قسە و كردەوەتان كوجا مەرحەبا!!!
Thursday, 26/05/2011, 12:00
هەر كەس كەمێ زەحمەت بە خۆى بدا و چاوێك بە بەرنامەى حیزبە سیاسیەكانى كوردستانى ئێراندا بگێڕێ، دەبینێ ئەو هەموو شیعارە جوان و سەرنج راكێشانە كە لە سەر كاغەز نەقشیان كێشاوە و بە خوێندنەوەیان سەرمەست دەبی و یەكسەر بەرەو خەیاڵ پەلكێشت دەكەن.
من ئەوندە ناچمە ناو ئەو باسەى كە ئەو هەموو شیعارە لە كوێ هێندراون و كێ دای رشتوون، یان ئەوەى كە تا چەند لەگەڵ كۆمەڵگاى كوردستان و بنەماى خەباتى خەڵكى كورد دا یەكدەگرێتەوە، بەڵام ئەو شیعارەى كە زۆر سەرنجى راكێشاوم و دەمەوێ قسەى لە سەر بكەم و راستى و ناراستى و ئامانج لە نووسینى وەها شیعارێك بخەمە بەر لێكۆڵینەوە.
دروشمێك كە لە بەرنامەى هەموو هێزە كوردستانیەكاندا دارێژراوە و گەلى كوردستانیش هەردەم ئارەزووى كردووە، باسى یەكیەتى و یەكبوونى حیزب و سازمانەكانى كوردستانە. هەر چەند هێز و لایەنەكانى كوردستانى عێراق لە دواى شاڵاوەكانى ئەنفال بەتایبەت لە ساڵەكانى 1987 و 88، توانیان خۆیان لە چەند بەرەیەكدا رێك بخەن و دوایەش لە بەرەیەكى تۆكمە و یەكگرتووى گشتى بە شێوەیەكى بەهێزتر لە بەرانبەر رژیمى دیكتاتۆرى بەعس دا بوێستنەوە، هەروەها لە دواى راپەرینیش ئەو بەرەى كوردستانیەى كە نوێنەرایەتى گەلى كوردى لەو بەشەى كوردستان لە ئەستۆ بوو، توانى بە رێژەیەكى زۆر دەوری باش لە سازدانى كاروبارى رۆژانەى خەڵك دا بگێرێ و بەربە بشێوى لە شارەكاندا بگرێ و رێگە بۆ دروست بوونى حكومەت و یەكەم پارڵمانى كوردى خۆش بكات. بەڵام بەداخەوە لە ناو حیزب و سازمانەكانى كوردستانى ئێران ئەو دروشمە بووە بە خەیاڵێك و تا ئێستاش هیچ حیزب و سازمانێك بە جیددى هەوڵى بۆ نەداوە، ئەگەر هەوڵێكیش بووبێ ئەوە لە قۆناغێكى وادا بووە كە تەنها قازانجى حیزبی تیێدا رەنگى داوەتەوە نەك قازانجى نەتەوەیی، هەر بۆیە سەركەوتوو نەبووە. نمونەیەكى بەرچاو ئەوەیە كە لە دواى لەت بوونى حیزبەكانى كوردستانى ئێران، هێندێ كە خۆیان بە حیزبى رەسەن و حیزبی ئەسڵى دەزانى، لە هەوڵى ئەوەدا بوون كە لە بەرامبەر ئەو حیزبانەى لێ یان دابڕاون، بەرەیەك پێك بێنن و بەو جۆرە لە بەرانبەریاندا، شەرعیەت و رەسەن بوونى خۆیان بسەلمێنن، بەڵام وەك خۆیان ناراستەوخۆ ئیشارەى پێ دەكەن لەبەر رازى نەبوونى حیزبێكى دیكە بەو سیاسەتە سەقەتانە، پرۆژەى ئەو بەرەى لە وەها كاتێكدا نەبوونى باشتر بوو، سەرى نەگرتووە و هەوڵەكانیشیان بێ ئاكام مایەوە.
لە دواى ئەوەى پرۆژەى بەرە سەرى نەگرت، پێوەندى نێوان حیزبەكان بەرەو سارد و سڕى زیاتر چووە، پێشان باش بوو خواهەڵناگرێ جار جار بە سەرفى گۆشت و لە دەورى سفرەى رازاوە كۆدەبوونەوە، بەڵام ئێستا ئەو چكە چكەشیان نەماوە و هەر مۆڕە لە یەك دەكەن و لاپەرەكانى مێژووى تاڵ و پڕ لە كارەساتى نێوانیان هەڵدەدەنەوە و قامكى تاوان بۆ یەكتر رادەكێشن.
لەگەڵ ئەو راستیەى باسم كرد، هەل و مەرجى ناوخۆى رژیمى ئێرانیش رۆژ لە دواى رۆژ بەرەو خرابتر دەچێ، پێوەندى نێوان تاقمەكانى دەسەڵاتدار زۆر خرابە و شەڕى دەسەڵات بەو پەڕى خۆى گەیشتووە و هەوڵى سڕینەوە و لە مەیدان بەدەر كردنى یەكتر بووە بە هەنگاوى سەرەكى هەركام لە باندەكانى دەسەڵاتى ئێران.
رژیمى ئێران لە بارى سیاسى و دیپلۆماسیەوە بە نزمترین ئاست گەیشتووە و لەو بارەدا هیچ پێگەیەكى جیهانى نەماوە و هیچ كام لە وەڵاتان ئامادە نین متمانە بەو دەسەڵاتە بكەن، بەتایبەت وەڵاتانى رۆژئاوا كە ماوەیەكى دوور و درێژە لە هەوڵى ئەوەدان كێشەكانى خۆیان وەك پێشێلكارى مافى مرۆڤ، پشتیوانى ترۆریزم و دەستێوەردان لە كاروبارى وەڵاتان و كارى ئاژاوەگێرى لە وەڵاتانى ناوچە و هەوڵەكانى بۆ وەدەست هێنانى چەكى ناوكەیی، چارەسەر بكەن بەڵام بێ ئاكام ماوەتەوە و بەو ئەنجامە گەیشتوون كە ئەو رژیمە لە هەوڵى كات كریندایە و لە ژێر ناوى وتووێژ و دانووستاندا، پەرە بە سیاسەتەكانى خۆى دەدا. هەر بۆیە كۆمەڵى جیهانى بەو قەناعەتە گەیشتووە كە بۆ رێگرتن لە هەوڵ و بەرنامەكانى رژیم، لە چەند قۆناغ دا ئابڵوقەى بخەنە سەر. كە بەشى زۆرى ئەو ئابڵوقانە بە سەر خەڵكى ئێراندا شكاوەتەوە.
بارى گوزەرانى خەڵكى ئێران تادێ بەرەو خرابتر دەچێ، هەڵاوسانى ئابوورى لە بەرەوسەرچوونى زیاتردایە و بێكارى تەنگى بە خەڵك هەڵچنیوە و هەژارى و برسیەتى بە بەرزترین پلە گەیشتووە، سیاسەتەكانى رژیمى ئێران تادێ لە راستاى پەرەپێدانى ئەو دیاردانەدایە كە باس كران و هیچ هێمایەك بۆ چارەسەرى ئەو وەزعە بەدى ناكرێ، هەر ئەوە بۆتە هۆى ئەوەى خەڵكى هەژار و برسى ئێران رۆژ لە دواى رۆژ زیاتر لەو دەسەڵاتە بێزار بن.
لە هەمان كاتدا شەپۆلى گۆڕانى دەسەڵاتەكان لە ناوچە هەڵى كردوە و بەشێك لە وەڵاتانى باكوورى ئەفریقا بە هاتنە مەیدانى خەڵكى ناڕازى لە دەست دەسەڵاتە دیكتاتۆرەكان رزگاریان بووە و بەشێكى دیكەى خەڵكى عەرەب لە وەڵاتانى لیبى و سوریە و یەمەن و بەحرەین، بەردەوامن لە خەبات دژ بە دیكتاتۆرى و دوور نیە لە ماوەیەكى نزیكدا ئاسۆى ئازادى و بەختەوەرى مرۆڤەكان لەو وەڵاتانەش هەڵێ و كۆتایی بەو دەسەڵاتە ڕەش و سەركوتگەرانە بێنن.
بەو پێ یەى كە خەڵكى ئێران كێردیان بە ئێسك گەیشتووە ئومێدى ئەوە هەیە كە بە شێوەیەكى لێبراوانە بێنە مەیدان و بەو ئەزموونانەى كە لە لابردن و رووخانى دەسەڵاتە سەركووتگەرەكان هەیانە ئەمجاریش دەسەڵاتى دیكتاتۆر و داپڵۆسێنى ئێران بەرەو هەڵدێر بەرن.
بۆ ئەوەى لە وەها هەل و مەرجێكدا ئێمەى كورد، بەو پێوەندیە ناسالمەى حیزب و سازمانەكانمان كە لەگەڵ یەكدى هەیانە، تووشى سەرلێشێواوى نەبین و بتوانین پێكەوە لە كوردستانێكى ئازاد و دوور لە شەڕ و ئاژاوە بژین و جارێكى دیكە رێگە نەدەین ئەزموونە نادروست و خراپەكانى رابردوو لە حاست یەكتر دووبارە بێتەوە، دەبێ لە ئێستادا زەمانەتیك هەبێ. بەو مەبەستە لە ماوەى رابردوودا لە دەست پێشخەریەكدا سازمانى خەباتى كوردستان 10 خاڵى خستە بەردەم حیزب و سازمانە سیاسیەكانى كوردستانى ئێران بۆ ئەوەى بتوانن لە سەرى رێ بكەون.
هەر چەند ئەو 10 خاڵە وادارێژراوە كە هیچ یەك لە حیزبەكانى كوردستانى ئێران لاریان لێى نیە و لەگەڵ دروشم و شیعارەكانیان دا دێتەوە، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا جوێ لە چەند حیزبێك، باقى حیزبەكانى كوردستانى ئێران بێ دەنگیان هەڵبژاردوە. لێرەدا ئەو پرسیارە دێتە ئاراوە كە باشە هەر ئەو بەرێزانە كە لە ساڵى 2000ى زایینەوە لە سەر مێشكى خەڵك كار دەكەن و پەیتا پەیتا زەروورەتى بەرەى كوردستانى دەڵێنەوە و ئەوندەیان باسى پێكەوە كاركردن و پێكهاتنى بەرەو دیموكراسى و پێكەوە ژیان و... كردوە لاى هەریەكمان ئەو قسانە بۆتە وێردى سەر زمان، باشە لەم كاتە حەستەم و ناسكەدا خێرە وا بێ دەنگ بوون و دەم و گوێى خۆیان ئاخنیوە؟
من لەو بروایەدام ئەگەر ئەو هەونگاوانەى ئەم دوایەدا كە بۆ سازبوونى هاوپەیمانیەك لە نێوان حیزبەكان نراوە، سەركەوتوو نەبێ، خەڵكى كوردستان دەبێ دەستى لێ بكەن بە سەرین و چیتر چاوەرێى یەكیەتى و تەبایی لەو حیزبانە نەبن. هەروەها ئەو بێ دەنگیە لەلایەن حیزبەكانەوە بەتایبەت هەردوو دیموكرات و بەشەكانى كۆمەڵە، دەرخەرى ئەوەیە كە ئەو حیزبانە ئەگەر دەرفەتیان هەبێ و هەلیان بۆ بڕەخسێ بێ ئەم لاو ئەولا پەنا دەبەنەوە بەر چەك و ئەوەى بایەخى نەبێ لەلایان، دەنگى خەڵكى كوردستانە و وایان داناوە كە بۆ خۆیان بیبڕن و بیدروون و ئامادە نین كردەوە بە شیعار و دروشمەكانیان بكەن چوونكە ئەو شیعارانە تەنها بۆ چاوبەست و فریودانە، ئەگەر پێچەوانەكەى راستە با ئەو حیزبانە هەڵوێستى خۆیان بە رەسمى بۆ خەڵكى كوردستان و رۆشنبیران روون بكەنەوە.
بۆیە پێویستە خەڵكى كوردستان بەتایبەت رۆشنبیران و چینى خوێندەوارى ئەو كۆمەڵگایە لە رێگاى جۆراوجۆرەوە ناڕەزایەتى خۆیان لە بەرامبەر بێ دەنگى ئەو حیزبانە دەربڕن. هەروەها بەباشى تێ یان بگەیەنن كە خەڵكى كوردستان چاوكراوەیە و چیتر فریوى شیعارى زریقەو بریقەدار ناخواو كردەوەو رادەى راستگۆیی حیزبەكان بنەماى بڕیادانیان دەبێ.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست