بێریڤان مریشک نیە
Monday, 07/03/2022, 20:14
١- بێریڤان ئەیوب(دایکی پێنج منداڵ) ژنە چاڵاکوانێکی دەڤەری بادینانە، دوای ئەوەی بەشداری لە خۆپیشاندانەکانی ساڵی دووهەزار و بیستی شاری دهۆک کردووە، زیندانی کراوە.
حەڤدە مانگە لە زیندانە
٢- بەپێی مادەی یەک لە یاسای ژمارە بیستویەکی ساڵی دوو هەزار و سێ بە تێکدانی ئاسایشی نیشتیمانی تاوانبارکراوە.
(یەکێک لە تۆمەتەکان ئەوەیە کە داوای بایکۆتی کاڵای تورکی کردووە)
٣- بۆ ماوەی ساڵێک رێگە نەدراوە پارێزەری هەبێت، بۆیە لە تەواوی قۆناغەكانی لێكۆڵینەوە هیچ پارێزەرێك ئامادەنەبووە.
(ئەوڕۆ لەلایەن دادگای بەرایی هەولێرەوە سزای دوو ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا)
٤- بێریڤان لە زیندان شەش جار مانی لە خواردن گرتووەو، توشی نەخۆشی شەکرە بووە، دوای زیندانیکرانیشی هاوسەرەکەی لێی جیابۆتەوە.
(لەوەتەی زیندانیش کراوە، منداڵەکانی نەبینیوە)
٥- «نوکتە»
کەسێک خۆی لێبووبوو بە دەنکە گەنم، زۆر دەترسا مریشک بیخوا، بردیانە لای دکتۆری دەروونی، ئەویش بردیە بەرامبەر ئاوێنەک و پێیگوت" کاکی خۆم ئەوە دەنکە گەنمە ئەوەش تۆی، تۆ گەنم نیت" نەخۆشەکە پێکەنی و گوتی " جەنابی دکتۆر ئەوە من قەناعەتم کرد کە گەنم نیم، ئەی چۆن مریشکەکە تێدەگەینی کە من دەنکە گەنم نیم، بۆئەوەی نەمخوا!"
(مەرد ئەو کەسەیە پارتی تێبگەینیی کە بێریڤان و خۆپیشاندەرانی بادینان مریشک نیین)
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست