کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، کە بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


پێج که‌سایه‌تیی خائین و کێشه‌ی سه‌رده‌می کورد

Wednesday, 12/01/2011, 12:00


مه‌به‌ست له‌و ناونیشانه‌ی سه‌ره‌وه‌ پێنج که‌سی کوردن، که‌ له‌ دژی سه‌روه‌ریی، هه‌بوونایه‌تی و ئازادی گه‌لی ئێمه‌ دا ڕۆڵی کاریگه‌ریان بینیوه‌‌ و به‌و پێیه‌ وه‌کوو ڕه‌وتی ڕه‌ش و به‌ره‌ی خیانه‌ت له‌ مێژووی کورددا ده‌نرخێندرێن. مه‌به‌ستم له‌ خیانه‌ت، یه‌کانگیربوون له‌گه‌ڵ هێزی ده‌ره‌کی و ته‌ڤگه‌ڕین له‌ دژی خۆ و ناوه‌وه‌ به‌ مه‌به‌ستی له‌باربردنی پێگه‌، هه‌بوون و ناسنامه‌ی خۆیه‌!  ئه‌و که‌سانه‌ش مه‌به‌ستم له‌ (ئانکیدۆ، هارپاگ، مه‌لا خه‌تێ، زیاگۆک ئاڵپ و عیسمه‌ت ئینینۆ)یه‌، که‌ به‌ پێی ئه‌و پێناسه‌یه‌ وه‌کوو خایین ده‌ستنیشان ده‌کرێن.

1. ئانکیدۆ:
وه‌کوو یه‌که‌م خیانه‌تکار له‌ مێژووی کورددا ده‌نرخێندرێ و له‌ چیرۆکی "حه‌ماسی" گیلگامێش دا ناوی لێبراوه‌. که‌ واته‌ چه‌مکی خیانه‌ت له‌ مێژووی کورددا بۆ مێزۆپۆتامیای باستان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌!‌ 2500 پ.ز.، گیلگامێش پاشای چواره‌می ئوروک‌ له‌ ڕێگای ژنێکه‌وه‌ ئانکیدۆ هه‌ڵده‌خه‌ڵه‌تێنێ و وه‌کوو جه‌رده‌وانێک ده‌یخاته‌ خزمه‌تی خۆیه‌وه‌ و له‌ شه‌ڕی دژی خومبابای خۆجه‌ییدا به‌کاری دێنێ. خومبابا که‌ له‌ کوێستانه‌کانی مێزۆپۆتامیا چاوه‌دێری له‌ جه‌نگه‌ڵه‌کانی سه‌در ده‌کا، به‌ خیانه‌تی ئانکیدۆ و به‌ده‌ستی گیلگامێش ده‌کوژرێ. به‌و پێیه‌ی که‌ ئانکیدۆ ده‌ست له‌ ده‌ستی لایه‌نی ده‌ره‌کی، له‌ دژی ڕاسیتنه‌ و هه‌بوون و پێگه‌ی خۆیدا ڕۆڵی یه‌کلایکه‌ره‌وه‌ی بینیوه‌، ناوی له‌ مێژووی کورددا وه‌کوو "خایین" تۆمار کراوه‌. واتە چه‌مکی خیانه‌ت و ها‌لیکاری کردنی دوژمن له‌ دژی خۆ تا ئه‌و ئاسته‌ کۆنه‌ که‌ بۆته‌ مژار و ته‌وه‌ره‌ی چیرۆک و حه‌ماسه‌کانی مێزۆپۆتامیا!

2. هاڕپاگ:
 که‌سی دووهه‌مه‌ که‌ له‌ دژی ڕه‌گه‌ز و سه‌روه‌ری گه‌لی خۆیدا ڕۆڵی کاریگه‌ری بینیوه‌ و وه‌کوو "خایین" له‌ مێژووی کورددا شرۆڤه‌ ده‌کرێت. هارپاگ له‌ ساڵی 549 پ.ز. دا‌ ده‌ستی ناوه‌ته‌‌ نێو ده‌ستی سپای کوروشی پارسیه‌وه‌ و له‌ دژی 'ئاژیدێهاک" ی شای ماده‌کان، کوده‌تای سه‌ربازی کردووه‌. هاڕپاگ فه‌رمانده‌یه‌کی سه‌ربازی بووه‌ له‌ کاخی ئاژیدێهاک دا و ئه‌رکی پاراستنی شای له‌ سه‌ر شان بووه‌. به‌ڵام نه‌ک هه‌ر شا و پێگه‌ی مادی نه پاراستووه‌ به‌ڵکوو خیانه‌تی لێکردووه‌ و ده‌ست له‌ ناو ده‌ستی ئه‌ڕته‌شی پارس له‌ دژی ئێمپراتوری کوردی کوده‌تای سه‌ربازی کردوه‌‌. هێرۆدۆت له‌ په‌ ر‌توکه‌که‌ی دا‌ باسی ئه‌و مژاره‌ ده‌کات و دەڵێ کاتێک که‌ ئاژیدێهاک ئه‌و خیانه‌ته‌ی له‌ هارپاگ بینی کوتی: "ئه‌ی خایین، مادام که‌ منت له‌ سه‌ر تاج و ته‌ختی پاشایه‌تی لا ده‌برد، بۆچی ده‌سه‌ڵاتت دایه‌ ده‌ستی حه‌رامزاده‌یکی پارسی؟ لانی که‌م بۆخۆت ده‌سه‌ڵاتت له‌ده‌ست گرتایه‌، بۆچی ده‌سه‌ڵاتت پێشکه‌ش به‌ پارسه‌کان کرد؟ لانی که‌م ئیزنی ئه‌وه‌ت دابایه‌ که‌ ده‌سه‌ڵات له‌ ده‌ستی ماده‌کان دا مابایه‌وه‌."
ئه‌م پێشهاته‌‌‌ مێژووییانه‌‌ هه‌موو گوزاره‌ له‌و ڕاستیه‌ تاڵه‌ ده‌که‌ن که‌ چه‌مکی خیانه‌ت له‌ نێو کورداندا به‌ هه‌زاران ساڵ کۆنه‌ و‌ له‌ درێژایی مێژووی ئێمه‌دا به‌رده‌وام دوباره‌ بۆته‌وه‌.

3. مەلا خه‌تێ:
وه‌کوو که‌سی سێهه‌می نوێنه‌ری چه‌مکی خیانه‌ت ده‌کرێ بنرخێندرێت. مه‌لا خه‌تێ که‌سێک بوو که‌ شۆڕشی میر محه‌مه‌دی ڕەواندزی له‌ بار برد. میر محه‌مه‌دی ڕه‌واندز له‌ کۆتایی سه‌ده‌ی نۆزده‌دا ڕاپه‌ڕی و توانی زیاترین به‌شی کوردستان ئازاد بکات. بۆ پاراستنی ئه‌و ده‌ستکه‌وته‌ میر محه‌مه‌د ئه‌رته‌شی 150 هه‌زار که‌سی ئاوا کرد و بۆ یه‌که‌م جار له‌ مێژووی کورددا توانی کارخانه‌ی تۆپسازی دروست بکات. به‌ڵام مه‌لایه‌کی کورد به‌ نێوی "مه‌لا خه‌تێ" له‌ لایه‌ن خه‌لیفه‌ی عوسمانیه‌وه‌ به‌کرێده‌گیرێ، به مه‌به‌ستی‌ له‌بار بردنی شۆڕشی کوردی فتوایه‌ک تۆمار ده‌کا. مه‌لا خه‌تێ ده‌ڵێ، هه‌ر کوردێک له‌گه‌ڵ خه‌لیفه‌ی موسوڵمانان شه‌ڕ بکا، کافره‌ و ئه‌گه‌ر بمرێ ناچێ بۆ به‌هه‌شت!!

سه‌ربازانی ئه‌رته‌شی کوردستانیش که‌ ئه‌و فتوایه‌ ده‌بیستن و به‌و پێیه‌ی که،‌ چوون بۆ به‌هه‌شتی پڕ له‌ حۆری، بۆیان زۆر گرینگتره‌ له‌ ئازادی کوردستان و نیشتمانی کوردی، ئاشبه‌تاڵی ده‌که‌ن و هیچ شوێنه‌وارێک له‌ ئه‌رته‌شی150 هه‌زارکه‌سی کوردستان به‌جێ نامێنێ. میر محه‌مه‌دیش که‌ وه‌کوو سه‌رۆکی شۆڕشی کوردی به‌ ته‌نیا ده‌مێنێته‌وه‌، بارگه‌وبنه‌که‌ی ده‌پێچێته‌وه‌ و به‌ره‌وه‌ ئیستانبوڵ به‌ڕێده‌که‌وێ و خۆی ته‌سلیمی ئه‌و "خه‌لیفه‌ی موسوڵمان" انه‌ ده‌کات، که‌ به‌‌ پێی فتواکه‌ی مامۆستا مه‌لا خه‌تێ، شه‌ڕ له‌ دژی وی حه‌رامه‌. به‌ڵام هه‌ر ئه‌و خه‌لیفه‌یه‌ی که‌ شه‌ڕ له‌ دژی وی حه‌رامه‌ و سێبه‌ری خودایه‌ له‌سه‌ر زه‌وی، ده‌ست به‌جێ میر محه‌مه‌د ده‌گرێ و له‌ سێداره‌ی ده‌دا و هیچ خه‌به‌رێک نه‌ له‌ حۆری به‌ڵێنیپێدراو ده‌مێنێ و نه‌ له‌ به‌هه‌شت!!

4. زیا گۆک ئاڵپ:
چواره‌م که‌س که‌ مۆری خیانه‌تی وی له‌سه‌ر مێژووی کورد ناسردرێته‌وه‌ "زیا گۆک ئاڵپ" ه‌. زیا گۆک ئاڵپ که‌ وه‌کو باوکی ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه‌ی تورکی و ڕه‌وتی فاشیزمی تورکیه‌ ده‌ناسرێ، کوردێکی دیاربه‌کرییه‌. به‌ڵێ... ئاکاده‌میه‌کی کورد خه‌ڵکی شاری دیاربه‌کر، باوکی ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه‌ و فاشیزمی تورکه‌... ئه‌م دیارده‌ تاڵ و ناشیرینه‌ له‌ مێژووی هیچ گه‌لێکدا نه‌بیندراوه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وە هه‌ر ئێستاش و له‌ دۆخی هه‌یی کوردی ده‌ربه‌ده‌ر دا، زیا گۆک ئاڵپه‌کان له‌ناو کورداندا هه‌ن و له‌ پێناو داکه‌وتن و له‌ دژی سه‌روه‌ری و به‌ پێگه‌ گه‌یشتنی کورددا، ده‌ستیان له‌ناو ده‌ستی دوژمن و نه‌یاری کورد دایه‌!

زیا گۆک ئاڵپ په‌رتوکێکی هه‌یه‌ به‌ناوی "پرێنسیپی تورک بوون"، که له‌ ساڵی 1919 دا له‌ چاپی داوه‌. ئه‌و په‌رتوکه‌ ده‌بێ به‌ بنه‌ما بۆ زۆرینه‌ی فاشیسته‌کانی تورکی که‌ بۆ له‌ ناوبردنی کورد هه‌موو کارێکی بێ ئه‌خلاقی و دوور له‌ مرۆڤایه‌تیان کردووه‌.

به‌‌ مه‌به‌ستی قووڵبوونه‌وه‌ له سه‌ر مژاری کورد ناسین و به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاستی زانیاریمان له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌، خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و په‌رتوکه‌ی زیا گۆک ئاڵپ پێشنیار ده‌که‌م. له‌و په‌رتوکه‌دا نووسه‌ر ده‌ڵێ: نه‌ته‌وه‌ ئه‌وکه‌سانه‌ نین که‌ مێژوو، زمان یان کلتورێکی وه‌کهه‌ڤیان هه‌یه‌، به‌ڵکوو نه‌ته‌وه‌ ئه‌وکه‌سانه‌ن که‌ په‌روه‌رده‌یه‌کی وه‌کهه‌ڤیان پێده‌گا! مه‌به‌ستی زیا گۆک ئاڵپ له‌وه‌دایه‌ که‌ ئه‌گه‌ر کورد په‌روه‌رده‌یه‌کی وه‌ک تورکی پێبگا، ئه‌وکاته‌ کوردیش ده‌بێته‌ تورک.‌ ڕوانگه‌ی زیا گۆک ئاڵپ گوزاره‌ له‌ ڕاستی ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه‌ی تورک داکا وهه‌تا زیا گۆک ئاڵپ نه‌خوێنینه‌و و لێی تێنه‌گه‌ین،‌ ناتوانین ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه‌ی تورک به‌ باشی بناسین. له‌ ناو لێکدانه‌وه‌ و بیرکاری فاشیستی تورکدا، کوردبون ده‌شۆرێته‌وه‌ به‌و مه‌رجه‌ی که‌ کورد، په‌روه‌رده‌یه‌کی وه‌کوو تورکی پێ بگا! سیستێمی ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه‌ی تورک له‌ سه‌ر ئه‌و ڕوانگه‌یه‌ دامه‌زراوه‌ و پێویسته‌ به‌ باشی شرۆڤه‌ی له‌ سه‌ر بکرێ و چاک مایه‌ی تێگه‌یشتن بێ!

ئه‌وه‌ی که‌ جێگای سه‌رنجه‌ و پێویسته‌ ئاماژه‌ی پێبکرێ ئه‌وه‌ی‌ که‌ هه‌ندێک سیاسه‌توانی کورد، به‌ بێ ناسین و شرۆڤه‌کردنی ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه‌ی تورک و به‌ بێ تێگه‌یشتن له‌ چه‌مکی زیا گۆک ئاڵپ، ده‌ڵێن با ئه‌ردۆغان "ته‌شویق" بکه‌ین..!!

ئه‌ڵبه‌ت له‌بیرمان نه‌چێ که‌ چه‌مکی خیانه‌ت له‌ مێژووی گه‌ڵانی تری دونیاشدا به‌دی ده‌کرێ. بۆ وێنه‌، ئیرله‌ند. له‌ سالی 1169 دا که‌سێک به‌ ناوی "دیرمه‌د مه‌ک مۆڕا" که‌ یه‌کێک له‌ چوار سه‌رۆک عه‌شیره‌کانی ئیرله‌ندی ده‌بێ، به‌ پێی ئه‌وه‌ی که‌ له‌ شه‌ڕی دژی عه‌شیره‌کانی تری ئیرله‌ندیدا شکەست ده‌خوا، ده‌چێ بۆ ئینگلیس و پاشای ئینگلیسی به‌ ناوی هێنری دوهه‌م "بانگێشتن" ی هێرش کردن ده‌کا بۆ سه‌ر ئیرله‌ند. دیرمه‌د مه‌ک مۆڕای ئیرله‌ندی، داوا له‌ هێنری دوهه‌می ئینگلیسی ده‌کات که‌ هێرش بێنێ بۆ سه‌ر ئیرله‌ند و عه‌شیره‌کانی تری ئیرله‌ندی له‌ ناو به‌رێ. دیرمه‌د به‌ڵێنی هالیکاری به‌ شای ئینگلیسی ده‌دات به‌و مه‌رجه‌ی که‌ ئه‌گه‌ر کاتێک هێنری دوهه‌م له‌ ئیرله‌ند جێگیر بوو، ئه‌ویش ده‌بێ به‌ پێگه‌ی سه‌رۆک عه‌شیره تی خۆی بگاته‌وه‌. ئه‌رته‌شی ئینگلیسیش له‌ ساڵی 1169 زاینی دا هێرش ده‌به‌نه‌ سه‌ر ئیرله‌ند و داگیری ده‌که‌ن و هه‌تا ساڵی 1922 له‌و وڵاته‌ ده‌مێننه‌وه‌ و ئێستاش باکووری ئیرله‌ندیان چۆل نه‌کردووه‌.

واتە چه‌مکی خیانه‌ت له‌ لایه‌ن سه‌رۆکی عه‌شیره‌تێکی ئیرله‌ندیه‌وه‌ بووبه‌ هۆکاری داگیرکردنی ئه‌و وڵاته‌ له‌ لایه‌ن ئینگلیسه‌وه‌. به‌ڵام ئه‌و که‌سه‌ی که‌ شای ئینگلیسی "بانگێشتن" ی هێرشکردنی سه‌ر ئیرله‌ند کرد، "دیرمه د مه‌ک مۆڕا"، سه‌رۆک عه‌شیره‌تێک بو، ساڵی 1169 بو! به‌ڵام که‌سێکی وه‌کو "زیا گۆک ئاڵپ" که‌سێکی ئاکادێمی، تێۆریسیه‌ن، و نووسه‌ر له‌ مێژووی هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌کدا، یان من نه‌مدیوه‌، یان به‌دی ناکرێ! یانی باوکی ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه‌ی ئاڵمانی، که‌سێکی فه‌ڕانسه‌وی نییه‌، تێۆریسیه‌نی ناسیۆنالی فه‌رانسه‌وی که‌سێکی باسك نییه‌، باوکی ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه‌ی ئیسپانیایی، که‌سێکی کاتالان نییه‌، داڕێژه‌ری ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه‌ی فارس، که‌سێکی عه‌ڕه‌ب نییه‌، به‌ڵام تیۆریسیه‌نی سه‌ره‌کی ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه‌ی تورک و فاشیسمی تورکی، کوردێکه‌...!! هه‌ندێک له‌سه‌رچاوه‌کان ده‌ڵێن که‌ ده و‌له‌ت باخچه‌لی، سه‌رۆکی فاشیسته‌کانی ئێستای تورکیه و پارتی (م.ه.پ)ه‌ش کورده‌! ئه‌ودیارده‌یه‌ هه‌ر له‌ نێو کورددا به‌دی کراوه‌!!

5. عیسمه‌ت ئینینۆ:
پێنجه‌مین که‌س که‌ له‌و بابه‌ته‌دا وه‌ک نوێنه‌ری چه‌مکی خیانه‌ت ده‌شتنیشانی ده‌که‌م، عیسمه‌ت ئینینۆیه‌ که‌ له‌ ساڵی 1923 و له‌ کۆنفڕانسی‌ لۆزاندا وه‌کوو نوێنه‌ری کورد به‌شدار بوو به‌ڵام نه‌ته‌نیا خزمه‌تی به‌ کورد نه‌کرد به ڵکوو بووبه‌ هێمای خیانه‌ت و هه‌وێنی به‌دبه‌ختی و نه‌دامه‌تی بۆ گه‌لی کورد. هه‌رچه‌ند په‌یماننامه‌ی سیڤه‌ر دانی به‌ مافی چاره‌سه‌ری بۆ کورد دانابوو، وه‌ به‌ پێی بڕگه‌ی 62-64 کورد ده‌یتوانی سه‌ربه‌خۆبێ ئه‌گه‌ر بیهه‌وێ، به‌ڵام عیسمه‌ت ئینینۆ له‌ کۆنفڕانسی لۆزاندا بۆ جارێکی تر خه‌نجه‌ری خیانه تی له‌ کورد دا. له‌و کۆنفڕانسه‌دا عیسمه‌ت ئینینۆ به‌ جل و به‌رگی کوردیه‌وه‌ به‌شداری کرد و کوتی که‌ گه‌لی کورد و تورک بران، کورد نایهه‌وێ له‌ تورکیه‌ جیا بێته‌وه‌، هه‌ردوو گه‌لی کورد و تورک هاووڵاتی تورکیه‌ن و له‌ناو ده‌وڵه‌ت-نه‌تەوه‌ی تورکدا مافیان پارێزراوه‌. ئه‌وه‌ بێخه‌به‌ر له‌وه‌ی که‌ پانێنی ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه‌ی تورک له‌سه‌ر ڕوانگه‌ی زیا گۆک ئاڵپ دامه‌زراوه‌!
ئه‌وه‌ی که‌ لێره‌دا جیگای شرۆڤه‌ کردنه‌ و پێویسته‌ بیرکاری تایبه‌تی له‌سه‌ر بکردرێ ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئایا گه‌لی ئێمه‌ و ته‌ڤگه‌ری ئازادیخوازمان توانیوێتی خۆی له‌ده‌ست چه‌مکی (ا.ه.م.ز.ع) ه‌کانی سه‌رده‌م ده‌رباز بکا، یان ئه‌وه‌ی که‌ هه‌نوکه‌ش ئه‌و ڕه‌وته‌ هه‌بوونی هه‌یه‌ و له‌ ژێر ناوی کورددا، هه‌رچی به‌رژه وه‌ندی کورده‌ نایپارێزێ و هه‌رچی گوزاره‌ له‌ نرخه‌ نه‌ته‌وایەتییه‌کانمان ده‌کات، له‌ لایه‌ن ئه‌وانه‌وه‌ پێشێل ده‌کرێ.
هه‌موو به‌ڵگه‌کان گوزاره‌ له‌و ڕاستییه‌ ده‌که‌ن که‌ (ا.ه.م.ز.ع) ه‌کانی سه‌رده‌م هه‌نوکه‌ و له‌ دۆخی فره‌ هه‌ستیاری هه‌ییشدا درێژه‌یان به‌ هه‌بوونی خۆیان داوه‌ و بوونه‌ته‌ له‌مپه‌ری سه‌ره‌کی سه‌رکه‌وتنی کورد و بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌ تاکه‌که‌سی و عه‌شیره‌ییه‌کانی خۆیان لوتکه‌ی قه‌یرانی ئه‌خلاقیان پێواوه‌. (ا.ه.م.ز.ع) ه‌کانی سه‌رده‌م کاتێک که‌ سه‌رده‌انی داگیرکه‌رانی کوردستان له‌ تورکیه‌ ده‌که‌ن، ئازادی کوردستان وه‌کوو خه‌ونی شاعیرانه‌ ناوزه‌د ده‌که‌ن و کاتێک که‌ نوێنه‌رێکی داگیرکه‌ران له‌ ئێرانه‌وه‌ سه‌ردانیان دکات، پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) وه‌کوو تێرۆریست ده‌ناسێنن.

گەلۆ (ا.ه.م.ز.ع) ه‌کانی سه‌رده‌م ئه‌و پرسیاره‌یان له‌ خۆیان کردووه‌ که‌ خۆ به‌که‌م زانین، نامۆ بوون له‌گه‌ڵ خۆ، خۆ شیرین کردن، خه‌نجه‌ر له‌ خۆ دان و خزمه‌تکاری بۆ داگیرکه‌ر ئاستی هه‌یه‌ و له‌به‌رچاوگرتنی هه‌ندێک له‌ پێوانه‌کانی ئه‌خلاقی ماندووبوونێکی ئه‌وتۆی ناوێ؟ ئه‌و پرسیاره‌یان له‌ خۆیان کردووه‌ که‌ پژاک یان پ.ک.ک کێن و ئامانجی به‌رخۆدانیان چییه‌؟

ئه‌و کاته‌ی که‌ ڕێژه‌ی ته‌قینه‌وه‌کان له‌ که‌رکوک به‌شێوازێکی به‌ره‌وزۆرچوانه مه‌ترسی خستبۆ دڵی هه‌ر کوردێکی وڵات پارێزه‌وه‌، سه‌رۆکی پژاک، رێزدار حاجی ئه‌حمه‌دی له‌ کۆنفڕانسێکدا کوتی: ئه‌گه‌ر داگیرکه‌ران له‌ که‌رکوک شه‌ڕ و ئاژاوه‌ پێشبخه‌ن و ئاراسته‌که‌ به‌ره‌وه‌ شه‌ڕی کورد و عه‌ڕه‌ب به‌رن، به‌ بێ ئه‌وه‌ی که‌ ئێمه‌ ده‌ستێوه‌ردان له‌ کار و باری هه‌رێمی كوردستاندا بکه‌ین، هێزه‌کانی پژاک له‌ به‌ره‌ی پێشه‌وه‌ی هێڵی پاراستنی که‌رکوک دا، کوردستان ده‌پارێزن...
له‌ وتووێژێک له‌ گه‌ڵ ڕۆژنامه‌ی "الشرق الوسه‌ت" دا، شێرزادی که‌مانگر ئه‌ندامی کۆردیناسیۆنی پژاک، کاتێک که‌ له‌سه‌ر توندوتیژیه‌کانی ئێراق و داهاتوی کورد له‌ باشوردا و کاردانه‌وه‌ی ئه‌وان وه‌کو پژاک پرسیاری لێده‌کرێ، ده‌ڵێ، بۆ مه‌گه‌ر ئێمه‌ دێلێن هه‌ڵه‌بجه‌یه‌کی تر له‌ کوردستاندا دوباره‌ بێته‌وه‌؟؟ چۆن ئێمه‌ ده‌توانین دانیشین و ده‌ست له‌سه‌ر ده‌ست دانێین و داگیرکه‌رانی کوردستان هه‌ڵه‌بجه‌یه‌کی تر له‌ کوردستان دوباره‌ که‌نه‌وه‌؟!
ئه‌وه‌ش ڕاستی ئه‌و هێزه‌یه‌ که‌ بۆته‌ هیوای گه‌لی کورد و، گه‌لی ئێمه‌ له‌ هه‌ر چوار پارچه‌ی کورستان به‌بێ فه‌رق و جیاوازی له‌ هه‌ر چه‌شنه‌ ئه‌گهرێکی هێرشکاریدا ده‌پارێزێ! ئه‌وه‌ش ڕاستی ئه‌ هێزه‌یه‌ که‌ (ا.ه.م.ز.ع) ه‌کانی سه‌رده‌م بۆ خۆش خزمه‌تی به‌ داگیرکه‌رانی کوردستان پێشکه‌ش به‌ نوێنه‌رێکی داگیرکه‌ری ده‌که‌ن!‌‌

به‌ڵام گه‌لۆ...(ا.ه.م.ز.ع) ه‌کانی سه‌رده‌م هیچ ده‌زان که‌ ئه‌گه‌ر پژاک و پ.ک.ک نه‌بایه‌ن، هه‌ر ئه‌و داگیرکه‌ره‌ی که‌ ئه‌وان له‌ باوه‌شی ده‌که‌ن و بۆ خۆ شیرین کردن و ده‌ڕبڕینی هه‌ستی خۆشخزمه‌تیان، پژاکی وه‌کو تێرۆریست بۆ به‌ ناوزه‌د ده‌که‌ن، هه‌ر ئه‌و داگیرکه‌رانه‌ که‌رکوک و هه‌ولێریان بۆ ده‌کردن به‌ ڕۆمادی و فه‌لوجه‌ و ته‌نانه‌ت پێگه‌و هه‌بوونی ئه‌وانیشیان ده‌خسته‌ ژێر مه‌ترسی‌ هێرشی خۆیانه‌وه‌؟

ئه‌گه‌ر (ا.ه.م.ز.ع) ه‌کانی سه‌رده‌م، به‌ نوێنه‌رایه‌تی خۆیان و هه‌ڵوێستی عه‌شیره‌یی خۆیانه‌وه‌ پژاک تێرۆریزه‌ ده‌که‌ن، ئه‌وه‌ جێگای ڕه‌خنه‌ نییه‌! به‌ڵام ئه‌گه‌ر وه‌کوو نوێنه‌ری کورد و له‌ سه‌ر بنه‌مای خوێنی شه‌هیدان و ئه‌نفال کراوان و ئاهی دڵی دایکانی له‌ سێداره‌دراون و ناڵه‌ی منداڵه‌ بێ سه‌رپەناکانه‌وه‌ له‌و چه‌شنه‌ هه‌ڵوێستانه‌ ئاراسته‌ی ڕای گشتی ده‌که‌ن، ئه‌وه‌ ئیتر بڕینی هێڵی سووره‌ و پێوانی لوتکه‌کانی بێ ئه‌خلاقی و بێ پرێنسیپی و پێچه‌وانه‌ کردنی که‌رامه‌ت و ڕێزی کوردانه‌... زۆر جێگای داخه‌ که‌ گه‌لی ئێمه‌، به‌ تایبه‌تی گه‌لی ئێمه‌ له‌ باشووری کوردستان که‌ زیاتر له‌ چه‌ند سه‌ده‌یه‌ له‌ خه‌بات و تێکۆشاندایه‌، هه‌له‌بجه‌ و کیمیابارانی بینیوه‌، بانگه‌وازێکی چه‌وت و بێ بنه‌مای له‌و چه‌شنه‌ی به‌ گۆێ ده‌گا.

(ا.ه.م.زی.ع) ه‌ کانی سه‌رده‌م ئه‌وه‌ی که‌ ده‌بێ نه‌کرێ و تابۆیه‌، له‌ پێناو پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی تا‌که‌که‌سی و عه‌شیره‌یی خۆیاندا ئه‌نجامی ده‌ده‌ن، ئازادکه‌رانی تارق ره‌مه‌زانه‌کان و گرینۆکانی سه‌ر گۆڕی خومه‌ینی (خومه‌ینیه‌ک که‌ له‌ دژی کورد بانگه‌شه‌ی جیهادی کرد)، ئه‌وه‌ی که‌ گوزاره‌ له‌ سه‌ربه‌رزی و شیاوی گه‌لی کورد بکا، پێشێلیان کردووه‌ و ڕۆژ له‌گه‌ڵ ڕۆژ با‌زنه‌ی هێزی ناڕه‌وای خۆیان به‌ سه‌ر گه‌لدا به‌رفراوانتر ده‌که‌ن و کۆمه‌ڵگایان له‌ جه‌وهه‌ره‌ی خۆی بەتاڵ کردۆته‌وه‌... ده‌چنه‌ تورکیه‌، ئازادی کوردستان وه‌کوو خه‌ون ده‌شوبهێنن و ته‌ڤگه‌ری ئازادیخوازی کورد وه‌کوو تێرۆریست ناوزه‌د ده‌که‌ن، نوێنه‌رێکی ده‌وڵه‌تێکی داگیرکه‌ری کوردستان سه‌ردانیان ده‌کا، پژاکی به‌ قوربان ده‌که‌ن...

دیاره‌ که‌س ناڵێ له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ پەیوه‌ندی دیپلۆماسی نه‌بێ و ئه‌وه‌ش مافی خۆیانه‌. به‌ڵام هه‌ر وه‌کوو ڕێزدار مه‌حمود عوسمان کوتی هیچ کوردێک مافی ئه‌وه‌ی نییه‌ له‌ سه‌ر حیسابی کوردێکی تر، له‌گه‌ڵ داگیرکه‌رانی کوردستاندا پەیوه‌ندی هه‌بێ.... ئه‌وه‌ با وه‌کوو هێڵی سوور بۆ "هه‌موو" لایه‌نه‌کانی کوردی ده‌ستنیشان بکرێ و بڕینیشی با هه‌ر تابۆ بێت!

له‌ 24 وڵاتی عه‌ڕه‌بی دونیا و له‌ نێو ئه‌و هه‌موو سیاسه‌تمه‌داره‌ عه‌ڕەبه‌ی دونیای ئه‌وڕۆدا، ئه‌گه‌ر ته‌نیا یه‌ک وڵات ڕێکخراوه‌ی 'حه‌ماس" ی به‌ تێرۆریست ناوزه‌دکرد، ئه و‌جار با تۆش پژاک یان پ.ک.ک به‌ تێرۆریست بناسێنی. (هه‌ر چه‌ند جیاوازیه‌کی زۆر به‌رچاو له‌ نێوان ته‌ڤگه‌ری ئازادیخوازی کوردی و "حه‌ماس" هه‌یه‌)

ئه‌گه‌ر چه‌مکی (ا.ه.م.ز.ع) ی، له‌ ناو هه‌ناوی، به‌ ناو سیاسه‌توانی کوردی دا جێگیر نییه‌، ئه‌گه‌ر هێڵی فکری زیا گۆک ئاڵپ له‌ ناو بیرۆکه‌ی به‌ ناو سه‌رکرده‌ی کورددا گه‌شه‌ی نه‌سه‌ندووه‌، ئه‌دی بۆچی 'حه‌ماس" ێک، که‌ هیچ باوه‌ڕی به‌ بوونی ئیسرایل نییه‌ و ده‌خوازێ له‌ ناوی به‌رێ و له‌ نێوان خه‌ڵکی سڤیل و هێزی سه‌ربازی ئیسرائیلیدا هیچ جیاوازییەک‌ دانانێ، به‌ڵام بۆچی سیاسه‌توان و وڵاتی عه‌ڕه‌بی به‌ تێرۆریستی ناناسێنن و ته‌نانه‌ت ده‌شیپارێزن‌، به‌ڵام پژاک و پ.ک.ک، که‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ بانگه‌وازی چاره‌سه‌ری ئاشتیانه‌ی کێشه‌ی کورد ده‌که‌ن، بۆچی به‌ناو سه‌رکرده‌ی کورد، ده‌بێ به‌ تێرۆریستی بناسێنن؟
پێویسته‌ گه‌لی ئێمه‌ له‌ باشوور له‌ هه‌مبه‌ر ڕه‌وتی ڕه‌ش و چه‌مکی (ا.ه.م.ز.ع) ه‌کانی سه‌رده‌م، له‌ هه‌مبه‌ر چه‌مکی ئانکیدۆکانی ئه‌م سه‌ده‌یه‌، هارپاگه‌کانی هه‌یی، مه‌لا خه‌تێکانی هه‌نوکه‌، خوێنکارانی مه‌کته‌بی زیا گۆک ئاڵپ و عیسمه‌ت ئینینۆ کانی ئێستادا بێ ده‌نگ نه‌بن و هه‌ڵوێستی شیاوای ئازادیخوازانه‌ی خۆیان ده‌ڕبڕن!

[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە