کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بۆ میری بەشیرستان د.كەمال فوئاد وەفایەك لەچاخی بێ وەفایدا

Thursday, 30/08/2012, 12:00





دەمێك بوو خەون و خولیای ئەوەم بوو چۆن بتوانین بەیادی بەشیر موشیرەوە، نەوەیەكی دیكەی بەشیری، بەتەنیا لەپێناوی مرۆڤایەتیدا لەپێناوی كورددا دەستە و گرووپێ دروست بكەین.
سندوقە رەشەكەی ئوستاد
هاوسەردەمەكانی بەشیر موشیرو نەوەی دوێنێ نەرۆژێ لەڕۆژان سندوقەكەی بەشیریان بۆ كردینەوە، نە رێنمایی ئەوەیان كردین، لەو رووەوە كارێ بكەین، راستە (ئوستادە)كەی د. عیززەدین مستەفا رەسوڵ، پەلكێشی هەندێ قسەوباسی كردین، لەبارەی بەشیرەكەی كوردەوە، بەڵام داخوا بەوە دڵ ئاو دەخواتەوە، لەو دوایەشدا سێدیەكی سیروان رەحیمی براو هاوڕێ لەبارەی (ئوستادە)ەوە گەشتووەتە دەستم، خۆزگا سیروانى برا هاوشێوەی ئەوەشی بۆ مامۆستا شاكیر فەتاح دەكرد، ئەودەم دەمگوت ئۆخەی (ئاخر خێر)یش كەسانێك هەن ئاوڕی لێ بدەنەوە، ئێستا كەقسە لەسەر ئوستاد خۆیەتی، نە شاكیر فەتاح، كە بەهیوای مان ئەمساڵ كارێكی بۆ دەكەین، نە د.عیززەدین و نەسیروانى هاوڕێ، بەهەشتی و زندو هەركێ ناوی دێ یادی بەخێر. لێ بەشیرەییەكان كە نێویان دێتە ناوان یەك لەدوای یەك پەلكێشی یەكتر دەكەن، لام وایە ئەوەش نیشانەی هێزی پڕكێش و موگناتیسی ئوستادە، دەنا بۆ لەو دەمەیدا كە ئەو وشانە دەنووسم لەبری بنووسم ئەمن دەنووسم ئەمین، هەست دەكەم قەڵەمم بەقووەتە لەگەڵ ئەوەشدا چ بكەم كوڕی ئاوو خاكێكم، خەڵكەكەی
لەئاست یەكتر دڕن چەشنی هەڵۆ یەك دادە پاچن بۆ
لەبۆغەیرە شڕن چەشنی پەڕۆ وەك دەست و قاچن بۆ
هەزار تیرەو لك و هۆزن وەكو دوژمن لەیەك ناچن
دەترسم رۆژێ لەم خاكە هەموو تیاچن وەكو سمكۆ
زمانی حاڵ دەڵێ خوانەكاو بەشیرییەكان بۆو بمێنن- نیشتمان، ئەم چوار دێرە بەرزەی سەرەوە، خێرەو مەنێك بەناوی ئوستادەوە نووسیویەتی و ئەمنیش ئەوە دەیان ساڵەلە بەرمەو جار جار دەیڵێم و دەیڵێمەوە. تا ئەو رۆژەی پیری زمان زانی كورد د. جەمال نەبەز سەردەكاتەوە بەوڵاتاو سندوقە رەشی ئوستاد دەكاتەوە. خۆشە بەیادی ئەو بەشیرە بەشیرەوە، ئاوڕ لەمیرێكی دیكەی بەشیری بدەینەوە، كە ماوەیەكە رۆیوە لەناومان بەهیوای ئەم نووسینە ئێمەو مانان و نیشتمانی بیربخاتەوەو لانی كەم لەرۆژی پڕشكۆی رۆژنامەگەری كوردیدا لەگەڵمان بێت بۆ سەردانی ئەشكەوتی جاسەنەی قەڵەم بەدەست و رۆژنامەنووسی، دەشێ ئەمەش یەكێكی دیكە لەسەرسوڕهێنەرەكانی دنیا بێت، دەنا كێ دیویە ئەشكەوت رۆژنامەنووس بێت، خۆزگە پەیكەرێكی مەلیكی كوردستان و دەستەی نووسەرانی بانكی هەق و چاپخانە بێ نازەكەی (پیرەمێرد)و كتێبخانەیەكی تایبەت بەرۆژنامەگەری كوردی دەبرانە ئەو ئەشكەوتە. پێموایە بۆ كاری ئاواو شەڕی ئەو گۆڕەپانە لەمامۆستا عەبدوڵا زەنگەنەو مامۆستایان سدیق ساڵح و رەفیق ساڵح (چاپووك و دلێرتر) دەستناكەون ئەو سەفەرە بكەن، كوردەكە دەڵێ قسە قسە دێنێ، ئێمە ئەم نووسینە بۆ یادی میرێكی بەشیری دەنووسین و كەچی هێشتا قەڵەم دەیەوێت دوای رێزی زۆرتر ناوی بهێنێ، ئەرێ بەراست لەو هەراو زەنای زۆران و گەمەیەدا كەس د. كەمال فوادی بەرزە ئەوینداری ئوستادی بیرە، یان هەر یەكەو بەمەبەستی خەیاڵاتی كەسێكەوە. بووینە بەدیلی قەفەسێ! سەلامەتی بۆ یەكێ لەمیرەكانی حەوتەوانەی بەشیری و خۆزیا لەبری (ئەمین) یەكێ لەئەستێرەكانی حەوتەوانە شتێكیان لەو بارەوە نووسیبا، خۆ شوكر هێشتا مامۆستا كامیلى پیرو مورید ژیان دەكات و عومرى درێژ .
سیپارەی حەق پەرستی
لەمن و نەكەوێ هیمەتێ، دەكرێ بەشیرییەكان هەموومان لەدەوری (سیپارەی حەق پەرستی) سیپارەیەك كە هەرچیت بوێ تێیدایە كۆ بكەنەوەو پەیامی ئوستاد لەدڵپاكی، كینە هەڵنەگرتن، یەك خۆشویستن و سادەی بدەن بەهەموومان. ئوستاد لەدوكانێكی بچكۆلەدا لەو بەغدای بێ ئیتیفاق و پڕ لەنیفاقەدا بە باوەڕە بەرزو سادەو ساكارەكەی لەزاخۆوە تا خانەقینى مورید بوون و هەمووان لەبری ئەو دەیانووسی و ئەویش بەهێمنی دەیگوت: (ئەمین زۆر باشم تەئلیف كردووە) ئێستا كە خەیاڵم لای باری تەندروستی د. كەمالەو هیوای سەلامەتی بۆ دەخوازم، قسەیەكی مامۆستا زەكی تاڵەبانیم بیر دەكەوێتەوە، زیاتر لە(50) ساڵ لەمەوبەر بەشیرستێكی مەزن، بەشیرستێكی هەمیشە چرای وەك د. جەمال نەبەز لەكەركوكی نە دڵ ونە قودس و ئازاری كوردانا، هەموو مانگێ بەپارەی خۆی گۆڤارو رۆژنامەی كوردی بۆ فێرخوازە كوردەكانی ئامادەیی دەكڕی، هەر بۆ ئەوەی بخوێننەوە، بخوێننەوە چونكە خوێندن هەموو ئان و زەمانێ عەینی قەڵغان و سوپەرتانە.
سڵاو لەهەموو ئەوانەی ناویان هات، ئەوی تئێستا لەبەهەشتەو ئەوی ئێستا لەژیاندایە، بەئاواتی ئەوەی د. كەمال فوئاد ساغڵەم و تەندروست بگەڕێتەوەو ئێمەش لەدەوری كۆمەڵە ببەستین.
دەزانم ئێستا ئوستاد بمایە دەیگوت: دەركردنی بەردێك كە نەزان دەیخاتە گۆمەوە زۆر ئاسانترە لەدەركردنی بەردێك كە زانا دەیخاتە گۆمەوە. مەرگتان نەبینم.


تێبیى ئەم بابەتە دووساڵ لەمەوبەر نووسراوەو كاتى خۆى لەگۆڤارى دۆز كەلە كەركوك دەردەچێت بڵاو كراوەتەوە بەهیوام دواى نووسینەكانى كاك دلێر و د جەمال ئەمەش بەشداریەكى بچوك بێت

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە