کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، کە بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


ئۆتۆنۆمی، چارەی خۆنووسین و دۆزی کورد

Monday, 30/01/2012, 12:00





لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ گۆڤاری ڕووداو، سیاسەتوانی بەنێوبانگی کورد لەیلا زانا کوتی، ئێمە تا ئێستا بە ئۆتۆنۆمی ڕازی بووین، بەڵام ئێستا لەو باوەڕەداین کە ئۆتۆنۆمی تێری ناکا، واتە سەربەخۆییمان دەوێ. لە دیمانەیەکی تردا کە ئەویش هەر لە ڕۆژنامەی ڕووداودا بڵاو بۆوە، سەرۆکی کۆما جڤاکێن کوردستان، ڕێزدار موراد قەڕایڵان (هەڤاڵ جەمال) کوتی لێدوانەکەی لەیلا زانا لەجێی خۆیدایە و گەڵی کوردیش شیاوی هەر چەشەنە مافێکە کە گەلانی ناوچەکە هەیانە، جا ئەگەر ئەو مافە سەربەخۆییش بێ!
لەم بابەتەدا هەوڵ دەدەین کە دوو چەمکی ئۆتۆنۆمی و چارەی خۆنووسین لە چوارچێوەیەکی زانستی و بابەتیانەدا شیکاری بکەین.
چارەی خۆنووسین وەکوو چەمک و ڕامان، بۆ فیلەسوفی ئاڵمانی ئیمانۆئیل کانت (١٧٢٤ ١٨٠٤) دەگەڕێتەوە کە پێداگریەکی زۆر توندی لەسەر ئاکار (ئەخلاق) و پێوانە ئاکاریەکان هەبووە.
هەر وەک چۆن گەردون بە گشت هەبوونەکانێوە لە دوانە(دوالیتە) کان پێک هاتوە، هەرێمی ئاکاریش لە دەرەوەی ئەو یاسایە نەماوەتەوە و لە ئاواڵدوانەی 'چاک' و 'خراپ' پێک هاتوە. واتە کاتێک مرۆڤ دەبێژێ ئەو کردەوەیە چاک بوو، بانگەشەیەکی ئاکاری دەکات و بە پێچەوانەش، کاتێک دەبێژێ ئەو کردەوە خراپ بوو، هەر بانگەشەیەکی ئاکاری دەکات.
بۆ ئەوەی بانگەشەی ئاکاری بوون لەسەر کردەوەیەک بکرێ، دەبێ بکەری ئەو کردەوەیە دوو بژاردەی 'چاک' و 'خراپ'ی لەبەردەستدا بێ؛ بە مەیل و بە ورەی خۆی، بە بێ هیچ فشارێکی دەرەکی ئەو کردەوەیە هەڵبژێرێ و بە سەربەخۆیی و ئازادانەش بیخاتە واری کردار.
ئەگەر مرۆڤێک لە ژێر فشاری دەرەکی و بە پێچەوانەی مەیلی خۆی بژاردەی 'چاک' یان 'خراپ' هەڵبژێرێ، یان بە شێوازێکی زۆرەکی (دێتێرمینیستی) و لە دەرەوی ورەی ئەودا ئەو بژارانەی پێهەڵبژێرن، تۆ ناتوانی بانگەشەی ئاکاری لەسەر ئەو مرۆڤە بکەی؛ واتە ئەگەر ئەو کردەوەیە، کردەوەیەکی 'چاک' بێت، ناتوانی بڵێی ئەو مرۆڤە چاک بوو، ئەگەر ئەو کردەوەیەش 'خراپ' بوو، دیسان ناتوانی بڵێی، ئەو مرۆڤە مرۆڤێکی خراپ بوو؛ بٶ؟... چونکە ئەو کردەوەیە با لە خۆیدا 'چاک' یان 'خراپ' یش بێت، بەڵام مادام لەدەروەی ورەی ئەو مرۆڤ بوو، مادام ئەو کردەوەیان پێکرد و بۆخۆی نەیکرد، تۆ ناتوانی بانگەشەی ئاکاری لەسەر ئەو مرۆڤە بکەی.
واتە ئەوەی کە لێرەدا پێویستە هەبێ بۆ 'باش' بوون یان 'خراپ' بوونی ئەو مرۆڤە، هەڵبژاردنی ئازادانە و سەربەخۆیانەی ئەو دوو بژاردەیەیە کە مرۆڤەکان 'باش' یان 'خراپ' دەکات و ڕەوا بوون بە پاداش و سزا دەدات.
ئەو ئەنجامەی کە لەو شیکاریەدا دێتەڕوو، ئەوەیە کە ئەگەر مرۆڤ سەربەخۆ نەبێ و بە ئازادانە باش و خراپی خۆی هەڵنەبژێرێ، ناتوانێ هەبوونێکی ئاکاری (ئەخلاقی) بێت.. جا بەو پێیەی کە مرۆڤ هەبوونێکی ئاکارییە، دەبێ سەربەخٶ بێت و بڕیارەکانی بە مەیلی خۆی و بە ئازادانە بدرێن و بەدەستی خۆی بکەونە واری کردارەوە.
ئەوە بناخەی هزری چارەی خۆنووسین و سەربەخۆیی کانتە، کە بوو بە بنەمای دانوساندن و ڕاگۆڕکێ (دیسکۆرس) ی فیلەسوفانی وەکوو جۆهان گۆتفرید هێردێر (١٧٤٤ ١٨٠٣) و جۆهان گوتلیب فیختە (١٧٦٢ ١٨١٤)، کە بە باوکەکانی نەتەوەگەری (ناسیۆنالیسم) ی ئاڵمان ناسراون. ئەڵبەت چارەی خۆنووسین و سەربەخۆیی بۆ کانت، لە چوارچێوەی تاک دا بوو، سەربەخۆبوون و ئازادی تاک بوو، بەڵام بۆ هێردێر و فیختە، سەربەخۆ بوون و ئازادی، سەربەخۆبوون و ئازادی نەتەوەیی بوو!
واتە بەو پێیە، ئەگەر نەتەویەک سەر بەخۆ نەبێ، بڕیارەکانی خۆی بە ئازادی و بە مەیلی خۆی نەدا و بەدەستی خۆی نەیانخاتە واری کردارەوە، ئەو نەتەوەیە نەتەوەیەکی ئاکاری (ئەخلاقی) نییە.. مادام بڕیارەکانی بەدەستی خۆی نادرێن و ئازاد و سەربەخۆ نیە، رۆژانە دەتوانن بڕیاری بۆ دەرکەن، کاری نائاکاری پێ بکەن و بە شێوازێکی نائاکارانە بە هەموو جۆرێک بە کاری بێنن.
بۆ تاقی کردنەوەی ئەم تێۆریە با وێنەیەک بێنینەوە. لە شەڕی یەکەمی جیهانیدا کوردەکانی 'سوپای حەمیدیە' لە کومەڵکوژکردنی ئەرمەنیەکاندا دەستیان هەبوو. کردەوەی کۆمەڵکوژکردن نەتەنیا کردەوەیەکی نائاکارییە بەڵکوو بە پێی هەموو پێوانەکان و هەموو یاساکان جەنایتە. واتە کوردەکانی 'سوپای حەمیدیە' نەتەنیا کردەوەیەکی نائاکاریان کرد بەڵکوو جەنایەتیان کرد، بەڵام کێ دەتوانێ بڵێ کە کورد وەکوو نەتەوە، نەتەوەیەکی بێ ئاکار یان جەنایەتکار بوو؟..
مادام کوردەکان سەربەخۆ نەبوون، بڕیاری خۆیان بەدەست خۆیان نەبووە، بە ئازادی و بە مەیلی خۆیان بڕیاری کومەڵکوژیان نەداوە و بڕیاریان بە دەست دەوڵەتی عوسمانی بووە و تەنیا یەک ڕێگایان لە پێش بووە، ئەویش بەشداری بە زۆرە ملەیان لە شەڕدا بووە، تۆ ناتوانی قامکی لۆمەکردن بخەی سەر کوردان و تۆمەتباری کۆمەڵکوژییان کەی و سزایان بۆ ببڕیەوە!!
تەنیا کاتێک دەتوانی مرۆڤێک تاوانبار کەی کە ئەو مرۆڤە دوو بژاری 'خراپ' یان 'چاک' ی لەبەر دەستدا بێ و، بە مەیلی خۆی و ئازادانە بژاری 'خراپ' هەڵبژێرێ. واتە هەم لە بواری بڕیاردان و هەمیش لە بواری بەکرداری کردنی بڕیارەکانیەوە سەربەخۆ و ئازاد بێت. ئەگەر یەکێک لەو مەرجانە لە گۆڕیدانەبێ بانگەشەی ئاکاری کردن، پاداش و سزادانی ئەو مرۆڤە هیچ بنەما و واتایەکی فەلسەفی و زاگۆن (یاسا)ی نییە.. واتە بۆوەی کە بانگەشەی ئاکاری بوون لەسەر تاک، کۆمەڵگا یان نەتەوەیەک بکرێ و سزا یان پاداش بۆ کردەوەکانیان ببڕدرێتەوە، دەبێ ئەو مەرجانە هەموو لە گۆڕێدا بن.
کە واتە هەر نەتەوەیەک بۆوەی کە نەتەوەیەکی ئاکاری بێت، و پاداش و سزا بۆ کردەوەکانی ڕەوا بێت، دەبێ ئەو نەتەوەیە نەتەوەیەکی سەربەخۆ بێت و بڕیارەکانی خۆی بەدەستی خۆی بدات، ئەگینا وەکوو کورد نەتەنیا لە کۆمەڵکوژ کردنی ئەرمەنی، بەڵکوو لە شەڕەکانی وەکوو شەڕی ئێران و عێراق نەتەنیا لە دژی ئەو وڵاتانە بەڵکوو لە دژێ براکانی خۆشیان بەکاریان دێنن و بەشەڕیان دەدەن و بە دەیان کردەوەی نائاکاریان لە دەرەوەی خواست و مەیلی خۆیان پێدەکەن..
جا بۆوەی کە کورد وەکوو نەتەوە بە کار نەبرێ و لە دەرەوەی مەیلی خۆی کردەوەی نائاکاری پێنەکرێ، دەبێ بڕیارەکانی بەدەستی خۆی و ئازادانە بدرێن، واتە بە کەڵك وەرگرتن لە مافی چارەی خۆنووسین، چارە و چارەنووسی خۆی بەدەستی خۆی دەبێ بنووسێتەە، ئەگینا هەرگیز و هەرگیز ناتوانێ نەتەوەیەکی ئاکاری (ئەخلاقی) یان کۆمەڵگایەکی ئاکاری بێت..

ڕووی مێژویی و یاسایی چارەی خۆنووسین:
لە پاش شەڕی جیهانی یەکەمدا چارەی خۆنووسین وەکوو ڕێبازێک ڕەنگێکی تایبەت دەگرێ و لە لایەن هەردوو زلهێزی ئەو سەردەمەوە دانی پێدادەنرێ. بۆ وێنە، وودرٶ ڤیلسۆن سەرۆک کۆماری ئەوکاتەی ئامریکا لە پەیماننامەیەکی ١٤ خاڵیدا پشتگیری خۆی بۆ چارەی خۆنووسینی گەلان دەڕبڕی و تەنانەت لە خاڵی ١٢دا باس لە سەربەخۆیی کوردانیش دەکات.
پاش سەرکەوتنی شۆرشی بۆشۆڤیک لە ساڵی ١٩١٧ ڕوسیەش لە هەموو وڵاتانی ژێر دەسەڵاتی خۆیدا دێتە دەرێ و لە ساڵی ١٩١٨دا بە فەرمی لە یاسای بنەڕەتی ئەو وڵاتەدا مافی جیابوونەوە و چارەی خۆنووسین بۆ ئەو گەلانە جێگیر دەکات.
لە ساڵی ١٩٤١دا بەرەی یەکگرتووەکانی شەڕی جیهانی دووهەم، جاڕنامەی ئاتڵانتیک واژۆ دەکەن و مافی چارەی خۆنووسین وەکوو پرێنسیپێک دەستنیشان دەکەن.
لە ساڵی ١٩٤٢ دا ٢٦ وڵاتی ئەو سەردەمە جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان واژۆ دەکەن کە یەکێک لە بڕگەکانی ئەو جاڕنامەیە مافی چارەی خۆنووسینە.
لە ساڵی ١٩٤٥ دا لە پێداچوونەوەی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، مافی بڕیاری چارەی خۆنووسین بە فەرمی دانی پێدادەنرێ و لە یاسای نێونەتەوەییدا بەو چەشنەی خوارەوە جێگیر دەبێ:
ئا) - بەشی ١، خاڵی ١، بڕگەی ٢ لە جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتۆکان دەڵێ: نەتەوەکان مافی خۆیانە کە لە سەر بنەمای ڕێز، مافی یەکسان، و بڕیاری چارەی خۆنووسین، پێوەندی دۆستانەی خۆیان پێشبخەن.
بێ) - خاڵی ١ لە پەیماننامەی نێونەتەوەیی مافی مەدەنی و ڕامیاری (ئای. س. س. پ. ر) و هەروەها پەیماننامەی نێونەتەوەیی مافی کولتوری، کۆمەڵایەتی و ئابووری (ئای. سی. ی. س. ر)، هەردوکیان دەڵێن: "هەموو گەلان مافی چارەی خۆنووسینیان هەیە. بە پێی ئە مافە، گەلان بە ئازادی لەسەر چارەی خۆیان و هەڵبژاردنی قەوارەی ڕامیاری خۆیان بڕیار بدەن، وە ئازدانە کاروباری ئابووری، کولتوری و کۆمەڵایەتی خۆیان بەڕێوە بەرن".
ج) خاڵی ١٥ لە جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێ، هەموو کەس مافی نەتەوەیەتی هەیە و هیچ کەس نابێ لەو مافە بێبەری بکرێ.

ئۆتۆنۆمی چییە و لە کوێوە هاتوە؟
هاوتەریب لەگەڵ ڕێبازی چارەیخۆنووسین، بەتایبەت لە پاش شەڕی جیهانی یەکەمەوە، چەمکی 'ئۆتۆنۆمی' لە لایەن بریتانیاوە پێشکەوت، کە بەواتەی بڕێک ئازاد بوون، برێک بڕیاری خۆ بە دەستی خۆ دەرکردن و بڕێک هەڵبژاردنی 'چاک' یان 'خراپ'ە... (ئەوە خۆی لە ناو خۆیدا بێ واتایە. چۆن برێک 'چاک' یان 'خراپ'!؟.. لەوانەیە شتێک بتوانێ بڕیک چاک بێت یان بڕێک خراپ بێت، بەڵام ئایا کردەوەی هەڵبژاردنیش دەتوانێ بڕێک 'هەڵبژاردن'ی بێت؟!..)
لەو سەردەمەدا پانتایی ئیمپراتوری بریتانیا ئەوندە بەرین بوو کە ڕۆژ لێی ئاوا نەدەبوو، و گەلانی ژێر دەستی بریتانیاش لە پێناو ئازادیدا بەردەوام لە خەباتدا بوون. ئامانجی سەرەکی بریتانیا لە پێشخستنی چەمکی 'ئۆتۆنۆمی'، ئاژاوە نانەوە لە شۆڕشی ئە گەلانە و تێکدانی یەکڕیزی و یەکدەنگی ڕێوەبەری ئەو شۆڕشانە بوو. واتا بریتانیا ڕێبازی 'ئۆتۆنۆمی' وەکوو داوێک پێشکەش بە ڕێبەرانی شۆڕش دەکرد و ئامانجیشی تەنیا و تەنیا پارچە کردنی ئەو شۆڕشانە بوو.
کاتێک کە 'ئۆتۆنۆمی' پێشکەشی سەرکردایەتی شۆڕش دەکرد، لە نێو ڕێوەبەریدا دوو لایەن دەردەکەوتن، یەکیان لە دژی 'ئۆتۆنۆمی' ئەوەی تریشیان خوازیاری 'ئۆتۆنۆمی'، بە گژی یەکدا دەچوون. بەو چەشنە بریتانیا شۆرشی ئەو گەلانەی پارچە دەکرد و شەڕی ناوەخۆی دەناوە.. وێنەی هەرە سەرەکی ئە پارچە کردنەش شۆڕشی ئێرلەند بوو کە لەساڵی ١٩٢٢ وەکوو یەکێک لە یەکەمین شۆڕشەکانی سەدەی بیستەم، کە بە سەدەی شۆڕش ناسراوە، تایبەتمەندی و گرینگی خۆی هەیە!
شۆرشی ئیرلەند یەکێک لە گرینگترین شۆڕشەکانی سەدەی بیستەم بوو. وڵاتێکی چکۆلە یان بلێین دوڕگەیەک کە هەر چوارتەنیشتی بە ئاو تەنرابوو، دەسەڵاتێکی گەورەی وەکوو بریتانیای 'کەبیر' ی تێکشکاند و لە وڵاتی وەدەرنا. کەس مەزەندەی ئەوەی نەدەکرد شۆڕشی ئیرلەند سەرکەوێ، بەڵام کاتێک کە سەرکەوت، بوو بە هەوێنی هێز و تینی هەموو شۆڕشگێڕانی دونیا. بۆ وێنە کەسانی وەکوو ‌هۆشیمینە و جەواهێر لەعل نێهرۆ، بە زاری خۆیان دانیان بە کاریگەری شۆڕشی ئیرلەند لەسەر شۆڕشگێڕانی ئەو سەردەمە و بە تایبەتی لەسەر کەسایەتی خودی ئەوان، داناوە. بەڵام به وەکار هێنانی چەمکی 'ئۆتۆنۆمی' ، بریتانیا نە تەنیا شۆڕشەکەی ئیرلەندی پارچە کرد، بەڵکوو ئیرلەندیشی بە دو بەشی باکوور و باشووردا دابەش کرد، بۆخۆی لە باکوور ماوە و لە باشووریش شەڕی ناوەخۆی خستە ناو ڕێبەرانی پارتی 'شین فەین' (واتە 'ئێمە بۆخۆمان').
بەڵام چۆن؟..
لە ساڵی ١٩٢١ دا بریتانیا لە شەڕی دژی ئەرتەشی ئازادیخوازی ئیرلەند (ئای.ئار.ئەی) تین و باهۆی لێبڕابوو و نەیدەتوانی چی دیکە شەڕ بەردەوام کات. بەو پێیە داوای لە 'شین فەین'، باڵی ڕامیاری (ئای.ئار.ئەی)، کرد کە شاندێک بنێرن بۆ بریتانیا بۆ چارەسەری کێشەکە. ئەوانیش وەڤدێکیان بە سەرۆکایەتی 'مایکێل کۆلین' ی ٣١ سالە، دامەزرێنەر و ڕێبەری (ئای.ئار.ئەی) نارد بۆ لەندەن. لە چاوپێکەوتنێکی مێژوییدا، بریتانیا 'ئۆتۆنۆمی' پێشکەش بە ئیرلەند دەکات و مایکل کۆلینیش قەبووڵی دەکات. مایکل کۆلین 'ئۆتۆنۆمی' قەبوول کرد چونکە لەو باوەڕەدا بوو کە (ئای.ئار.ئەی) هێزی ئەوەی نەمابوو لە گەڵ بریتانیادا بەردەوامی بە شەڕ بدا.
بەڵام کاتێک کە شاندەکە گەڕانەوە بۆ ئیرلەند و هەواڵی وەرگرتنی 'ئۆتۆنۆمی' یان بە کۆڕیگشتی (مەجلیس) ی ئەو سەردەمە دا، ئاژاوە و دووبەرەکی لە ناو پارتی شێن فەین دەستی پێکرد. 'ئەیمیەن دی ڤالێرا' سەرۆکی شین فەین (باڵی ڕامیاری ئای.ئار.ئەی) بە توندی لەدژی 'ئۆتۆنۆمی' ڕاوەستا و لە سەربەخۆیی کەمتر هیچ بژاردەیەکی تری قەبووڵ نەبوو. مایکێل کۆلینیش دەیکوت من دامەزرێنەر و سەرۆکی (ئای.ئار.یەی)م، دەزانم توانای بەردەوامی شەڕی سەربازیمان نەماوە، وا باشە کە ئێستا 'ئۆتۆنۆمی' قەبوول کەین. بەڵام سەربەخۆییخوازان بە توندی دژی مایکێل کۆلین ڕاوەستان و تەنانەت تۆمەتی خیانەتیان لێدا. پاشان لە کۆڕیگشتی چوونە دەرێ و بەو چەشنە شەڕی ناوخۆ دەستی پێکرد و تا ساڵی ١٩٢٢ی خایاند.
کاتێک کە شۆڕگێڕانی ئیرلەند سەرقاڵی شەڕی براکوژی بوون، دەوڵەتی بریتانیای 'کەبیر'ی داهێنەری داوی 'ئۆتۆنۆمی'.. چووە بنگوێی سیاسەتوانانی ئیرلەندی باکوور و پێی کوتن ئەوەتا دەتانهەوێ لەگەڵ ئەم کەسانەدا کۆماری ئیرلەندی سەربەخۆ دروست کەن؟!.. ئێوە چۆن دەتوانن لە گەڵ ئەوانە بژین؟ ئەوە نییە مایکێل کۆلین و ئەیمیەن دی ڤالێرا تێکبەربوون و لێک دەکوژن..
بەو چەشنە بریتانیا ٦ پارێزگای باکووری ئیرلەند، کە لە ئاستی پیشەییدا لە هەمووی وڵاتی ئیرلەند پێشکەوتووتر بوون ڕازی کرد کە لەگەڵ بریتانیا بمێننەوە و بەخۆیەوە لکاندن. لە هەمان کاتدا ئێرلەندی باشووری بۆ شەڕی 'ئۆتۆنۆمی' خوازان و 'سەربەخۆیی'خوازن بەجێهێشت و هەتا ئێستاش لە ئیرلەندی باکوور ماوەتەوە..
واتە بە ڕێبازی 'ئۆتۆنۆمی'، بریتانیای 'کەبیر'.. ڕێبەرانی یەکێک لە پارتە هەرە پێشەنگەکانی ئەو سەردەمەیان تووشی شەڕی براکوژی کرد. ئەیمیەن دی ڤالێرا سەرۆکی شین فەین و مایکێل کۆلین سەرۆکی (ئای.ئار.ئەی) باڵی سەربازی شین فەین، کەوتنە داوی بریتانیا و ڕێبازە دەستکردەکەی؛ 'ئۆتۆنۆمی'.. واتە مرۆڤ دەتوانێ بڵێ ئامانجی بریتانیا چارەسەر کردنی کێشەی ئێرلەند نەبوو، بەڵکوو ئامانجی بریتانیا لە هێنانە گۆڕێی ڕێبازی 'ئۆتۆنۆمی'، پڕش و بڵاو کردنی شۆڕشی ئیرلەند بوو!
ئەو ڕێبازە یان بڵێین ئەو 'داوە'.. لە لایەن فەڕانسەشەوە تاقیکراوە کە ئەویش تەنیا بە ئامانجی ناکۆکی خستنە ناو ڕیزی ڕێبەرایەتی شۆڕشی گەلان بووە. بۆ وێنە لە شۆڕشی ئەلجەزایردا کە لەساڵی ١٩٦٢دا ئەنجام گیر بوو، فەڕانسە توانی بە چەمکی 'ئۆتۆنۆمی'.. کێشەی زۆر لە ناو سەرکردایەتی شۆڕشی ئەو وڵاتەدا دروست بکات. کەسانی وەکوو 'مەسالی حەج' لە ڕێبەرانی (ف.ل.ن) لە سەربەخۆیی کەمتر ملکەچی هیچ شتێکی تر نەدەبوو، بەڵام 'فەرهاد عەباس' لە ڕیبەرانی (م.ن.ئا) ئۆتۆنۆمی قەبووڵ بوو و بەو چەشنە هەزاران کەسیان لێک کوشت. ئەڵبەت ئەوەش بۆ پێنەگەیشتووی سەرکردایەتی ئەو شۆڕشانە دەگەرێتەوە کە نەیانتوانیوە دەستی دوژمنیان بخوێننەوە و نەیانزانیوە کە ئامانجی دوژمن لە پێشکەش کردنی ئەو پێشکەشکراوە ماقووڵانەیە چییە..
لە کوردستانی خۆشماندا داگیرکەرانی کوردستان، شێوەیان لەو سیاسەتە هەڵگرتووە و بە بەکار هێنانی ئەو ڕێبازە توانیویانە ناکۆکی بخەنە ناو شۆڕشی کوردستانەوە. بۆ وێنە، پاش ڕوفاندنی شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩دا خومەینیش لەو ڕێبازە کەڵکی وەرگرت و 'ئۆتۆنۆمی'ەکی شەش خاڵەی پێشکەش کرد کە حیزبی دێموکرات قەبووڵی بوو بەڵام کۆمەڵە قەبووڵی نەکرد و دروشمی 'مەرگ بۆ سازشکار'ی بەرز کردەوە.. مرۆڤ لەو ڕوانگەیەوە دەتوانێ بڵێ بەڕاستی ئامانجی خومەینی لە پێشکەش کردنی 'ئۆتۆنۆمی' شەش خاڵی نە لە چارەسەر کردنی کێشەی کورد بوو، بەڵکوو بۆ خۆشکردن و هەڵگیرساندنی شەڕی کۆمەلە و دێموکرات بوو..
جا بۆیە لە شەڕدا ئەوەندەی خۆ ناسین گرینگە، دوو هێندەی ئەویش دوژمن ناسین گرینگە و شیکاری کردنی ئەو هەنگاوانەی کە دوژمن هەڵیدەگرێتەوە.. ئەگەر مایکل کۆلین و ئەیمیەن دی ڤالێرا دوژمنی خۆیان چاک ناسیبایە و ئامانجی دوژمنیان لە پێشخستنی 'ئۆتۆنۆمی' زانیبایە، بە کەوچکێک ئاوی بریتانیا نەدەکەوتنە مەلە.. لە ئەلجەزایر و کوردستانیش، ئەگەر سەرکردایەتی کورد دوژمنی خۆیان باش ناسیبایە و دەستیان خوێندبایەتەوە، دەیانتوانی هەنگاوی تاوتوێ کراوی ژیرانە هەڵگرن، نەک هەنگاوەی سەرلێتێکچوانە و ماڵ کاوڵکەرانە..
پێشنیاری من بۆ سەرکردایەتی کوردی لە هەموو پارچەکانی کوردستان ئەوەیە، کە بۆ ناسینی چەمکی داگیرکەری و ئیمپریالستی، بچن سیاسەتەکانی بریتانیا لە وڵاتانی ژێردەستیدا بخێننەوە و بزانن کە بریتانیا ٢٠٠- ٣٠٠ ساڵ لەوە پێش هەڵگری چلۆن هەنگاوگەلێکی لە پێشدا شیکاریکراو بووە و چلۆن دونیای داگیرکرد و بۆ پارچە پارچە کردنی شۆڕشی گەڵانی ژێردەستی خۆی چلۆن پیلانگەلێکی چەپەڵ و هۆڤانەی گێڕاوە.. چەمک و ڕێبازی 'ئۆتۆنۆمی'، واتە 'بڕێک ئازاد بوون'، لە بناواندا سیاسەتی بریتانیا بۆ پارچە پارچە کردن شۆڕشی گەلان و بۆ هەڵگیرسانی ئاگری براکوژی بووە، بەڵام مخابن ئێمە ئێستاش شرۆڤەمان بۆی نییە و لێی تێنەگەیشتووین!..
ئەگینا مافی چارەی خۆنووسین و بڕیاری خۆ بە دەستی خۆ دەرکردن مافێکی خۆزایی، مرۆڤی و یاسایی هەر مرۆڤێکە. ئەگەر تۆ ٢ بژاردەی وەکوو 'چاک' و 'خراپ'ت لە بەر دەستدا نەبێ، و بە ئازادی و بە مەیلی خۆت بژاردەکانی خۆت هەڵنەبژێری و بە دەستی خۆت بڕیاری خۆت دەرنەکەی، چۆن دەتوانی دەستەواژۆی 'ئاکاری' لە خۆت بنێی؟.. مادام تۆ مرۆڤی و هەبوونێکی ئاکاریت، کە واتە بچۆ مافی چارەی خۆنووسینی خۆت، مافی دەرکردنی بڕیاری خۆت بەدەستی خۆت و مافی کرداری کردنی بریاریەکانی خۆت بەدەستی خۆت، بەدەست بێنە.. (ئەڵبەت ئەویش نرخی خۆی هەیە و لەو باوەڕەدا نیم بە فەیسبوک و بەو شتەی کە ئێستا وەکوو 'خەباتی مەدەنی' ناودێر دەکرێ بەدەست بێت..)
ئازادی و یەکسانی دوو ڕووی یەک مەدالیان.. تۆ ناتوانی بەخۆت بڵێ ئازاد ئەگەر لە گەڵ تورک، فارس، عەرەوب و ئەرمەنی یەکسان نەبی. ئەو گەلانە چیان هەیە و خاون چین؟ ئەوان سەربەخۆن و خاوەن پێکهاتەیەکی ڕامیارین کە یاریکەری سەرەکی گۆڕەپانی ڕامیاری گەردونیە.. ئەو پێکهاتە ڕامیاریەش، جا چ خراپ بێ چ چاک، پێ دەڵێن دەوڵەتی سەربەخۆ!
سەردەمی دەوڵەت- نەتەوە مابێ یان نەمابێ، بە جەنایەت ناسینی نکوڵی کردن لە کۆمەڵکوژی ئەرمەنیەکان لە فەڕانسە و داخستنی ڕۆژ تیڤی لە یەک کاتدا، پەیامێکی زۆر زەلالی تێدایە و ڕاستییەکی زۆر تاڵیش لە خۆوە دەگرێ.. بۆچی گەلێکی ٤٠ ملیۆنی وەکوو کورد بە ٣ ملیۆن ئەرمەنی نابێ؟.. بۆچی نابێ وەکوو ٣ ملیۆن ئەرمەنی هەڵسوکەوتیان لەگەڵدا بکرێ؟.. جیاوازی ئەرمەنی لەگەڵ کورد لە چیدایە؟.. ئەوە چییە کە ئەرمەنی ناهاوتەریب لە گەڵ کورد دەکات؟.. ئەرمەنی چی هەیە کە کورد نیەتی؟.. ئەگەر ئەو یاریکەرە ڕامیاریە سەرەکیەی کە ئەرمەنی هەیەتی لە ئاستی نێونەتەوەییدا (دەوڵەتی سەربەخۆ)، کوردیش هەیبایە، گەلۆ ئەو کاتە ڕۆژ تیڤی دادەخرا؟!..
هەتا لە هەموو ڕوویەکەوە و بە تایبەتی لە گۆڕەپانی نێونەتەوەیی و هێزدا بەئاستی یەکسانی و وەکهەڤی لەگەڵ گەلی ئەرمەنی و گەلانی ناوچەکە نەگەین، داخستنی ڕۆژ تیڤییەکان لە مێژووی کورددا هەرگیز و هەرگیز نابڕێن..
ئەگەر بەڕاستی خوازیاری ئازادین لە ناوچەکەدا، ئازادی بە بێ یەکسانی و وەکهەڤی لەگەڵ گەلانی ناوچەکە واتادار نییە. ئەوان چیان هەیە، ئەگەر ئێمە نەمان بێت ناتوانین بڵێن یەکسانین، ئەگەر یەکسان نەبین ناتوانین بڵێین ئازادین. ئیمە وەکوو کورد نە لەو گەلانە زیاترین و نە کەمتریش، ئەوان هەرچیەکیان هەبێت، ئێمەش پێویستمانە و دەمانهەوێت.. ئەو گەلانە هەموو بڕیاری خۆیان بە دەستی خۆیانە و خاوەن یاریکەرێکی سەرەکی ڕامیارین لە ناو گۆڕەپانی نێو نەتەوەییدا، کە ئێمە نیمانە.. ئەگەر ئەوان وازیان لە سەربەخۆیی خۆیان هێنا، ئەو کاتە با کوردیش واز بێنێ، بەڵام ئەگەر ئەوان واز نەهێنن ئەی کورد بۆچی واز بێنێ؟ چی لەوان کەمترە؟.. خۆ باوەڕی؟!..

لە کۆتایی ئەو بابەتەدا منیش ڕای خۆم تەڤلی بۆچوونەکانی لەیلا زانا دەکەم و لێدوانەکەشی تا دواڕادە لە جێدا دەبێنم. هەر وەک لەیلا زانا و هەڤال جەماڵ کوتیان، با بێین و ڕاپرسییەکی گشتی (ڕێفراندۆم) بکەین و بزانین گەلی کورد چی دەوێ.. زۆر ئاستەمە گەلی کورد بە کەمتر لە تورک، فارس، عەرب و ئەرمەنی ڕازی بێت. بەتایبەت دوای بۆمەلەرزەکەی شاری وان برینەکان وەها قووڵ بوونەتەوە، کە ساڕێژکردنیان زۆر زۆر ئاستەمە.. پێکەوە ژیانی کورد و تورک زۆر ئاستەم بۆتەوە.. ئەوە ڕاستەیەکی خۆلێلانەدەرە و ئەگەر نەیبینین هەر بۆخۆمانین کە زەرەر دەکەین و هەمووی خەسارەکەشی هەر بۆخۆمان دەگەڕێتەوە!
٢٩/٠١/٢٠١٢
[email protected]




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە