کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


نهێنیەکانى بەندیخانەى محەتەى هەولێر، ئیهانەکردنى گۆڕانخوازان وەک نموونە

Wednesday, 21/07/2010, 12:00


بە هۆى کێشەیەکم لەگەڵ پۆلیسێکى هاتووچۆ لەسەر داگیرساندنى فول لایت، کە لە دواى منەوە بوو و منى بێزار کردبوو، نێردرامە بەندیخانەى محەتەى هەولێر، ئەوەش لە کاتێکدا بوو کە پۆلیسەکە لە من خۆشبوو، لێرەدا من نامەوێت بچمە ناو تەواوى رووداوەکە، چونکە بەڕێزان ئاسایشى هەولێر گەواهیدەرى ئەو راستیەن کە من بەرگریم لە خۆم کردووە و وێنەى رووداوەکەشیان لایە، کە بۆ رۆژى دواتر بە منیان وت سەیرى رووداوەکەمان کردووە وێنەگیراوەکەمان لێداتەوە و تاوانى تۆ نییە، ئەمەش بەو پێیەى کە لە ئێستادا شتێک لە نێوان من و ئەو بەڕێزەدا نەماوە، بەڵکو ئێستا وەک دوو هاوڕێ هەڵسوکەوت دەکەین.
رۆژى پێنج شەممە پەیوەندیم بە بەڕێز لیوا ئازاد بەڕێوەبەرى گشتى پۆلیسى هاتووچۆى هەولێر کرد و کێشەکەم بۆ روون کردەوە، بەڕێزیان بە منیان وت کە بڕۆمە لاى مقەدەم پۆڵا بەڕێوەبەرى هاتووچۆى ناوشار، وتیشى ئەگەر کێشەکە چارەسەر نەکرا، ئەوا ئەوکات وەرە لاى من، منیش دوو رۆژنامەنووسى هاوڕێى خۆمم لەگەڵ خۆم بردوو روومان کردە بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسى هاتووچۆى ناوشارى هەولێر بۆ لاى مقەدەم پۆڵا، بەڵام لەگەڵ گەیشتنمان بۆ شوێنى مەبەست و پاش چوونە ژوورەوەم، وەک ئەوەى تیرۆریستێکیان دەستگیر کردبێت منیان خستە ژورێکەوە کە چەند پۆلیسێکى هاتووچۆى تێدابوو، دواى ئەوەى سڵاوم لێکردن، وەلێ ئەوان لە برى وەڵامدانەوە کەوتنە ئیهانەکردنم چاو سوور کردنەوە لە من، بۆ شاهێدیش راستەوخۆ پەیوەندیم کردەوە بە لیوا ئازاد و لە ناو پۆلیسەکاندا پێموت: دیارە ئەم بەڕێزانە هەموو لەسەر عەساب دەژین خەریکى چاو سوورکردنەوە و خۆ گیڤکردنەوەن لە من! ئەویش وتى ئێستا پەیوەندى بە پۆڵاوە دەکەم، لە دواى ئەو پەیوەندییە ئینجا پۆلیسەکان نەرمیان نواند!
من چاوەڕێى ئەوەبووم کە بمبەن بۆ لاى مقدەم پۆڵا، بەڵام راستەوخۆ منیان برد بۆ مەرکەزى ئازادى، کە چووینە ئەوێ و وتیان ئەمە ئەو شۆفێرەیە، ئیدى پۆلیسێک کە دیارە لە سەروو خۆیەوە راهێندراوە بە شێوەیەکى زۆر ناشرین وتى بیکەنە قەفەسەوە، وەک ئەوەى ئەو پۆلیسە تەیرێکى گولى گرتبێت! منیش پێموت بەڕێزم من بەرگریم لە خۆم کردووە و دواتر رۆژنامەنووسم، ئەو شا پۆلیسە وتى مادام رۆژنامەنووسى ئەوجا زیاتر دەتگرم، منیش وتم تۆزێک ئسلوبت هەبێت، بە هەرحاڵ من خرامە ناو ئەو قەفەسەى کە پۆلیسەکە پێشتر ئاماژەى بۆ کرد.
من سوپاسى ئەفسەرانى بنکەى پۆلیسى ئازادى دەکەم، کە دواتر لە قەفەسەکە منیان دەرهێنا و لاى خۆیان دایاننام هەتا کاتژمێر 5ى عەسر، ئەو پۆلیسەى کە من کێشەم لەگەڵیدا هەبوو، لە من خۆشبوو و تەنازولى لە کێشەکە کرد، هەردوکمان براینە لاى حاکمى خەفەر پێموابێت ناوەى (جەلیل کەرکووکى) بوو، جەنابى حاکم بە پۆلیسەکەى وتبوو تۆ بەو شێوە وڵات دەپارێزیت چۆن لێى خۆش دەبێت؟! دیارە جەنابى حاکم نازانێت رۆژانە دەیان هاووڵاتى ئەم گەلە لە لایەن دەسەڵاتەوە تیرۆر دەکرێن و بێ سەروشوێن دەکرێن، ئەى خێرە جەنابی حاکم لەسەر ئەو هەموو کوشتار و ناعەدالەتى و گەندەڵیەى کە سەرتاپاى کایەکانى حکومەت و حیزبی دەسەڵاتى گرتوەتەوە نایەتە گۆ؟! بڵێ بەو شێوە وڵات ناپارێزرێت؟! لە دواتردا من چوومە لاى جەنابی حاکم و ئەو وتى: دەسەڵاتى من نییە و سەڵاحیەتم نییە! بۆیە 15ى مانگ کە پێنج شەممەى دەکرد، هەتا 18 مانگ منی ناردە بەندیخانەى محەتە، نازانم نەبوونى سەڵاحیەت چ مانایەکى هەیە، کە لە کاتێکدا ماددەکەم 413 بوو کە خەفیفترین ماددەیە هەروەها کەسى داواکاریش خۆشبووە؟! ئیدى رەوانەکردنى من بۆ محەتە جێى هەڵوەستە لەسەر کردنە! وەک بەرپرسێکیش کە لە ئێستادا ناوى نابەم و بۆ کاتى خۆى هەڵیدەگرم وتبووى لە کاتى دەستگیرکردنم: "حجزى بکەن و کەس سەردانى نەکات"! دیارە ناوبراو لە دەزگایەکى نهێنیەوە ئەمرى بۆ هاتووە و دەیانەوێت قەرزى نووسین و رەخنەکانم بەو شێوە لێوەربگرنەوە! دواتریش کەسێک بەرگرى لە من کردبوو و بە دواى کێشەکەمەوە بووبوو، پێیان وتبوو: "تۆ چۆن بەدواى ئەودا دەگەڕێیت، زمانى زۆر درێژە"! ئەم دەسەڵاتە کە غەرقى گەندەڵى و تیرۆر بووە و بەردەوامیش دەبێت لەسەرى رەخنەگرتن و حەقبێژى بە زمان درێژى تێدەگەن؟!

تەنگەبەرى هۆڵەکە و نەبوونى ئاو
هەرچەندە کە منیان بردە ناو بەندیخانەى محەتە بە هۆى کەسێکى نزیکى خۆمەوە، ئەو ئەفسەرە بەڕێزەى کە خەفەر بوو خستمیە هۆڵێکەوە کە ناسراوە بە هێمنى و بێ کێشە، هەر لە سەرەتاى چوونە ژوورەوەم تەحقیق لە لایەن زیندانیەکانەوە لەگەڵ من دەستى پێکرد، لەسەر چى گیراوى و کۆمەڵێ پرسیارى تر؟! کە زانیان رۆژنامەنووسم و رەخنەگرم لە ئەداى دەسەڵات، بە سوپاسەوە نەیانهێشت لە خوارەوە و لاى دەرگاى هۆڵەکە بم، راستەوخۆ منیان بردە سەرەوە.
هۆڵەکە دوو ژوورى یەک لەسەر یەک بوو، کە درێژی و پانیان 8 مەتر بە 6 مەتر دەبوو، 12 قەرەوێڵەى دوو قاتى تێدابوو، کە دەیکردە 24 قەرەوێڵە، ئەوەى جێى سەرسوڕمان بوو کە 64 کەس لەو هۆڵە بچوکە بوون، لە کاتى نووستن تواناى خۆ جوڵاندنت نەبوو، شەوێکیشیان زیندانیەک لەبەر بێ شوێنى هەتا بەیانى نەنووست، ناچار بەیانى هەتا نیوەڕۆ نووست!
بۆ ئەو 64 زیندانییە تەنها یەک حەمام و دوو تەوالێت هەبوو، کە بە دوو رۆژ جارێ سەرەى خۆ شوشتنت بەم گەرما و تەمووزە دەهات، ئەویش تەنها یەک سەتڵ کە بەس بەشى سەرتى دەکرد ئەگەر بتویستایە بە جوانى بیشۆى! بەڵام لە رووى خواردنەوە بەڕاستى خواردنى باش و زۆر، بوونى گۆشت و مریشک، پاکوخاوێن، میوەى باش و خاوێن، بەیانیانیش قەماغ و مرەبا و ماست زۆر و پاکوخاوێن، بوونى سپلێت و نەهێشتنى گەرمابوونى زیندانیەکان، لەو رووانەوە کە باسم کرد جێى دڵخۆشى بوو، لە بەرامبەردا بوونى ناعەدالەتى و لێنەپرسینەوە و ئیحالە نەکردنى تۆمەتباران هەمووى زەربى سفر دەکرد، کە ئەویش بە وتەى زیندانیەکان بۆ چەند هۆکاریکیان دەگەڕاندەوە، کە لە دواتردا دێمە باس لەسەرى.
ئیحالە نەکردنى تۆمەتباران لە وادەى خۆى و موماتەڵەکردن بە کەیسەکانیان
بە پێى یاسا دەبێت هەر تۆمەتبارێک کە دەستگیر دەکرێت وادەى توقیفى لە 6 مانگ تێنەپەڕێت، بەڵام زیندانى هەبوو کە رێژەکەیان یەجگار زۆر بوو، زیاتر لە 6 مانگ لە توقیفى مابوونەوە و رەوانەى دادگا نەکرابوون، کە دەبێت لە دواى ئەو 6 مانگە تەوقیفکردنەوەى ئەو زیندانییە بە ئەمرى وەزیرى داد بێت، نەک بە تەنها و بە پێى میزاج رایانبگرن، وەک زیندانیەک بۆى باس کردم، وتى ئەوە 10 مانگ و قسورە من تەوقیفم و دوجار حاکم پشتیوانم لە بەندیخانەى بینوە و سکاڵام کردووە، ناوبراو موبەڕیرى ئەوەبووە، کە بە نیازى دروستکردنى شوێنێکن بۆ دادگا، چونکە لە ئێستادا شوێنى دادگاى هەولێر بچوکە و تواناى ئەوەى نییە، کە رۆژانە رێژەیەکى زۆر لە تۆمەتبارەکان ببرێنە بەردەم حاکم! ئایا ئەمە تا چەند واقیعە، یاخود قەناعەت پێهێنەرە ئەوە وەڵامەکەى لاى زیندانیەکان و راى گشتییە! زیندانى هەبوو کە 18 مانگە تەوقیفە بێ ئەوەى ببرێتە بەردەم دادوەر! کە ئەمانە هەموو پێچەوانەى مافى مرۆڤ و ئەو یاسایەشە کە دەسەڵاتى کوردى خۆڵ دەکاتە چاومانەوە بەوەى دیموکراسین و مافى مرۆڤ دەپارێزن، خۆیان وتەنى بەنیازیشن ئەم ئەزمونە بەرنە بەغداد و برا عەرەبەکانیان لەسەرى رابێنن!

سیخوڕى کردن لە ناو زیندانى
دەسەڵاتى کوردى ئێستاشى لەگەڵدابێت دەرسى لە مخابەراتى عێراقى و ساواکى شا وەرنەگرتووە، کە خۆشیان دەزانن لەوپەڕى بەهێزى بوون، وەلێ لەناو بران!
زۆربەى زیندانیەکان دەهاتنە لام و دەیانوت سیقەت بە زۆر کەس نەبێت و قسە نەکەیت و نەڵێیت رۆژنامەنووسم و کە چوومە دەرەوە واقیعى بەندیخانەى محەتە دەنووسمەوە، چونکە بانگت دەکەن و ئیهانەت دەکەن، یان لە رێى حاکمەوە کارێک دەکەن کە سزایەکى قورست بدات! یان دەتخەنە ئینفرادییەوە! وەلێ من ئەو ترسانەى کە خرانە بەردەمم بە هەندم وەرنەگرت، چونکە هەرچۆن بێت شانازییە بۆ مرۆڤ کە لەسەر حەقیقەت و نەترسى و راستۆیى دەسەڵات تووشى کێشەى بکات، هەندێ جاریش ئاماژەیان بۆ زیندانیەک دەکرد و دەیانوت ئەوە سیخوڕى دەکات و ئاگاداریبە، دیارە عەقڵیەتى دەسەڵاتى سیاسی لە هەرێمى کوردستان بەو شکڵەیە کە هەمیشە پشت بە سیخوڕەکانى دەبەستێت، ئەمەش بێ ئەوەى بیر لەوە بکەنەوە کە زیندان شوێنێکى ترە، ئەو شوێنە نییە کە بە حیسابی خۆیان دوژمن، یاخود دەستیان لە پشت بێت. واى لەو دەسەڵاتەى کە پشت بە دەزگاى نهێنى دەبەستێت، وەک لەوەى پشت بە گەلەکەى ببەستێت، هەش بەسەر ئەو کەسەش کە متمانە بەو دەزگایانە و کەسەکانى دەکات، چونکە ئەو دەزگایانە هێندە کار بۆ لە قاڵبدانى مرۆڤایەتى دەکەن، هێندە کار بۆ کۆیلەکردن و تۆقاندنى مرۆڤەکان دەکەن، کار بۆ پاراستنى گیانى هاووڵاتیان بە گشتى ناکەن! بەڵکو تەنها پاراستنى خۆیان و هەندێ لە کەسەکانیان و ئیمتیازەکانیان دەکەن.

ئیهانە کردنى زیندانییە گۆڕانخوازەکان و قەدەغەکردنى کردنەوەى کەناڵى KNN لە ناو محەتە
بەشێک لە زیندانیەکان کە زانیان رۆژنامەنووسم و رەخنە لە ئەداى سیاسیى دەسەڵاتى کوردى دەگرم، هاوکات پاڵپشتى لە پەیڕەو و پڕۆگرامى بزوتنەوەى گۆڕان وەک هێزێکى جەماوەرى ئۆپۆزسیۆن دەکەم، ئیدى متمانەی منیان مسۆگەر کرد، ئەوان وەک سەردەمى حیزبی بەعس کە حیزبە کوردیەکان لەو سەردەمانەدا بە پسکە پسک بەیاننامەیان دەدایە یەکتر و باسیان لە شۆڕش و کوردایەتى دەکرد، بە چاوى خۆم هەمان شێوەى ترس و تۆقاندن و پسکە پسکم لە زیندانیەکان بینى، کە بە دزیەوە باسى بزوتنەوەى گۆڕانیان بۆ من دەکرد و چاویان بەملاوبەولا دەگێڕا نەوەک سیخوڕێک ئاگادار بێت و بیکاتە تەقریر لەسەریان، بە وتەى زیندانییەک لە کاتى بانگەشەى هەڵبژاردنى 7-3-2010ى گشتى عێراق، بانگەشەى بۆ لیستى گۆڕان کردووە، بەڵام لە ئیدارەى زیندانى محەتە بانگکراوە و ئیهانەیان کردووە، هاوکات ئەوەشیان پێوتراوە قبوڵ ناکەین کەس باسى گۆڕان بکات، وەک ئەو زیندانییە وتى: کەسێکیان هێنابوو کە فۆڕمى دەنگدانى پێبووە، بە زیندانیەکانى وتووە سەیرى فۆڕمەکە بکەن، سەحێک لە ئەسپەکە بدەن و دواتر لەوبەریشیەوە سەحێک لە ژمارە 11 بدەن، وەک ئەو زیندانییە وتى: منیش وتم باشە کێشەمان نییە سەح لە ژمارە 11 دەدەین، بەس لەولاوە سەح لە مۆمەکە دەدەین، وتى لەسەر ئەوە پێیان وتووم تۆ بە ئێمەت رابواردووە و بانگیان کردم بۆ ئیدارە و ئیهانەیان کردم، زیندانیەکى تری وتى ئێمە بەو ئیهانەکردنانەشەوە نەوەستاین بەڵکو لە پێناو نەهێشتنى ئەو هەموو ناعەدالەتیەى کە لەم دەسەڵاتەدا هەیە، کە زیندوترین بەڵگەش ئێمەین کە موماتەڵە بە کەیسەکانمانەوە دەکەن و نامانبەنە لاى حاکم و شەڕى دەروونیمان لەگەڵ دەکەن، پاڵپشتى گۆڕانمان کرد، ئەوەش بوو کە لە نەتیجە 85%ى دەنگەکان بزوتنەوەى گۆڕان بە دەستى هێنا. وەک خۆیان باسیان دەکرد چەندەها تاوانبارى گەورە هاتوەتە ئەم سجنە و پاش چەند رۆژێک بە هۆى واستەوە بەردراوە، بەڵام ئێمە لەبەر ئەوەى کوڕى فەقیر و هەژارین لێمان ناپرسنەوە و بەو شێوەى کە خۆیان دەیانەوێت مامەڵەمان لەگەڵ دەکەن! ئەوان دوو نموونەیان هێنایەوە کە یەکێکیان سێ کەس بوون زیاتر لە چوار قەزیەیان لەسەر بووە وتوویانە ئەوپەڕى 10 رۆژ بەند دەبین، ئەوانیش لێیان پرسیون چۆن ئێوە ئەو قەزیانەتان لەسەرە و دەڵێن بەر دەبین؟! ئەو سێ کەسەش وتوویانە ئێمە بە عەشیرەت پارتین، ئەگەر پارتى بەرمان نەدات ئەوا هەموومان دەچینە ناو حیزبێکى تر! لێرەدا دەکرێت بڵێین حیزب خۆى هۆکارە بۆ بەرهەمهێنانى کەسى تاوانکار، نموونەیەکى تریشیان ئەوەبوو کە گوایا رۆژى جومعەى رابردوو تر واتە 9ى مانگ، کەسێک دەستگیرکراوە بە تۆمەتى خەتفکردنى کەسێک و هەوڵدان بۆ کوشتنى و بردنى 60 ملیۆن دینار، بەڵام بەرپرسێکى باڵاى پارتى خۆى چوەتە ناو زیندانى محەتەوە و دەریهێناوە، ئەمەش بە وتەى زیاتر لە 10 زیندانى ناو بەندیخانەى محەتە، چونکە ئەوە پێش من روویداوە و من نەمبینیوە، تەنانەت ناوى ئەو تۆمەتبارەشیان پێدام کە پلەى هەیە لە ناو پارتى، وە زۆر نهێنى تریش کە لەبەر پاراستنى ژیانى خۆم و تیرۆر نەکردنم.

دەسەڵاتى کوردى دەیەوێت بە هەموو رێگەیەک من بشکێنێت
لە دواى ئەوەى کە لە ساڵى 2007 بۆ 2008 زۆربەى نووسین و رەخنەکانم ئاڕاستەى دەسەڵاتى کوردى و بە تایبەت پارتى دەکرد، لە لایەن کەسێکى ناو ئەو رۆژنامەیەى کە ئێستا داخراوە و سێبەرى پارتى بوو پێمڕاگەندرا واز لەو جۆرە نووسینانە بێنم و بۆ سایتى کوردستان پۆست و رۆژنامەى هەواڵ نەنووسم، دەنا فەسڵ دەکرێم، ئەگەر بێت و رەخنە لە یەکێتیى بگرم ئەوا مووچەکەشم زیاد دەکەن، وەڵامى منیش بۆیان تەنها ئەوەبوو کە من بە ئیعازى هیچ کەس و لایەنێک نانووسم، ئەوەشى دەنووسم زادەى تێفکرێن و بینینى ئەو واقیعەیە کە دەیبینم، ئەگەر هەر شتێک بە بەڵگەوە لەسەر یەکێتیى بزانم ئەوا بێ یەک و دوو دەینووسم و سڵیش لەوە ناکەمەوە کە راستگۆ بم لەگەڵ ئەم گەلە ستەمدیدەیە، کە ئەوەى بەعس پێى نەکرا دەسەڵاتى کوردى تەواوکەرى بوو، دواتر فەسڵ کرام.
لەوکاتەوە دەسەڵاتى کوردى و بە تایبەت پارتى، ئەویش هەموو پارتى نا، بەڵکو ئەو بەشەى کە عەقڵیەتى تەقەبولکردنى رەخنەیان نییە و پێیان وایە ئێستاش سەردەمى (قەبلە میلادە)* هەمیشە هەوڵیانداوە کە ئیش و کارم لە هەندێ شوێن نەڕوات، ئەوە جیا لەوەى کە زۆربەى بەرپرسە پارتیەکان پشتیان لە من دەکرد و تاوانباریان دەکردم کە گوایا من دەستم لە پشتە! جنێوفرۆشم! تێکدەرم! چاوم بەرایى نادات بە قەولى خۆیان ئەزمونە جوانەکەیان نابینم! و زۆر شتى تریش، تیرۆر نەکردنیشم هەتا ئێستا بۆچى دەگەڕێتەوە نهێنییەکە کە خۆیان دەیزانن!  بەڵام بە کردارەکى تا ئێستا جگە لە بڕینى موچەم لەو رۆژنامە سێبەرە هیچى تر نەبووە، ئەوەش ماوە کە باسى بکەم چەندین تەقریرم لەسەر دراوە لە لایەن هاورێى نزیکى خۆم کە دواتر بۆمان دەرکەوت، سەر بە کام دەزگایە و خۆیشی بە رۆژنامەنووسێکى ئازاد لە قەڵەم دەدا، وەلێ خۆشبەختانە لە ئێستادا هیچ دەزگایەکى سەربەخۆ متمانەی پێناکەن تاکو بڕوات لە کەناڵەکانیانەوە رەخنە بگرێت و دواتر زانیارى بۆ دەزگاکەى بێنێتەوە و دەزگاکەشى خانوو و ئۆتۆمبێلى بۆ بکڕن و کێشەى بۆ چارەسەر بکەن، وەک بە ژمارەى خۆى کە وایزانیبوو ژمارە نهێنیەکەیەتى نامەى جنێوى بۆ بەرپرسێک نووسیبوو، ئیدى دەزگاکەى کێشەکەیان بۆ چارەسەر کرد!
ئەوانەى سەرەوەش کە من نووسیمە هەموویان یاخود خۆم بینوومە، یان لە سەر زمانى زیندانیەکانەوە بۆ منیان گێڕاوەتەوە ئەویش بەوپێیەى کە من رۆژنامەنووسم، داوایان لە من کرد کە چوومە دەرەوە ئەو راستیانە بگەیەنم بە راى گشتى، هەتا بزانن چ شتێک لە بەندیخانەى محەتەى هەولێرى پایتەخت روو دەدات، منیش وەک ئیتیکى پیشەکەم بەشێکم لەو زانیاریانەى لە ناو زیندان دەستم کەوتوون بە ئەمانەتەوە خستمە بەر دیدى ئێوەى خوێنەرى خۆشەویست، ئیدى ئەوەشى دەمێنێتەوە وەڵامى دەزگا پەیوەندیدارەکان و هێزى ئۆپۆزسیۆنە لە کوردستان، کە بە عەمەلى کار بۆ نەهێشتنى ئەو ناعەدالەتى و زوڵم و زۆرە بکەن، کە لە زیندانیەکانى ئەو بەندیخانەیە دەکرێت، چونکە ناکرێت لە سەدەى 21 و ساڵى 2010 و پێشکەوتنە خێراکانى بوارى تەکنەلۆجیا و مافى مرۆڤ، بەو شێوە بیانەوێت جیا لەوەى کە مرۆڤەکە بە جەستە زیندانى دەکەن، عەقڵیشیان زیندانى بکەن، ئەگەر هاتوو بۆیان کۆیلە نەکرا.
ئەو نهێنیانەشى کە ماوە لە ماوەیەکى تردا ئەگەر هاتوو گیانم پارێزرا ئەوا بڵاویان دەکەمەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە