کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


خواو سه‌رکرده‌و حیزب

Wednesday, 29/06/2011, 12:00


‌پێشتر ووتارێکم له‌ژێر ناونیشانی (پارت وخواو ده‌وڵه‌ت) دا بڵاو کرده‌وه‌، پیناسه‌ی پارتم له‌و گۆشه‌یه‌وه‌ تیا کردبوو که‌ ئامانجی ده‌سکه‌و‌تنی ده‌سه‌ڵاته،‌ ئیتر به‌ گرتنه‌ ده‌ستی ده‌سه‌ڵات بێت یان دابه‌شکردنی کێکه‌که‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی.
حیزب ڕێکخراوێکه‌ میلله‌تی پێڕزگار نه‌کراوه‌و ناشیکات، به‌ڵکو‌ ئه‌توانێ زنجیره‌ی فه‌رمانڕه‌وایی خێزانی دروست بکات، ئه‌وه‌ ئاشکرایه‌و هه‌مووکه‌س به‌ده‌یه‌ها نموونه‌ی زیندوووی له‌به‌رچاودایه‌، ئه‌و سولالی حاکمییه‌ته‌ ته‌نها ده‌وڵه‌ته‌کانی ئاسیاو ئه‌فه‌ریقا نییه‌ به‌ڵکو ئه‌وه‌ له‌ ئه‌وروپا‌وه‌ به‌ میرات ما‌وه‌ته‌وه‌‌ بۆ مرۆڤایه‌تی، به‌ڵام له‌گه‌ڵ گه‌شه‌ی کۆمه‌ڵگادا، شێوه‌ی جیاوازی وه‌رگرتووه‌، وه‌ تائێستاش عه‌رشی خێزانیان له‌و فه‌رمانڕه‌وایه‌تیه‌دا پاراستووه، ئیتر ‌له‌ ژێر ده‌یان دروشمی جۆراو جۆردا، وه‌ک دروشمی میلله‌ت پاراستن، مافی هاوڵاتی، که‌ ئه‌م دروشمسازییه‌ش، ته‌نها بۆ گێلکردنی خه‌ڵکی و پاراستنی کورسی حوکم بووه‌.
هه‌موو حیزبێک به‌ ده‌سه‌ڵات و ئوپۆزیونییه‌وه،‌ ته‌نها هه‌وڵی پاراستنی زنجیره‌ی فه‌رمانڕه‌وایی خێزانیانیان له‌به‌ر چاوه‌. حیزب دیینه‌، خوای هه‌یه‌، کتێبی پیرۆزی په‌یڕه‌وکردنی هه‌یه‌، قامچی سزاو تاوان له‌ئاماده‌باشیدایه‌، کڕنوش به‌یاوه‌رو ده‌روێشه‌کانی ده‌بات و له‌سوجده‌دا ده‌یانهێڵێته‌وه‌، حیزب ده‌شێ به‌ڕواله‌ت دیمکراتخواز یان مافپه‌روه‌ر بێت، به‌ڵام له‌جه‌وهه‌ریدا هه‌ر هه‌یئه‌تێکی دینییه‌، سه‌یرکه‌ حیزب هه‌موو کات داوای قوربانی ده‌کات، تینووی خوێنڕشتنه‌، که‌ده‌ڵێ بمره‌ بۆ ژیان، که‌م بژی وکه‌ڵ بژی، مردن خۆشتره‌ له‌ژێرده‌ستی یان سه‌رشۆڕی ژیرده‌ستی عه‌ره‌ب وفارس و ئه‌ڵمانی و ئنگلیزو ...هتد به‌ڵام زۆره‌ها جار ئه‌و ڕژێمانه‌ی که‌ حیزبه‌کان پیان ده‌ڵین داگیرکه‌ر له‌پێش هه‌موو که‌سێکه‌وه‌ ده‌ستیان ماچ ده‌که‌ن وبه‌شێکێ میلله‌ته‌که‌ی خۆیانی پێبه‌کوشت ده‌ده‌ن ئه‌گه‌ر میلله‌ت توانیبێتی کورسی عه‌رشیان بله‌رزێنێ. فه‌رمانڕه‌وای ئه‌ڵمانیا داوای له‌ ناپلێون کرد حوکمه‌که‌ی بپارێزێ کاتێک که‌ ناپلێون وڵاته‌که‌ی داگیر ده‌کرد. بزانه‌ به‌شی گه‌وره‌و به‌رپرسیارێتی ده‌سه‌ڵات ته‌نها بۆ خێزانی خۆیانه‌، خۆیان شه‌رعیه‌تی بکوژو ببه‌ری سامانی وڵاتیان له‌ ده‌ستدایه‌، هێنده‌ گومڕان خۆیان به‌راده‌یه‌ک به‌خاوه‌ن‌ ماڵ ده‌زانن چی فڕۆکه‌و سه‌ربازو ته‌قه‌مه‌نیان هه‌یه‌ له‌له‌شی میلله‌تدا خاڵی بکه‌نه‌وه‌ به‌مافێکی شه‌رعی خۆیانی ده‌زانن، به‌ڵام به‌ندیخانه‌وکۆت و سووته‌مه‌نی پاراستنیان به‌ میلله‌ت ده‌سپێرنن، له‌هه‌مان کاتدا بۆ سانیه‌یه‌‌ک ناتوانن سنووری ده‌وڵه‌ته‌که‌شیان بپارێزن ، بڕواننه‌ سوریا، لیبیا ،میسر، عێراق ئه‌سه‌دو قه‌زافی ومباره‌ک وسه‌دام و .....هتد.
حیزب خوێنی خه‌ڵک حه‌ڵال ده‌کات به‌کوژه‌‌کانی، وه‌ تا سولاله‌ی حوکم به‌هیزتر بێت خه‌ڵکی هه‌موو داهێنانێکی فیکری وزانستی له‌ ده‌ستده‌دات، وه‌ک نموو‌نه‌ی نالی، بتهۆڤن، گۆته‌، مارکس، دوستۆفسکی، به‌مانایه‌کی تر حیزب به‌هۆی هیزی داپلۆسنییه‌وه‌، ده‌بێته‌ که‌ڵه‌‌گای مییلله‌ت‌، ئه‌گه‌ر دژایه‌تی بکه‌یت ده‌تکاته‌ شه‌یتان له‌هه‌مان کاتدا دروشمه‌کانی ئازادی و مافی میلله‌تت لێ ده‌کاته‌ خه‌ونێکی بێمانا، هه‌رکاتیش‌ بییه‌وێت ده‌تکاته‌ تفه‌نگچی و به‌تاڵکردنوه‌ت له‌ مرۆڤایه‌تیت و به‌جۆرێك بێئیراده‌ت ده‌کات که‌ گوایه‌ به‌بێ حیزب ئیتر ده‌بیته‌ که‌سایه‌تیه‌کی ئیفلیجی بێبیرکردنه‌وه‌.
حیزب به‌ ده‌سه‌ڵاتدارو ئوپۆزیسیۆنه‌وه،‌‌ مقاولێکی گه‌وره‌ن و به‌ فرۆشتن و مامه‌ڵه‌کردنی وڵاته‌وه‌ خه‌ریکن، وه‌ هه‌ر ئه‌و سه‌رمایه‌یه‌،‌ حیزب ده‌کاته‌ دیکتاتۆرو ده‌ستده‌کاته‌ به‌خشینه‌وه‌ی نوشته‌ی ئازادی و ئه‌نددامه‌کانیشی له‌ هه‌ژاری ده‌پارێزێ به‌مه‌رجی ته‌سلیمبونی ئیراده‌ی ئه‌و ئه‌ندامه‌ به‌ حیزب.
به‌شێکی گه‌وره‌ی دیکتاتۆریه‌تی ئه‌م دنیایه، حیزب دروستی کردووه ‌به‌ پشتیوانی خه‌ڵکێک و کۆنترۆلکردنی سامانی ووڵات که‌ ئه‌و به‌ ڕۆژی رووناک و به‌به‌رجاوی خه‌ڵکه‌وه‌و‌ به‌ناوی ئیستیسماراته‌وه،‌ به‌ بیانی ده‌فرۆشرێ که‌ جاران زه‌ڕه‌یه‌ک له‌ خاکی وه‌ته‌نیا ن نه‌ده‌دا به‌قه‌سری قه‌یسه‌ری و خه‌ڵکی داماوی میلله‌تیش خوێنی بۆ ئه‌و وه‌ته‌نه‌ ده‌ڕشت.
جه‌وهه‌ری حیزب وسه‌رکرده‌ خۆ به‌ موگله‌ق کردنه‌، واته‌ خوای تاکوته‌نها، به‌ڵکو ئه‌و قودسیه‌تکردنه‌یه‌ به‌ حیزب وسه‌رکرده‌ی ده‌دات و ده‌یکاته‌ هێڵی سوور، دروشمی وه‌ته‌نییه‌ت و نشتمانپه‌روه‌رییش‌ پیرۆز ده‌کاته‌ وه‌سیله‌یه‌ک بۆ ختووکه‌دانی خه‌ڵکی. ئه‌گه‌ر ئا ئه‌مه‌ خوایه‌تی نییه‌ ئه‌ی چییه‌؟
ئه‌وه‌تا تا ژماره‌ی ئه‌ندامانی حیزب زیاتر بێت داواکاری خه‌ڵکی ڕاپه‌ڕیو زیاتر به‌قوڕدا ده‌چێت و خه‌ڵکی زیاتر رووه‌و میسالییه‌ت ده‌بات، ‌داواکاریی خه‌ڵکییش که‌ حیزب خۆی تێوه‌ ئاڵاند، ئیتر به‌تاڵی ده‌کاته‌وه‌و ژیانی تیادا ناهێڵیت، هه‌موو خه‌ڵکه‌که‌ به‌داواکارییه‌کانیه‌وه‌ ده‌خاته‌ که‌مپێکی سنوور ته‌لبه‌نکراوی حیزبه‌وه‌و جه‌ماوه‌ر بێئیراده‌ ده‌کات و له‌ بازنیه‌کی داخراودا ده‌یخولێنێته‌وه‌ بێهیوای ده‌کات. ئه‌مه‌ له‌ کاتێکا ده‌بێت ئا‌ڵته‌رنه‌تیڤ‌ خه‌ڵکویستی بێت‌ نه‌ک خۆپه‌رستی، ئازادی تا‌که‌ که‌سه‌کانه‌ نه‌ک دروشی ناشنالیستی ناوه‌رۆک به‌تاڵ، هه‌موو که‌س به‌بڕوای من ده‌بێت نوێنه‌ری داواکارییه‌کانی خۆی بێت که‌س له‌بری که‌سیکی تر خه‌بات ناکات، قسه‌ ناکات، ئه‌ندام په‌رله‌مان قسه‌ بۆ خۆی ده‌کات بۆ حیزبه‌که‌ی بۆ گیرفانی بۆ خانه‌واده‌که‌ی ،میلله‌ت به‌گشتی خۆی خاوه‌نی داواکاری ڕۆژانه‌و به‌رده‌وامی ژیانی خۆییه‌تی دروشم و وه‌عدی به‌تاڵی حیزب به‌ ده‌سه‌ڵات و ئوپۆزیسیۆنه‌وه‌، تووشی بێباوه‌ری و بێئیراده‌ییمان ده‌کات، بۆیه‌ بڕوا به‌ خۆبوو‌ن و سه‌روه‌رێتی خه‌ڵکی و جڵه‌و گرتنه‌ ده‌ستی بزووتنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری له‌ خه‌ڵکی خۆیه‌وه‌، تاکه‌ ڕێگای ڕزگار بوونه‌.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە