کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


د.مایكل رۆبن: یه‌كگرتوو و گۆران جیدیتر له‌ پرسى گه‌نده‌ڵى ده‌روانن

Saturday, 16/01/2010, 12:00


(له‌م گفتوگۆیه‌دا، چه‌ندین پرسیارى زیندووى سه‌ر ساحه‌ى سیاسیی كوردستان و عێراق و، په‌یوه‌ندییه‌كانى كوردستان له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له‌ ئه‌مریكا و توركیامان كردووه‌، دكتۆر رۆبنیش كه‌ پسپۆرِه‌ له‌ كاروباری كوردستان و عێراق به‌گشتى و له‌ پێشدا مامۆستاى زانكۆ بووه‌ له‌ زانكۆكانى كوردستان و، به‌حوكمى نزیكى پرسیاره‌كان له‌ بواره‌كه‌ى دكتۆر رۆبن، وه‌ڵامى روون و راشكاوانه‌ى داوینه‌ته‌وه‌ ..

حه‌ز ده‌كه‌م له‌دواى رووداوى گرنگى عێراقه‌وه‌ ده‌ست پێبكه‌م، كه‌ ئه‌ویش یاساى هه‌ڵبژاردنه‌كانى عێراقه‌، به‌رِێز (مه‌سعود بارزانى ـ سه‌رۆكى كوردستان) وتى كه‌ ئه‌و بۆیه‌ داواكانى له‌هه‌مبه‌ر یاساى هه‌ڵبژاردنه‌كان كشاندۆته‌وه‌، چونكه‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان به‌ڵێنى ئه‌وه‌یان پێداوه‌ كه‌ پاڵه‌په‌ستۆ ده‌خه‌نه‌ سه‌ر حكومه‌تى داهاتووى عێراق بۆ ئه‌وه‌ى مادده‌ى 140ی تایبه‌ت به‌ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان جێبه‌جێ بكرێت. رای تۆ له‌مباره‌یه‌وه‌ چییه‌؟ پێت وایه‌ ئه‌مریكا به‌ڵێنه‌كانى ده‌باته‌ سه‌ر؟ یان ئه‌و ته‌له‌فۆنه‌ى ئۆباما ته‌نها بۆ رازیكردنى كورده‌كان بوو؟ سیناریۆ چاوه‌رِوانكراوه‌كان چین له‌هه‌مبه‌ر داهاتووى كه‌ركووك؟ دكتۆر رۆبن: من زۆرم پێ سه‌یره‌ كه‌ ئه‌وه‌نده‌ پشت به‌ هیواكانى ئه‌مریكا ده‌به‌ستن، به‌رِێز بارزانى پێویسته‌ له‌وه‌ تێبگات، چونكه‌ له‌ ساڵی (1975) رووداوێكى هاوشێوه‌ له‌لایه‌ن (هینری كیسنجه‌ر)ه‌وه‌ روویدا، هینری كیسنجه‌ر واقیعی بوو، سه‌رۆك ئۆباماش هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌یه‌. ئۆباما پێویستى به‌ رێكه‌وتنێكى خێرابوو له‌گه‌ڵ كورده‌كان له‌باره‌ى یاساى هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه‌، ئه‌وه‌بوو به‌رِێز بارزانى ئه‌و داوایانه‌ى خۆی كشانده‌وه‌ كه‌ له‌باره‌ى یاساى هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه‌ هه‌یبوو وه‌ك دیارییه‌ك بۆ سه‌رۆك ئۆباما. ساڵی داهاتوو، ئه‌گه‌ر بارودۆخه‌كه‌ گۆرِا، سیاسه‌ته‌كانى كۆشكى سپی ده‌گۆرِێت به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ له‌گه‌ڵ به‌ڵێنه‌كانى سه‌رۆك ئۆبامادا یه‌كناگرێته‌وه‌. وه‌ك خۆم پاڵشپتى له‌ مادده‌ى (140) ده‌كه‌م و پێم وایه‌ كه‌ پێویسته‌ برِه‌گه‌كانى ده‌ستور جێبه‌جێ بكرێت، به‌ڵام پێشبینى ئه‌وه‌ ناكه‌م كه‌ بارودۆخى كه‌ركوك به‌شێوه‌یه‌ك بگۆرِێت كه‌ ده‌ستور ده‌یه‌وێت، له‌ داهاتوودا ئۆباما پێویستى به‌ به‌غدا ده‌بێت، بۆیه‌ ناچار ده‌بێت كه‌ له‌سه‌ر كه‌ركووك برِیارێكى ته‌وافوقی بدات به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ له‌ قازانجی كورد نابێت. یه‌كگرتوو: پێت وایه‌ كه‌ به‌هۆى یاساى نوێی هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه‌ كورده‌كان هه‌ندێك له‌ كورسییه‌كانى په‌رله‌مانى داهاتوو له‌ده‌ست ده‌ده‌ن؟ دكتۆر رۆبن: له‌وانه‌یه‌ لیستى كوردستانى هه‌ندێك له‌ كورسییه‌كان له‌ده‌ست بدات، به‌ڵام نه‌ك كورد به‌ گشتى. لیستى كراوه‌ زیان به‌ پارتى و یه‌كێتى ده‌گه‌یه‌نێت له‌ هه‌موو پارته‌كانى تر زیاتر، چونكه‌ خه‌ڵكى به‌گشتى له‌ گه‌نده‌ڵییه‌كانى پارتى و یه‌كێتى تورِه‌یه‌. به‌رِێز بارزانى به‌شێوه‌یه‌كى كاریگه‌ر هۆشداری ئه‌وه‌ى پێ دراوه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر پارته‌كانى تر ده‌نگى زۆر به‌ده‌ست بهێنن، جا ئه‌و پارته‌ گۆرِان بێت، یان یه‌كگرتوو، ئه‌وا له‌وانه‌یه‌ كورسییه‌كانى كورد له‌ به‌غدا بكه‌ونه‌ ژێر هه‌رِه‌شه‌وه‌، به‌ڵام من واى نابینم. به‌پێی ئه‌و ئه‌زموونه‌ى له‌ كوردستان هه‌مبووه‌، هه‌ریه‌ك له‌ گۆرِان و یه‌كگرتوو پاڵپشتى له‌ كێشه‌ى كه‌ركوك ده‌كه‌ن به‌قه‌ده‌ر ئه‌وه‌ى پارتى و یه‌كێتى پاڵپشتى ده‌كه‌ن. جیاوزى ئه‌وان ته‌نها له‌ روانینیانه‌ بۆ پرسی گه‌نده‌ڵی، هه‌ریه‌ك له‌ گۆرِان و یه‌كگرتوو جددیتر له‌و پرسه‌ ده‌رِوانن، له‌وانه‌یه‌ له‌ حاڵه‌تى یه‌كگرتوودا هه‌ندێ گرفتى كۆمه‌ڵایه‌تیش بگرێته‌وه‌. یه‌كگرتوو: به‌پێی رێكه‌وتننامه‌ى نێوان پارتى و یه‌كێتى، پێش چه‌ند مانگێك ئه‌وان پۆسته‌ باڵاكانیان ئاڵوگۆرِ كرد، بۆ نموونه‌: دكتۆر به‌رهه‌م ساڵح بووه‌ سه‌رۆكى حكومه‌تى كوردستان، دواى سه‌رۆكایه‌تى به‌رِێز نێَچیرڤان له‌و پۆسته‌ بۆ ماوه‌یه‌كى زۆر، پێت وایه‌ دكتۆر به‌رهه‌م بتوانێت سه‌ركه‌وتوو بێت له‌ پۆسته‌كه‌یدا؟ دكتۆر رۆبن: من دكتۆر به‌رهه‌مم زۆر خۆشده‌وێت و پێشم وایه‌ بۆ ئه‌و پۆسته‌ ته‌واو گۆنجاوه‌، به‌ڵام ئه‌و له‌ به‌رپرسیارێتییه‌كى قورسدایه‌. ئه‌و پاڵپشتیه‌كى زۆر كه‌م ده‌كرێت له‌لایه‌ن پارته‌كه‌ى خۆیه‌وه‌ (یه‌كێتى)، كه‌متریش له‌لایه‌ن پارتییه‌وه‌. مه‌حاڵه‌ به‌رِێز بارزانى، یان به‌رِێز نێچیرڤان رێگه‌ به‌ دكتۆر به‌رهه‌م بده‌ن كه‌ زۆر له‌وه‌ كار بكات كه‌ كاك نێچیرڤان ئه‌نجامى داوه‌، ئه‌وه‌ مه‌حاڵه‌. هه‌موو لایه‌ك ده‌زانن كه‌ به‌رِێز مه‌سعود بارزانى فه‌رمانى به‌ هه‌موو ئه‌ندامانى پارتى داوه‌ كه‌ هاوكارییان بۆ دكتۆر به‌رهه‌م سنوردار بكه‌ن، هه‌تا به‌رِێز بارزانى ناهێڵێت دكتۆر به‌رهه‌م ستافی خۆى دابنێت. وا پێده‌چێت كاری سه‌ره‌كى دكتۆر به‌رهه‌م پاراستنى كورسییه‌كه‌ بێت بۆ به‌رِێز نێچیرڤان بارزانى به‌ گه‌رمى. یه‌كگرتوو: په‌یوه‌ندی كوردستان له‌گه‌ڵ توركیادل چۆن ده‌بینیت؟ له‌ ماوه‌ى رابردوودا (ئه‌حمه‌د داود ئۆغلۆ ـ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ى توركیا) و دواتریش (به‌شیر ئاتالاى ـ وه‌زیری ناوخۆ) سه‌ردانى كوردستانیان كرد، به‌ رِاى تۆ ئه‌و كه‌یسانه‌ چین كه‌ له‌وانه‌یه‌ هه‌ردوو لا گفتوگۆیان له‌سه‌ر كردبێت؟ دكتۆر رۆبن: من زۆر دڵخۆشم كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى كوردستانى عێراق و توركیا به‌ره‌وپێش ده‌چێت. زۆربه‌ى ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ ئابورین، هه‌ردوو به‌رِێزان بارزانى و ئه‌ردۆگان ئاره‌زووى ئابورییان هه‌یه‌ و ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ به‌كارده‌هێنن بۆ خۆده‌وڵه‌مه‌ندكردن. من پاڵپشتى له‌ وه‌به‌رهێنانى توركی ده‌كه‌م له‌ كوردستان تا ئه‌و راده‌یه‌ى ببێته‌ هۆى به‌ره‌وپێشبردنى كوردستان، زۆربه‌ى ئه‌و گفتوگۆیانه‌ى كراوه‌ بازرگانى بوون. هه‌ندێك له‌ گفتوگۆكان سیاسی بوون، وه‌ك باسی لێخۆشبوونى گشتى بۆ ئه‌و ئه‌ندامانى په‌كه‌كه‌ كه‌ له‌ كوردستانى عێراقن. هه‌روه‌ك ئاستى جه‌ماوه‌ری ئه‌ردۆگانیش به‌ره‌و كه‌مبوونه‌وه‌ ده‌چێت، ئه‌و هه‌وڵ ده‌دات كه‌ هه‌وڵه‌كانى چرِ بكاته‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى وه‌ك په‌كه‌كه‌ و ده‌ته‌په‌ و رێكخراوه‌ كوردیه‌كانى تر له‌ توركیا، كه‌ ئه‌مه‌ش له‌وانه‌یه‌ ته‌كانێك بداته‌وه‌ به‌ پارته‌كه‌ى. یه‌كگرتوو: به‌پێی ئه‌و رێكه‌وتننامه‌ى كه‌ له‌نێوان ئه‌مریكا و عێراقدا هه‌یه‌، وا برِیاره‌ هێزه‌كانى هاوپه‌یمانان ئه‌مساڵ عێراق جێبهێڵن، پێت وایه‌ پێش ئه‌و ماوه‌یه‌ حكومه‌تى ناوه‌ندى و حكومه‌تى كوردستان بتوانن كێشه‌كانیان یه‌كلایی بكه‌نه‌وه‌، یان كێشه‌كان قووڵتر ده‌بنه‌وه‌؟ پێشبینى كام سیناریۆ ده‌كه‌ى؟ دكتۆر رۆبن: پێشبینى ده‌كه‌م كێشه‌كان قووڵتر ببنه‌وه‌، به‌تایبه‌ت له‌ موسڵ، به‌ڵام بێ هیچ گومانێك هێزه‌كانى ئه‌مریكا پاشه‌كشه‌ ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها زۆر زه‌حمه‌ت ده‌بێت بۆ هێزه‌كانى هاوپه‌یمانان كه‌ له‌ كوردستان بمێننه‌وه‌. له‌وانه‌یه‌ به‌رِێز (مه‌سرور بارزانى) یه‌كێك بێت له‌و هۆكارانه‌ى كه‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان نه‌توانن له‌ كوردستان بمێننه‌وه‌. ئه‌گه‌ر ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان فه‌رمانبه‌ره‌كانى له‌ كوردستان بپارێزێت، ئه‌وا پێویست ده‌كات كه‌ هیچ ده‌ستێوه‌ردانێكى سیاسی له‌ كاروباره‌كانیدا نه‌بێت. كاتێك من ویستم سه‌ردانى هه‌رێمى كوردستان بكه‌م، رێگرییان لێ كردم و ئه‌وایان له‌بیر كردبوو كه‌ من هێشتا له‌ سوپاى ئه‌مریكى كارده‌كه‌م، بۆیه‌ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و هێزه‌ عه‌سكه‌ریه‌كانى سیقه‌ى ئه‌وه‌یان پێ ناكرێت كه‌ ده‌ست له‌ كاروباری فه‌رمانبه‌رانى سوپاى ئه‌مریكا وه‌رنه‌ده‌ن. یه‌كگرتوو: ئه‌و شه‌رِه‌ میدیایه‌ى نێوان به‌رِێزان (نه‌وشیروان مسته‌فاى سه‌رۆكى بزوتنه‌وه‌ى گۆرِان) و (جه‌لال تاڵه‌بانى ـ سه‌رۆكى یه‌كێتى نیشتمانى) چۆن ده‌بینى؟ پێت وایه‌ ئه‌و جه‌ده‌له‌ تونده‌ى له‌نێوانیاندا هه‌یه‌، ده‌بێته‌ هۆى بێهێزكردنى كورد دواى هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتووى عێراق؟ دكتۆر رۆبن: نزیكه‌ى ته‌واوى ئه‌و كوردانه‌ كه‌ من بینیومن، به‌بێ ره‌چاوكردنى ئینتیماى سیاسییان، له‌سه‌ر كێشه‌یه‌كى وه‌ك كه‌ركوك رازین، هه‌ر بۆیه‌ من وای نابینم ئه‌و جه‌ده‌له‌ ببێته‌ هۆى بێهێزكردنى كورد له‌ به‌غدا. پارته‌ كوردییه‌كان پێم وایه‌ له‌وباره‌یه‌وه‌ هیچ كێشه‌یه‌كیان نابێت. من پێشبینى ده‌كه‌م كورسیه‌كه‌ى مام جه‌لال زیانى پێ بگات، زۆرێك له‌ عێراقییه‌كان پرسیاری ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌گه‌ر مام جه‌لال نه‌توانێت پارته‌كه‌ى خۆی به‌رِێوه‌ببات چۆن عێراق به‌رِێوه‌ ده‌بات. یه‌كگرتوو: ئایا ئه‌مریكا كورد وه‌ك هاوپه‌یمانى خۆی حساب ده‌كات یان نا؟ ئه‌گه‌ر نا، كورد چۆن ده‌توانێت خۆی له‌ ئه‌مریكا نزیك بكاته‌وه‌؟ دكتۆر رۆبن: كورده‌كان هاوپه‌یمانى ئه‌مریكان، به‌لاى كه‌م له‌ ئێستادا. ئه‌مریكاییه‌كان به‌شێوه‌یه‌كى سروشتى به‌زه‌ییان به‌ كورددا دێته‌وه‌، به‌ڵام كورده‌كان هاوپه‌یمانییه‌كى به‌هێزى ئه‌مریكا نین، ئه‌مه‌ش له‌به‌ر دوو هۆكار: یه‌كه‌م: كورده‌كان له‌وه‌ تێناگه‌ن كه‌ ئه‌مریكا په‌یوه‌ندیه‌كى باشیان ده‌وێت، نه‌ك ته‌نها له‌گه‌ڵ كوردستانى عێراق، به‌ڵكو له‌گه‌ڵ عێراق و توركیاش. هه‌ر بۆیه‌ كورده‌كان داواى ئه‌وه‌ له‌ ئه‌مریكا ده‌كه‌ن كه‌ له‌نێوان هه‌وپه‌یمانه‌كانیدا یه‌كێكیان هه‌ڵبژێرێت، ئه‌گه‌ر ئه‌مریكا ناچار بكرێت یه‌كێك له‌ هاوپه‌یمانه‌كانى هه‌ڵبژێرێت، ئه‌وا بێگومان كوردستان هه‌ڵنابژێرێت، ئه‌وه‌ت له‌بیر بێت: ئه‌مریكا هاوپه‌یمانه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له‌ عه‌ره‌بستانى سعودی و ئیسرائیلدا. هیچ یه‌ك له‌ سعودیه‌ و ئیسرائیل داواى ئه‌وه‌ ناكه‌ن كه‌ هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ى له‌گه‌ڵ ئه‌وى تریان سنوردار بكات، ئه‌ى بۆچی كورده‌كان داواى ئه‌وه‌ له‌ ئه‌مریكا ده‌كه‌ن كه‌ له‌ شه‌رِه‌كانیاندا له‌گه‌ڵ به‌غدا و ئه‌نكه‌ره‌ یه‌كێكسان هه‌ڵبژێرێت؟ دووه‌م: نوێنه‌رانى كورد له‌ ئه‌نكه‌ره‌ كارێكى باشیان له‌م بواره‌دا نه‌كردووه‌. نه‌یانتوانیوه‌ له‌ عه‌قڵیه‌تى سیاسه‌تى كوردی خۆیان ده‌رباز بكه‌ن. له‌ كوردستان ده‌یانه‌وێت په‌یوه‌ندییه‌كى باش له‌گه‌ڵ یه‌كێك له‌ پارته‌ سیاسییه‌كاندا دروست بكه‌ن، به‌ڵام له‌ واشنتن، پێویست ده‌كات كه‌ په‌یوه‌ندی باشت له‌گه‌ڵ هه‌ردوو پارته‌ سیاسییه‌كه‌ باش بێت، بۆ ئه‌وه‌ى ببنه‌ هاورِێ له‌گه‌ڵ دیموكراته‌كان، كورده‌كان هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ر كۆمارییه‌كان. ئه‌وه‌ رێگای راست نییه‌ بۆئه‌وه‌ى هاورِێ په‌یدا بكه‌ى. ئه‌وه‌ى كه‌ پێویسته‌ كورده‌كان ئه‌نجامى بده‌ن، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ سیاسه‌تى ئه‌مریكا بۆ ئه‌مریكییه‌كان جێبهێڵن و هه‌وڵ بده‌ن ببنه‌ هاورِێ له‌گه‌ڵ هه‌ردوو پارتى دیموكرات و كۆمارییه‌كاندا. یه‌كگرتوو: داهاتووى بۆنده‌ نه‌وتییه‌كان چۆن ده‌بینى؟ پێت وایه‌ ئه‌و سكانده‌ڵه‌ى كۆمپانیاى (دی ئێن ئۆ) ببێته‌ هۆى بێهێزكردنى پێگه‌ى كورد له‌هه‌مبه‌ر یاساى نه‌وت و گاز، كه‌ تائێستا به‌هۆى ناكۆكى نێوان لایه‌نه‌كانه‌وه‌ په‌سه‌ند نه‌كراوه‌؟ دكتۆر رۆبن: به‌رِاستى من ته‌واو ئاگادار نیم له‌ دیته‌یلی ئه‌و ناكۆكییه‌ى له‌نێوان به‌غدا و هه‌ولێر هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ى من له‌و بواره‌دا بێزار ده‌كات، سێ خاڵه‌: ئه‌و گه‌نده‌ڵییه‌ى كه‌ له‌ بۆنده‌ نه‌وتیه‌كانى كوردستاندا هه‌یه‌، كه‌ ده‌بێته‌ هۆى ئه‌وه‌ى چه‌ند ملیۆن دۆلار بۆ پارته‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان برِوات، من هه‌ندێك له‌و بۆنده‌ نه‌وتیانه‌م بینیوه‌، كه‌ نمونه‌ی گه‌نده‌ڵێن و نارِۆشنی زۆریان تێدا هه‌یه‌. تێوه‌گلانى به‌رپرسه‌ فه‌رمییه‌كانى ئه‌مریكا كه‌ زۆر ئیحراجكه‌ره‌، چه‌ندین به‌رپرسی فه‌رمى ئه‌مریكا ـ ته‌نانه‌ت چه‌ندین به‌رپرسی پێشوی عه‌سكه‌ری و باڵیۆزى پێشووى ئه‌مریكاش ـ چوونه‌ته‌ ناو ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ بازرگانیانه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان. زۆرێك له‌و كه‌سانه‌ وا خۆیان نیشان ده‌ده‌ن كه‌ نوێنه‌راتى ئه‌مریكا ده‌كه‌ن و پاڵشتى حكومه‌تى ئه‌مریكا دووپات ده‌كه‌نه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ راست نییه‌، ئه‌وان له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندى تایبه‌تى خۆیان له‌ هه‌ولێرن، ئه‌وه‌ خاڵێكى ره‌شه‌ كه‌ ده‌بێته‌ هۆى ناشیرینكردنى وێناى هه‌موو خه‌ڵكى ئه‌مریكا. ره‌خنه‌ى من له‌ كۆمپانیاى (دی ئێن ئۆ) و به‌رپرسه‌كه‌ى (پیته‌ر گاڵبره‌یس) له‌هه‌مبه‌ر بونده‌ نه‌وتییه‌كان نییه‌، به‌ڵكو له‌هه‌مبه‌ر مافی مرۆڤه‌. پیته‌ر گاڵبره‌یس ده‌بێت شانازى به‌وه‌وه‌ بكات بۆ ئه‌و كارانه‌ى له‌ ساڵانى (1980) تا سه‌ره‌تاكانى (1990) كردوویه‌تى بۆ پاڵپشتیكردنى كورده‌كان، به‌تایبه‌ت دواى پرسى ئه‌نفال، به‌ڵام دواى ئه‌وه‌ى برِیاریدا كه‌ بازرگانى بكات، وازى له‌وه‌ هێنا كه‌ گرنگى به‌ مافه‌كانى مرۆڤ بدات. ئه‌و بێده‌نگه‌ له‌ هه‌مبه‌ر ئه‌و چه‌وسانه‌وه‌ى كه‌ خه‌ڵكى به‌هۆى حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كانه‌وه‌ تووشی ده‌بن، ئه‌و بێده‌نگى هه‌ڵبژارد، كاتێك حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار له‌ ناوچه‌ى بادینان هێرشی كرده‌ سه‌ر ئۆفیسه‌كانى یه‌كگرتوو له‌و ناوچه‌یه‌ له‌ میانى كه‌مپینى هه‌ڵبژاردنه‌كانى ساڵی (2005). ئه‌و بێده‌نگییه‌ى پیته‌ر گاڵبره‌یس پیشانى ده‌دات كه‌ ده‌بێت چۆن گه‌نده‌ڵی له‌ پاره‌ى نه‌وتى كوردستاندا كردبێت.
‌ هه‌فته‌نامه‌ی یه‌کگرتوو 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە