دەبڵ مۆڕاڵی تاک - بەشی یەکەم

Friday, 08/11/2013, 12:00




لەسەرگەردان بونی لەدەستدانی خودەوە بەرەو باوەشکردنەوە بەڕوی ماسکەکان،لە تێکشکشکان و نا ئارامی ڕۆحەوە بەرەو بکوژبونێکی جەلاد ئاسای حەقیقەت،لە حیشمەتی ونبونی ڕۆشنایی و جاڕسبون لە تاریکی بەرەو تاریکستانێکی نیمچە ئەبەدی،لە شیوەنی مەنفاکردن لە بەهەشتەوە بەرەو ئەتک کردنی بەهەشتەکان و جوت بونێکی ناشەرعی لەگەڵ گڕی دۆزەخ،هەنگاومان نا،چ هەنگاوێک؟!هەنگاوێک پڕپڕ لە موریدبون و دەروێشایەتی بۆ جەهل،خاڵی خاڵی لە کەڵکەڵەی مەعریفە،چیمان دەستکەوت؟!بەرەو چلۆن پێدەشتێکی وێران ئۆغرمان کرد؟!
ناکامڵی خود،شپرزەبونی هەنگاوەکان،جدیەت و حەماسەتی خەونەکان کاڵدەکاتەوە،خود لە زەرورەتەوە دەبێتە وەسیلەیەکی نامورادکەربۆ شڵەژانی دەرونی مۆڕاڵ چیەکان،خەیاڵی خود چەپێنی لە نێو ئاقاری خودێکی پەرتەوازەدا شەرمی مانیفێست کردنی خودو شەرعیەتی دەمامک بەرهەم دێنێ،هەرئەمەش وادەکات لەفەراغی فەیسێکی کامڵی کەمالدا،پەنا بۆ شاردنەوەی خۆی لەژێر باڵی کۆمەڵێ کارەکتەری وەهمی ناڕۆشن ببات،لێرەوە قۆناغی خود کوژی نەش و نمای خۆی دەکات،ئەگەرچی کەسانێک نادیدە دەبن و بە کاملی قەناعەتەوە فرە مۆڕاڵی بۆ پتەوی خود دەگەڕێننەوە،بەڵام ئاخۆ تاقەی بەرگری ئەوان تا کوێ بڕدەکات؟ئایا دەتوانێ کۆی پڕۆسێسە ئاڵۆزەکانی خود گەرایی تاک بلاوێنێتەوە یان نا؟!ئایا فرەڕەهەندی ئەفکاری ئەوان دەتوانێ دەرگا پۆڵاینەکانی مەنتیق بکاتەوە،یان فرە خودی و کەمالیەتی خود دەتوانن لە خوانێکی دۆستانەدا چێژ لە تامی حەقیقەت ببینن؟!ئەگەر لەمن دەپرسن: پێم وایە خودی باوەڕهێنان بەفرە خودی کوشتنێکی بێڕەحمانەی خودە.
بۆچی دەبێ تاک لە خودی خۆی ڕابکات؟!بۆ ناتوانێ خود پارێزی بکات بە جێگرەوەی خود چەپێنی و شکستەخودیەکانی خۆی؟!بەڵێ ڕاستە کات و شوێن دەست ڕەنگینی خۆیان لە ڕەنگ ڕێژکردنی ژیاندا پیشان دەدەن،بەڵام ئەگەر زەمەن خود دروست بکات،ئەی چی دەبێت ئەگەر خود خالقی زەمەن بێت؟!
کاتێک تاک دەبێتە خۆراکی مەکینە زەبەلاحەکەی کۆمەڵ،کاتێک تاک گەراییی مەیدانەکە چۆڵ دەکات و بانگی هاتنی" گشت" لێ دەدرێت،تەواوی جومگەکانی ژیان دەکەونە ژێر ڕەحمەتی نۆرم و ئایدیا باوەکانی کۆمەڵگا،وە لەئەگەری خود پارێزی تەواوو متمانەبون بە تاک گەرایی شەقێکی گەورە بەر عمومیەتی پرسەکان دەکەوێت،ئەمەش تاک بەرەو نامۆبون پەلکێش دەکات،چونکە لەوەها ساتێکدا ئایدۆلۆژیا لەچەپاندنی تەواوەوە بەرەو کاڵبونەوەی تەواو دەڕوات،وە شەڕی مان و نەمان دەست پێدەکات،لێرەدا خاڵی یەکلاکەرەوە بۆ مانەوەی هەیمەنەی تاک" ئیرادەیە"،وزەی تاک دەبێ بایی ئەوەندە هەبێت دەستاڕەکەی گشتاندنی ئەفکار نەیهاڕێت،دەکرێ بە خود گونجێنی قایل ببێت،بەڵام بە خۆ گونجێنی نا،چونکە خۆ گونجێنی واتە کوژانەوەی دوا مۆمی تەمەنی خود،واتە شەرعیەتدان بە دەبڵ مۆڕاڵ بون،واتە من بەقەد ئەو بەڕەیەی بۆم دیاری کراوە پام ڕادەکێشم کە ئەمەش تەسلیمبونە بە کۆیلەبون نەک گونجاندن،چونکە گونجاندنی تەواو هەرگیز بە سڕینەوی تەرەفێک واتادار نابێت،بەڵکو بە پاراستنی کۆی تەرەفەکان دێتەدی،ئەمەش بە تەسلیم بونی تاک نایەتەدی.جێی خۆیەتی بپرسین ئاخۆ تاک دەتوانێ بەچ وەزیفەیەکەوە لە مەیدانی ئایدۆلۆژیاکاندا گوزەربکات؟ئایا ئایدۆلۆژیا تاکی دەبڵ مۆڕاڵ بەرهەم دەهێنێ؟!



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە