەبووکە ئەمەریکا داواى لە کورد کرد لە شەڕى داعشدا هاوکارى بکات ، ئەو کاتە ئەردۆغان پەیوەندى ژێر بە ژێرو ئاشکراى بە داعشەوە هەبوو ،  ئەوەش شتێکى شاراوە نەبوو ، لە زۆر لاوە باسدەکرا ، ئەمجارە ترەمپ وتى کوردەکان  بە پارەو چەک شەڕیان بۆ کردووین ، هەڵبەت ئەو قسەیە ئەگەر هەقیقەتى ئەوەشى تیابێت کە بێچەک شەڕ ناکرێت ، تەنانەت سوپاى ئەمریکاش پارەو چەکى نەبێت شەڕناکات ، بەڵام نا ئاکارى ئەوەشى تیایە کە کورد وەک بە کرێگیراو نیشان ئەدات .
دواى بڕیارەکەى کۆشکى سپى  ، من نامەیەکى کورتم بە نێو نیشانى "نامەى کوردێک بۆ ترەمپ"  نووسى ،دۆستێک پێى وتم زۆر سۆزدارانەیە ، من لێرەوە ناردم بۆ کونسڵیەو لە دەرەوەش هەوڵى خۆمدا بگات ، گەیشتوە یان نا ، ئەوە مەسەلە نیە ، ئەوە گرنگە کە ترەمپ بەو کارەى ڕووبەڕووى ڕەخنەى توندى ناوخۆو دەرەوە بووەوە ، هیلارى ئەوى وەک خائینێک سەبارەت کورد نیشاندا ، جگە لەوەش نوسەرو هونەرمەند و رۆشنبیرو سیناتۆر و هتد لەو بڕیارە توڕە بوون ، ترمپ کوردە ئازاکان بە تەنیا بە جێدێڵێت ، بێ ئەوەى ئاگادارى مێژوو بێت کە سەدان ساڵە کورد بە تەنیا جێهێڵراوەو هێشتا بە پێوەیە .
نازانم تورکیا ئەو پەلامارە دەدات یان نا ، بەڵام ئەمڕۆ لە هەر دەم زیاتر تورکیا لە دۆخێکى سەختایە ، لە دەورو بەرى خۆى هیچ دۆستێکى نیە ، وڵاتەکە زیاتر لە 450 ملیار دۆلار قەرزارە ، حزبەکەى ئەردۆغان لە کەنارى هەڵوەشانەوەدایە ، تەنانەت ئەستەنبوڵ ئەستەنبوڵەکەى جاران نیەو خەریکە دەبێتە شارێکى نیمچە عەرەبى ، هەموو ئەمانە ئەردۆغانیان توڕەو پەست کردووە، ئەویش دەیەوێت داخى دڵى خۆى بە کورد بڕێژێت .
تورکیاو ئەردۆغان و ئاکەپە کوردیان بۆ تەواو ناکرێت ، ئەوەى لەم نێوانەدا ناشرینى بۆ دەمێنێتەوە ترەمپە ، ئەو پیاوەى هەموو شتێک دەکات قوربانى پارەو بەرژەوەندى و قازانج ، جگە لە کاردانەوەى ناو ئەمەریکا بەرانبەر بڕیارەکەى ترمپ ، کاردانەوەى ئەوروپى و تەنانەت ئێرانیش هەبوو ، لە هاتنەکەى لاڤرۆفیشدا ئەوەى منى ئاسودە کرد ، ئەوەیە چ دکتۆر بەرهەم ساڵحى سەرۆک کۆمارى عیراق ، چ مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان جگە لە نیگەرانى نیشاندان بەرانبەر هەنگاوەکانى داهاتوى تورکیا داوایان لە لاڤرۆف کردووە رێگرى لە تورکیا بکات ، بە دەر لەوەى لە سات و کاتى تردا سەبارەت هەندێ هەڵوێست رەخنەو سەرنجمان هەیە ، ئەمە هەنگاوێکى زۆر باشە ، یانى وێنەکە بە ڕوونى بەم جۆرەیە ئێستا ئەوەى تەنیایە کورد نیە ، ئەوانەى  تەنیان  ترەمپ و ئەردۆغا نن، ئەوەش بەسە بۆ ئەوەى ئومێدمان هەبێت و بەردەوام بین .
  


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە