کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


ریش وشمشێر لە تەحریر

Tuesday, 11/09/2012, 12:00






سەرهەڵدان و راپەڕینەكانى دنیاى عەرەب و ئێستاى دنیا زیاتر گەڕانە بە دواى كەرامەت و ئازادى وئینسانى بوونەوەدا، ئەوەى بەدرێژاى دەیان ساڵ دەسەڵاتدارە ستەمكارو جەلادەكان لە خەڵكیان دزیبوو، لە چركە ساتى راپەڕیندا كەس نەپرسیارى ئەوە دەكات رووداوەكان بەرەو كوێ دەچن، نەئەپەرژێنە سەر ئەو پرسیارە، بەڵام دواتر شۆڕش خاوەنى زۆرى بۆ پەیدا دەبێت و هەر كاكە و خۆى دەكات بە پاڵەوان وەك چۆن لە رۆژهەڵات ئەمە زۆر باوە، ئەوەى زۆر مایەى نوكتەیە ئەوەیە لەگەرمەى شۆڕشا زۆر جار دڕندە دەبێتە پەپولەو جەلاد ئەبێتە فریشتە، لەمیسر خەڵك زۆر بە خێراى لەسیناریۆكەى دواى موبارەك گەیشتن ئاخر خەڵك لە گەرمەى "ارحل ارحل " دا هەموویان چەپ و راست ، ئیسلامى و عیلمانى، سەعیدى وئەسكەندەرونى ، پێكەوە بوون،مورسى بە جیاوازیەكى زۆر شەرمنانە بووبە سەرۆك و ئیخوانەكان شاگەشكە بوون ،لە كاتێكا هەم مورسى و هەم خەڵكى میسر ئەركى زۆر گەورە تریان كەوتە ئەستۆ لە سینا بەزمێك روویداو لێرەو لەوێش لەدژى هونەرو سینەماو گۆانى و شانۆ فتواو هەڕەشەو شتى تر پەیدابوون، مەلایەكیش ووتى ئەوەى دژى ئیخوان و مورسى بێتە سەر جادە لە دین لایداوە! وەك ئەوەى مورسى مەهدى زەمان بێت، راستە مورسى خۆى لەو فتوایە بێبەرى كرد،بەڵام دەركەوت ئەوەراست نیەو هەر لەیەكەم چركە ساتى هاتنە سەر جادە لە مورسى ولادانەكان لە شۆڕش، ریش وشمشێرهاتنە ناوەوەو بەر بوونە وێزەى خەڵك،ئەوەى من لە میدیاكانەوە بینیم جێبەجێكردنى فتواى ئەو مەلایە بوو، نەك پاراستنى گیانى خۆ پیشاندەران وەك ئەوەى كە سوپا پێشتر ئەو كارەیان ئەكرد. ئاخر ئەو هەموو ساتورەو دەمانچە بێدەنگ و ریشە لەكوێوە پەیدابوون و بەر بوونە گیان خۆ پیشاندەران ، ئەوەچ شەرمەزاریەكە بۆ مورسى، بڕوانن ئەمەریكا چۆن رووپۆشى لە سەر ئەمانە لادا، پەلاماردانى خەڵك بەریش وشمشێرەوە منى لەوە نائومێد كرد كەلام وابوو ئیسلامى سیاسى لە میسر و ئیخوانەكانى ئەوێ تەواو گۆڕاون و رەنگە ئیدى ستەمكارى لە وڵاتى ئەهرامەكان ببڕێتەوە. من زۆر خۆش خەیاڵانە سەیرى ئەو بابەتەم دەكرد تائەوەى ئیخوانەكان هەر جارە لە پەناى شتێكەوە پەلاماربدەن ، وەك ئەو شەڕانەى ئەم دوایە بە هونەرمەندانى دەفرۆشن نموونەى عادل ئیمام و ئیلهام شاهین و هى تریش دێت. ریشدارە ساتورە بەدەستەكانى ساحەى تەحریر ئێمەیان تووشى شۆك كرد، بەوەى جیقڵدانەیان ئەوەندە بچوك بوو بەرگەى خۆ نیشاندانێكى نەگرت ، من باوەڕم وابوو سیاسیە ئیخوانەكانى میسر مۆدێلێكى نوێ لەدیموكراسیەتى رۆژ هەڵاتى دەهێنە دنیاى عەرەبى و بەو كارەش ئیخوانەكانى توركیا ناچار دەكەن كە لە برى ئەوەى فڕۆكەكانیان بۆكوشتنى كورد بەكاربێنن دەستى ئاشتى وپێكەوە ژیان بەكاربێنن، وادەرنەچوو. هیوادارم ئەم بابەتە كورتە ببێتە سەرەتایەك بۆ گڤت وگۆیەكى هێمنانەو رۆشنبیرو سیاسیەكانى نێو هەردوو حزبى یەكگرتووى ئیسلامى و كۆمەڵى ئیسلامیش بەشدارى تیا بكەن، من لام وایە هەموومان قسەى خۆمان هەیە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە