وەرن با واقعبین بین!

Tuesday, 24/11/2009, 12:00


ئەم رۆژانە گفتگۆ لە سەر خەباتێكی نوێ لە گۆرەپانی سیاسی كوردستانی ئێران زۆر گەرمە. ئەویش بە پێی هەلومەرجی ناو ئێرانە نەك هەڵقوڵاوی بیر و ئیرادەی نەتەوەیی. واتە هاندەرێكی دەرەكی داینەمۆی ئەم پەرۆش حالی‎یە.
من وای بۆ دەچم كە بارودۆخەكە شیكردنەوەی زیاتری پێویستە، چونكە غەمی هەڵسورێنەرانی ئەم رەوتە لەمەوە سەرچاوە دەگرێت كە "شوێنەكانی تری ئێران لە جموجۆلدایە بەڵام پوتانسیلی كوردستان بێ جوڵەیە! وەرن با وەگەڕی بخەین".
من دژی هەوڵدانی لەم چەشنە نیم بەڵام ڕام وایە ئەگەر كەسانێك بە نیازن پوتانسیلەكە بوروژێنن، ئەركی سەرشانیانە كە سەرجەم لایەن و خاڵەكانی پێویست ڕەچاو بگرن ئەگینا رێگاخۆشكەری چارەنوسێكی ڕەش دەبن. وەك ئاشكرایە جموجۆڵی سیاسی ـ كۆمەڵایەتی پێویستی بە چەند لایەنی سەرەكی هەیە كە لەم خاڵانەدا خۆی دەبینێتەوە:
هەنگاوی یەكەم و سەرەكی: دروستكردنی هۆشیاری نەتەوەیی و ئاگاداربوون لە سەر مافەكانی تاك و كۆمەڵ.
لێرەدا ئەگەر پرسیار بكرێت كە چەند دەرسەدی كۆمەڵگای كوردی ئێران بەم ئاستە گەیشتوون؟ و پرسیارێكی گرنگتر، ئەوەی كە هۆشیار و ئاگادارە، بە كام پەنجەرەی ئایدۆلۆژیك پێناسەمان بۆ دەكات؟ كە ئەمەشیان خۆی كێشەیە چونكە دوو كوردی ئێرانی ڕەنگە بیركردنەوە و پێناسەیان بۆ مافە نەتەوەییەكان پێچەوانەی یەكتری بێت!
دووەم: دانانی ستراتژی و تاكتیكی گونجاو.
ئاشكرایە تاكو ئێستا هیچ ستراتژێكی روون و گشت‎پەسەند بۆ خەباتی نەتەوەیی كورد لە ئێران پێناسە نەكراوە و هەر لایەنێك ڕای تایبەتی خۆی هەیە. ئەمەش یەكێكە لە خاڵەكانی بەیەكنەگەیشتن. تاكتیكەكان هەر ناچاری شكست دەبن كاتێك ستراتژی كێشەدار بێت.
سێهەم: دروستكردنی رێكخستنێكی مودێرن و كارا بۆ گەیشتن بە ستراتژی دیاریكراو
ئەمەشیان حەلقەی دواتری زنجیرەی خاڵەكانی پێشترە. تاكو ئێستا شێوازی كۆپیكراو و كلاسیك لە لایەن هێزە سیاسیەكان خراوەتە بواری پراكتیك و تاقیكردنەوە و زیانی گەورەش بەر هاوڵاتیان كوردی ئێران كەوتوە كە زیاتر بە ئەدەبیات قارەمانسازی و رۆمانتیزم سارێژی زیانمەندان كراوەتەوە. پێنجەم: دیپلۆماسی چالاك و پەیوەندی راست و بە هێز بە پێی نۆرمەكانی جیهانی سەردەم
كوردی ئێران لەم خاڵەدا زۆر لاواز و بێبەشە چونكە مێژووی كۆن و هاوچەرخ شاهیدی بۆ دەدەن. ئاگاداربوون لە هاوكێشە سیاسیەكانی جیهانی و ناوچەیی و جوڵە پێكردنی تواناكان بە كادیری كارامەی دیپلۆمات دەكرێت. با راستگۆ بین لە گەڵ خۆمان ئێمەی كوردی ئێران كەسی وامان نیە یان من لێی ئاگادار نیم!
شەشەم: دابینكردنی سەرچاوەیەكی دارایی بەردەوام و سەربەخۆ
پەیوەست بوون بە سەرچاوەی ناسەقامگیری دارایی دەبێتە هۆی ناسەربەخۆیی و بەرزونزم بوونی خەبات. ئەمەش لای هەموو كەس روونە كە بە بێ سەرچاوەی دارایی هەنگاوێك بەرەو پێشەوە ناندرێت.
هەفتەم و لە هەموویان گرنگتر: بوونی سەرۆكایەتیەكی ژیر و بە هێز و یەكانە
ئەمەش ئەو خاڵەیە كە من نوسراوەكەمی لە سەر چڕتر دەكەمەوە. لە كۆمەڵناسی وڵاتانی رۆژهەڵاتدا هاتووە كە بە پێی قۆناغی پێشكەوتن و باری دەرووناسی و ئابووری و ئایینی وهتد كۆمەڵگایەكی كاریزماپەرستن. لەم حاڵەتانەدا بوونی رێبەر و پێشەوا پێویستیەكی ناچارانەیە. تیۆری بازدانی قۆناغەكانی كۆمەڵایەتی لە رووی زانستی و هەروەها لە پراكتیكدا بینیومانە كە گرفتی زۆری دروست كردووە، بۆیە كەس ناتوانێت بە ناوی زانستی بوونەوە یان هەر خوێندنەوەیەكی تری مودێرن، بێت و دژایەتی راستیەكە بكات. بۆشایەك كە لە نەبوونی سەرۆك یان سەرۆكایەتیدا دروست دەبێت، پڕ ناكرێتەوە و ستونی سەرەكی خەبات تووشی دارمان دەبێت. ئەمەش دەردی گرانی كوردی ئێرانە. سەركردایەتی هەر شەش خاڵەكەی پێشتر لە چوارچێوەی سیستەمێكی تۆكمەدا بەرێوە دەبات و باڵانسی بەشەكان بە لێهاتوویی دروست دەكات و لە كۆتاییدا بەرەو سەركەوتن هەنگاو دەنێت.
ئەمانەی باسمان كرد رەنگە بۆ كوردی ئێران ئۆتۆپیا بن ، بەڵام راستیەكی حاشاهەڵنەگر هەیە كە ئەگەر لێیان نزیك نەبینەوە، ناچار دەبین بە دووبارەكردنەوەی مێژووی شكست و زیانی نەتەوەیی. با كەس خۆی فریۆ نەدات و هەوڵ نەدات كڵاو بنێتە سەر خەڵك و مێژوو.
وەك لە سەرەتادا باسم كرد ئێستا هەر كەس لە روانگە و بەرژەوەندی خۆیەوە وەگەڕ كەوتووە، لە ئەكادمیسیەن و سەرۆك پارت و لایەنەكانەوە بگرە تاكو رۆشنبیرانی (بێ لایەن و بەلایەن). تابلۆكە ئالۆز دیارە بەڵام لە راستیدا بە پێچەوانەی ناوەرۆكەیەتی، پێم وایە (ڕەنگە رەخنەیەكی خەمبار بێت) زیاتر لە هەموو شتێك، بەرژەوەندی تاكەكەسی و حزبی لە پشتی هەموو هەوڵەكاندایە، بۆیە ناتوانم بڕوام پێیان هەبێت.
جا ئەگەر دەلێن چارە چیە؟ من دەڵێم ئەگەر بارودۆخەكە ناتوانرێت باشتر بكرێت با خراپتر نەكرێت. سەرەڕای باشی و خراپی، رەوتێكی سروشتی وەك پێشكەوتنی كۆمەڵایەتی لە كوردستانی ئێران لە ئارادایە، بە ڕای من با بەردەوام بێت و تێك نەدرێت. ئەگەر جوڵانەوەی سیاسی كوردستان نەتوانێت چارەیەك بۆ خۆی دابنێت ـ كە زۆر بەداخەوە وایە و هەر ئاواش دەمێنێتەوە ـ با هەوڵی چارەسەری بۆ نەتەوەیەك نەدات! ئەمە كەسانی شارەزا و پسپۆر و رۆشنبیرانیش دەگرێتەوە.
بە كورتی من دەڵێم تاكو ئەم مەرج و خاڵانەی كە لە سەرەوەدا ئاماژەیان پێكرا دەرفەتی دەستەبەربوونیان نەبێت، با واز لە نەتەوەكەمان بێنین و تووشی نەهامەتی گەورەتری نەكەین.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە