کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


دووبەرەكى لە ئەدەبی كوردیدا

Sunday, 16/12/2012, 12:00






لە كتێبی جاش و ئەنفالدا هێندەى بەڵگەنامە قسە دەكات هێندە من قسە ناكەم جگە لە پێشەكییەكى كورت، پاشتر و پاش بڵاوبوونەوەى كتێبەكە، خەڵكێكى زۆر داواى كرد، بەتەنێ لە سلێمانى داواى (3) هەزار دانەى دى دەكرا لەیەك شوێن ، لە مهاباد كتێبخانەیەك داواى لێكردم چاپی بكاتەوە هەڵبەت لەسەریشی نووسرا لە دەرەوە و ناوەوە، ئەمە جگە لەوەى لە هەریەك لە كەلارو دەربەندیخان و چەمچەماڵ و كەركوك داوایان كرد لەو بارەیەوە كۆڕ بكەم، بۆ كۆڕەكان زیاتر خۆم ئامادەكرد، لە دەربەندو كەلار پێشوازى باش لە كۆڕەكان كرا، دیاربوو بیانوو درایە دەستەوە بۆ ئەوەى لە چەمچەماڵ و كەركوك كۆڕەكان نەكرێن. من ئەوە ناشارمەوە كە ئەو كتێبە جگە لە پێشوازى ، سەرهێشەشی بۆ دروست كردم و هەندێك لێرەو لەوێ لەو بارەوە قسەى دیكەیان كردبوو، من لەو كتێبەدا چ ئازایەتیەكم نەكردبوو جگە لەوەى وێنەكانم لە ڕۆژنامەكانى بەعسەوە هێنابوو بەداخەوە كە كورد لەسەردەمى بەعسدا، لەسەردەمى دەسەڵاتى سەدامدا بەوڕادەیە ملكەچى كردبوو بەڕادەیەك كە زۆرێك پێیان وابووە بەعس تاهەتایە دەمێنێ، خۆزگە كورد جاشی نەبوایە، ئیدی ئەوە قەدەری كوردە، دیارە لە ئەدەبی كوردیشدا نۆكەری و جاشایەتیی و خیانەت و دووبەرەكیی زۆر ڕەنگی داوەتەوە، من ئەو جارەشى كەمتر قسە دەكەم و زیاتر نموونەی نێو ئەدەبی كوردی لەو بارەوە دێنمەوە...

ئەحمەد خانی مەزن بە جۆرێك لە جۆرەكان لەو بارەیەوە قسە دەكات و دەڵێ:

ئەزمامە دحكمەتێ خودێ دا
كرمانج د دەولەتا دنێ دا
ئایە بە چ وەجە بونە مەحروم
بالجملە ژبۆ بونە مەحكوم
هەر ئەو ڕوونتر دەڵێ
گەردی هەبوا ئیتیفاقەك
ڤێكڕا بكرا مە ئینقیادەك
ڕۆم و عەرەب و عەجەم تەمامی
هەمیا ژمەڕا دكر خولامی

لەم دوو نموونەیەی سەرەوەدا خانی بیرمەندی نەتەوەیی كورد بەڕوونی قسە لەسەر ئەوە دەكات كە دووبەرەكیی و خیانەت و جاشێتی چ ڕۆڵێكی هەبووە، لەوەی كە كورد نەبووە بە خاوەنی تاج و تەخت و بەخت و چوارچێوە خانى دەڵێ: نەبوونى پێكەوە بوون و ئیتیفاقە كە هەمیشە ئێمەى بەو بارودۆخەوە هێشتووەتەوە..

سالمى شاعیر دەڵێ:
گەهێ هەم دەردى ئەكرادن گەهێ هەم عەیشی ئەتراكن
لە یەكلامادەری بەرخن لەیەك لا یاری گورگانن
حاجى قادری كۆیی كە پێشتریش ئاماژەمان پێداوە لەو بارەیەوە لە هەمووان زیاتر دەردە دڵی هەیەو لەزۆر شیعردا ئەو دەردە دڵە دەكات بۆ نموونە دەڵێ:
تاڕێ نەكەون قەبیلی ئەكراد
هەروا دەبنە خرابە ئاباد

هەر حاجى دەڵێ:
یەكێ لەم لاوە ڕوودەكاتە عەجەم
دوو لەو لاوە دەبنە دووژمنى هەم
دوو هەزار ژن فەساد كران لەم لا
بوونە قاتیل ئەوانى تر لەولا
بۆ ئەمیرانى غەیرە دەبنە گزیر
نەك لە خۆیان یەكێكى بێتە ئەمیر

حاجى دەڵێ:
ڕۆم و جوو چاكە ئیتیفاقی هەیە
كوردە بێ غیرەتى و نیفاقی هەیە
حاجى قادری كۆی لەو بارەیەوە زۆرترین قسەى كردووە و هەرە ئەویش بەو پەڕى دڵشكانەوە دەڵێ:
بوڵخارو سیرب و یۆنان هەم ئەرمەن و قەرەگاغ
هەر پێنجیان بە تەعداد نابن بە قەدى بابان
هەر یەكە موستەقیلن كولێكى دەو ڵەتێكن
ساحیبی جەیش و ڕایەت ئەركانى حەرب و مەیدان

حاجى بە ڕوونى لۆمەى كورد دەكات و دەڵێ:
حەڵەتى ژێر دەستى هەروایە
نۆكەری كاری چاكى بۆ نایە

بەڕاستى حاجى قادری كۆی زۆرترین شیعری لەسەر دووبەرەكى و نۆكەریو جاشێتى گوتووە، هەر ئەمەشە دەبێتە هۆكارێكى گرنگ كە حاجى قادر وەك سونبلێكى بیری نەتەوەیی تەماشابكرێ

حەمدى شاعیری دەڵێ:
قەومەكانى ڕوپیە خۆرم دێنە بەر چاوم ئەڵێن
كە ربە جۆ بمرێ شەهیدە سەگ بە گۆشتى لاكەوە

هەر حەمدى دەڵێ:
بەڕێگەى ئیختلافا هەر كەسێ چوو بێ سەرو شوێنە
لەوادى ئیتیفاقا یارە دەوڵەت ڕاحەتە باوەڕ

هەڵبەت لە ئەدەبی كوردیدا نموونەى لەم بابەتە زۆرن و هەڵدەگرێ لەو بارەیەوە دەیان نموونەى شاعیران بێنینەوە تەنانەت نالیو كوردى و زۆری دیكە لەوبارەیەوە قسەیان كردووە، بێكەس كە یەكێكە لە شاعیرە زۆر توڕەكانى كورد جگە لە چەندین شیعری بەناوبانگى لەوبارەیەوە لەقەسیدەیەكدا دەڵێ:

كورد ئەبەد ناگاتە مەقسەد نۆكەری بێگانەیە
دوو دڵن پیسن لەگەڵ یەك بۆیە وا بێلانەیە
میللەتێكن بۆ نەمانى یەكتری هەر هەوڵ ئەدەن
داخەكەم وردوو درشتى شێتو شەیداى عانەیە

ئێمە لەم نموونانەوە دەكرێ خوێندنەوەیەكى ورد بۆ چەمكى جاشێتى و خیانەت بكەین لاى كورد، هەڵبەت بوونى ئەم كتێبە بەڵگەنامەییە لە كتێبخانەى كوردیدا پاراستنى مێژوویەكە كە دەگمەن نەوەى دواى ڕاپەڕینى (1991) ئاگایان لێیەتى بەو هیوایەى ئیدى مێژووى كورد لەو ڕابردووە تاریكە دەربازبێت و ئێمەش وەك گەلان ببینە خاوەنى خۆمان.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە