کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئه‌ڵمانیا بۆ باوه‌ڕ‌ به‌کورد نا‌کات؟

Thursday, 05/03/2009, 12:00


هه‌موو ده‌زانین وا بۆ چه‌ند ساڵێک ده‌چێت که‌ کۆنسوڵی به‌ناو فه‌خری ئه‌ڵمانیا له‌ (نۆرد ئیراک) له‌لایه‌ن ئه‌ڵمانه‌کان ڕاگه‌یه‌نراوه‌، کاتی خۆی له‌ ڕاگه‌یاندنه‌ کوردیه‌کان ئه‌وانه‌ی ناوه‌وه‌ به‌گشتی و مێدیای ده‌سه‌ڵات به‌تایبه‌تی جاریان دا که‌(!!سه‌فاره‌تی ئه‌ڵمانیا له‌ هه‌ولێر کرایه‌وه‌!!) به‌هه‌رحاڵ !

من نامه‌وێت لێره‌دا باس له‌ چالاکییه‌کانی کاکی سه‌فیری فه‌خری بکه‌م که‌ ئه‌و چه‌ند ساڵه‌ چه‌ند کۆنفرانسی ئابوری، پێشانگا بۆ کۆمپانیا ئه‌ڵمانییه‌کان، گه‌شتی کارسازان و هتد... ی له‌ (نۆرد ئیراک) بۆ ئه‌ڵمانیا یاخود به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ڕێکخستوه‌!

ئه‌وه‌ی گرنگه‌ به‌لای منه‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ له‌م دواییانه‌دا وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا سه‌ردانی هه‌رێمه‌ (فره‌ ئه‌مینه‌که‌ی) کرد و له‌وێوه‌ به‌ فه‌رمی کۆنسۆلخانه‌ی ئه‌ڵمانیای ڕاگه‌یاند، به‌فه‌رمی ڕاگه‌یاندنی کۆنسۆلخانه‌ش واته‌ ده‌ستبه‌کاربوونی کۆنسۆلخانه‌ له‌ پێدانی ڤیزا، چالاکی دیپلۆماتی و په‌یوه‌ندی فره‌لایه‌نه‌. به‌ڵام له‌ به‌دبه‌ختی کورد ئه‌م هه‌واڵه‌ش درۆ ده‌رچوو! له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دوای کردنه‌وه‌ی کۆنسوڵخانه‌ش ڤیزا نه‌ک به‌خه‌ڵکی ئاسایی به‌ڵکو به‌ کارسازانی کوردیش ناده‌ن که‌ به‌ گه‌شتی بازرگانی سه‌ردانی ئه‌ڵمانیا ده‌که‌ن (بۆ عه‌ره‌به‌کانی ئێراق نازانم).

ده‌بێ کورده‌کان سه‌ردانی سه‌فاره‌تی ئه‌ڵمانیا له‌ ئه‌نقه‌ره‌ بکه‌ن و له‌وێوه‌ کاره‌کانیان ئه‌نجا‌م بدرێت.

ئه‌مه‌ش واته‌ به‌فیرۆچوونی خه‌رجیی و کاتێکی زۆری کارسازانی کورد. چوون بۆ ئه‌نقه‌ر، مانه‌وه‌ی که‌مترین ماوه‌ 10 ڕۆژ تیایدا، یا گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ هه‌رێم و دووباره‌ چونه‌وه‌ بۆ ئه‌نقه‌ره‌ بۆ وه‌گرتنی ڤیزاکه‌یان، جگه‌ له‌مانه‌ش دان و نه‌دانی ڤیزا‌ له‌ سه‌فیر بترازێ که‌س نایزانێ!

به‌ڕای من ئه‌ڵمانیا وڵاتێک نییه‌ که‌ به‌بێ پلان کارێک بکات، هه‌ڵبه‌ت کردنه‌وه‌ی کۆنسوڵخانه‌ له‌ هه‌رێمێکی کێشه‌ له‌سه‌ری وه‌ک ئێره‌ پلان و به‌رنامه‌یه‌کی تۆکمه‌ی داڕێژراوی پێویسته‌ که‌ سه‌د له‌ سه‌د ئه‌ڵمانه‌کان بیریان لێ کردۆته‌وه‌، بۆیه‌ ده‌بوایه‌ له‌دوای کردنه‌وه‌ی به‌فه‌رمی کۆنسولخانه‌که‌ ده‌ست به‌ چالاکییه‌کانی بکات به‌گشتی و به‌تایبه‌تی ڤیزه‌ به‌خشین به‌ گه‌شتیاران.

ئه‌وه‌ی لێره‌دا جێگای گومانه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌ڵمانیا بۆ ڕازیکردنی دڵی وڵاتان به‌کوردی (تورکیا)، یاری به‌ کات ده‌کات، به‌ڕای من تا تورکیا ڕه‌زامه‌ندی یاخود کۆنسلخانه‌ی خۆی له‌هه‌ولێر نه‌کاته‌وه‌ ئه‌ڵمانیا هه‌ر به‌م جۆره‌ی ئێستا ده‌یخولێنێته‌وه‌ و مێدیای کوردیش به‌تایبه‌تی ده‌سه‌ڵات رێکلام بۆ ئه‌ڵمانیا ده‌کات و که‌لعاده‌ به‌هار دێننه‌ مانگی دوو و ئه‌نجامیش سفر هیچ به‌ده‌ست!

یاخود ئه‌ڵمانیا هیچ باوه‌ڕێکی به‌و سیسته‌مه‌ به‌ناو (فره‌ دیموکراتییه‌ی) هه‌رێم نییه‌ و نایه‌وێ بکه‌وێته‌ داوی داواکردنی ڤیزا بۆ خزم و که‌سه‌کانی ده‌سه‌ڵات و گه‌یاندنی پاره‌ی ڕه‌ش بۆ بانقه‌کانی ئه‌ڵمانیا.

دوای کردنه‌وه‌ی کۆنسولخانه‌ی ئینگلته‌را له‌ هه‌ولێر، که‌سێک پایه‌به‌رزی حکومه‌ته‌که‌ی هه‌رێم دیدارێکی 45 خوله‌کی له‌گه‌ڵ کۆنسوڵ بۆ رێکخرابوو تیایدا ده‌وری 35 خوله‌ک باسی له‌وه‌ کردبوو که‌ پێویستی به ‌ڤیزایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ دوو خزمی خۆی بنێرێته‌ له‌نده‌ن، 10 خوله‌که‌که‌ی تریش فووی له‌ قاوه‌که‌ی کردبوو بۆ ئه‌وه‌ی ساردبێته‌وه‌ و بیخواته‌وه‌!

جێگای پرسیاره‌ که‌ به‌ناو مه‌کته‌بی په‌یوه‌ندییه‌کان ئه‌م پرسیاره: کاری کۆنسولخانه‌که‌ی که‌ له‌ هه‌ولێر کراوه‌ته‌وه‌ چییه‌؟ له‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا بکات و وه‌ڵامه‌که‌ش وه‌ک رێکلامی کردنه‌وه‌که‌ی به‌سه‌ر مێدیاکاندا ببه‌خشێته‌وه‌!

یه‌کێک له‌ ڕاوێژکاره‌کانی کۆنسۆلخانه‌ له‌ وه‌ڵامی داواکردنی کۆمه‌ڵه‌ کارسازێک بۆ ڤیزای بازرگانی فه‌رموویه‌تی، له‌وانه‌یه‌ له‌ سه‌ره‌تای مانگی 4 ده‌ست به‌ پێدانی ڤیزا بکه‌ین گه‌ر نه‌کرا ئه‌وا له‌وانه‌یه‌ له‌ مانگی 6 یا 7 بیکه‌ین... منیش ده‌ڵێم له‌وانه‌شه‌ هه‌ر نه‌یده‌ن!

ئه‌مه‌ش ژماره‌ی ته‌له‌فۆنه‌کانه‌ گه‌ر کاکی کۆنسول له‌وێ نه‌بوو شوفێره‌که‌ی وه‌ڵامتان ده‌داته‌وه‌!

(0750) 443 47 62

(0750) 443 47 63

سه‌رچاوه‌کان‌:


http://www.bagdad.diplo.de/Vertretung/bagdad/de/seite__BM-Besuch__Erbil.html

http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=586ffa91

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە