کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ڕوونكردنەوەیەك لە لیستى كۆمەڵى ئیسلامى كوردستانەوە

Saturday, 05/06/2010, 12:00


لە كاتێكدا هەموومان بە هیواى كاراكردنى ڕۆڵى پەرلەمانینو دەمانەوێ خەمو نەهامەتییەكانى خەڵكى كوردستان كۆتایى پێبێنین، سەرۆكایەتى پەرلەمانى كوردستان ڕوونكردنەوەیەكى سەبارەت بەهەندێك پرس بڵاوكردوەتەوە كە جێگاى سەرنجدانە، بۆیەش بە پێویستمان زانى وەك لیستى كۆمەڵى ئیسلامى لە پەرلەمانى كوردستان ئەم ڕوونكردنەوەیە بۆ ڕاى گشتى ڕابگەیەنین:
یەكەم: لیستى كۆمەڵى ئیسلامى لیستێكى ئۆپۆزسیۆنى ناو پەرلەمانى كوردستانە و بە ڕێگە یاساییەكان خەبات دەكات لەپَیناو ڕووبەروبونەوەى گەندەڵى و دژایەتى هەموو دیاردە دزێوەكانى خراپ بەكارهێنانى سامانى گشتى وكەموكورتى ئیدارى وتیكەڵكردنى حزب وحكومەت .
دووەم: ئەو پێشنیارانەى كە بە شێوەى پڕۆژە، پێشنیار، یاداشتنامە، پڕۆژە بڕیار ... تاد پێشكەشى سەرۆكایەتى پەرلەمان كراون بە ئاشكرا بوونو هەمووشیان ئەوپەڕى دڵسۆزىو خەمخۆرییان بۆ پەرلەمانو خەڵكى بە گشتى لێدەخوێنرێتەوەو ئاڕاستەى كاریشمان بۆ كاراكردنى پەرلەمان و سەروەربوونى یاسایە.
سێیەم: ئەو پێشنیارەى ئێمە وەك فراكسیۆنى كۆمەڵى ئیسلامى سەبارەت بە بابەتى (كڕینى ئۆتۆمبێل) بۆ پەرلەمانتاران پێشكەشمان كردووە، ئەوە پێشنیاری ئیمە بووەو سەرۆكایەتى پەرلەمان خۆى سەرپشكە لە بڕیاردان بەڵام داكۆكى لە پێشنیارەكەشمان ئەكەینو ڕایدەگەیەنین وەك میكانیزمێكى یاسایى نێودەوڵەتى هەموو بەرپرسیارییەتییەك (پەرلەمانتارى بە نمونە) پێویستى بە هۆكارى گواستنەوە هەیە بەڵام پێویستە ئەوە موڵكى پەرلەمان بێت و ئەوەشمان وتووە كە هەموو مەسروفاتێكى ئۆتۆمبێلەكە لە ئەستۆى پەرلەمانتاردا دەبێت ئەوەش لە پێناو پاراستنو بەهەدەر نەچوونى سامانى گشتىو پراكتیزەكردنى عەدالەتە لە كۆمەڵگەدا.
چوارەم: ئێمە وەك لیستێكى ئیسلامى ناو پەرلەمانى كوردستان ئەوە بە سیستەمو پڕەنسیپى كارمان ئەزانین كە مادام ئۆتۆمبێل، پارە یان هەر شتێكیتر موڵكى پەرلەمان یان دەزگایەكى حكومى بوو جگە لەو كارەى كە لە چوارچێوەى دەزگا و ئەركە فەرمیەكەدا پێى دەكرێت، هەر جۆرە كارپێكردنێكى تایبەت بە (حەرام) ئەزانین ئەوەش هەڵقوڵاوى باوەڕى یەكانگیرمانە لەگەڵ بنەماى ئیسلامى.
پێنجەم: ئێمە لە ناو هۆڵى پەرلەمانو بە ئاشكرا داواى كەمكردنەوەى 25% ى بودجەى هەریەك لە (سەرۆكایەتى ئەنجومەنى وەزیران، سەرۆكایەتى پەرلەمان، سەرۆكایەتى هەریم) مان كردووەو لە برى ئەوەش داواكار بووین كە بۆ پڕۆژەى هاوسەرگیرى گەنجانو لاوانى كوردستان تەرخانبكرێت، بەڵام پیشنیارەكەمان رەد كرایەوە.
شەشەم: ئێمە وەك لیستى كۆمەڵى ئیسلامى لە سەر بنەماى ئازادى ڕۆژنامەگەرى داواى كردنەوەى هۆڵى پەرلەمانمان كردووە بەڕووى ڕۆژنامەنوساندا ئەوەش لە پێناو بڵاوبوونەوەى هۆشیارى گشتىو بوونى شەفافییەت لە كارو پڕۆژەكانى پەرلەمانى كوردستانو سنورداركردنى ڕێگەدان بە ڕاگەیاندنى پەرلەمان كە ئەوە سنورداكردنى ئازادییە و نەهیشتنى شەفافییەتى راگەیاندنە لەكوردستان ئەمەش بۆ ئەوەى خەڵك ئەداى كارى پەرلەمان ونوێنەرانى خۆى بزانێت كە لەناو هۆڵى پەرلەماندا جگە لەوەش ئەوە بە مافێكى ڕۆشنبیرانو ڕۆژنامەنوسان دەزانین كە ئەمە مافى هەموو هاونیشتیمانییەكە و ئەوانەشى كە لە بوارى ڕاگەیاندندا كار ئەكەن بە پێى مادەى53 ى پەیڕەوى ناوخۆى پەرلەمانى كوردستان.
لە كۆتاییشدا ئیمە وەك لیستى كۆمەڵ دژى هەموو دیاردەیەكەى گەندەڵى و بەفیرۆدانى سامانى گشتین لە هەر دەسەڵات وئاستێكەوە ئەو دیاردانە ڕووبدات دەیانخەینە ڕوو بۆ ڕاى گشتى و لە پَیناو دادگەرى و ئازادیدا خەباتى سیاسى دەكەین وخۆمان بە بەرگریكارى مافەكانى خەڵك دەزانین و هەر بۆ ئەوەش ئاڕاستەى ئۆپۆزسیۆنمان هەڵبژاردووە لەناو پەرلەمانداو بە دڵنیاییشەوە ئەم جۆرە نوسراوانە ساردمان ناكاتەوە لە بەدواداچوونى كاروبارى حكومەتو چاودێرى كردنى دەسەڵاتەكانیترى هەرێمى كوردستان .
سەنتەرى ڕۆژنامەوانى
لیستى كۆمەڵى ئیسلامى لە پەرلەمانى كوردستان
5/6/2010



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە