گەمەی سیاسی حیزبەکان و چارەنووسی کورد
Tuesday, 26/04/2011, 12:00
کورد یەکێک لە نەتەوە کۆنەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە کە تاکو ئێستا نەیتوانیوە بگاتە رزگاری و سەربەخۆیی ودەوڵەتی نەتەوەیی خۆی پێک بێنێت.نەگەییشتنی کورد بە ئامانج وئارەزووەکانی ودامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ و نەتەوەیی خۆی لە ناو جوگرافیای سیاسی ناوچەکەدا، دەگەڕیتەوە بۆ چەندین هۆکاری دەرەکی و ناوخۆ کە لە لایەن زۆرێک لە مێژوو نووسان و چاودێرانی سیاسی یەوە ئاماژەی پێ کراوە و خراوەتە بەر باس و لێکدانەوەوە، هەر بۆیە بە پێویستی نازانم بچمە سەر باسکردنەوەی هەموو ئەو هۆکارانە و سەر لە نوێ دەستنیشانکردنەوەیان، چونکە هۆکارەکان بۆ هەموو کوردێک ناسراو و دیار و ئاشکران.
گەلی کورد بە درێژایی مێژووی دوو سەدەی ڕابردوو، بەردەوام، بۆ گەییشتن بە بووکی ئازادی و دەرچوون لە ژێردەستی وچەوسانەوە تێکۆشاوە و خەباتی کردووە ولەو پێناوەدا گەلێک قوربانی وفیداکاری بێ وێنەی لە خۆی نیشان داوە، بەڵام ئەنجامی زۆرێک لە خەبات و شۆڕشەکانی ناکامی وبە فیڕۆچوونی خەبات و خوێن وقوربانی یە کان بووە وگەڕانەوەی بۆ خاڵی سەرەتا. مێژووی گەلی کورد مێژوویەکە پڕە لە دڵسۆزی و فیداکاری و وەفاداری ڕۆڵەکانی بۆ ڕزگاری لە چنگ داگیرکەران وگەییشتن بە سەربەستی وئازادیی نەتەوە ونیشتمان. کەم نەتەوە هەیە کە وەکو کورد لە پێناو گەل و وڵاتەکەی دا ئەوەندە قوربانی وفیداکاری لە خۆی نیشان دابێت و بۆ گەییشتن بە ژیانێکی سەربەرزانە بێ وچان لە مەیدانی شۆڕش وخەباتکردندا بووبێت، کەچی پاش ئەو هەمووە شۆڕش و خەبات و فیداکاری وقوربانی یە، هێشتا نەیتوانیوە بووکی ئازادی وسەربەخۆیی نەتەوە ونیشتمانەکەی لە باوەش بگرێت وببێتە خاوەنی وڵات و کەیانی نەتەوەیی و سیاسی خۆی!
وەک لە سەرەوە ئاماژەم پێکرد هۆکارەکان زۆرن وهەندێکیان هۆکاری دەرەکی و هەندێکیان هۆکاری ناوخۆیین و ئەوەی کەمێک ئاگاداری مێژوو بێت، دەیانناسێت و پێویست بە دەستنیشانکردن ناکەن، بەڵام ئەوەی زیاتر مەبەستی منە لەم وتارە کورتەدا کە ئاماژەی پێ بکەم دەور وڕۆڵی سەرۆک و سەرکردە حیزبی و سیاسی یەکانی بزووتنەوەی رزگاریخوازانەی گەلی کوردە، کە چۆن بەرژەوەندی یە شەخسی و بنەماڵەیی یەکانیان و نەبوونی دووربینی سیاسی ونەتەوەیی ونیشتمانی یان، بەرهەمی خوێن وخەباتی ڕۆڵە فیداکارەکانی گەلەکەیانی داوەتە باو هەموو جار ڕیسەیان لێکردووینەتەوە بە خوری ودەیان ساڵ بۆ دوایان بردووینەتەوە.
سەرکردەی سیاسی و رێبەری بزووتنەوەی ئازادیخوازانە دەبێ خاوەنی دەور و ڕۆڵی پۆزەتیڤ و بنیاتنەرانە ومەکۆی کۆکردنەوەی چین و توێژە کۆمەڵایەتی یە جیاوازەکانی ناو کۆمەڵگاکەی بێت وببێتە بزوێنەر ودینەمۆی هەموو هێز و تواناکانی تاکەکانی ناو ڕیزەکانی گەلەکەی وتەوژمی خەبات وتێکۆشانی نەتەوەکەی بە تین وگەرمتر بکات، نەوەک ببێتە هۆکاری داڕمانی دیواری یەکڕیزی ودابەشکردنی هێز وتوانا فراوانەکانی تاکەکانی کۆمەڵەکەی وبە فیڕۆدانی وزە ولێهاتوویی یەکانیان و دڵساردکرنەوەی گەل وشادکردنی دڵی دوژمنان.
مەبەستی من ئەوە نیە کە خاڵێکی ڕەش بە سەر کارەکتەری شۆڕشگێڕانەی هەموو سەرکردە ورێبەرانی مێژووی ڕزگاریخوازانەی کورد دا، بکێشم وحاشا لە ڕوڵی پۆزیتیڤانە ودەوری ئەوان بکەم لە بەرەوپێشبردنی بزاف وجووڵانەوە ئازادیخوازانەکانی گەلی کورددا، هەموو لایەک دەزانن کە هەندێک لە رێبەرانی جووڵانەوەکانی کورد بە پێی توانا وهەل ومەرجی گونجاوی وەخت، دەوری باشی خۆیانیان گێڕاوە لە هۆشیارکردنەوەی گەلەکەیان دا وپەرەپێدانی بیرو ویستی رزگاری نەتەوەیی و زیندوو ڕاگرتنی ناوی کورد وکوردستان دا.چەندێک ئەوە ڕاستە و کەس ناتوانێت حاشای لێبکات، ئەوەش دەبێ بزانین کە لە ناو مێژووی خوێناوی وئازادیخوازانەی نەتەوەی کورد دا، سەرکردە وڕێبەرانی بزووتنەوەکانی کورد بێ تاوان نەبوون ونین لە دابەشکردنی راپەڕین و هێز وتواناکان و تەنانەت خاک ونیشتمانی کورد دا.زۆر دوور نەڕۆین و تەنیا با بە چاوی کراوەوە بڕوانینە دەوری سەرکردە وڕێبەرانی نەتەوەی کورد لە چەند دەیەی ڕابردوو دا کە چۆن ریزەکانی گەلی کوردیان تێکداوە وتۆوی دووبەرەکی ودوژمنایەتی یان لە ناودا چاندووین وڕژاندنی خوێنی یەکتریان لە لا کرووینەتە ڕەوا. داهێنانی فەرهەنگی دژایەتی یەکتر کردن وبراکوژی ناو کۆمەڵگای ئەمڕۆی کوردی، بەرهەمی بیر وبۆچوونی خۆویستانە وبەرژەوەندی خوازانەی کەسانێکە کە خۆیان بە ئاڵا هەڵگری ئازادی وسەربەخۆیی کورد وکوردستان زانیوە و ئەزانن. مێژووی چەند دەیەی رابردووی پێوەندی یەکانی نێوان سەرکردە وپارتە سیاسی یەکانی کورد پڕیەتی لە ئەزموونی ڕەش و تاڵ و خوێناوی کە مایەی شەرم و ریسوایی یە بە ناوچاوانیانەوە ولە بیر وزەینی رۆڵەکانی کورد ناسڕێتەوە.ئەو لەکە ڕەشانەی ناو مێژووی شۆڕشە تازەکانمان کە بەرهەمی ئەقڵی سەرکردە کورت بینەکانی کوردستانە، زەمانێکی دەوێت تا زامەکانی ساڕێژ بێتەوە ولە مێشک و بیرەوەری رۆڵەکانی نەتەوەکەمان بسڕدرێتەوە وجێگای خۆی بگۆڕێت بە تەبایی وبرایی.
ئەمڕۆش دەبینین کە وانەکانی مێژوو نەبوونەتە پەند بۆ سەرکردەکانی کورد ودیسان ناکۆکی ونەسازان لە گەڵ یەکتریان هێناوەتەوە مەیدانی پێشبڕکێ وگەمە پڕمەترسی یە سیاسی یەکانیان و خەریکن چارەنووسی کورد دەسپێرن بە دەست قەدەر وئارەزووی نەگریس وچەپەڵی بەرژەوەندخوازانەیان و خەونی ئاسۆی دووری نەتەوە ونیشتمانیان نابینن کە دەریایەک خوێنی لە پێناودا کراوەتە قوربانی.جارێکی تر چارەنووسی کورد وکوردستان کەوتووەتە بەر هەڕەشەی ناکۆکی ویەکتر قبووڵ نەکردنی رێبەر وسەرکردەکانمان ونزیکە رەورەوەی خەباتەکەمان بۆ دوا بەرنەوە و شۆڕشە کەمان لە بار بەرنەوە وبمانگێڕنەوە بۆ خاڵی دەستپێک وسەرەتا..
سەرکردەی سیاسی دەبێت بیر وتێڕوانینەکانی ڕوون و فراوان بێت وبۆ ئاسۆی دوور بڕوانێت، نەک خەریکی بە فیڕۆدانی هێز وتواناکانی کۆمەڵگاکەی و کۆنە شەڕی بەرژەوەندی خوازانە بێت و چارەنووسی گەلەکەی بخاتە ناو گەمەی سیاسی و نادیاری پێوەندی یە ناسالمەکانی حیزب ورێکخراوە نابەرپرسیارەکانیەوە. رێکخستنی ناو ماڵی کورد وپێوەندی دروست وئاشتی یانەی نێو سەرکردە وحیزبە سیاسی یەکانی کوردستان، زامنی سەرکەوتنی گەلی کورد وگەییشتنیەتی بە ئازادی وسەربەخۆیی یەکجاری و پەرەسەندنی ئاشتی وبرایەتی راستەقینە لە هەموو ناوچە وپارچەکانی کوردستان دا.
هیوادارین سەرکردە سیاسی یەکانی کورد لە لاپەڕە تاڵ وماڵ وێرانکەرەکانی مێژووی کورد پەند و ئەزموون وەرگرن وبە هەستکردن بە بەرپرسیارێتی مێژوویی خۆیان هەستن ولەم قۆناخە ناسک وزێڕینەی ناوچەکەدا، دەور وڕۆڵی کاریگەر وپۆزەتیڤانەی خۆیان بۆ یەکخستنی خواست وئارەزووەکانی نەتەوەکەیان بگێڕن و رێگا نەدەن جارێکی تر هیوا وخەونەکانمان لە بار ببرێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست