کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


سووده‌كانی دواكه‌وتنی مووچه‌!

Wednesday, 04/03/2015, 12:00



1- ته‌بعه‌ن " به‌ سپۆنسه‌ری دواكه‌وتنی مووچه‌ شه‌قامێكی هێمن وچوارساڵی پڕ له‌ئارامی به‌ڕێده‌كرێت" سوودێكی زۆر گه‌وره‌ی دواكه‌وتنی مووچه‌یه‌!

2- له‌م قه‌یرانه‌ داراییه‌دا‌ دواكه‌وتنی مووچه‌ و كێرڤی نیشتیمان په‌روه‌ریی جه‌ماوه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كی پێچه‌وانه‌یان هه‌یه‌ و هه‌تا مووچه‌ زیاتر دوابكه‌وێت ئاستی ڕۆحی نیشتیمان په‌روه‌ریی مووچه‌خۆران به‌رزترده‌بێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش چاره‌سه‌رێكی باشه‌ بۆ قه‌یرانی لاوازبوونی هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی كه‌ ماوه‌یه‌كی زۆر میدیاكان و هه‌ندێ خه‌ڵك له‌ بێ بابه‌تیدا كردبوویان به‌ بنێشته‌خۆشه‌ی سه‌ر زاریان!

3- له‌به‌رئه‌وه‌ی مووچه‌ بۆته‌ وه‌رزی و هه‌رسێ مانگ جارێ مووچه‌یه‌ك دابه‌شده‌كرێ، سوودێكی مه‌زنی ئه‌م دواكه‌وتنه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئیتر مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان سه‌لماندیان به‌بێ مووچه‌ش ده‌توانن بژین و باجی ئه‌و به‌ناو خۆشگوزه‌رانییه‌ی ڕابردوو بده‌ن و خۆشبه‌ختانه‌ بیسه‌لمێنن كه‌ خه‌ڵك و مووچه‌خۆران (ته‌مبه‌ڵ) نین!!

4-سوودێكی عه‌زیمی دیكه‌ی دواكه‌وتنه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئیتر مووچه‌خۆران وه‌كو جاران زۆر چه‌وری و گۆشت ناخۆن و به‌مه‌ش ڕیژه‌ی نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌ و رێژه‌ی كۆلیسترۆڵ له‌دابه‌زیندایه‌ و خزمه‌تێكی باش پێشكه‌ش به‌خۆیان و وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ده‌كه‌ن!!

5-سوودێكی هه‌ره‌ مه‌زنی دیكه‌ی دواكه‌وتنی مووچه‌ و قه‌یرانی دارایی و شه‌ڕی دژی ده‌وڵه‌تی به‌ناو خه‌لافه‌تی ئیسلامی ئه‌وه‌یه‌ هه‌ندێ له‌و براده‌رانه‌ی له‌ڕووی سیاسیه‌وه‌ ئێكسپایه‌ر و بێزراو بووبوون به‌هۆی ئه‌م وه‌زعه‌وه‌ شه‌رعیه‌تی شۆڕشگێڕی خۆیان بۆ ده‌یان ساڵی تر درێژكرده‌وه‌!

6-دواكه‌وتنی مووچه‌ و قه‌یرانی دارایی قولی ڕه‌ش و سپی و به‌ڵێنه‌كانی چاكسازی كۆنه‌ ئۆپۆزسیۆنی جاران و براده‌رانی ده‌سه‌ڵاتداری بۆ میلله‌ت و مووچه‌خۆران ده‌ر ده‌رخست كه‌ "كردار شه‌رته‌ نه‌ك قیڕه‌قیڕو نوێژی سیاسی 17ی شوات"!!!

7-قۆناغی ئه‌مجاره‌ و قه‌یرانه‌كه‌ دڵسۆز و ناپاكی لێك جوداكرده‌وه‌ و ده‌ری خست كێ خۆێن ده‌به‌خشێ و كێش بازرگانی له‌گه‌ڵ "موسڵ" ده‌كات!!!!

8-گه‌وره‌ترین سوودی مووچه‌ی وه‌رزی ئه‌وه‌یه‌ میلله‌ت و مووچه‌خۆرانی ڕاهێنا له‌سه‌ر "سیاسه‌تی سك هه‌ڵگوشین بۆ میلله‌ت و تێروپڕی بۆ ده‌سه‌ڵاتداران" و فێری كردن چۆن به‌رگه‌ی بێ مووچه‌یی و بێ كاره‌بایی و بێ كاریی و هتد بگرن و خۆیان ئاماده‌بكه‌ن بۆ قه‌یرانی سه‌ختتر و له‌ تێستی ده‌سه‌ڵاتداران و سه‌ركردایه‌تی سیاسی ئه‌م هه‌رێمه‌ به‌سه‌ركه‌وتوویی ده‌ربچن كه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌وان سه‌ربه‌خۆییان ڕاگه‌یاند،میلله‌ت له‌گه‌ڵ سك هه‌ڵگوشین و بێ مووچه‌ییدا ڕاهاتووه‌ و: "هه‌ر مووچه‌كه‌ بده‌ن ئیتر هیچمان ناوێ و بێده‌نگ و بێ ناڕه‌زایی ئه‌توانن قۆناغه‌كه‌ تێپه‌ڕێنن"!!!!!


9- دواجاریش سوودێكی زۆر ستراتیژی ئه‌م وه‌زعه‌ قۆڕه‌ و دواكه‌وتنی مووچه‌ ڕه‌نگه‌ ئه‌وه‌بێ میلله‌ت و ده‌نگده‌رانی ئه‌م هه‌رێمه‌ هۆشیار بكاته‌وه‌ كه‌ سبه‌ی كاتێ واده‌ی ڕاپرسی سه‌ربه‌خۆیی هاته‌پێشه‌وه‌ و بووه‌ ئه‌مری واقیع و كاتێ به‌ره‌و سندوقی ڕاپرسی ده‌ڕۆن بڕیارێ نه‌ده‌ن كه‌ دواڕۆژ "كاڵه‌ك به‌ ئه‌ژنۆ بشكێنن" و بڵێن " ساڵ به‌ساڵ خۆزگه‌مان به‌پار"!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە