خەباتگێڕان ناسنامەی زمان و کەلتوومانن

Monday, 20/12/2010, 12:00


بە درێژایی مێژووی گەلەکەمان، ئەوەی بووەتە مایەی مانەوەو زیندووراگرتنی زمان و کەلتووری نەتەوەییمان، خۆڕاگری و خەبات و بەربەرەکانی و فیداکاریی رۆڵە گیان لە سەر دەستەکانی نەتەوەکەمان بووە کە، لە سەردەمە جیاوازەکانی خەبات و شۆڕشی گەلەکەمان دا، بە پاکی و دڵسۆزی و ئەمانەتەوە گیانیان کردووەتە قەڵغانی پاراستنی گەل و نیشتمانەکەیان و ناسنامەی گەل و وڵاتەکەیان لە قۆناخە جیاجیاکانی مێژووی سوورمان دا، پاراستووە. ئەگەر بێین و بەراوردێک لە نێوان هێزی پۆشتەی دوژمنە داگیرکەرەکانی کوردستان وخەباتگێڕەکانی سەنگەری مانەوە و خۆڕاگری گەلی قارەمانی کورد دا بکەین، دەبینین کە دوژمنەکانمان خاوەنی ئیمکاناتێکی زۆری سەربازی و نیزامی بوونە و گەلی کوردیش, تەنیا چەکی بەربەرەکانیی، بریتی بووە لە هێزی گەل و باوەڕ بە رزگاری وسەربەستیی نەتەوە و نیشتمانەدیل و دابەشکراو ەکەی. پاکی وفیداکاریی دڵسۆزانە و باوەڕبە ڕزگاری خاک و نەتەوە ئەو هۆکارانەن کە توانیویانە ببنە هاندەری رۆڵەکانی ئەم گەلە چەوسێنراوە تا لە بەرامبەر دڕندەترین رژێم و داپڵۆسێنەرترین ماشێنی نیزامی و سەرکوتی داگیرکەران دا راوەستن و دیفاع لە مانەوە و زیندوو راگرتنی نیشتمان و نەتەوەکەیان بکەن. خەبات و فیداکاری رۆڵەکانی نەتەوەی کورد بە درێژایی مێژوو، رەمزی بەردەوامیی زمان و کەلتووری نەتەوەکەمانە. لە ناو گێژەڵووکی بەردەوامی ستەمی مێژوویی داگیرکەران دا، هەر قارەمانەتی و رۆ‌حی خۆ نەویستی ئەوانە کە ناو و ناوبانگی کورد و کوردستانی زیندوو و سەربەرز راگرتووە. خوێنی سووری شەهیدانی سەنگەری بەربەرەکانی و خەباتی رزگاریخوازانەمان بوونەتە چرای روونی شەوە تار ەکانی وڵات و ئەستێرەی درەوشاوەی دوارۆژی نەوە دوای نەوەی رۆڵەکانی کوردستانی دابەشکراومان وهاندەرمان بووە تالە ئاستی دوژمنەکانمان دا سەردانەنوێنین و ئاگری خەبات و شۆڕش خۆشتر بکەین وقەڵای ستەمی زۆردارانی پێ بسووتێنین.

رۆڵەی خەباتکاری کورد بەو ئاوات و ئارەزووانەوە رووی لە سەنگەری شۆڕش و خەباتی نەتەوایەتی ورزگاریخوازانە کردووە کە، داگیرکەرانی خاکەکەی لە وڵاتەکەی دەرکات و ژیانێکی ئازادو یەکسان لە گەڵ هاونیشتمانەکانی دا، لە سەر نیشتمانەکەی بە سەر ببات و وڵاتەکەی ئاوەدان بکاتەوە. لاپەڕەکانی ژیانی شۆڕشگێڕانەی گەلەکەمان شایەتی زۆرێک لەو ‌هەقیقەتانەیە کە رۆڵەکانی ئەم خاک و ئاوە چۆن دەستیان لە هەموو خۆشی یەکانی ژیانیان شۆردوە و سەر و ماڵ و گیانی خۆیانیان فیدای سەربەرزی و ئازادی گەل و وڵاتەکەیان کردووە. جێگای داخە لە مێژووی گەلەکەمان دا زۆر جار دیاردەیەکی ناشیرین لاپەڕەی پاکی فیداکاری و خەباتی گەشی رۆڵەکانی گەلەکەمانی لەکەدار کردووە، ئەویش دیاردەی ناتەبایی ناوخۆیی وشەڕی براکوژی یە لە نێوان ئەوانەدا کە لە پێناوی رزگاری و ئازادی کورد و کوردستان دا ، روویان لە سەنگەری خەبات کردووە.

ئەگەر چاوێک بە مێژووی رێکخراوە سیاسی یەکانی کوردستان دا بگێڕین، دەبینین پێوەندی ناسالمی ئەو رێکخراوانە لە گەڵ یەکتردا و یەکتر قبووڵ نەکردنیان لە مەیدانی کاری سیاسی دا و نەبوونی رۆحی هاوکاری و دڵسۆزی لە نێوانیان دا، کارێکی وای کردووە زۆر رووداوی ناخۆش لە نێوانیان دا روو بدات و زۆر رۆڵەی دڵسۆزی ئەم نیشتمانە ببێتە سووتەمەنی خەون و ئارەزووی ناحەزی سەرکردەو رێبەرەکانیان. رۆڵەی دڵسۆز و فیداکاری کورد لە هەڵگرتنی چەکی پێشمەرگایەتی ئامانجی ئەوە بووە کە گەلەکەی لە کۆت و بەندی ژێر دەستیی داگیرکەران رزگاری بێت و بە سەربەرزی و ئازادی لە سەر خاک و نیشتمانەکەی خۆی بژی، نەک بکرێتەئامرازی حەز و ئارەزووی سەرکردەی خۆپەرست و بێ باک لەدەرد و ژانی کۆمەڵگا.

ئەزموون وەرنەگرتن لەرووداوەکانی رابردووی مێژووی گەلەکەمان دەردێکی سامناک و کوشندەیە. هۆکاری دیلی و رزگار نەبوونمان لە کۆت و بەندی داگیرکەران لە چەرخەکانی رابردوودا،ئەوەندەی پێوەندی بە دڵڕەقی وسەرکوتی بێ بەزەیی یانەی داگیرکەرانی نیشتمانەکەمانەوە بووە، زیاتر ناکۆکی و پێکەوە نەسازانی پێکهاتەکانی ناو کۆمەڵگاکەمان و رێبەرە بە ناو سیاسی یە ناکۆکەکانمان بووە. ئەگەر ئێستاش پاش ئەو هەمووە خەبات و خوێنە گەشە رژاوانە دەسبەرداری ناکۆکی و خۆ خۆری و براکوژی یەکانمان نەبین، دەبێ دڵنیا یبن هەر لە ناو بازنەی رووداوە تاڵەکانی مێژووی ناخۆشی رابردوومان دا، دەخولێینەوە و بە ئامانجەکانمان، کە رزگاری نەتەوە و نیشتمانەکەمانە، ناگەین.

با هەموومان هەوڵ بدەین جارێکی تر رێگا نەدرێت خەباتکارانی رێگای رزگاری کورد و کوردستان سەنگەر لە یەکتری بگرن و شیرازەی کۆمەڵگای کوردستان بەرەو ناکۆکی و لێکترازانی زیاتری ریزەکان بەرن. ئامانجەکانمان زۆر لە یەکتر نزیکترن تا جیاوازی یەکانمان، وەرن لە دەوری ئاڵای ئامانجەکان کە ئامانجی هەموو ئەوانەش بووە تا ئێستا خوێنی گەشی خۆیانیان لە پێناودا،بەخت کردووە، کۆ بینەوە و گیانی شەهیدە وەفادارەکانی رێگای ئازادی گەل و نیشتمانەکەمان، شاد بکەین.



18-12-2010

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە