گۆڕان و سیاسەتى كورسى كورسى
Friday, 22/11/2013, 12:00
بزوتنەوەى گۆڕان لە بنچینەدا بۆ چاكسازى و گۆڕانكارى درووست بوو ، ئەوەش پاش ئەوەى پێشتر زۆر رێگا تاقیكرایەوە بۆ چاكسازى ، لێ سەرى نەگرت، سەریان نەگرت لەبەر ئەوەى هیچ نیەتێكى چاكسازى بەدیناكرا لە كوردستان ، جگە لە قسەى رووت، گۆڕان هات ووتى ئیتر مەسەلەكە هەر قسەى رووت نیە ، بە بڕواى من لەمەدا گۆڕان تەنیا نەبوو ، نیە ، ئەم بۆچونە زۆرینەى خەڵكى كوردستانى لەتەكە، با لە هەڵبژاردنەكلنیشدا ئەوە رەنگ نەداتەوە، هەڵبژاردنەكان پەیوەستن بە بەرژەوەندى و ترس و نیگەرانى و گەمەى تەزویرو ساختەكاریەوە، بۆیە ئەوە پێوەر نین كە زۆرینە كێیەو كەمینە كێ بەتایبەت لە بوارى چاكسازى و بەگژدا چونەوەى گەندەڵیدا، گۆڕان بە قەد تاڵەمویەك لەو بۆچونە لابدات دەكەوێتە ژێر پرسیارەوە، بۆیە دەكرێ درێژە بەگەمەى بەشدارى كردنیش بدات و رەخنەو سەرنجەكانى خۆیشى نەشارێتەوە، ناكرێ بزوتنەوەى گۆڕان بە 34 كورسیەوە كە بەمافى خۆى هێناوێتى ، لە زۆر پرسا بەشدار نەبێت و بیانوشى ئەوەبێت مادام لە گفت و گۆداین دەكرێ هەندێ نەرمى بنوێنین و چاوپۆشى بكەین ، لەكاتێكا ئەمە دەبێت دووسەرە بێت واتە ئەوى بەرانبەریش ئەوە بكات ، كە وانیە ، گۆڕان لە پرسى چونى مەسعود بارزانى بۆ ئامەد هیچ هەڵوێستێكى روون و رەوانى نەبوو، تەنانەت رێكخەرى بزوتنەوەكە ووتى ئاگام لێنیەو تەعلیقم نیە ، لە كاتێكا بارزانى وەك سەرۆكى هەرێم ئەو سەردانەى كردوەو میدیاى هەرێم و توركیاو دەرەوەش وا وێنایان كرد، بزوتنەوەى گۆڕانیش دەنگپێدانەوەى مەسعود بارزانى لە 30 حوزەیراندا لەلایەن یەكێتى و پارتیەوە بە كودەتا لە قەڵەم دا، بەڵام دواجار لەبەر بەشدارى كردن لە حكومەتدا بێدەنگى كرا ، كەمن لام وایە ئەمە سیاسەتێكى تەندروست نیە سیاسەتى تەندروست ئەوەیە لە هیچ بارو دۆخێكدا پشت نەكرێتە رەخنەو رەخنە لێگرتن، بۆ من ئەمە باشترین رێگایە بۆ ئەوەى لێوەى بگەینە دیموكراسى تەواو، لە دنیاشدا هەروابوە، ناكرێ سیاسەت بە پێى بەرژەوەندى و رۆژ بكرێت ، لادان لە بیرو باوەڕى سەرەكى و موجامەلە كردن جۆرێكە لە لە پاشە كشەى سیاسى ، كە ناكرێ كەس لە هەرێمى كوردستان بەوە رازى بێت ، ئەوانەى كار بۆ ئەوە دەكەن لەبەرانبەر چەند كورسیەك یان بەشداریەكى ئیداریدا بەرانبەرەكە بێدەنگ بكەن ئەوانە كار بۆ سەربڕینى دیموكراسى دەكەن ، هەرلایەكیش بەوە رازى بێت دیارە لە سەربڕینەكەدا بەشدارە .
گۆڕان لە مامەڵەى سیاسیدا بە بڕواى من لە گێژاودایە ، ناكرێ سیاسەتكردن لەگەڵ دژبەرەكان نەبە سڕینەوەو شكاندنى ئێسك وێنا بكرێت نە بە موجامەلەو گەمەى زمانەوانى ، وەك ئەوەى هەركات پێویست بوو دەرهەق بەلایەك ماكینەكە بخەگەڕ و هەركاتیش وویستت رایگرە ، من بۆخۆم درك بەوە دەكەم ، بەڵام لەوەشدا بەیەك شێواز مامەڵە ناكرێت زۆر جار دەبینم ئەمە بۆ لایەك وایەو بۆ لایەكەى تر بە پێچەوانەوە، سیاسەتكردن بە پێوەرى رۆژهەڵاتى رامكردن و فریودان و خۆڵ لە چاو كردنە نەك هونەرى بڕوا پێهێنان و كاركردن بە بەرنامە، گۆڕان پێویستە ئیدى بە گژ ئەو مۆدێلە لە سیاسەتى رۆژهەڵاتیدا بچێتەوەو خەڵك لەگەڵ سیاسەتى راست و تەواو ئاشتبكاتەوە، بۆ ئەمەش خودى نەوشیروان مستەفا دەتوانێ رۆڵێكى باش بگێڕێت ، وەك چۆن ئێستا لە گەنج و بیر كەرەوە خەڵكى زۆر باشیشى بە دەورەوەیە .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست