مەولود ئافەندتان چی لێكرد ؟
Sunday, 08/07/2012, 12:00
مانگێگ بەسەر دیارنەمانی مەولود ئافەند تێپەڕی و دەزگا ئەمنییەكانیش بێوەڵامن وەك ئەوەی هیچ لە ئارادا نەبێت و خەمساردانە خۆیان لەبابەت مەولود حەشاردەدەن. دیارنەمانی ئەو رۆژنامەنوسە بووەتە بابەتێكی جیهانی و لە زۆربەی میدیاكانی جیهاندا بووەتە روداوێك كە شرۆڤەی جیاوازی بۆ دەكەن. هەندێ سەرچاوەی میدیایی باسی ئەوە دەكەن كە یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەستی لە بێسەروشێونبوونی مەولد ئافەند هەیە، ئەگەر ئەو ئاژانس و سەرچاوە میدیایانەیی وەها باسی یەكێتی دەكەن راست بێت ئەوا یەكێتی گەورەترین خیانەتی نیشتمانی و بازگانیكردنی بە كەیسی رۆژنامەنوسێكی كوردی كردووەو تۆمەتبار دەبێت بە خیانەتی نیشتمانی، ئەگەر یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش كارێكی وەهای نەكردووە پێویستە مەكتەبی سیاسی ئەو حزبە وەڵامێكی باوەڕپێكراوی بۆ رای گشتی هەبێ. خۆ گومان لەوبابەتە زۆر دیوی شارەواوەو ئاشكرای هەیە، بەڵام ئەوەی دیاربێت تۆپەكە لەبابەت ئەو رۆژنامەنوسە لە گۆڕەپانی یەكێتییە چونكە ئەو حزبە بەرپرسیارەتی ئەمنی لە سلێمانی لە ئەستۆیەو ئەو رۆژنامەنوسەش لە 9 مانگی رابردوو لە سلێمانی ونە، بۆیە دەبێ ئەو حزبە وەڵامێكی جدی لەبابەت دیارنەمانی مەلوود ئافەند هەبێت. میدیاكانی ئیسرائیل بەیایەخەوە باسیان لە هەواڵی ونبوونی مەولود ئافەند كردووە ئەوان لە مانشێتی سەرەكی و فری تۆپیكی خۆیان دا وەها دەڵێن كە ئەو رۆژنامەنوسە لە سلێمانی ئێران رفاندویەتی ! بەڵام هەندێ سەرچاوەی میدیای باسی ئەوە دەكەن كە مەلود ئافەند لەلایەن یەكێتی ئەشكەنجەدرابێت و ئەو حزبە یان كوشتویەتی یانیش رادەستی ئێرانی كردووە بەڵام پێم وایە هێشتا بەڵگەی سەلمێنەر لەوبابەتە لەبەر دەستدانیەو تەنیا ئاژانسێكی هەواڵی لە زاری بەرپرسێكی ئاسایشی سلێمانی ئەوەی دركاندووە. جگە لەوەی یەكێتی قسەی نییە هاوكات هێشتا حكومەتی هەرێمیش وەڵامێكی نییە لەبابەت دیارنەمانی ئەو رۆژنامەنوسەو پەرلەمانیش بێدەنگە، بەڵام وەزارەتی ناوخۆ و ئاسایشی سلێمانی دەبوو تا ئێستا وەلامێكی جدیان بۆ رای گشتی هەبوایەو لەگەڵ ئەمەش دەبوو داواكاری گشتی لێكۆڵێنەوەی وردی لەبابەت ونبوونی ئەو رۆژنامەنوسە بكردایە. مەولد ئەگەرچی كوردی رۆژهەڵاتی كوردستانە بەڵام خۆ نیشتەجێی هەولێرەو كوردەو ئیقامەی نیشتەجێبوونی لە هەولێر هەیەو دەزگاكەشی كە بەناوی ئیسرائیل كوردە مۆڵەتی فەرمی كاركردنی لە سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان هەیە. دواجار ئەو رۆژنامەنوسێكی كارای نێو پەیوەندیەكانی كەلتوری ئیسرائیل و كورد بوو. ئەو بەر لە هەمو شتێ لە چوارچێوەی ئیتیكی رۆژنامەوانی قسەی دەكردو بابەتەكانی هەڕەشەی جدی بۆ سەر هیچ لایەنێك نەبوو.
ئەگەر ئەو هەواڵانەی باسی ئەوە دەكەن كە یەكێتی یان ئێران یاخود یەكێتی و ئێران دەستیان لە بێسەروشوێنكردنی مەلود هەبێت ئەوا بە دڵنیایەوە ئێمە لەسەر زانیاری ئەو سەرچاوە میدیایانە بە یەَكیتی دەڵێن وەڵامتان هەبێ ئەگەر نا ئێمەش پێتان دەڵێن مەولودتان چی لێكرد؟
تەنیا كوردی
گوتەبێژی كەمپینی بەهاناچوونی مەولود ئافەند
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست