کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بانگه‌وازی پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌کانی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان به‌ بۆنه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کانی په‌رله‌مانی کوردستان له‌ 25/7/2009

Wednesday, 15/07/2009, 12:00


جه‌ماوه‌ری قاره‌مانی کوردستان ، که‌سوکاری سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان ، قاره‌مانه‌کانی زیندانه‌کانی به‌عس . پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌کانی کوردستان ، که‌مئه‌ندامانی سه‌نگه‌ر ، ئه‌وانه‌ی که‌وتنه‌ به‌ر زوڵموزۆری رژێمی به‌عس . له‌گه‌ڵ هه‌ڵگیرسانی شۆڕشی نوێی گه‌له‌که‌مان له‌ ساڵی 1976 ، به‌ رابه‌رایه‌تی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان ، کۆمه‌ڵێک له‌ رۆڵه‌ قاره‌مانه‌کانتان بۆ به‌رگریکردن له‌ کورد و کوردستان چه‌کی به‌ره‌نگاریان کرده‌ شان و روبه‌ڕوی دڕه‌نده‌ترین رژێمی سه‌رده‌م بونه‌وه‌ که‌ به‌ ئاگر وئاسن که‌وتبووه‌ وێزه‌ی گه‌له‌که‌مان ، هه‌ر له‌ سێداره‌دانی رۆڵه‌کانی گه‌له‌که‌مان ، چۆڵکردنی دێهاته‌کانی کوردستان ، په‌یڕه‌و کردنی سیاسیتی ته‌هجیروته‌عریب وته‌بعیس
له‌و رۆژانه‌دا ئه‌و پۆله‌ قاره‌مانه‌ بونه‌ هه‌وێنی دروستبونی هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان . له‌ سه‌دان داستان و شه‌ڕی نابه‌رابه‌ردا به‌ ئه‌وپه‌ڕی له‌خۆبوردویی و ئازایه‌تیه‌وه‌ سه‌رکه‌وتنی زۆر گه‌وره‌یان تۆمارکرد‌ ، ئه‌و رۆژانه‌ هه‌ندێک حزب و لایه‌ن ئێمه‌یان به‌ سه‌رکێش و سه‌ره‌ڕۆ ئه‌دایه‌ قه‌ڵه‌م ، هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای شۆڕشی نوێوه‌ تاکو راپه‌ڕینی به‌هاری ساڵی 1991 ، بونه‌ نمونه‌ی فیداکاری و خۆڕاگری به‌رامبه‌ر پڕچه‌کترین ودڕه‌نده‌ترین رژیم ، هه‌ر له‌سه‌ره‌تای ده‌ستپێکردنه‌وه‌ی شۆڕشی نوێدا کۆمه‌ڵێک پێشمه‌رگه‌ به‌ره‌و سنوره‌کانی تورکیا به‌ڕێکه‌وتن که‌ ژماره‌یه‌کی که‌میان چه‌کیان پێبو به‌ هیوای هێنانی چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نی بۆ به‌رگرتن له‌ له‌شکری داگیرکه‌ری به‌عس بۆ ئه‌وه‌ی‌ نه‌توانن دێهاته‌کانی کوردستان بسوتێنن و خه‌ڵکه‌که‌ی راگوێزنه‌ ئوردوگا زۆره‌ملێکان ، به‌ڵام به‌ فیتی سه‌رکردایه‌تی کاتی پارتی دیموکراتی کوردستان و به‌ هه‌ماهه‌نگی ده‌وڵه‌تانی عێراق وتورکیا و شاهنشاهی ئێران ، په‌لاماری هێزه‌که‌ی یه‌کێتیان داو ته‌فروتونایان کردن ، که‌ ئاسانکاریان کرد بۆ هێزه‌کانی عێراق بۆ کاولکردنی کوردستان . شه‌هیدکردنی ده‌یان پێشمه‌رگه‌ له‌کاتی گه‌ڕانه‌وه‌یاندا بۆ کوردستان ، به‌نیازی به‌شداری کردن له‌ شۆڕشی گه‌له‌که‌یاندا ، دوای راپه‌رینیش سه‌رکردایه‌تی پارتی که‌وتنه‌وه‌ نانه‌وه‌ی کێشه‌و شه‌ڕی ناوخۆ و په‌لکێش کردنی سوپای ئێران و تورکیا ، سوپائ داگیرکه‌ری به‌عس له‌ 31/ئابی /1996 بۆ سه‌ر هه‌ولێری پایته‌خت ،31ئاب بووه‌ رۆژی خیانه‌تی نه‌ته‌وایه‌تی ، باڵی خۆسه‌پێنی پارتی له‌ ماوه‌ی30 ساڵی رابوردودا ده‌ستیان لێمان نه‌پاراستووه‌ ، ئێمه‌یان به‌ دوژمنی سه‌ره‌کی ودوژمنانمان به‌ دۆست زانیوه‌ .
ئێستاش سه‌رکردایه‌تیه‌ ناشه‌رعیه‌که‌ی ی ن ک ، پاش ئه‌و هه‌مو شه‌هید و هیلاکی و ماندوبونه‌مان هیچ منه‌تێکیان پێمان نه‌ماوه‌ ، له‌ بری دابینکردنی ژیانمان که‌وتونه‌ته‌ ده‌رکردنمان بڕینی موچه‌ی ماڵومنداڵمان ، ده‌ستیان خستۆتو بینه‌قاقای مناڵه‌کانمان ، ئه‌و سه‌رکردایه‌تیه‌ی که‌ باسی فره‌یی وباوه‌ڕ نه‌بون به‌ بنه‌ماڵه‌ و خێڵه‌کێتی بو که‌چی ئێستا هه‌موی له‌ یه‌کێتیدا کۆکراوه‌ته‌وه‌ ، ئه‌یانه‌وێت له‌ رێی موچه‌ بڕین و برسی کردنی ماڵومنداڵمانه‌وه‌ سه‌ریان بۆ شۆڕ بکه‌ین ، به‌ڵام ئه‌مه‌ هه‌زار جار مه‌حاڵه‌ ئێمه‌ی پێشمه‌رگه‌ سه‌رمان بۆ هیچ که‌س ولایه‌نێک ورژێمێک شۆڕنه‌کردووه‌ مه‌حاڵیشه‌ بۆ سه‌رکردایه‌تیه نا شه‌رعیه‌که‌ی یه‌کێتیشی شۆڕ بکه‌ین ، که‌وتونه‌ته‌ پارچه‌ پارچه‌کردنمان به‌ ناوی پێشمه‌رگه‌ی دابراو دانه‌بڕاو ، ئه‌وانه‌ی به‌هه‌ر هۆیه‌که‌وه‌ بوبێت روی له‌ هه‌نده‌ران کردبێت ، ئه‌وانه‌ی که‌ گه‌ڕانه‌وه‌ له‌سه‌ر بڕیاری سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتی بو ، له‌کۆنگره‌شدا بڕیاریان لێدا که‌ ئه‌ژماری پێشمه‌رگه‌ی دانه‌بڕاویان بۆ بکرێت ، به‌ڵام خاوه‌ن فایل و جاسوسه‌کان له‌ مه‌کته‌ب سیاسی و سه‌رکردایه‌تیدان.
پاش ئه‌م هه‌مو نه‌هامه‌تی وبرسێتی ونه‌بونیه‌ی خه‌ڵکی کوردستان ، دوای دزین وئاودیوکردنی ئه‌وه‌ی به‌رده‌ستیان که‌وت له‌دوای راپه‌ڕینه‌وه‌ ئێستاش هه‌ردو زلحزبی کوردستان رێکه‌وتون له‌سه‌ر دزین وتاڵانکردنی سه‌روه‌ت وسامانی ژێر زه‌وی ، به‌ناوی رێکه‌وتنی ستراتیژیه‌وه‌ ئه‌یانه‌وێت ده‌سه‌ڵاتی وڵات قۆرخ بکه‌ن بۆ خۆیان و باڵی ره‌شی دیکتاتۆریه‌ت بکێشنه‌وه‌ به‌سه‌رماندا ، 18 ساڵه‌ هه‌ردوبنه‌ماڵه‌ وڵاتیان پارچه‌ پارچه‌کردووه‌ خه‌ڵکیان برسی وهه‌ژارکردوه‌ ، هه‌ر پارتی بو ئابڵۆقه‌ی خستبووه‌ سه‌ر کوردستان .
خه‌ڵکی خۆڕاگر وقاره‌مانی کوردستان
له‌ راپه‌ڕینه‌وه‌ تاکو روخانی رژێمی به‌عس به‌ بیانوی جیاجیاوه‌ زۆر شتمان لێ قبوڵ کردن ، به‌ڵام له‌دوای روخانی رژیمی سه‌دامه‌وه‌ بیانویه‌ک نه‌ماوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هیچیان لێقبوڵ بکه‌ین ، کاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ لێیان بپرسینه‌وه‌ ئه‌وه‌ی دزییویانه‌ لێیان بسه‌نرێته‌وه و بدرێنه‌ دادگا ، ئێستاش سه‌رکردایه‌تیه‌ ناشه‌رعیه‌که‌ی یه‌کێتی ئه‌یه‌وێت هه‌رزانفرۆشمان بکات ، خوێنی شه‌هیدان و هیلاکیمان بخاته‌ ژێر پێوه‌ و ته‌سلیم به‌ پارتیمان بکات ، ئه‌وانه‌ی تاکو راپه‌ڕینیش سنوری کوردستانی عێراقیان نه‌بینیبو ، له‌ راپه‌ڕینیشدا به‌زۆر هێنایاننه‌وه‌ ، مامجه‌لال بڕیاری کۆتایی خۆی داوه‌ که‌ به‌یه‌کجاری ته‌سلیم به‌ ماڵی مه‌لا مسته‌فا بێته‌وه‌ ئێمه‌ش بکاته‌ ده‌سته‌ گوڵی خۆی .
لێره‌وه‌ له‌ پێشمه‌رگه‌کانی شۆڕشی ئه‌یلول و شۆڕشی نوێ ئه‌پرسین ، کوا خوێنی به‌ناحه‌ق رژاوی هه‌زاران پێشمه‌رگه‌ی کوردستان ؛ه‌ له‌ساڵانی 1966 وه‌ تاکو ئێستا به‌ کوشتاندان ، چی به‌که‌سوکاریان ئه‌ڵێن ، جه‌لال تاڵبانی ئه‌ڵێت هه‌ڵه‌م کردووه‌ له‌ ساڵی 1964 که‌ له‌ پارتی جیابومه‌ته‌وه‌ ، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ت ئه‌زانی بۆچی کوڕی کوردت به‌کوشتدا .
رۆڵه‌ قاره‌مانه‌کانی کوردستان
پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌کانی هه‌مو پارت و لایه‌نه‌کان
له‌ پێناوی خوێنی به‌ ناهه‌ق رژاوی هه‌زاران رۆڵه‌ی ئه‌م میلله‌ته‌ و بۆ ئه‌وه‌ی جارێکی تر توشی شه‌ڕی ناوخۆ نه‌بینه‌وه‌ ، ده‌سه‌ڵاتی دیکتاتۆریانه‌ و کۆنه‌په‌رستانه‌ی هه‌ردوو باڵی جه‌لالی و مه‌لایی نه‌بینینه‌وه‌ ، په‌لکێش کردنی داگیرکه‌رانی کوردستان نه‌بینین ‌، وڵاته‌که‌مان تاڵان نه‌کرێت وبودجه‌که‌ی نه‌دزرێت . بڕیاری کۆتایی خۆمان داوه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی داهاتوی په‌رله‌مانی کوردستان له‌ 25/7/2009 ، کار ده‌که‌ین بۆ سه‌رکه‌وتنی لیستی گۆڕان و ده‌نگمان بۆ لیستی گۆڕانه‌ ، داوامان له‌ پێشمه‌رگه‌ی کوردستانه‌ به‌ هه‌مو لایه‌نه‌کانه‌وه‌ ، ؛ه‌ چۆن له‌ رابوردودا پشتوپه‌نای خه‌ڵک بوین ، خۆمان به‌ خزمه‌تکارو کوڕی ئه‌و خه‌ڵکه‌ زانیوه‌ ، هه‌رده‌م له‌سه‌نگه‌ری به‌رگریدا بوین له‌ خاک وگه‌له‌که‌مان و خوێنی هاورێ شه‌هیده‌کانمان و که‌سوکاره‌که‌یان وکه‌مئه‌ندامانی سه‌نگه‌ر .
ئێستاش کارده‌که‌ین بۆ ئه‌وه‌ی ده‌نگ نه‌ده‌ین به‌ سه‌رۆکی پارتی مه‌سعود بارزانی ، چونکه‌ نامانه‌وێت دکتاتۆرێک به‌ده‌ستی خۆمان دروست بکه‌ین ، که‌ به‌پێی ئه‌و ده‌ستوره‌ هیچ رێزێک بۆ حکومه‌ت و په‌رله‌مان ناهێڵێته‌وه‌ ، له‌ کۆتایشدا داواکارین له‌‌هه‌مو لایه‌ک کار بکه‌ین بۆ لیستی گۆڕان و ده‌نگی پێ بده‌ین .

پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌کانی یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان

حوزه‌یران / 2009


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە