مەیدانی ئازادی......دڵنیابوونەوەی دەسەڵات لەمانەوەیان
Tuesday, 22/02/2011, 12:00
تەقە کردنی چەکدارەکانی هەردووبنەماڵە لەخەڵکی شار نیشانەی ئەوپەڕی دڕەندەیی دەسەڵاتە ووەڵامدانەوەیەکە بۆ جێ نەهێشتن وجێبەجێنەکردنی داواکانی خەڵك،هەروەها بەوکردارە بەعس ئاسایان ویستیان خەڵکی چاوترسێن بکەن،پەلاماردانەکانی چەکدارە بەکرێگیراوەکانی هەردووبنەماڵە نەك هەرخەڵکی نەترسان بەڵکو ڕاپەڕینی خەڵکی ئەوەندەی تر جۆشدا،بەرامبەر توندوتیژی دەسەڵات خەڵکیش توندوتیژی بەکارهێنا لەدژیان بێ ئەوەی تەنانەت دینارێك زەرەر بەر خەڵکی کاسبکاروو دوکان وبازاڕ بکەوێت،ئەم وەڵامدانەوەیەی خەڵکی شار ترسی ڕاستەقینەی لای دەسەڵاتداران پەیدا کردوو بەردەوامبونیشیان لەسەر توندوتیژی وخەڵك کوشتن مەرگی زیاتر نزیك ئەکردنەوە،هەروەك چۆن بینیمان لەتونس ومیسروئێستاش لەلیبیا کەئەوهەمووکوشت وکوشتارەی بەرامبەر میللەت کرا ڕقی جەماوەر زیاتر پەرەی دەسەند وپەیتا پەیتاش هێزەچەکدارەکان دەچوونە بەرەی گەلەوە کەهاوکارێکی سەرەکی سەرکەوتنیان بوو
هێزەئۆپۆزسیۆنەکانی ئەو ووڵاتانەش تا ئەو ڕادەیە بێ دەنگیان هەڵبژارد کەخوێنی میللەت نەڕژابوو،بەزاندنی ئەوهێڵە سوورەش لەلایەن دکتاتۆرەکانەوە هەموانی خستەبەرەی گەلەوەوشان بەشانی میللەت ڕۆژی ڕزگاریان هێنایەدی.حیزبەئۆپۆزسیۆنەکانی لەمەڕخۆشمان لەبەرامبەر قەسابخانەی دەسەڵات بێ دەنگ بوون ئەوکات هاتنە گۆ کەهەستیان کرد دەسەڵات بەتەواوی ترسی لێ نیشتووەو دەسەڵات بۆ دامرکاندنەوەی ڕق وتووڕەیی خەڵك ئامادەی گفتوگۆکردنە لەگەڵیان ،دەسەڵاتیش تەنها بۆ ئەو ئامانجە دائەنیشێ لەگەڵیان دەنا هەر بەچاوی دوژمنەکەی پێشتر لێێ ئەڕوانێ هەرکاتیش هاتەوە سەرسکەی ئاسایی خۆی خراپتریان لەگەڵ دەکات نەك تەنها بەرامبەر ئەوان بەڵکو بەرامبەر هەموو میللەت بەتایبەتیش شاری سلێمانی
ئێستا تاڕادەیەك بەقەتیسکردنەوەی خۆپیشاندانەکان لەگۆڕاپانێکدا تاڕادەیەك ترسی دەسەڵاتی کەمکردۆتەوە کەهۆکاری سەرەکیش بۆ ئەم باروودۆخەی بۆ دەسەڵاتی هێنایە ئاراوە بزووتنەوەی گۆڕان بوو،خزمەتێکی بەرچاو بەدەسەڵات ئەگەیەنێ بۆ مانەوەیان،دەسەڵات ئەوەندە بێ ئابرووە تەنانەت ئامادە نیە داوای لێبووردنیش بکات چ جای ئەوەی چاکسازی بەئاراستەی کەم کردنەوەی هەیمەنەی هەردووبنەماڵەو سەرکردەکانیان بکات ئەوان مان ونەمانیان پەیوەستە بەهێشتنەوەی ئەو باروودۆخە بەو شێوەیە هەر پێچەوانەیەکیش بەهەڕەشەی کۆتایی دەسەڵاتیان دەزانن
ئێستا دەسەڵات لەوپەڕی دڵنیاییدایە کە مانەوەی خۆی مسۆگەر کردووە ولەدوورەوە وەك ئەوەی خۆپیشاندانەکان لەووڵاتێکی تر بێ لێی ئەڕوانن ،ئامادەشن بەڵێنی قەبەوبریقەدار بەخەڵکی بدەن وبیان خەنە خەیاڵی ڕەنگاوڕەنگەوە چونکە ئەزانن هێرشەکەی سەریان لەپاشەکشەدایە وبۆ بڵاوەپێکردنی ئەوەشی کەماوە سیخوڕەکانی بەناو ڕۆشنبیرو هونەرمەند وئەوانیتر دەخەنەگەڕ تالەبازنەیەکدا بیان خولێننەوە تاگێژووهیلاک دەبن ودواجار هێور دەبنەوە .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست