کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


یاداشتی ئه‌و په‌پووله‌ی تاکۆتای به‌هار هه‌ڵنه‌وه‌ری

Friday, 25/11/2011, 12:00




لاکه‌ لاکی هه‌ناسه‌ی هه‌نارێکه‌و
پۆشینی په‌رده‌یه‌کی نیوه‌ شه‌و
ده‌سته‌ پڕ خه‌ونه‌کان
به‌ گوڵاوی شه‌قام ده‌چنه‌وه‌ ماڵ
ئیستا گڵۆپه‌ ماندووه‌کانی باوه‌شی شار
دوا پێکی تریفه‌ ده‌نۆشن
ئێستا شه‌رمی په‌نا دره‌ختێك
دێ و چه‌ند ماچێك ده‌کاته‌ مێژوو
دووکه‌ڵی سپی ته‌م
دێنه‌ ناو پارکی جریوه‌ ئه‌ستێره‌کان
کش و مات
ئه‌م ناوه‌ له‌ ڕووتیه‌کی نوستوو نقوم ده‌که‌ن
فریشته‌یه‌ك له‌ مه‌مله‌که‌تی سه‌ما دێ
له‌ ناو حه‌وزی پێکه‌نینی ئاسمان
به‌رده‌بێته‌وه‌
دێ سه‌ر به‌ کۆشی ئه‌و چرکه‌ سه‌رخۆشانه‌ ده‌کا
فڕین ده‌داته‌وه‌ ده‌ست ئه‌و گۆرانیه‌
ئه‌م شه‌ویش دیسان هه‌مان نامه‌ی پێیه‌
به‌ چوکڵانه‌ی شنه‌یه‌کی سارد خۆی پێچاوه‌
گه‌مه‌یه‌کی بێ کۆتا له‌بن باڵیدایه‌
دێ سه‌ر له‌و شه‌وبۆیه‌ بریقاوانه‌ ده‌دا
حه‌وزێك له‌ باخه‌که‌ ده‌ڕوێنێ و
خۆی به‌ ته‌زبێحاتی گه‌ڵاکانه‌وه‌
شه‌ونخون ده‌کا
به‌رماڵێك له‌ بریسکه‌ی مانگ
ڕاده‌خا
چیرۆکی ئه‌و عاشقانه‌ ده‌زانێ
که‌ ئێستاش له‌ پێنووسه‌کانیان ده‌گه‌ڕێین
ئه‌و شه‌پۆڵانه‌ی له‌گه‌ڵ خۆیدا هێناوه‌
که‌ که‌ناره‌کان لێیان وون بووه‌
ئه‌و ئاوازانه‌مان بۆ ده‌ژه‌نێته‌وه‌
که‌ تابووته‌کانمان پێ سپاردن
زۆر له‌ مێژبوو ئه‌وان هاتنه‌ ئێره‌
هاتنه‌ ناو ئه‌و کاره‌ساته‌ بێ ده‌نگه‌
هاتن پشتێنێکی ڕووباریان کرده‌ دیاری
هاتن کۆلاره‌یه‌کی پڕ بارانیان بۆمان فڕاند
هاتن له‌سه‌ر پشتی دیواره‌ هه‌ژاره‌کان
وێنه‌ی گوله‌ گه‌نمی ده‌م به‌ زێڕیان چاند
هاتن لێوی هه‌موو خه‌مه‌کانی ئێمه‌یان
به‌ شه‌کراوی ئاورینگی خۆره‌تاو ته‌ڕکرد
هه‌نووکه‌ش تارمایی باڵیان ده‌ناسینه‌وه‌
ئه‌وان له‌ لوتکه‌کان به‌رزتر
قسه‌یان بۆ ئاسمان ده‌کرد
ئه‌وان له‌ ئاو نه‌رمتر
ده‌ستیان ده‌هێنا به‌سه‌ر کێڵگه‌و
له‌ باران ته‌ڕتر
سه‌یری نێرگزیان ده‌کرد ..!


 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە