دەبڵ مۆڕاڵی تاک (بەشی دووەم)

Monday, 18/11/2013, 12:00


بەرلەوەی ئاڕاستەی ئەرگۆمێنتەکەمان بەلای ئافاتەکانی ئایدۆلۆژیادا بڕوات،جێی خۆیەتی بپرسین ئاخۆ تاکی دەبڵ مۆڕاڵ کێیە؟ تەنها ئەو کاتە تاک خاوەنی مۆڕالی خودیەتی خۆی دەبێت کە توانای "نا"کردنی هەبێت،گرنگ نیە شتەکان چەند پیرۆزکراون،گرنگ ئەوەیە تاک توانای ڕەتکردنەوەیانی هەبێت،ئەگەرچی من لەگەڵ ڕەتکردنەوە لەپێناوی ڕەتکردنەوەدا نیم،بەڵکو دەبێ هەمو ڕەتکردنەوەیەک بە عەقڵانی بکرێت،وەک ئەوەی ناکرێ تەنها لەپێناوی چێژی بێ باوکی بیر لەکوشتنی باوکەکان بکەینەوە،چونکە دواجار بونی باوک لە فیترەتی تاک دا بوەتە زەرورەتێک،جا ئەوە چەند لۆگیکیە یان نا ئەوە پرسێکی ترە.تاکی دەبڵ مۆڕال:کەسێکە بەتەواوی مانا دەستبەرداری خود بوەو خۆی لەنێو بازنەی کۆمەڵدا شاردۆتەوە،خۆی لەهەمو "نا"کردنێک داماڵیوە.باشە "نا"کردن چیەو بۆچی دەبێ تاک جورئەتی ناکردنی هەبێت؟ناکردن واتە:گێڕانەوەی متمانە بۆ خودی کەسی تاک،واتە بەرهەڵستی کردن لە توانەوەی خود لەنێو گشت دا.ئەگەر کەمێک واقیع بینانە رەفتار بکەین،نەتوانین و هەڵنەکردنی تاک بەبێ باوک رێگا خۆشکەرە بۆ ئایدۆلۆژیا تا ئەسپی خۆی لە مەیدانەکەدا تاوبدات و خۆی وەک باوکێکی دڵسۆز پیشان بدات،باشە بۆ تاک بەبێ باوک هەڵناکات؟!ئایا ئەمە لەکەم هێزی تاکەوەیە یان سروشتی تاک ئەمە دەخوازێت هەمیشە باوکێک هەبێت بەڕێوەی ببات؟!دواجار باوکەکان تاک بەرەو کۆیلەبون و تەقدیسکردنی باوک هەنگاو پێدەنێن،ئەمەش پەیوەندیەکی پێچەوانە لەگەڵ مۆڕاڵ بونی تاک دەبەستێت،تا ڕادەی ڕۆڵی باوک لە دەستکاریکردنی پڕۆسە خودیەکانی تاک زیاتر بێت،تاک کەمتر دەتوانێ مۆڕاڵ بونی خودی بپارێزێ.لەگەڵ کاڵ بونەوەی ڕۆڵی تاک و پەرەسەندنی ئایدۆلۆژیا،ڕۆڵگێڕانی داڕێژەرانی ئایدۆلۆژیا وەک باوکێکی میهرەبان تاکی لەنێو پێدەشتێکدا بەندکرد کە پڕاوپڕە لە تابوو یاساخکراوەکان،سنوربەندکردنی بیرکردنەوە،بە کوفرکردنی "نا"کردن،تاکی لە مۆڕاڵ چیەکی بوێرەوە کردە کەرەستەیەکی شەرمنی قەبوڵکەری چەپاندنەکانی ئایدۆلۆژیا.لەوانەیە بپرسن باشە دەبڵ مۆڕاڵ بونی تاک چ پەیوەندیەکی بە ئایدۆلۆژیاوە هەیە؟تەنها ترس لە ڕەتکردنەوەی ئایدۆلۆژیا ئەگەرێکی زۆر بەهێزە بۆ دەبڵ مۆڕاڵ بون،بە دیوێکی تر،من زۆرێک لە بەندەکانی ئایدۆلۆژیای دینیم قەبوڵ نیە بەڵام ترسی پەرچەکردارەکانی هەڵگرانی ئەو ئایدۆلۆژیایە،ترسی نامۆ بونم لەتەک تاکەکان وام لێدەکەن بەرەو دەبڵ مۆڕاڵ بون هەنگاوبنێم،ئەمەش من دەخاتە نێو دۆخێکی شڵەژاوی دەرونیەوە،نەدەتوانم شەڕ بکەم و نەدەشتوانم ڕازی بونی ئەفکاری خۆم بەدەست بێنم.گرفتی مرۆڤ لەوەدایە تا ئێستا نەیتوانیوە خۆی لە دین دابماڵێت،دەکرێ چەپ بون بە بەدیلی دین ناوزەند بکەین،بەڵام ئەمە کۆی باسەکە نیە چونکە خودی چەپ بون لاسایی کردنەوەیەکی زیرەکانەی ئایدۆلۆژیای دینیە،بەڕای من چ ئەوانەی دان بە بونی خودادا دەنێن لەگەڵ ئەوانەی ڕەتی دەکەنەوە،هەردوکیان شەرعیەت بە خودا دەدەن.گرفتەکە لە بون یان نەبونی خودا،سەرۆک،باوک دا نیە،بەڵکو گرفتی سەرەکی لە پیرۆزکردنیانە،لە دیدی پیرۆزکەرانەوە،مرۆڤ بونی تۆ تا ئەو خاڵە ٌڕەوایە کە ڕەزامەندبون بە پیرۆزکردنی ئەوان پیشان دەدەی.کاتێک ئایدۆلۆژیای چەپ بون تەواوی بونیەتی خۆی لەڕەتکردنەوەی دیندا دەبینێتەوە چ جیاوازیەک لەگەڵ پەیڕەوکەرانی دین کە چەپ بون بە مولحید یان کافر ناوزەند دەکەن دروست دەکات؟!کێشەی تاک سڕینەوەو دانانی بەدیلێکی هاوشێوە نیە،بەڵکو هەمو کێشەکان لەگشتاندنەوە دەست پێدەکات،بۆ من گرفت نیە باوکم،دایکم،هاوڕێکەم... چەپە یان ڕاست،ئەو کاتە گرفتە بیەوێ منیش وەک ئەو بم،گرفت ئەوە نیە سەرۆک فەیلەسوفە یان مەلا،ئەو کاتە گرفتە کە عادل نەبێت،کە تاک فێری لۆبی کردن بکات تەنها لەپێناوی مانەوەو بەدەست هێنانی قوتی ڕۆژانە،بەڵام لێرەدا فرە مانایی عەدالەت دۆخەکە ئالۆزتر دەکات،چونکە هەر ئایدۆلۆژیایەک دیدێکی تایبەت بەخۆی هەیە بۆ عەدالەت،بۆیە باشترین ڕێگا بۆ ڕزگاربون لەو دۆخە کردنە پێوەری مرۆڤایەتیە وەک ئەوەی هەیە،نەک وەک ئەوەی دەیانەوێت ببێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە