حیزبی کوردی وەک جەلادی کەرامەتی تاک

Sunday, 06/10/2013, 12:00






تاکی کورد لەوەتەی هەیە بۆتە قوربانی خەون و دونیابینیەکانی خۆی،بەو هۆیەی بە درێژایی کات شۆڕش و شۆڕشگێرەکان لەدوا وێستگەی خەباتدا بونەتە هۆی تێکشکاندنی غروریەتی سیاسی و مرۆیی تاکەکان،تاکەکان هەمیشە بونەتە سوتەمەنی بەرژەوەندیە کەسی و تایبەتیەکانی سەران و پێشڕەوەانی شۆڕش
پێم وابێت ئەگەر بێ ویژدانی نەبێت دەکرێ زۆر بەڕاشکاوانە بڵێین قۆناغی دوای شۆڕش قۆناغی چەکەرەکردنی خەونی بەچکە دیکتاتۆرەکان بوە
هەر ئەوانیش بونەتە جەلادی داماڵینی تاکی کورد لە تاکێکی پڕ لەهیواو جەنگاوەری مەیدانی ئازادی بۆ تاکێکی گۆشەگیرو نامۆ، بەڵێ ئەوان مرۆڤ و خەونیان لە یەکتر دورخستەوە،ئەوان بێڕەحمانە سنوری حەڵاڵ و حەرامیان دیاری کرد،ئەوان هەمو شتێکیان بۆخۆیان حەڵاڵ کردو تاکەکانیشیان خستە نێو سنوری حەرام و یاساخی خەونەکانەوە.
سنوربەندی و پلە بەندی کۆمەڵایەتی گەیشتۆتە ئاستێک کە خەریکە هەمومان لەنێویدا غەرق دەبین بەجۆرێک کەسانێک خەریکە دەست
بەباڵی ئاسمانەوە دەگرن و کەسانێکیش بۆ خواری خوارەوە شۆڕدەبنەوە
ئەمەش بۆ گۆمەڵگایەک لەوەتەی زەمەن هەیە ڕەشەبای داگیرکەرەکان گەڵای بونیەتیان دەوەرێنێ نەک هەر نامۆیە بەڵکو کوفرێکی نەکردەیە.ئەگەر تا ئێستا کەڵکەڵەی مێژوو سۆزی گەل بۆ شۆڕشگێرەکان تاڕادەیەک گۆی ڕەخنەو ڕۆحیانەتی یاخیبوون و بەرەنگاری لامان کپ کردبێت،ئێستا قۆناغی گەڕانە بۆ ژیانێک کە مرۆڤ وەک و مرۆڤ نرخی هەیە،ڕێز لێگیراوە وەک و بونێک کە ئەرک و مافی تایبەتی خۆی هەبێت.نابێت چیتر تاک کەرەستەی شۆڕش و جەنگەکان بێت،تاک تاخۆی نەیەوێ یاخی ببێت ناکرێ بەناوی شۆڕشی فریادڕەسانە فریو بدرێت.ئاخر چی لەوە کارەساتترە تۆ بەهەمو تەمەنی ژیانی حیزبایەتی خۆت بتوانی ئەوە بخەیتە سەر خەرمانی سیاسەت کە سیاسەت واتە هونەری فێڵ و درۆکردن؟! ئەرێ بەڕاست دەبێ تێگەیشتنی سیاسیەکان بۆ نەتەوەو نیشتمان چۆن بێت کاتێک ئەندامەکانی بۆ پیرۆزکردنی حیزبەکەی و کاڵکردنەوەی نیشتمان پەروەری پەروەردە بکات؟! من تێناگەم بەچ لۆگێک بۆ ئەم قۆناغەی ژیانی تاکێکی جێماوی ئەنفال،کیمیاباران...سیاسەت فەنی مومکینات بوە؟!ئەرێ ئێوە تا ئێستا بەراوردی ژیانی خۆتان و هاوسەنگەرەکانتان کردوە؟!تا ئێستا بیرتان لەو خێزانە گوندیانە کردۆتەوە کە بە پاروی دەمی خۆیان ئێوەیان گەیاندە ئەمڕۆ؟!باوەڕبکەن ئێوە نەک هەر نەتان توانی سەرکردەیەکی عادل و خاوەن ویژدان بن،بەڵکو بەناو شۆڕشگێڕی بێ ئەمەک و بێ وەفا بوون!!من پێم وایە ئێستا ئێوە خۆتان گاڵتەتان بە دروشمەکانی ڕابردوی خۆتان دێت،باشە ئەی ناپرسن دەبێ خەڵک چۆن لێمان بڕوانن؟ با من ڕاست و ڕەوان پێتان بڵێم،ئێوە لای خەڵک کەڵەگاو بەڵای سەری کۆمەڵگان.لێرەوە شەمەندەفەری ئەو ڕەوتە گەنجانەیە دەکەوێتە ڕێ،کە چیتر حەوسەڵەی وەهمەکانی مێژوی نیە،چیتر تاقەتی دروشمە فریودەرو بکوژەکانی نیە،چیتر قەبوڵی بێ کەرامەت کردنی تاک و کوشتنی خەونەکانی نیە.لەسایەی سەری حیزبی کوردیەوە مرۆڤ شەرم لەخەون بینین دەکاتەوە،چونکە نەک هەر خەونەکانی کوژراوە بەڵکو ئەوەی بیرچۆتەوە کە ئەو توانای خەون بینینی هەیە.



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە