کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


وتارى عەبدولاى مەلا نورى كە ئەمرۆ لە مەیدانى ئازادى خوێندیەوە

Tuesday, 22/02/2011, 12:00


(خوێنى مرۆڤ لە هەرشت پیرۆزترە)
مرۆڤە بوێرەكان، ئەوانەى ئازادی و كەرامەتى مرۆڤتان لە هەر شت لا پیرۆز ترە، سوپاسى هەڵوێست و پەیامى پیرۆزتان دەكەم، كە لە چوارچێوەى ئەم خەباتە مەدەنیەدا، لە مەیدانى ئازدیدا، ئازایانە دەیخەنەروو.
بەرێزان، دەمەوێ ئەو راستیە بخەمەوە یادى هەمومان، ئێمە بە دەنگى ئێوەو ئەو كەسانە رۆشتینە پەرلەمان كە باوەریان وایە ئەم وڵاتە غەرقى ناعەدالەتى و گەندەڵی بووە، وە هیواو چاوەروانی هەموو لایەك ئەوە بوو بە زوى چاكسازى سەرتاسەرى بێتە دى، بەڵام مەخابن دەسەڵاتدارن خەمساردانە مامەڵە لە گەڵ خەمى هاوڵاتیان و ئەو واقعە تاڵەدا دەكەن كە ئەم هەرێمەى پیدا تێپەر دەبێت.
هێشتاكە وەكو پێویست هەست ناكەین هەوڵێكى جدى هەبێت بۆ ساریژكردنى ئەو بریانە قوڵانەى كە خۆیان كردویانەتە جەستەى ئەم نیشتمانە، ئەوەى هەیەوە دەیبیستین جگە لە قسە جگە لە بەڵێنى دوبارو سواو هیچى تر نیە، هێشتا هەست ناكەین ئیرادەیەكى بە هێز وەگەر خرابێت بۆ چاكسازى راستەقینە لە هەموو ئاستەكاندا، بەراوردە بەو ئیرادەى كە دەسەڵات هەیەتى. هەر ئەمەشە ئەو گومانەمان لا بەهێز دەكات كە رەنگە دەسەڵات مانەوەى ئەم بارودۆخە لە بەرژەوەندى خۆى بزانێت. وە لێرەوە پێیان دەڵێین ئەگەر ئەو خەیاڵەتان هەیە ئەوە دەبَێت بزانن بە هەڵەدا رۆشتون. چونكە ئەم هەستە بە تەواوى دورە لە گیانى بەر پرسیارێتى، دورە لە فیكرو ئاوەزى كەسانێك بیانەوەى ئیدارەى گەلێكى وشیارى وەكو ئێمە بدەن.
بۆیە رێگەى دەسبەركردنى ژیانێكى هاوچەرخ، ژیانێك كە مرۆڤەكان تێدا هەست بە ئازادى بكەن، هەست بە دادپەرورى و كەرەمەت بكەن ئەوەیە دەسەڵاتى سیاسى ئەم هەرێمە بە ئاگا بێتەوە، بە جەرائەتەوە پەنجە بخاتە سەر كەموكورتیاكان و بە گەرانەوە بۆ شێوازى ئیدارەدان لە وڵاتانى دیموكراسى و پێشكەوتودا ئەم دۆخە بگۆرێت، وە لەوە نەترسێت چ كەسو گروپێك زیانیان پێدەگات، بەڵكو چاوى لەوە بێت چۆن خێروبێى ئەم وڵاتە دەخاتە خزمەتى هاولاتیان. ئەگەر نا دەبێت بزانن چیتر دەرفەتێك نەماوەتەوە بۆ دریژەدان بەم نا دادیە.
بەریزان دەمەوێ بە راشكاوى ئەوە بلێم گەرەنتى گۆرینى واقعى ژیانمان فشارەكانى خۆمانە، نەك بەڵینى بەرپسان، وە چەندە لە ئاست مافەكانى خۆماندا دەنگ هەڵبرێن نیشانەى زیندویەتیمانە، نیشانەى ئەوەیە ئاستى تێگەیشتنى هاوڵاتى لە سەروى ئاستى چینێك لە دەسەلاتدارانەوەیە.
لە كۆتایدا داواتان لێدەكەم رێگە مەدەن خەڵكانیك بۆ مەرامى تایبەت رێچكەى ئەم ئەركە نیشتیمانیە پیرۆزە بە لاڕێدا ببات ، چاوەكانتان زیاتر بكەنەوە، خۆتان بە تەواوى لە توندوتیژى بە دور بگرن، میژو شاهدى حاڵە، ئەم مییللەتى ئێمە بریندارە بە ئاسەوارەكانى شەڕ، وە دەزانن هەموان بە ئێستاشەوە نەفەرت لەو رۆژانە دەكەین كە شەرى برا كوژیان تێدا رویدا، نەفرەت لەو كەسانە دەكەین كە هۆكارى هەڵگیرساندنى شەرى ناوخۆبون ، نابێ ئێمەى خۆپیشاندەر بیانو بدەین بە دەستى هیچ كەس و لایەنێكەوە كە توندوتیژى بە كار بێنن، ئێمە دەبێ شانەبەشانى داواكاریمان بۆ ئازادى بۆ عەدلەتى كۆمەڵایەتى، ئەركێكى ترى گرنگى نیشتیمانیمان لە یاد نەچێت، ئەوەش بریتیە لە گۆرینى شێوازى ململانێ، لە شێوازى توندیژیەوە بۆ شێوازى ئاشتیانە، لە كوشتون و پەنابردن بۆ تۆڵە سەندنەوە، بەڵكو دەبێت كار بۆ هێزكردنى گیانى لیخۆشبون و لێبوردن و قبوڵكردنى راى جیاواز بكەین، روداوەكانى چەند رۆژى رابردوو سەلماندى چەسپاندنى كەللتورى یەكتر قبوڵكرن دوبارە ئەركى هاولاتیانە، وە بەرپرسان ناتوانن ئەوەشمان بۆ بكەن. ئێمە دەتوانین میژو بگۆرین، ئیمە دەتوانین هەموو خواستە پیرۆزەكانمان بێنیە دى نەك بە لولەى تفەنگ بەلكو بە بە قەڵەم بەڵكو بە خۆپیشاندانى هێمنانە، ئێمە دەبێ هەڵگرى پەیامەكەى پیاوى ئەفسانە غاندى بین كە دور لە توندو تیژى توانى گەلێكى یەك ملیار كەسى لە زوڵمى ئینگلیزەكان رزگار بكات، راستە میژوى ئێمە شایەتى توندوتیژیە، بەڵام لە گەڵ ئەوەشدا ئەوە مرۆڤەكانن دەتوانن میژو بەو شێوەیە بنوسنەوە كە خۆیان دەیانەوەێ، بۆیە ئێمە دەبێت بە شێوەیەك لە مەیدانى ئازیدا بوچونەكانمان بخەینە روو پر بێت لە ئازایەتى بەڵام لێوان لێۆ لە ئاشتى، ئیمە دەبێ ئەكەتەرێكى سپى ئاشتى خوازبین لە شانۆى میژودا.
هەر لێرەوە دەمەوێ ئەوە بڵێم وەك چۆن ئەركى هێزەكانى پۆلیس و ئاسایش و پێشمەرگەیە گیانى هاوڵاتیانى ئەم هەرێمەو گیانى خۆپیشاندەران بپارێز زیاتر لەوە ئەركى ئێمەى خۆپیشاندەرە رێزێكى زۆر لە و بەرێزانە بگرین چونكە ئەوانە براى ئێمەن كۆرى ئەم وڵاتەن. ئەوەنیش پێیان خۆشە ئازد بژێن خۆش بژێن. جارێكى تر پشتیوانتانم.
لێرەشەوە داوا لە پەرلەمانتاران دەكەم بێنە ریزى خوپێشاندەرانەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە