کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


کۆمه‌ڵه‌ی مافی مرۆڤی کورد

Thursday, 30/12/2010, 12:00


گه‌لی تێکۆشه‌ری کورد،
به‌ڕێزان ئه‌ندامانی کۆمه‌ڵه‌ی مافی مرۆڤی کورد،
ئه‌وا ساڵی 1020 به‌ره‌و ئاوا بوونه‌ و جیهانه‌که‌ی ئێمه‌ پێ ده‌نێته‌ ساڵێکی نوێ. ساڵی کۆن تێپه‌ڕ ده‌بێت و ساڵی نوێ جێگای پڕ ده‌کاته‌وه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ به‌شێکی هه‌ره‌ زۆری مرۆڤی سه‌ر ئه‌م جیهانه‌‌، له‌ چنگ هاوڕه‌گه‌زانی خۆی هه‌ر خۆزگه‌ به‌ پار و، ده‌رخه‌می سبه‌ینێی ژیانه‌. له‌ سه‌ر ئه‌م دنیا خۆش دیمه‌ن و پڕ خێر و به‌ره‌که‌ته‌ دا، هه‌ر مرۆڤه‌،که‌ به‌ند و زیندانه‌کانی له‌ هاوڕه‌گه‌زانی خۆی پڕ ده‌کات، هه‌ر ئینسانه‌ هاو نیشتمانی خۆی ده‌چه‌وسێنێته‌وه‌، هاوچه‌شنانی خۆی به‌رده‌باران ده‌کات و له‌ سێداره‌یان ده‌دات. به‌ کورتی هه‌تا یه‌ک چه‌وسێنه‌ر و تاکێکی زۆرداری بێـمایه‌ له‌ سه‌ر لینگان بمێنێت، مافی مرۆڤه‌کان له‌ مه‌ترسیی پێشێلکاری دایه‌ و ده‌بێ چاوه‌ڕوانی کاره‌ساتی دڵته‌زێنیش ببین.
مرۆڤ ته‌نیا بوونه‌وه‌رێکه،‌ زۆر به‌ هاسانی ده‌توانێ پێ له‌ هێڵی سوور ئه‌ولاتر به‌رێت و پره‌نسیپه‌کانی مرۆڤایه‌تی پێشێل بکات. له‌م پێشێلکارییه‌ دا قانون و ده‌ستوره‌ سه‌لمێندراوه‌کانی جاڕی گه‌ردوونیی مافی مرۆڤ نادیده‌ ده‌گرێت و خۆی به‌ سه‌ردارو خاوه‌ن مافی ڕه‌به‌ق ده‌بینێت.
ئێمه‌ وه‌ک کۆمه‌ڵه‌ی مافی مرۆڤی کورد، به‌ هه‌وڵ و کۆششی خۆمان توانیومانه‌ کۆمه‌ڵه‌یه‌کی خاوێنی به‌ دوور له‌ ته‌سکبینی و، گرێدراوی به‌ ئه‌م و ئه‌و، له‌
چوارچێوه‌ی توانایی خۆمان دا ساز بکه‌ین. و ئه‌و هاواره‌ی له‌ زیندانه‌کانی کۆماری ئیسلامی ئێرانه‌وه‌ کپ کرابو ،مافی پێشێلکراوی ژنان و منداڵان تا ڕاده‌یه‌ک به‌رز بکه‌ینه‌وه‌ و به‌ گویی خه‌ڵکانی تری وڵاتان بگه‌یه‌نین. به‌ یارمه‌تی که‌سانی دڵسۆز له‌ ناو خۆ و له‌ ده‌ره‌وه‌ی کوردوستان بتوانین ئه‌م به‌رپرسیاره‌تیه‌ی که‌وتۆته‌ ئه‌ستۆمان تێبکۆشین به‌ شێوه‌یه‌کی شیاو و سه‌ربڵیندانه‌ بیبه‌ینه‌ پێش.
زۆر که‌س هه‌ن که‌ ڕێگه‌ی خۆیان هه‌ڵبژاردوه‌، هاوکات زۆریش هه‌ن که‌ هه‌ڵیان بژاردوه‌ هیچ نه‌که‌ن، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی هه‌ڵیان بژاردوه‌ له‌ ڕێگه‌ی کۆمه‌ڵه‌وه یان سازیه‌کی تر‌ یاریده‌ده‌ر بن، ئه‌وان‌ ده‌توانن ئاڵوگۆر پێک بێنن، مرۆڤی به‌ هه‌ڵویست پشت و په‌نای ئه‌و که‌سانه‌ن که‌ گیانیان له‌ مه‌ترسی دایه‌. پاشگه‌ز کردنه‌وه‌ی کۆماری ئێسلامی ئێران له‌ ئێعدامی کاتی حه‌بیب له‌تیفی ئه‌وه‌ی سه‌لماند یه‌کگرتویی و تێکۆشان ده‌توانێ ئاڵوگۆر پێک بێنێت و چالاکان له‌ ئێعدام ڕزگار بکات و به‌ یه‌کگرتویی ده‌کرێت هه‌نگاوی گه‌وره‌تر و به‌رزتریش بهاوێشترێت.
کۆمه‌ڵه‌ی مافی مرۆڤ به‌ دڵ و ده‌روونێکی هه‌راوی پڕ له‌ ئه‌هوه‌نی، هه‌ر چه‌شنه‌ ڕێنوێنی و چاوکردنه‌وه‌یه‌کی هاووڵاتیان به‌ دڵ و دیده‌ وه‌رده‌گرێت و چاوه‌ڕوانی پێشهه‌نگاوی شۆڕشگێڕان و مرۆڤدۆستانی گه‌له‌که‌مانه‌‌ بۆ بردنه‌ پێشی داوخوازه‌کانی نه‌ته‌وه‌که‌مان.
کۆمه‌ڵه‌ی مافی مرۆڤی کورد له‌ ئوروپا، ساڵی تازه‌ له‌ هه‌مو ئه‌ندامان و زیندانیانی سیاسی و خه‌باتگێرانی گه‌له‌که‌مان و بنه‌ماڵه‌کانیان و گشت جه‌ماوه‌ری گه‌له‌که‌مان پیرۆز ده‌کات و ئاواته‌خوازین ساڵی تازه‌ بکرێته‌ ساڵی تێکۆشان و ساڵی سه‌رکه‌وتن.
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە