نامە بۆ سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە بەردەوامیی بۆمببارانکردنی کوردستان
Saturday, 05/06/2010, 12:00
کۆمەڵە
بەڕێز سکرتێری گشتیی، کاک بان کی مۆن،
بابەت: بۆمببارانکردنی کوردستان بە بەردەوامیی
ئێمە ئەم نامەیەتان بۆ دەنێرین تا بە کورتیی سەبارەت بە بۆردومانکردنی کوردستان لە لایەن دەوڵەتی ئێرانەوە ئاگادارتان بکەین. ئەو ناوچەیەی ئێران بۆردومانی دەکات کەوتووەتە نێوان سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کوردستانی ئێران) و ناوچەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە باشووری کوردستان (باکووری ئێراق).
ئەو سی ساڵەی دووایی دەولەتی ئێران کوردستانی کردووە بە زیندانێکی گەورە. زێدەڕۆیی نییە بڵێین کە ئەو بەشەی کوردستان گەورەترین زیندانی سەر ئاوەڵەیە لە جیهاندا. نەتەوەی کورد لە ئێران لە ژێر بارودۆخی سیاسیی، ئابووریی و کۆمەڵایەتی دژواردا دەژی. هەزاران زیندانی سیاسیی هەن، ڕێژەی بێکاریی خۆی لە ٨٠ ٪ دەدات و بە تاڵان بردنی سامانی کوردستان لەو پەڕی توندیایەتی
.
ڕژیمی ئێران سەرکوتگەریی سەربازیی خۆی دژی خەلکی کوردستان زیاتر کردووە کە ئەویش بووە بە هۆی خراپتربوونی باری مافی مرۆڤ لەوەش زیاتر کە تا ئێستا هەبووە.
بە داخەوە، کۆمەڵگای جیهانیی زیاتر سەرقاڵی بە ژێربارنەهاتنی حکومەتی ئێرانە سەبارەت بە پرۆگرامە ئەتۆمیەکەی. پرسی کورد یان پشتگوێ خراوە، یاخود هەر زۆر کەم سەرنجی دەدرێتێ. هەتا ئێستا لە ڕۆژەڤی کۆمەڵگای نێونەتەوەیدا مافگەلی مرۆڤایەتی بۆ کورد نەبووە بە یەکێک لە خاڵە سەرەکیەکان.
تۆپی قورس و فڕۆکە جەنگیەکانی ئێران، چ لە ناو ئێراق و چ لە ناو ئێران خۆیدا، بە بەردەوامیی کوردستان بۆمبباران دەکەن. ئەم بۆردومانە وا پێ دەنیتە یەک مانگ و تا دێت خراپتر دەبێت. لە ڕاستیدا بۆردومان هەر هەمیشە لەسەر کوردستان هەبووە، بەڵام ئیتر دژوارتر بووە.
قوربانیی سیڤل بەئەژمارن و خەلکێکی زۆر نیشتەجێ و شوێنی کاری خۆیان بە جێ دەهێڵن. ئێران بەو شێوەیە لە هەوڵی ئەوەدایە کە لەسەر حیسابی دانیشتووانی کوردستان، زوونێکی سەربازیی بە مەبەستی پاراستنی سەنگەرەکانی پێشەوەی خۆی، دروست بکات.
عادەتەن تورکیا و ئێران ناوچە شاخاویەکان و دەوروبەریان کە دەکەونە نێوان سنوورەکانی ئێران، تورکیا و ئێراق، بۆمبباران دەکەن، بەڵام لەم دوواییانەدا هەر دوولایان زیاتر و زیاتر دێنە قوڵایی ناوچەی دانیشتووانەوە، بە زۆریی گوندەکان و کێڵگاکان و بەتایبەتیش لە کاتی بەروبوم و بەرهەمدا.
ئێمە داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە پارێزەرانی مافی مرۆڤ و چالاکوانی دیموکراتخوازان لە جیهان دەکەین کە پشتگیریی ئێمە بۆ وەستاندنی بۆردومانەکانی ئێران بکەن و زەبروزەنگی بێ دەلیلی حکومەتی ئێران دژ بە نارەزایی ئاشتیخوازانەی دانیشتووانی کوردستان مەحکوم بکەن.
ئەم بۆردومانانە هەر بە تەنیا نابێت بە مایەی ناسەقامگیریی حکومەتی فیدراڵی هەرێمی کوردستان، بەڵکو هەروەها سەرجەم دەولەتی فیدراڵی ئێراقیش.
بە سپاسەوە، دڵسۆزتان
هێرش عەلیزادە، وتەبێژی کۆمەڵە پارتی سۆسیالدیموکراتی کوردستان
لە بریتی کۆمەڵە پارتی سۆسیالدیموکراتی کوردستان
٤/٦/٢٠١٠
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست