کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


سەركەوتن لە باكوور...

Tuesday, 14/06/2011, 12:00


حەزم دەكرد پێرێ لە دیاربەكر بوومایە، بەداخەوە رێك نەكەوت، پارساڵ كە سەردانی وانم كرد، لەسەر قەڵای وان، لەگەلأ چەند منداڵێكی كورد باسی باكووری كوردستان و ئاییندەی خۆمان كرد، ئەوان گەرم وگوڕو ئێمەش لە باشووری كوردستان مەستی لەبیركردنی ئاییندە، هەڵبژاردنی ئەمساڵ كە رۆژی (12/6) بەڕێوەچوو، بۆ كورد بە گشتی بایەخ و گرنگی خۆی هەیە، سەربەخۆیی كوردستان و دروستبوونی دەوڵەتی كوردی، لایەنێكی بەهێزی بە باكوورەوە بەستراوە، هەرچەندە ئەویش پێویستی بەوە هەیە وێنەی كورد لە رۆژئاوا كە تا ئێستا بەپێی خواستی توركیا تیرۆریستە بگۆڕین. هەقیقەت ئەوەیە كە كورد بە سرووشت ئاشتیخوازەو تیرۆریست نییە، بەڵام چی دەكەیت، ئەگەر دەوڵەت، تیرۆری رێكخراو دەرهەقت بەڕێوەبەرێت، خۆناكرێ بێدەنگ بیت و هیچ نەكەیت، ئەوەی كە كورد لە رابردوودا داكۆكی لە مانەوەی خۆی كردووە، هەرگیز تیرۆر نییە، ئێستا ئیدی كاتی ئەوەیە لۆبی كوردی لە دەرەوە لە ئەمریكاو وڵاتانی ئەوروپا بەبێ باشووری و باكووری، شەڕی مەدەنی گەورە بۆ سڕینەوەی ئەو ناولێنانە بەڕێ بخەن. سەركەوتنی گەورە كاتێ لە باكوور دێتەدی كە لە رۆژئاوا ناسنامەی ئاشتیخوازی بۆ كورد بگێڕینەوە، ئێستا لەناو توركەكانی توركیاشدا، بەشێكی زۆری خەڵك گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی كورد بە دووی خەونی خۆیەوەیەتی، ئەوانە دەپرسن: ئایا ئەوەی بە دووی خەونی خۆیەوە بێت، تیرۆریستە؟، بێگومان نەخێر. نە فەلەستینییەكان و نە شۆڕشگێڕەكانی لیبیاو نە ئەوانەی لە سووریا داوای ئازادی دەكەن تیرۆریست نین، ئەمە من نایڵێم، ئەمە رەجەب تەیب ئەردۆغان و عەبدوڵڵا گویل دەیڵێن، ئیدی بۆ (پەكەكە) تیرۆریست بێت كە هەمان داوای ئەوانی سەرەوەی هەیە.
لەدوای هەڵبژاردنەكانی ئەمجارەوە ئەقڵانیترین كارێك كە توركیاو ئاكپارتی بیكەن، ئازادكردنی ئۆج ئالانە، ئەو پیاوە بیرمەندەی یەكێكە لە شانازییەكانی ئەو وڵاتە، بەوەی ساڵەهای تەمەنی لە پێناوی ئازادی و پێكەوەژیانی ئاشتییانەدا خەباتی كردووە. هیچ كوردێك لە دونیادا نییە، بیەوێت خوێن لە پەنجەی توركێك بێت، ئەمە دەبێ لای بەرانبەریش رەنگبداتەوە. ساڵەهای ساڵ هەموو رێگایەك گیرایەبەر بۆئەوەی لە باكووری كوردستان كورد سەركوت بكرێت، نەكرا. هەموو رێگاكان بۆ چارەسەری دۆزەكە چوونەوە دیاربەكر، ئاكپارتی نابێ پێچەوانەی ئەمە بكات، من دەزانم كوردەكانی ناو ئاكپارتی لەو راستییە گەیشتوون، بۆیە پێویستە لەگەلأ هاوڕێكانیاندا لە ئاییندەدا (بەرەی كورد) فراوانتر بكەن، بەرەیەك كە ستەمی مێژوو هەموویان كۆدەكاتەوە، بەرەیەك كە هەموویان نەوەی عوبەیدوڵڵای نەهری و راپەڕینی دەرسیم و شێخ سەعیدی پیرانن، پێویستە كوردەكانی ناو ئاكپارتی ئەمڕۆ زووتر ئەو بڕیارە بدەن، لە هەموو روویەكەوە رێگاكانی گەیشتن بە سەركەوتن لە باكووری كوردستان بەتەواوەتی روون بوونەتەوە، ئێستا لە هەر كات زیاتر رووناكی گەیشتن بە ئامانج لە ماڵەكەوە نزیكە، كەس ناتوانێ بەر بەو رووناكییە بگرێت، بۆیە ئەركی هەموو كوردێكە لە دوای (12/6)ـەوە بیر لەوە بكاتەوە ماڵەكەی خۆی رێكبخات. بڕوای من وایە لەمەدا جاشەكانی توركیاش، پێویستە بەهۆش بێنەوە، بەهۆشهاتنەوە ئەوەیە كە كوردبوون بخرێتە پێش توركیایی بوونەوە، لە ئێستاوە تا ساڵی (2012) كە ساڵی یەكلایی بوونەوەی كوردبوونە، پێویستە هەموو لایەك دەسبەرداری ئەو رابردووەی خۆیان بن، بەتایبەت ئەوانەی رابردوویان پەڵەی رەشی تێدایە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە