بۆ پڵنگی توڕەی چیا سەرکەشەکانی کوردستان (شەهید مامۆستا مەهدی)
Friday, 08/11/2013, 12:00
بەر لە هەرشتێک دەمەوێ ئەو وتەیەی چێ گیڤاراتان بیرخەمەوە کە بەتەواوی هاوڕام لەگەڵ ئەو وتەیەی سەبارەت بە بەرهەمی شۆڕش و خەبات و قوربانیدان لە پێناوی کە کۆمەڵێک کەس دوای ئەنجامدانی شۆرش دێنە سەر حازری و ئەگەرچی هیچیان نەکردوە بەڵام بەردەوام ڕابردو و شۆڕش و مێژووت پێدەفرۆشنەوە، گیڤارا لەو بارەیەوە دەڵێ : شۆرش کەسە بەشەرەف و سەربەرزەکان دروستی دەکەن، بەڵام خوێڕی و هیچ و پوچەکان لێی سودمەند دەبن.
لە شۆرشی نوێی گەلەکەمان چەندین کەسایەتی و سەرکردە و فەرماندەی ئازا و سەرکەش لە پێناو ئازادی نیشتیمان و خاک و خۆڵی ئەم هەرێمە بونەتە قوربانی.
قوربانی ئەو پێشمەرگە و شۆڕشگێڕانە بۆ خولقاندنی ژیانێکی سەربەرز و شەرەفمەندانە بوو بۆ رۆڵەکانی دوای خۆیان، دروستکردنی فەزایەک پربێ لە ئینتیما بۆ نیشتیمان و نەتەوە بۆنی خاک زاڵبێ بەسەر هەستی دیکتاتۆری و سەرکوتکردن، نیشتیمانێک دوربێ لە ئەزمونی تاڵێ رژێمە تۆتالیتارەکان، ئەوان لەو پێناوە شەهیدبون ونبون و نیشتیمانیان بۆ کردین بە پارویەک دور لەدەستی بێگانە بەڵام ئەو پاروە هەموو میللەتی کورد چاوبرسیە و لێی ناخوا جگە لە چەند گروپ و تاقم و بنەماڵەیەک و بۆیە ئەو پاروە چینێکی میللەتی بەرەو تەبەقەی هەژاری بردووە و چینێکیش های لایف دەژی. کەواتە ڕەحمەت لە وتە و قسە بەنرخەکانی چی گیڤارا کە ئاوا باسی بەرهەمی شۆڕش دەکات.
چ رۆژگارێکە ئەمڕۆ لەسایەی قوربانی پێشمەرگە و فەرماندە ئازاکانی ئەم نیشتیمانە غەدری گەورە لە هیواو ئامانجەکانیان دەکرێ و سەرباری ئەوەی کە لەپێناویشیدا بونە قوربانی هەر لە هیچ کونج و کەلەبەرێکی ئەو وڵاتە ناویشیان ناوترێ و چەندین سەرکردە هەبوون هەر ناویان لە فەرهەنگی ئەم وڵاتە سڕاوەتەوە، بۆیە من نمونەی قوربانی سەرکردەو فەرماندەیەکی ئازاتان بیردەخەمەوە کە ئەمڕۆ ٨ /١١ / ٢٠١٣ هاوکاتە لەگەڵ مێژوی شەهید بوونی، کە مێژوی ژیانی خەباتی پڕە لەسەربەرزی و گیانبەخت کردن و هەمیشە لە داستان و شۆڕشی نوێدا سوری بەرلەشکری پێبڕاوە، ئەویش شەهیدی سەرکردە (مەهدی ئیبراهیم عەبدوڵا) ناسراو بە مامۆستا مەهدی کە سەرلەشکری بیتوێن و پشدەر بوو لە ساڵێ ١٩٩٧ وەک هەمیشە بەرژەوەندی حیزبی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ژێر ئەجێندای تورکیا و لەکۆتایی شەڕی ناوخۆ بە تۆپی تورکی فاشیزم و داگیرکەر شەهیدکرا کە من گومانم هەیە ئەو تۆپەی ئەو سەرکردەیەی پێ شەهید کرا گەڕابێتەوە خاکی تورکیا و چونکە هەر دوای شەهید بونی مامۆستا مەهدی و کۆتای شەڕی ناوخۆ چەندین کیلۆمەتر خاکی کوردستان کرایە دیاری بۆ تۆپخانە و تۆپ و راجیمە و چەکی قورس و فرۆکەی جەنگی تورکیا و هەتا ئەم ساتەش لەخاکی کوردستاندان.
ئەگەرچی ئەو بەدەستی هاوبەشی دۆست و بێگانە شەهیدبوو خەریکە ناو و داستان و ئازایەتی و شۆڕشگێری و مەزنی ئەو جارێکیتر شەهید بکرێ، ئەو هەمیشە کە ئەتبینی لە پڵنگی توڕەی چیا سەرکەشەکانی کوردستان دەچوو ئەو لە هیچ داستان و شەڕێکدا چۆکی نەدا بۆ دوژمن ئەو بەبینینی هەمیشە ورە و شەهامەتت بۆ دروست دەبوو لەنێو گەرمەی جەنگدا ئەو ورەی پۆڵاینی پێشمەرگە و مژدەی هێرش و ئازایەتی بوو بۆ پێشڕەوی و ڕاوەدونانی دوژمن، ئەو پێی وابوو بۆ ئازادی نیشتیمانی لەسەر بەرزترین لوتکەی چیا بەرامبەر تۆپ و تەیارەش پڵنگ ئاسا ڕابواستێ و هەر بەپێوە بمرێ هاوشێوەی گیڤارا مردنی ئاسودەی دەکرد نەک ژیانیك لەسەر ئەژنۆ، ئەی سەرکردەی نیشتیمانم تۆ هەمیشە لەسەر پێبووی بۆ ئازادی نیشتیمان و ڕاوڕاوێنی دوژمنی کورد کام لوتکەی شاخ کام یاڵی سەخت و لێڕەوار چ پێدەشت و ڕێچکۆڵەی سەختی تازە شکێنراوی کام یاڵەت بەپێ بەناو پوش و پەڵاشدا بۆ ئازادی نەوەی نوێی ئەم وڵاتە نەبڕی و چ داستانگەلێکت تۆمارنەکرد ئێستا تۆ شەهیدی و من دڵنیام زۆر نیگەرانی لەوەی تۆ خەباتت بۆکرد لەجیاتی ئەو نەوەیەی تۆ بۆی بویتە قوربانی ئێستا مێشگەلێکی گەنیو بەرهەمی ئامانج و هیوای تۆیان بۆگەن و ناشیرینکردوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست