چه‌ند تێبینییه‌ک بۆ کاک مه‌حمود سانگاوی
Wednesday, 09/09/2009, 12:00
له چاوپێکه‌وتنێکی ئاوێنه له‌گه‌ڵ به‌ڕێز مه‌حمود سه‌نگاویدا سه‌باره‌ت به ڕه‌وشی ئێستای کوردستان و هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان و بار‌و دۆخی ئێستای یه‌کێتی وه‌ڵامی پرسیاره‌کانی ڕۆژنامه‌که‌ی داوه‌ته‌وه. پاش خوێندنه‌وه‌ی چاوپێکه‌وتنه‌که‌ی ڕۆژنامه‌ی ئاوێنه له‌گه‌ڵ پرسیارێکم له خۆم کرد: ئایا کورد چه‌ند نه‌گبه‌ت و چاره‌ڕه‌ش و به‌دبه‌خت بێت تاوه‌کو که‌سێکی وه‌ک مه‌حمود سه‌نگاوی ومه‌حموده‌کانی تریش کورسییه‌کی ئاستبه‌رز له ده‌سه‌ڵاتدا بگرێته ده‌ست و به‌و شێوازه له ڕۆژنامه‌یه‌کدا قسه بکات، که سه‌رتاپای لێدوانه‌که‌ی له لێدوانێکی بازاڕییانه‌ی ئاستنزم تێ ناپه‌ڕێت که له سلێمانیدا به (وتووێژی ژێر پرده‌که) به ناوبانگه. وتووێژێک که نه بنه‌مای سیاسیی و نه بنه‌مای به‌ڕێوه‌بردنی تیا دیاره، که له خودی پۆسته‌کانی کاک مه‌حموددا ده‌بێت به‌دی بکرێن وه‌ک ئه‌ندامێکی سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتی له لایه‌ک وه له لایه‌کی تر وه‌ک وه‌زیری پێشمه‌رگه، به‌ڵام وا دیاره به‌به‌ردبوونی مێشکی به‌شێکی زۆری ده‌سه‌ڵاتدارانی کورد نه‌خۆشییه‌که، که بۆ کۆمه‌ڵگای کوردی کوشنده‌یه و گه‌ر بنبڕ نه‌کرێت ئه‌وا ئاقاری کۆمه‌ڵگای کوردی به‌ره‌و ڕێبازێکی چه‌وت و نادیار ده‌بات.
کاک مه‌حمود له وه‌ڵامی پرسیاری یه‌که‌مدا ده‌ڵێت:
ئاوێنه: پاش هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان‌و ئه‌و پاشه‌كشه‌یه‌ی دووچاری لیستی كوردستانیی هات له‌سنوری پارێزگای سلێمانی، پێشبینتان بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئاینده چییه؟
مه‌حمود سه‌نگاوی: هه‌ڵبژاردن هیچ گرنتییه‌كی تێدا نییه، ئه‌و كاك نه‌وشیرانه خۆشی پێشبینی نه‌ده‌كرد ئه‌و ده‌نگانه بێنێ، به‌ڵام ئه‌و ده‌نگانه‌ی ئه‌وان كۆمه‌ڵێك شتی تێدایه، به‌ڵام حه‌ز ناكه‌م لێره‌دا باسی بكه‌م، ئه‌ملاولاو حیزبه‌كانی تر شتی تری زۆر تێدایه.
نازانم کاک مه‌حمود کێ پرسیاری ئه‌وه‌ی لێ کردویت ئایا هه‌ڵبژارد گرنگه یان گرنگ نییه و به‌ڵام له شیکردنه‌وه‌ی ده‌رونییدا ئه‌م وه‌ڵامه‌ت ئه‌وه ده‌رده‌خات که له‌ناختدا هه‌ڵبژارن نه‌ک ته‌نها گرنگه، به‌ڵکو بووه به به‌ردێک و له‌سه‌ر دڵتان دانرواه به هۆی ئه‌و شکستییه‌ی که هانیوتانه و که خۆشتان نازانن چۆن شکستیه‌که‌تان پینه بکه‌ن، چونکه ئه‌و باره‌ی ئێوه تیایدان به‌که‌ڵکی ته‌قه‌ڵی هیچ ده‌رزییه‌ک نه‌ماوه. ئه‌م ووشانه‌شت به رامبه‌ر (که‌سانی تر و حیزبی تر و ناحه‌زان و گێره‌شێوێن و و و) ئه‌م ووشانه له بازاڕی کوردی‌دا سواون، چونکه له کاتی ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی سه‌دامه‌وه گوێمان به‌م وشانه قاڵ بووه، ئه‌و کاته به زمانه عه‌ره‌بییه‌که‌ی سه‌دام و ئێستاش به کوردییه‌که‌ی به‌ڕێزتان.
که‌ک مه‌حمود وه‌ک (لێزانێک و پسپۆرێک) خۆی ده‌رده‌خات و ئاراسته‌ی قسه‌کردنی (ژێرپرده‌که‌ی) به‌رده‌وام ده‌بێت به‌وه‌ی، که به‌ڕێزی ئاگه‌ی له‌وه‌یه، که حیزبه‌کانی تریش ده‌نگیان داوه به گۆڕان و هه‌روه‌ها ده‌شزانێت، که گۆڕان چل ساڵی تریش ئه‌و ده‌نگانه ناهێننه‌وه. جا لێره‌دا پرسیارم بۆ کاک مه‌حمود و مه‌حموده‌کانی تریش ئه‌وه‌یه، گه‌ر به‌ڕێزتان ئه‌مه‌نده پسپۆر و زانان، بۆ کارێکی واتان نه‌کرد تا ئه‌م شکستییه نه‌هێنن و بۆ هێشتتان ده‌سه‌ڵات بگاته گه‌نده‌ڵییه‌ک، که خه‌ڵک ڕوو بکه‌نه لایه‌ن و حیزبه‌کانی تر. ئه‌ی ئه‌و کاتانه ئه‌م زاناییه‌تان له کوێ خه‌وی لێ که‌وتبوو؟
مه‌حمود سنگاوی: ئه‌و رێژه‌یه قسه زۆر هه‌ڵده‌گرێت، ئه‌وانه هه‌مووی ده‌نگی گۆڕان نین، ئاشكرایه به‌شێكی زۆری ده‌نگی خه‌ڵكانی عاجزه له كردار‌و ره‌فتاری كاره‌به‌ده‌ستانی ئێمه. جگه‌له‌وه ئه‌و كه‌سانه‌ی گۆڕان كه له‌ناو ئێمه‌دا مابونه‌وه، به هه‌موو هێزێكییانه‌وه ئیشیان ده‌كرد‌و هه‌وڵی ئه‌وه‌یان ده‌دا كه سیمای حكومه‌ت‌و ده‌سه‌ڵاته‌كه ناشیرین بكه‌ن، خۆیان كاری خراپیان ده‌كرد بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌دای حكومه‌ت خراپ بێت، بۆ نمونه ئه‌و رۆژه كه‌سێكم بینی له ده‌ربه‌ندیخان كه به‌ڕێوه‌به‌ری فه‌رمانگه‌یه‌كه، وتی براده‌ران ئه‌هاتنه لام‌و پێیان ده‌وتم با ئه‌ونده ئه‌دائت باش نه‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵك زۆر عاجزبێت‌و بۆئه‌وه‌ی ده‌نگی زۆر بێنین، خه‌ڵك عاجز بكه. هه‌تا له‌ناو پارێزگای سلێمانی كه ئه‌و هه‌موو دزیه كراوه، هه‌موو بۆ ناشیرینكردنی ده‌سه‌ڵات‌و حكومه‌ت كردویانه.
کاک مه‌حمود، به داخه‌وه ئێستاش جیاوازی نێوان حیزب و ده‌وڵه‌ت ناکه‌یت، به‌ڵکو ئێستاش وا ده‌زانیت، که حیزب موڵکدارێتی ده‌وڵه‌ت و حکومه‌تی گرتۆته ده‌ست، هه‌روه‌ک ئه‌وه واقیعێکه که له کوردسستاندا هه‌یه. ئێستاش ئه‌وه نازانیت، که ڕووی سپی ده‌سه‌ڵێتێک به ڕه‌فتاری کارمه‌ندێک یان به‌ڕێوبه‌رایه‌تییه‌ک تێک ناچێت، هه‌رچه‌نده کار وکاردانه‌وه‌ی خۆی ده‌بێت، به‌ڵام کۆمه‌ڵگا کوێر نییه. جا هه‌روه‌ک ده‌سه‌ڵاتدارانمان خاوه‌نی چاون و شته‌کان ده‌بینن و ده‌بیستن، کۆمه‌ڵگاش به هه‌مان شێوه. له لایه‌کی تر گه‌ر باسی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و ده‌سه‌ڵێتی یاسا بکه‌ین، ئه‌و که‌سه‌ی ، که سه‌رپێچی له یاسا بکات و یاخود بیه‌وێت کاری خراپ بکات، ئه‌وا هه‌ر یاسایه که لێی ده‌پێچێته‌وه و ڕێگر ده‌بێت بۆ ئه‌و ڕه‌فتارانه. واتا به‌ڕێزتان پێویست ناکات تووشی دڵه‌له‌رزێ ببن، که کاتێک فه‌رمانبه‌رێک ئه‌رکه‌کانی سه‌رشانی خۆی جێبه‌جێ نه‌کات، گه‌ر (یاسا بوونی هه‌بێت). به‌ڵام پرسیاره‌که ئه‌وه‌یه: ئایا له کوردستاندا و له ژێر ده‌سه‌ڵاتی حیزبه‌که‌تاندا یاسا بوونی هه‌یه؟
کاک مه‌حمود باسی (ئه‌و هه‌موو دزییانه ده‌کات که له سلێمانی کروان): کێ ئه‌م هه‌موو دزییانه‌ی کردووه؟ ئه‌ی ده‌سه‌ڵات له کوێ بوو؟ بۆچی ئاشکرایان ناکه‌ن؟
کاک مه‌حمود گه‌ر ده‌سه‌ڵات و یاسا بوونی هه‌بێت، ئه‌وا بێگومان به، که دزی و به‌و شێوه‌یه‌ی، که به‌ڕێزت باسی ده‌که‌یت، ناتوانرێت ئه‌نجام بدرێت، به‌ڵام گرفتی ده‌سه‌ڵاته‌کان له‌وه‌دایه، که دزین و گه‌نده‌ڵیی و لادان له هه‌موو پرینسیپه‌کانی مۆراڵی کۆمه‌ڵایه‌تیی و سیاسی بووه به کارێکی ئاسایی ڕۆژانه‌ی ده‌سه‌ڵاتی کوردی، که جگه له به‌رژه‌وه‌ندی حیزبیی و که‌سیی خۆتان هیچ شتێکی تر ڕه‌چاو ناکه‌ن.
ئاوێنه: به‌ڵام پێتوانیه 12 هه‌زار ده‌نگ كه گۆڕان له‌ناو ده‌نگدانی تایبه‌ت هێناویه‌تی، ژماره‌یه‌و حسابی تایبه‌تی خۆی هه‌یه؟
مه‌حمود سه‌نگاوی: خۆی دوانزه نییه‌و یانزه هه‌زار‌و شتێكه، ئه‌بێت ئێمه له خۆمان بپرسین ئه‌و ژماره‌یه بۆ؟ له كاتێكدا ئێمه خزمه‌تگوزاریی ده‌كه‌ین‌و موچه ده‌ده‌ینه خه‌ڵك.
کاک مه‌حمود، به ڕای به‌ڕێزتان ئایا جیاوازییه‌که زۆر گرنگ و جێگای بایه‌خه، گه‌ر ژماره‌ی ده‌نگده‌رانی لایه‌نه تایبه‌تییه‌کان دوانزه هه‌زار نه‌بێت و ته‌نها یانزه هه‌زار بێت؟ گرفتی یه‌کێتی له‌وه‌دا نییه که ئایا جیاوازییه‌که هه‌زار ده‌نگه یان نا، به‌ڵکو گرفتی یه‌کێتی له‌وه‌دایه، که له ناو چه‌قی ده‌سه‌ڵات و هێزی سیاسیی و عه‌سکه‌ری خۆیدا له هه‌ڵبژاردنه‌که‌دا شکستێکی گه‌وره‌ی هێنا، به رامبه‌ر لایه‌نێک، که ته‌مه‌نی ته‌نها له چه‌ند مانگێک تێناپه‌ڕێت، له‌سه‌ر ئه‌و هه‌موو ناڕه‌وایی و کاره نایاساییانه‌ی که ده‌سه‌ڵات کردی له کاتی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌که‌دا. جا به‌ڕێزتان که لم ده‌خه‌نه چاوی خه‌ڵکییه‌وه، ئه‌وا پێویست ناکات لم بکه‌نه چاوی خۆشتانه‌وه و چاوتان له ئاستی ڕاستییه‌کاندا بنوقێنن، که نه‌ک ته‌نها یه‌کێتی زه‌نگی شکستی بۆ لێ دراوه، به‌ڵکو سه‌رتاپای ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێستای کورد، چونکه کۆمه‌ڵگای کوردی له به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌م ده‌م و چاوه کلاسیکییانه‌ی کورد بێزار بووه، که چه‌نده‌ها ساڵه موڵکایه‌تی ده‌سه‌ڵێتی کوردی‌یان گرتۆته ده‌ست خۆیان و به سه‌قه‌تی به‌ڕێوه‌ی ده‌به‌ن.
کاک مه‌حمود نازانم مه‌به‌ستت له چییه که ده‌ڵێیت: (له كاتێكدا ئێمه خزمه‌تگوزاریی ده‌كه‌ین‌و موچه ده‌ده‌ینه خه‌ڵك.)
ئێوه کێن؟ جیاوازی ئێوه و کۆمه‌ڵگا چییه؟ ئێوه پاره ده‌دده‌ن به کام خه‌ڵکه؟ ئێوه له پاره‌ی کێ و له کام قاسه پاره ده‌ده‌ن به خه‌ڵک؟ زۆر ئاره‌زومه‌ندم بتوانم له ده‌رفه‌تێکدا زیاتر هه‌ندێک شتی سه‌ره‌تاییت بۆ به‌ڕێزتان ڕوون بکه‌مه‌وه سه‌باره‌تبه شێوازه‌پێکهاتنی ده‌وڵه‌ت و حیزب و ده‌سه‌ڵات و جیاوازییه‌کانی نێوانیان، چونکه وا دیاره ئێستاش به‌ڕێزتان بۆتان ڕوو نه‌بۆته‌وه، که (ئێوه) پاره ناده‌ن به خه‌ڵک، به‌ڵکو میری پاره به پێی یاسا ده‌دات به فه‌رمانبه‌ر و کرێکار و خانه‌نشین و .....هتد و ئه‌وه‌شی ده‌درێت به خێری مه‌ولوی پێغه‌مبه‌ر و ساقه‌سه‌ری سه‌رکرده‌کانی کورد نادرێت به خه‌ڵکی و له گیرفانی هیچ که‌سێک و لایه‌نێکی سیاسی نایه‌ته ده‌ره‌وه، تاوه‌کو بیکه‌ن به منه‌ت به‌سه‌ر کورده‌وه، به‌ڵکو به پێچه‌وانه‌وه، ئه‌وه پاره‌ی میلله‌ته و ده‌درێت به میلله‌ت وه ئه‌وه‌ی که ده‌سه‌ڵێت ده‌یکات بریتییه له ڕێکخستنی کاروباری کۆمه‌ڵگا له ناو سنووره یاساییه‌کانی ئه‌و کۆه‌مڵگایه‌دا.
به‌ڕێز کاک مه‌حمود: جیهانی سیاسه‌ت جیهانی فرسه‌ت قۆزینه‌وه‌یه. له سه‌رتاپای جیهاندا و له هه‌موو هه‌ڵمه‌تێکی هه‌ڵبژاردندا هه‌موو لایه‌نێک هه‌وڵ ده‌دات ڕوویه‌کی سپی و پلانی خزمه‌تێکی باشتر پیشان بدات، به‌ڵام لیسته‌ی کوردستانی نه‌یتوانی نه ئه‌مه‌یان و نه ئه‌وه‌یان پیشان بدات. جا ژنێک گه‌ر باسی ئاو بکات و په‌ککه‌وته‌یه‌کیش باسی موچه بکات زۆر شتێکی ئاساییه و ئه‌مه ئه‌وه ده‌گه‌ێنێت، که ده‌سه‌ڵاتی یه‌کێتی له پاش هه‌ژده ساڵ نه‌یتوانیوه ئاو بۆ شاره‌کانی کوردستان دابین بکات. کۆمه‌ڵگا دانانیشێت سه‌یری ڕووی جوان و گه‌شی ده‌سه‌ڵاتداران بکات و به‌سه‌ریاندا هه‌ڵبده‌ن، به‌ڵکو له‌و کارانه ده‌ڕوانێت، که ده‌سه‌ڵات بۆ کۆمه‌ڵگای ده‌هێنێته ئه‌نجام و ئه‌و گۆڕانکارییانه که له ناو کۆمه‌ڵگاو یاساکان و جێبه‌جێکردنیاندا ده‌کرێن.
ئه‌وه‌ی شوێنه سه‌رسوڕمانه ئه‌وه‌یه، که ده‌سه‌ڵاتێک و دوو حیزبی گه‌وره به هه‌موو ئه‌و توانا مادییانه‌ی که هه‌یانه له ئاستی چه‌ند ماڵپه‌ڕیک و بڵاوکراوه‌یه‌ک زۆر لاوازن. جا له‌و پرسیاره‌ی ئاوێنه‌دا بۆچی وه په‌یوه‌ندیی چی بووه، که به‌ڕێزت باسی کوردستانپۆست و ئاوێنه و هاووڵاتیت کردوه؟ ئایا گه‌ر سه‌ر به گۆڕان بن یان نا چ په‌یوه‌ندییه‌کی به پرسیاره‌که‌وه هه‌یه؟ ئایا په‌یوه‌ندییه‌کان هه‌رچییه‌ک و هه‌رچۆنێک بن، چی له بار و دۆخی ئێستای ده‌سه‌ڵات و یه‌کێتی و پارتی ده‌گۆڕێت؟ ئایا ئه‌و به‌ڵگانه چین که به ده‌ستتانه‌وه‌یه بۆ ئه‌و په‌یوه‌ندییانه و بۆچی ئاشکرایان ناکه‌ن له کاتێکدا له چه‌نده‌ها لێدوان و چاوپێکه‌وتندا دووپاتی ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌تان کردوه؟ به‌داخه‌وه که ئاستی لێدوان بگاته ئه‌وه‌ی که له بری گۆڕان ووشه‌ی گرده‌که به‌کاربهێنن و نازانم له فه‌رهه‌نگی یه‌کێتیدا ووشه‌ی (گرده‌که) چ پێناسه‌یه‌کی بۆ داده‌نێن، چونکه له شاری سلێمانی زۆر گرد هه‌یه و بێگومان که به‌ڕێزتان زۆر چاک شاره‌زای هه‌ندێک له و گردانه‌ن.
سه‌باره‌ت به ده‌رکردن و نانبڕینی هه‌ندێک له فه‌رمانبه‌رانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه به‌ڕێزتان ده‌ڵێن (من لێره دادگام هه‌یه)!!!!!!
نازانم به‌ڕیزتان به سیفه‌تی چی دادگای خۆت هه‌یه و له کوێ؟ بۆ یه‌که‌م جاره ببیستم، که وه‌زیرێک له ناو وه‌زاره‌ته‌که‌ی خۆیدا دادگای هه‌بێت. جا تۆ گوێ له که‌س ڕابگریت و ڕانه‌گریت شتێک هه‌یه که له سه‌رو تۆش و منیشه‌وه‌یه که ئه‌ویش یاسایه و بۆ جێبه‌جێکردنی ئه‌رکه‌کانی خۆت له سنووری یاساکانی ده‌وڵه‌تدا ده‌بێت کار بکه‌یت و کاری به‌ڕێزت ئه‌وه نییه که که‌سێک له‌سه‌ر قه‌رزداری ده‌ربکه‌یت یاخود یه‌کێکی تر به دزی ژنی یه‌که‌مه‌وه ژنێکی تری هێناوه و نموونه‌یه‌کی تر که دزیی کردوه ئه‌م جۆره که‌سانه له‌سه‌ر ئه‌م کرده‌وانه‌یه‌ن دووریان بخه‌یته‌وه یان ده‌ریان بکه‌یت، گه‌ر له‌و بواره کۆمه‌ڵێیه‌تییانه‌دا ده‌ته‌وێت کار بکه‌یت، ئه‌وا وه‌زاره‌تی کاروباری کۆمه‌ڵایه‌تی بێگومان وه‌ک ڕاوێژکارێکی خێزانی ده‌توانێت کارێکت بۆ پێشنیار بکات، چونکه هه‌موو ئه‌و نموونانه‌ی به‌ڕێزت له چاوپێکه‌وتنه‌که‌دا هانیوته‌ته‌وه له سنووری یاسایی و کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌رناچێت و که هیچ په‌یوه‌ندییه‌کی به وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌وه نییه. جگه له‌وه ئه‌و که‌سه‌ی که قه‌رزداره و جه‌نابت وه‌ک (حلال المشاکل) ده‌جێت ده‌ری ده‌که‌یت یان دووری ده‌خه‌یته‌وه ئایا گرفته‌که‌ت چاره‌سه‌ر کرد، یاخود گرفتت بۆ ئه‌و که‌سه زیاد کرد؟؟؟
هه‌مدیسان به داخه‌وه بۆ تێگه‌شتنت و تێڕوانینت بۆ شته‌کان.........
به‌ڕێز، ئه‌و پۆسته‌ی که ئێستا هه‌ته یاسا داویه‌تی به‌ده‌ست تۆ.واتا نه پۆسته‌که‌ت و نه وه‌زاره‌ته‌که‌ت و نه کارمه‌ندانی ناو وه‌زاره‌ته‌که‌ت موڵکی تۆ نین. ئاوڕێک له مێژوو بده‌ره‌وه و ده‌بینیت ده‌م و چاوه‌کان له‌گه‌ڵ ڕۆژگاردا ده‌گۆڕێن. جا ئه‌فسه‌ر ئه‌فسه‌ری تۆ نییه. بێگومانم له‌وه‌ی گه‌ر زانیارییه‌کی سه‌ره‌تاییت سه‌باره‌ت به یاسا و ده‌وڵه‌ت هه‌بوایه، ئه‌وا ئه‌و بۆچونه هه‌ڵانه‌ت ده‌رنه‌ده‌بڕی و دیاره خۆت لێت ئاشکرایه، که کاره‌کانت له ئاستی یاسایی و لێپرسینه‌وه‌دا دووره بۆیه ده‌ڵێیت: (تا لێره‌بم واده‌كه‌م‌و خراپتریش ده‌كه‌م) واتا خۆت ده‌زانیت که کاره‌کانت خراپه و به‌ڵام له سنووری خراپی خۆتدا ناوه‌ستیت به‌ڵکو خراپتریش ده‌که‌یت. له هه‌مان کاتدا که ده فه‌رمویت (هه‌ر كه‌سێك هه‌ڵه‌بكات زۆر توندم له‌گه‌ڵیا).پێم وا بێت مامه‌ڵه‌ی کاتی شاخ نه‌ماوه و جه‌نابیشیت ژیانێکی تر ده‌ژیت و شار و لادێکانمان گۆڕاون و ئینته‌رنێتیشمان هه‌یه و خۆشحاڵ ده‌بم که به‌ڕێزیشتان هه‌ر به مێشکی ئه‌و کاته‌ی شاخ بیر نه‌که‌نه‌وه و کاریشتان هه‌ر له‌و ڕوانگه‌یه‌وه به‌ڕێوه نه‌به‌ن. به‌ڕێزت ئه‌و که‌سه‌یت که یاسا ده‌پارێزیت و یاسا هیچ ده‌سه‌ڵێتێکی نه‌یاوه‌ته ده‌ستت بۆ ئه‌وه‌ی توند و تیژ بیت له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌رتدا. هه‌روه‌ها هه‌موو فه‌رمانبه‌رێک ئه‌رکی سه‌رشانی خۆی هه‌یه که ده‌بێت به‌جێی بێنێت. جا له ناو فه‌رهه‌نگی به‌ڕێوه‌بردندا شتێک نییه ناوی (چاکه) بێت هه‌روه‌ک به‌ڕێزت ئاماژه‌ت بۆ کردوه. وه‌ک وه‌زیرێک ده‌بوایه جیاوازی کارێکی خۆشبه‌ختانه و کاری فه‌رمانبه‌رێکی بکردایه، به‌ڵام به‌داخه‌وه......... جگه له‌وه له سه‌رتاپای جیهاندا هه‌موو دام‌و ده‌زگایه‌کی میری شوێنێکی بێلایه‌نه و به پێی یاسا ده‌بێت دوور بێت له هه‌موو چالاکییه‌کی ڕامیاری، به‌ڵام به‌ڕێزتان به هۆی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی، که هه‌تانه، ده‌توانن و ده‌زانن که چه‌نده‌ها ئه‌فسه‌رت هه‌یه که سه‌ر به حیزبه‌که‌ی به‌ڕێزتان نییه و خوا ده‌ست به باڵته‌وه بگرێت به‌ڵێم ده‌ریشیان ناکه‌یت.هه‌رچه‌نده به‌دواچونت بۆ ئه‌وه‌ی چ ئه‌فسه‌رێکت سه‌ر به چ لایه‌نێکه له خۆیدا کارێکی نایاساییه و بۆت نییه ئه‌و زانیارییه که‌سایه‌تییانه له هیچ چاوگێکه‌وه وه‌ربگریت.
به‌ڕێزم، به داخه‌وه سه‌رتاپای وتووێژه‌که‌ت بێسه‌روبنه.له لایه‌ک به‌ڕێزت ده‌ڵێیت هێزی پێشمه‌رگه هی دوو حیزب بووه، به‌ڵام چه‌ند ڕسته‌یه‌ک دوای ئه‌وه ده‌ڵێیت ڕێگه ناده‌م هیچ حیزبێک شانه‌ی خۆی له ناو هێزی پێشمه‌رگه‌دا دروست بکات. ئایا ئه‌و هه‌موو کادێر و ئه‌ندامانه‌ی تا دوێنێ له ناو هێزی پێشمه‌رگه‌ی یه‌کێتی یان پارتی بوون ئێستا چیان لێده‌که‌ن؟ یاخود پلانێکی واتان هه‌یه که مێشکیان بسڕنه‌وه و لایه‌نگیریی و حیزبایه‌تییان له بیر به‌رنه‌وه؟
به‌ڕێزم، ئاشکرا ده‌توانم پێت بڵێم، که ئاستی وتووێژه‌که‌ی جه‌نابتان له ئاستی وتووێژێکی ئاستنزمی ناو شه‌قامه‌کان ده‌رناچێت و له هه‌موو لایه‌نه‌کانه‌وه ئه‌وه ده‌رده‌خه‌ن، که هه‌تا ئێستا به مێشک و بۆچوونه‌کانی ئه‌و کاته‌ی شاخ بیر ده‌که‌نه‌وه و ده‌ژین. نه‌ک ته‌نها تۆ، به‌ڵکو زۆرینه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی کورد و هه‌روه‌ها قوتابیه‌کانی ژێر ده‌ستتان ئاوێنه‌ی بیروبۆچوونه به‌به‌ردبووه‌کانتان ده‌بن، بۆیه ڕه‌وتی ده‌سه‌ڵاتی کوردی له گه‌نده‌ڵییه و بۆ گه‌نده‌ڵتر و له بۆگه‌نه و بۆ بۆگه‌نتر ده‌ڕوات.کۆمه‌ڵگاش لێتان پڕه و گه‌ر تۆزێک گوێتان له ووشه‌کانی ناو شه‌قامی کوردی بگرن، ئه‌وا بێگومانم هه‌ست به شه‌رمه‌زاری ده‌که‌ن، گه‌ر شه‌رمه‌زاری مابێت.گه‌ر چاوێکیش به ناو کۆمه‌ڵگادا بخشێنن، ئه‌وا بێگومان ناتوانن به ڕووبه‌رزییه‌وه سه‌یری چاوی ئه‌ندامانی ئه‌م کۆمه‌ڵگایه بکه‌ن، به‌ڵام به هیوای گۆڕانێک له ده‌سه‌ڵێت و شێوازه‌که‌ی و گۆڕانێک له‌و ده‌م و چاوه کلاسیکییانه‌ی که چه‌نده‌ها ساڵه ده‌یانبینین و به هیوای هانتی نه‌وه‌یه‌کی نوێ، که له به‌رژه‌وه‌ندی خاک و میلله‌تدا کار بکات به هه‌موو ئه‌و هیوایانه‌وه کۆمه‌ڵگای کوردی ده‌ژی و منیش هیوادارم دوای ئه‌و هه‌موو گۆڕانه و ئه‌و کاته به‌ڕێزتان له سیاسه‌ت و میری و ده‌سه‌ڵات و یاسا و ...... ده‌سته‌واژه‌کانی تریش بگه‌یت.
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست