سڵاو دەوڵەتى باشووری سودان - تكایە مام جەلال سەیرێ بكە
Sunday, 10/07/2011, 12:00
دروستبوونى دەوڵەت بۆ هەموو ئەو نەتەوانەى، كە خەونى سەربەخۆییان هەیە، موستەحیل نییە و هەر ڕۆژێك بێت دێتە دى، چەند بە هیوا بووم، كە دەوڵەتى ژمارە(193) ئێمە بین هێندە پیرۆزبایی لە خەڵكى باشووری سودان دەكەم و درورد بۆ سەركردە دیرۆكیەكەیان (جۆن گەرەنگ) دەنێرم، ئەو سەركردەیەى باشوورییەكانى سودانى فێری ئەوەكرد لەسەر پێی خۆیان بوەستن و بڕیاری چارەنووسساز بدەن، چەند بە ئاوات بووم ڕۆژێ لە ڕۆژان پەیكەری سەركردە ئازادیخوازەكانى منیش لە گۆڕەپانى سەربەخۆییدا پەردەیان لەسەر لابدرێت.
داخەلق نەبێژتن كو ئەكراد
بێ مەعریفەتن بێ ئەسڵ و بنیاد
دڵنیام ڕۆژێك دێت خەونى نالی و سالم و كوردى و خانى و حاجى قادر و هەموو كورد دێتەدى و ئەوساكە دەچمە سەر گۆڕی ئەسیری و دەڵێم:
بنوو لە گۆڕەكەتا شادو بەكەیف و ئازاد
ئەوە كوردن بوونەتە خاوەنى ئەسڵ و بنیاد
خۆزگەم ئەو ڕۆژە زوو دێتە دى و مام جەلال ئەو ڕۆژە بەچاوى خۆی دەبینێ، خۆزگەم خەونى دڵداری شاعیر دێتەدى و بۆ ئەبەد نانەوێ ئاڵاكەمان و ئێمە ئەگەرچی دواكەوتین دەوڵەتى ژمارە (194) دەبین دەوڵەتێك، كە خەون نییە و حەقیقەتە.
من سوور دەزانم دەوڵەتى كوردى خەونى شاعیرانەش بێت هەر دێتە دى، چما خەونى نالی لەوەدا نەهاتە دى، كە سوپاى كوردستان ڕیز ڕیز بەدەم سروودى نیشتیمانییەوە تێبپەڕن، چما كوردە كە جۆشیان نەدا وەكو هەنگ، ئەو خەونە دێتە دى و بەسەر ئاسمانى كوردەوارییەوە ئاڵاى سەربەخۆیی دەوڵەتى ژمارە (194) دەشەكێتەوە، بەڵام ئەمە پێویستى بە كەمێك ئازایەتى سەركردەكانمانە، كەمێك ئازایەتى بۆ ئەوەى میللەتەكەى خۆیان لە میللەتانى دیكە خۆشتر بووێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست