کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


جنێوفرۆشه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌کان .. فوئادی مەجی میسری بە نموونە

Monday, 02/05/2011, 12:00


رێباز جەلال مه‌حمود بۆچ دەبێت جنێوفرۆشتن و خۆتەسککردنەوە لە حیزبە شۆڕشگێڕەکانی کوردستان لەلایەن نیمچە رۆشنبیران و ئەوکەسانەی کە بە درێژایی ژیانیان تەنها بیریان لە بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان کردۆتەوە ، تەنانەت گەیشتۆتە ئەو رادەیەی خۆیان بفرۆشن بە رژێمی بەعس ، دژ بە ئیرادە و ئاوات و خەباتی میللەت ، لەلایەن ئەو حیزبانەوە خەڵات و پاداشت بکرێن ؟!! ئەو کەسانەشی کە رەنجبەریانن و بە نان و ئاو و بەرگی خۆیانەوە خزمەتیان دەکەن پەراوێز دەکرێن و لێیان ناپرسنەوە ، تەنها ئەو کاتە نەبێت کە ئەو حیزبە دەکەوێتە تەنگانەوە.. ئەوسا بە دوو قسەی خۆش هەڵیاندەخڵەتێنن .. تا ئەو تەنگەشەیە تێدەپەڕێت ، ئنجا دەگەڕێینەوە بۆ سەری دێڕ .
(گۆبڵز) وەزیری راگەیاندی هتلر هەموو فەلسەفەی راگەیاندنی نازییەکانی لەم دێڕەدا کۆکردەوە (درۆ بکە .. درۆ بکە تا خەڵکی بڕواتپێدەکات) وادەردەکەوێت هەمان دروشم لە کوردستانی ئەمڕۆماندا بەم شێوەیە حیزبەکانمان دەیانەوێت کاریپێبکەن .. ئەویش ؛
(جنێو بە.. جنێو بە.. تا دەسەڵات پاداشتت دەکات) . ئەمەش تەنها لەبەر دەمکوتکردنیانە و هیچیتر . . ئەگینا خەبات و تێکۆشانی دەیان ساڵەی ئەم حیزبانە و خوێنی گەشی شەهیدەکانیان پاساوێكی مەزنە بۆیان، کە لە جنێوی ئەم هەلپەرستانە نەسڵەمێنەوە و حسابی بۆ نەکەن .
لە پێناوی کام هەڵوێستی پاك و شۆرشگێڕانەی فوئادی مەجی میسری .. لەپێناو کام خوسڵەتی پاك و جوامێرانەی ئەم زەلامە .. لە پێناو کام رابردووی ، کە ئەم دیو دەکات باڵە شیوعییەکەی ناو پارتی خەڵاتی دەکات و ئەودیو دەکات یەکێتی بەهۆی هێرۆ خان ومەلا بەختیار و ملازم عومەرەوە جەنابی مام جەلال پاداشت و خەڵاتی دەکات .
لە گەرەکی عەقاری لە سلێمانی دوو خانووی بۆ دەکڕنەوە و کۆمپانیای نۆکان بە نوێترین دیزاین بیناسازی بۆ دەکات .. بە چەند ملیۆنێك دۆلار دەزگای حەمدی بۆ دەکەنەوە و تەنها دەزگایە کە کۆنترۆڵی دارایی ناکرێت لە لایەن هاوڕێی دێرینیەوە .. دلێری سەید مەجی لێپرسراوی دەزگای دارایی ی . ن . ك ، ئەمە جگە لە چەندین پارچە زەوی و پارەی مۆڵ و مووچەی حکومەت ، تاگەیشتە ئەو رادەیەی تەنها یەك روبعە ملیۆن یۆرۆ کە دەکاتە نزیکەی ٧٥٠٠٠٠ حەوت سەد و پەنجا هەزار دۆلار لە شاری (دنناخ) لە هۆلەندا بداتە سەرقفڵانەی سوپەرمارکێتێك و ناوی دەنێت (سوپەرمارکێتی میسری) .
تەنها یەك پرسیار لە باڵە شیوعییەکەی ناو پارتی دەکەم ، لە پێناو چ شتێکدا ئەوپەڕی هەوڵ و تەقەلاتاندا کە نێچیر بارزانی ، میسری بگرێتە خۆی و پاداشتی بکات .. هەمان پرسیار لە هێرۆ خان و مەلا بەختیار و ملازم عومەر دەکەم لە پێناو کام رابردوو و رەوشتی جوان و خانەدانی میسری ، جوابتان بۆ نارد کە خۆی تەسلیم بەو دیو بکاتەوە واتە لە هەولێرەوە بگەڕێتەوە بۆ سلێمانی هەر وەك پیشەی هەمیشەیی ئەم شۆڕەسوارە کە شاخ و باوەشی رژێمی بەعسي کردبوو بە رێگای کانی .

سوپەرمارکێتی میسری تەنها ٧٥٠٠٠٠ حەوت سەد و پەنجا هەزار دۆلاری تێچوە

کە بۆ دواجار میسریی خۆی تەسلیم بە یەکێتی دەکاتەوە، دوای ماوەیەك چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ جەلال تاله‌بانی بۆ دروستدەکەن .. لە وەڵامی پرسیارێکی تاله‌بانی، کە دەڵێت:
- فوئاد بیستومە چوویتەتە لای کاك مەسعود؟
لە وەڵامێکی رێوی ئاسادا دەڵێت : مامە من و تۆ ساڵی شەست و شەش لەگەڵ باوکیا شەڕمانکردوە چۆن ئەچمە لای . من لە نزیکەوە ئاگادارم ئەو ماوەیەی، کە لای پارتی مایەوە، جگە لە پارە و کەل و پەلی ناو ماڵ هیچ پلەو پایەیەکی وەرنەگرت ، بەڵام ریکلامێکی زۆر هەرزانبەهای بۆخۆی دەکرد.. گوایە راوێژکاری جەنابی کاك مەسعود بووە ، هەر بۆ دڵنیابوون چەندین پرسیاری ئەم هەواڵەم کرد لە برادەرانی پارتی بە دڵنیابوونەوە ئەم ریکلامە هەرزانبەهایەی میسرییان رەتکردەوە.
چاوچنۆکی ئەم میسرییە گەیشتە ئەو رادەیەی کاتی شەڕی ناوخۆ، کە ئەوکاتە ئەندامی لیژنەی رۆشنبیرانی ئاشتیخواز بوو، سەردانێکی مەسعود بارزانییان کرد . لە کۆتایی چاوپێکەوتنەکەدا بارزانی چەند لۆرییەك ئازوقە دەنێرێت بۆ سلێمانی ئەویش بەقازانجی ١٢٠٠٠٠ سەد و بیست هەزار دیناری سویسری لەژێر پردەکەی سلێمانی دەیفرۆشێت، هەر لەهەمان کاتدا لە رێی مەلا بەختیارەوە کتێبخانەکەی بە رێکخراوە دیموکراسییەکان دەفرۆشێت و بەرەو شام دەقوچێنێت، لەوێش .. لە دیمەشق و لە گەڕەکی مساکن بەرزە گەورەترین دوکانی پۆشاك دەکڕێت وکوڕەکەی دەخاتە سەر .
فوئادی میسری بەهیچ جۆرێك و لە هیچ شتێك سڵناکاتەوە، کە بزانێت لەو هەنگاوەدا بەرژەوەندی خۆی پارێزراوە، زۆر زیرەکانە بیری لێدەکاتەوە و پاشان پەلامار ئەدات، ئەوەتا چەندین نامە کە شەرمەزاری لێدەتکێت بۆ سەرانی رژێمی بەعس دەنووسێت، من تەنها ئەم نامەیەم دەستکەوتوە بۆ شێخ ستاری ناردوە کە ئەو کات سەرۆکی حیزبێکی کارتۆنی ناو رژێمی بەعس بووە بە ناوی حیزبی سەوره‌ی کوردستانی ئەمەش وێنەیەكە لەو نامەیە کە ئیمزا وبە دەست و خەتی خۆی نووسراوە .

مامۆستای بەڕێز کاك شێخ ستار
رێزو سڵاو .. هیوام سەرکەوتن و بەختیاریتانە .
پێشەکی بەلاتانەوە شتێکی سەیر نەبێت کە لەم کات و ساتەدا ئەرکی نووسینی ئەم نامەیەم خستۆتە ئەستۆم و دەست پێشخەریم کردووە بۆ ئەوەی جەنابتان هیمەت بفەرموون لەم وەزعەی ئێستام رزگارم بێت ، چونکە بۆچوون و لێکدانەوەی هەرکەسێك لە مەسەلەیەکی تایبەتی ، بەندە بەرادەی ئاگاداری و نزیکی ی لەو مەسەلەیەوە.
بەش بە حاڵی خۆیشم نە ئێستا و نە لەسەردەمی بزووتنەوە بەدناوەکەی ((مەلا))* دا پریڕەوی سیاسەتی ((تووتی))م نەکردووە و هەمیشە هەوڵم داوە کلیلی عەقڵی خۆم بەدەستی خۆمەوە بێت ، بۆیە توانیومەهەمیشە بڕیار لە سەر چارەنووسی خۆم بدەم ؛ ئەگەرچی زۆربەی کاتیش هەر نارەحەتی و کەێرەوەریم هەڵبژاردووە .

مامۆستای بەڕێز .. زۆر دەمێکە گەیشتوومەتە ئەو قەناعەتەی کە بەکوشت دانی رۆڵەی ئەو میللەتە و کردنی ووڵات بە شانۆیەکی خوێناوی بۆ سوود و قازانجی هەندێ کەس کە رابوردوی پڕ لە شەرمەزاری یان لای خەڵکی ئەم ووڵاتە شاراوە نی یە ؛ لەوە بەولاوە کە نەهامەتی و چارە ڕەشی ی لە دوایە و ((خلفیه‌)) ێکی دیکەی هەیە شتێکی تر نابەخشێ، بێجگە لەوەش سەرەنجامێکی ئەوتۆی نابێت ئەوانە تیایا بەدڵی خۆیان تەراتێن بکەن ...
لەلایەکی تریشەوە دڵنیام لەوەی کە بەڕێزتان و هیچ کەسێکی تر ئەم هەڵوێستەی من بەترسنۆکی و زەعیفی لەقەڵەم نادەن ، بەتایبەتی لەم کاتەدا کە رەنگە هیوا پەری بێتە دڵی هەندێ کەسی نەفامەوە .
هەڵوێستی من هەڵوێستی کەسێکە کە نرخی مرۆڤ ئەزانێ و لە ((معاناه‌)) ی رۆڵەکانی گەلی کۆڵنەدەری فەلەستین تێ ئەگات ؛ ئەو گەلە ئاوارەیەی کە ئێستا رژێمی سوریای تاوانکار بە تازەترین چەکی ئەم سەردەمە قەلاچۆیان ئەکات و بەوەشەوە راناوەستێ کە پاڵپشتی ی بەکرێ گیراوەکانی لوبنان ئەکات ئەیەوێت لە عیراقیش دا پەل بهاوێت و هەمان دەوری تیا بگێڕێ .
مامۆستای بەڕێز ؛... ئێستا و پاش ئەوەی بە هەموو قەناعەتێکەوە لە حەقیقەتی وەزعەکە تێ گەیشووم ، ئەمەوێ جەنابتان وەك برایەکی گەورەی دڵسۆز هیمەت بفەرموون چارەسەرێکی مەعقووڵم بۆ بدۆزنەوە.. بۆیە ئەڵێم مەعقوڵ ؛ چونکە بەرێزتان ئەزانێ کە هەموو شتێك بە ئەندازەی توانا و ئاگاداری یە ، یان وەك کورد واتەنی ((لە ئەرزی رەق چەوەندەر نایەتە دەر)) ؛ جگە لەوەش مردن خۆشترە وەك لەوەی ئینسان ببێتە ((مهزله‌)) و دووچاری وەزعێکی وا بکرێم بە خەیاڵ هەندێ درۆ و دەلەسە بینابکەم و بیدەم بەدەستەوە کە ئەنجامی ساختە باز و درۆزن دەرچم لە پێش چاوی ((ســلگه‌)) ** جا ئەگەر بەڕێزتان گفتی ئەوەم ئەدەنێ کە بەو شێوەیە لە توانادا هەیە میری ی نیشتمانی ی وەك هاووڵاتی یەك لێم خۆش بێت ؛ ئەوا لەسەر شەرەفی بەڕێزتان خۆم بەدەستەوە ئەدەم ، بەمەرجێك پێشەکی ی زامنی ئەوە بکرێت کە لێم خۆش ئەبن گەر بەڕێزش تان بە مەعقووڵی ئەزانن ؛ بەر لەوەی هەنگاوی یەکەم بنرێت بەخزمەت تان بگەیشتمایە ، یاخود چاوم بە یەکێك بکەوتایە کە خۆتان دەست نیشانی ئەکەن تاوەکو زیاتر لە مەبەست و مەرام ئاگاداربوونایە.
ئیتر هەمیشە بە هیوای سەرکروتن و بەختیاریتانە و سوپاس .

دڵسۆزتان
فوئاد مەجید میسری
٢٧ / ٧ / ٩٧٦
بۆ بینینی ده‌قی نامه‌ ئه‌سڵییه‌که‌ کلیکی ئه‌م لینکه‌ بکه‌ن
https://www.kurdistanpost.nu/biz/pdf_kp/fuad_misri

**************************
* مەبەستی شۆڕشی مەلا مستەفایە .
** مەبەست لە (سـلگـه‌) دەسەڵاتی بەعسە .


بەو هیوایەم کە نامەکانی تریشم دەستکەوێت کە ئەویش لە ئەرشیفی یەکێتیدایە کە بریتین لە چەند نامەیەك کە داوا لە بەڕێوەبەری ئەمنی سلێمانی دەکات کە خانویەکی نزیك بە ئەمن بۆ بگرن و دەمانچەیەکیشی بدەنێ بەمەبەستی بەرگریکردن لە خۆی دژی (عساه‌ - یاخیبوەکان) .

هەروەها نامەیەك، کە داوا دەکات بڕێك پارەی بدەنێ کاسپی پێوە بکات ، ئەوانیش رەزامەندی بۆ دەکەن و بڕێك پارەی ئەدەنێ و دەست دەکات بە سەیارە کڕین و فرۆشتن دوای ماوەیەك ئیفلاس دەکات جارێکی دەگەڕێتەوە سەرو گوێلاکی ئەمن، ئەوانیش لەگەڵ ئاسۆی قومری کە پیاوی ئەمن بوو دەستی سوور بوو بەخوێنی چەندین پێشمەرگەی قارەمان، یانەی بازرگانی ئەدەنێ ، بەمەبەستی پارە پەیداکردن و جاسوسی و گوێ هەڵخستن لە دانیشتوانی یانەکە ، بەتایبەتی ئەوکاتانەی مەست دەبن .

میسریی کە روودەکاتە هەندەران ، کێسەکەی لەسەر پارتی و یەکێتی دەبێت و بە دوو حیزبی تیرۆریست ناویان دەهێنێت و تیرۆرکردنی چەندین رۆشنبیر دەخاتە پاڵیان، یەکێك لەوانە عەلی بۆسکانی ، بە پێچەوانەی بانگەشەکانی خۆی کە دەڵێت دەربارەی حیزبە ئیسلامییەکانە ، فوئادی میسریی زۆر لەوە زیرەکترە کێسەکەی لەسەر ئیسلامییەکان داڕێژێت کە دەسەڵاتێکی بەرچاویان نییە لە کوردستان جگە لەو دوو حیزبە . تەنانەت رەتیدەکاتەوە کە وەرگێرێکی کوردی ئامادەی چاوپێکەوتنەکە بێت لەگەڵ نوێنەری وەزارەتی دادی هۆڵەندی بەمەبەستی روونکردنەوەی هۆی هەڵاتنی لە کوردستان . داوا دەکات کە وەرگێڕێکی عەرەبی غەیرە عیراقیش بێت، بەمەبەستی لە گۆڕنانی قسەکانی لەو چاوپێکەوتنەدا .
بەمەبەستی بەرگریکردن لە خیانەتکاریی و ئەخلاقی چەوتی و دەسکەوتەکانی ، پەنا دەباتە بەر کۆکردنەوەی زانیاریی و نهێنییە خێزانییە تایبەتییەکانی سیاسەتمەداران و رۆشنبیران و نووسەران، بەمەبەستی دەمکوتکردنیان یاخود ترساندنیان لە درکاندنی هەرچ گەندەڵییەکی ئەم قارەمانە، تەنانەت هەمان سیاسەتی لەگەڵ هاوڕێکانی لە کۆمەڵەی رەنجدەران بەکار دەهێنا بەتایبەتی لەگەڵ شەهید ئارام، بەردەوام نامەی بۆ دەنارد کە جێگاکەی بگۆڕێت چونکە رژێم ئاگاداری شوێنەکەیەتی ، نەك بەمەبەستی پاراستنی ئارام بەڵکو بەمەبەستی ئەوەی ئاماژەیەکی باتێ کە دەزانم لە کوێ خۆتان شاردۆتەوە (رێگا باریکەکان، ئاوات قارەمانی لاپەڕە ١٥٥).

ئەم میسریییە زۆر هەوادر و سەرسامی تیۆریستی روسی (دیمتری جدانۆف)ە ، لە گۆڤاری هاوکاری حەفتاکان چەند وتارێکی دەربارەی ئەو تیۆریستە روسییە نوسیوە . ئەم جدانۆفە وەك سێبەری ستالین وابوو ، هەموو بیرنامەکەی لەسەر سنوور دانانە بۆ ئازادیی بیرکردنەوە و داهێنان و دەبێت هەموو داهێنانێکی ئەدەبی و فیکری و هونەری لە پێناوی حیزبی شیوعیدا بێت، واتە بە حیزبیکردنی بواری رۆشنبیری و ئەدەب و هونەر، ئەم جۆرە نووسینانەش لەلایەن میسریییەوە ، ئاوی ساردی دەکرد بە قەلبی رژێمی بەعسدا ، ئەویش لەسەر هەمان رێباز دەڕۆیشت . جدانۆف ئیمانێکی تەواویی بە لەناوبردنی نووسەر و رۆشنبیر و هونەرمەند هەیە، لەکاتێکدا ئەگەر پەیڕەوی ئەو سیاسەتە دیکتاتۆرییە نەکات ، دەیانیان لە نەیارەکانیان ئیعدام و دەربەدەرکردن و هەندێکیشیان رەوانەی نەخۆشخانەی دەروونی کران بە بیانووی ئەوەی کە عەقڵیان لەدەستداوە ، ئەوانەی کە تیرۆر و دەربەدەرکران زۆرن لەوانە .. میخائیل بۆلگانۆف .. سێرجی ئێزنشتاین .. مایرهۆڵد ، تەنانەت (گۆرگی)ش چەند بۆچونێك هەیە کە بە شێوەیەکی نادیار کوژراوە .

ئەم شۆڕەسوارە لە رووی عەمەلیشەوە پەیڕەوی ئەم سیاسەتەی کردوە لەگەڵ نەیارەکانیدا یاخود ئەو کەسانەی، تەنها رەخنەی ئەدەبیان لێگرتوە ، بەدلنیاییەوە لەگەڵ ئەو کەسانەدا ئەم سیاسەتە بەکاردێنێت کە خاوەن ئەخلاقێکی بەرز و ئیمانیان تەنها بە ووشە هەیە بۆ گفتوگۆ ، تەماشادەکەین ساڵی ١٩٨٢ چەندین گەنج دەبات بۆ هەولێر بەمەبەستی تەمێ کردنی رۆشنبیر ئازاد عبدول واحید چونکە رەخنەیەکی ئەدەبی لە میسریی گرتبوو، لە یانەی ئیعلام ئەو گەنجانە مەست دەکات و بەرەو یانەی ئازادیی بەو سەیارە بەرازیلییەی کە ئەمن پێدابوو ئەم گەنجانە بەرەو یانەی ئازادیی ئەگوزێتەوە و لە ئازادیان بەرئەدات.. خۆشی لە دوورەوە هاوار دەکات .. بیکوژن .. بیکوژن. یەکێك لە گەنجەکان خشتێك هەڵەده‌دا گەر بەر سەری ئازاد بکەوتایە دەبوایە ێستا یادی ماتەمینی بیست و نۆ ساڵەمان بۆ بگرتایە. لێرەدا بەگرنگی دەزانم، کە باسی رەوشتی بەرزی ئازاد بکەم کە تەنازلی نەکرد تەنانەت بچێتە بنکەی پۆلیسی رژێم شکاتیان لێبکات ، هەروەها لە چایخانەی مام عەلی لە سلێمانی بە شیشی کەباب لەگەڵ هونەرمەندی شێوەکار عەلی کریم شەڕێکی گەورەی نایەوە، هەروەها لەگەڵ شه‌هاب عوسمان و سمکۆ ناکام و ....هتد .
ئەگەر بەگرنگی سەیری ئەو دوو کتێبەی میسریی بکەین، کە بەناو نووسینی خۆیەتی و بایەخی رەخنەیی پێبدەین، دەبینین هەمووی لە چەند کتێبێکی ترەوە دزراوە و کۆلاجی کتێبەکانی خۆی پێکردوە ، کتێبێکی فازیل قەرەداغی (بیری ئوسووڵیی ئیسلامی لە نێوان خوێندنەوە و نەخوێندەواریدا .. نەزانی و نەپاراستنی ئەمانەتی زانستی لە کتێبیبیری ئوسووڵیی ئیسلامی-ی فوئاد مەجید میسری) . پاشان کتێبێکی (دەوڵەتی خیلافەت) وەڵامێك بۆ کتێبی (لە سایەی دەوڵەتی خەلافەتدا) نووسینی توێژەر ئیکرام کەریم ، لەم دوو کتێبە رەخنەییە لە هەردوو کتێبەکانی میسریی ، دەبینین بێشەرمانە و بەبێ هیچ سڵەمینەوەیەك لە چەند کتێبێکی دیکەوە ئەم دوو کتێبەی خۆی لێدروستکردوە و بە ناوی خۆیەوە تۆماری کردوە، هیچ وەڵامێکی بۆ ئەو دوو رەخنەگرە نییە وەك بییەوێت لەبیر خەڵکی بەرێتەوە، ئەو دوو کتێبە لە کتێبخانە ئیسلامییەکان دەفرۆشرێت ، ئەم بانگهێشتە تەنها لەوەدا خۆی دەبینێتەوە کە زۆر پەرۆشم خەڵکی و حیزبەکان لە حەقیقەتی ئەم زەلامە بگەن .. هیوادارم کە دووربێت لە ریکلامەکردن .
ئەم دوو نموونەیەم بەمەبەستی ئەوە هێنایەوە، ئەگەر یەکێتی نیشتیمانی بیەوێت بەهۆی ئەم تەزویرچییەوە لەگەڵ ئیسلامییەکان بجەنگێت ئەوە هەڵەیەکی گەورە دەکات ، چونگە فوئاد بە بەردەوام لە کێشە گەورەکاندا بێدەنگی هەڵدەبژێرێت و خۆی پەراوێز و لەبەرچاوان وون دەکات تائێستاش لە هەندێ رۆژنامە و گۆڤاردا بە ناوی نهێنی دەنووسێت ، هەر سەیربکەن لەم کێشە گرنگەی ئەم دواییە و شەهید بوونی دە هاوڵاتی لە خەڵکانی مەدەنی و پۆلیس .. نقەیەکی لێوە نەهات کە دەبوا زۆر بە روونی پشتگیری ئەو حیزبە بکات کە کردی بە ملیۆنێر .
نازانم و تێناگەم بۆچی و بە چ مەبەستێك ئەم شۆڕەسوارە بەدرێژایی ژیانی دژایەتی بزووتنەوەی ئازادیخوازی کوردی کردووە ، هەر لە دژایەتیکردنی بزووتنەوەی شێخ مەحموودی نەمر، لە شانۆنامەی راپۆرت کە بەناو هی خۆیەتی بەڵام لە راستیدا لە دەقێکی (گاهر وگار) وەریگرتوە و تێیدا خۆی دەشوبهێنێت بە جەمال عیرفان، کە لە زەمەنی شێخدا کوژاوە ، هەروەها شانۆنامەی خەج و سیامەند کە دژایەتی شۆڕشی بارزانی دەکات و ئیدانەی شۆڕشی نوێ دەکات.
بەردەوام ئەم میسریییە دژایەتی نزیکترین هاوڕێی خۆی کردوە و بۆ هەلێك گەڕاوە کە تۆڵەی چاکە و خزمەتیان لێبکاتەوە هەر لە قادر سەچنارییەوە تا حمە فەریق حەسەن ، عومەر عەبدول کەریم و ئەحمەد ئابڵاخی .... زۆرن .
ئەمە مشتێكە لە خەرمان و زۆرم ماوە ، زۆر شتی گەورە و ترسناکتر هەیە، بەڵام لەم قۆناغە گرنگەدا ناخرێتە روو . دوای ئەم چەند راستییانە، کە بەهیچ جۆرێك پێویستی بە سەلماندن ناکات و بە بەرچاوی هەموانەوەیە ، دوا پرسیارم لە ئەو بڕیاردەرانەیە ، فوئادی مەجی میسریییان گەیاندە ئەم ئاستەی هەموو رۆشنبیران و نووسەران و پێشمەرگە دێرینەکانی سەر بە یەکێتی نیشتیمانی کوردستانن بە خۆیاندا بچنەوە و ئاخێکی قووڵ هەڵمژن بۆ ئەم دنیایە و دەوران دەورانی ئێمە داوای هیچ سزایەکی ئەم میسریییە ناکەین .. تەنها ئەوە نەبێت کە ئەم میسریییە خانەنشین بکات و چەند پارەی دەوێت بیداتێ و بڕواتەوە بۆ هۆڵەندا .. ئێمەش بە زەردەخەنەوە ئاوڕێك لە مێژووی نه‌ته‌وه‌که‌مان و ئه‌و خه‌ڵکه‌ چه‌وساوه‌یه‌ بدەینەوە کە خۆشمان ویستوە و خۆشماندەوێت .

رێباز جەلال

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە