بەڕێوبەرى پۆلیسى سلێمانى كە كۆنە پارتیە و نزیكترین كەسە لەكریم سنجاریەوە پەردەپۆشى بۆ پیاوكوژانى لقى چوار دەكات
Friday, 18/02/2011, 12:00
پاش ئەوەى ئێمە وەك بەرێوبەرایەتى پۆلیسى چالاكیە مەدەنیەكان لەدوێنیەوە لەئینزاردا بووین ، پێش نیوەڕۆى ئەمڕۆ لەدەوروبەرى گۆڕەپانى بەردەركى سەرا لەشێوەى چوار گروپدا دابەشكراین و چەند ئاسایشێك بەبەرگى مەدەنیەوە لەگەڵماندا بوون بێ لەپۆلیسى فریاكەوتن و ئاسایش .
پاش گردبوونەوەكەى بەردەركى سەرا و خوێندنەوەى چەندین وتار لەسەر دزى و گەندەڵى دەسەڵاتى تاوانبار خەڵكى ئامادەبوو هێندەى تر توڕەبوون و بێزارى لەنیوچەوانیاندا دەخوێنرایەوە ، پاش ئەوەى لەشەقامى مەولەویەوە بەرەو شەقامى سالم و لقى چوار هەڵكشان لەلایەن بەرێوبەرى چالاكیە مەدەنیەكانەوە بەوەكالەت نقیب رزگار فەرمانمان پێكرا كەبەرەو لقى چوار بچین ، پاش ماوەیەك بارودۆخەكە بەرەو گرژبوونى زیاتر دەچوو و خەڵكى وەك كاردانەوەیەكى ئاسای بۆ تاوانەكانى پارتى بارەگاى لقى چواریان بەردباران كرد ، ئێمە لەبەردەم دیوارو دەرگاكانى لقى چواردا پۆلیسەكانمان ریزكردبوو هەموو وێنەكان شاهیدى ئەم راستیەن ، كەسێكى بەرپرس لەژوورەوە كە خۆى بەكارگێڕى لق پێ ناساندین لەدەرگاكەوە بانگى یەكێ لەئەفسەرەكانمانى كرد و پێى وتبوو ئێمە فەرمانى تەقەكردن و خۆپاراستنمان لە مەكتەبى سیاسیەوە وەرگرتووە و زیاتر لەدووسەد چەكدارمان لەژوورەوە هەیە و جبەخانەیەك چەكى قورس و سووك و تەقەمەنیمان لایە ، بۆیە ئەگەر خەڵكەكە بڵاوە پێنەكەن ئێمە دەستیان لێدەوەشێنین ، برادەرەكەمان هاتە دەرەوە و بەتەلەفون ئەمەى بە بەرێوبەر راگەیاند ، ئەویش وتى ئیستا پەیوەندى ئەكەم بە عەمید سالارەوە واتە بەرێوبەرى پۆلیسى سلێمانى ، پاش چەند دەقیقەیەك پەیوەندى پێوە كردین و وتى عەمید سالار ئەڵێ هیچ عیلاقەتان نەبێ با وەك سەگ بیانتۆپێنن دەستیان خۆش بێت هەموویان سەر بەگۆڕانى سەگبابن ، بۆئەم قسەیەشمان هەموو ئەفسەر و مفەوەزەكان شاهیدن .
واتە ئەگەر ئێمە لەو ساتە وەختەدا بەقسەى عەمید سالارى بەرێوبەرى پۆلیسمان نەكردایە و بەو هێزە زۆرە چەند سەد كەسییەمانەوە بڕێك بڵاوەمان بەخەڵكەكە بكردایە ئیستا كەس لووتى خوێنى لێنەدەهات ، دیارە هەموو ئەفسەر و پۆلیسەكانى سلێمانى شاهیدحاڵى ئەوەن كە ئەم عەمید سالارە بەرپرسى رێكخراو بووە لەناو پارتیدا پێش 31 ى ئاب ئەمە بێ لەوەى كۆنە بەرتیلخۆریشە و لەئاسایش زیندانى بووە ، ئیستاش بەقودرەتى قادر تاكە كەسە بەتەلفون راستەوخۆ پەیوەندى بەكریم سنجاریەوە ئەكات ، وەك ئەوەى ئەمڕۆ روویداو لەزارى شۆفێرەكەیەوە بیستمان كەپاش تەلەفونكردن بۆى راستەوخۆ تەلەفونى بۆ كریم سنجارى كردووە و ئەو ئەو فەرمانەى پێداوە تاكو گەنج و لاوى شارە خۆشەویستەكەمان بەخوێنساردى بەدەستڕێژى پارتیە تاوانبارەكان شەهیدبكرێن .
وەك شاهیدیەك بۆ مێژوو بۆ كۆمەڵانى خەڵكى بۆ راستى و دروستى ئەم روونكردنەوەیەمان نووسى تاویژدانى خۆمان لەبەرامبەر ئەم رەشەكوژیەدا ئاسودەكەین و تاوانبارن لەم تاوانە گەورەیەدا بۆ هەموو لایەك ئاشكرابكەین .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست