زاوایەتی سەرۆ
Tuesday, 11/05/2010, 12:00
زاوایەتی سەرۆ
نوسینی: هەورە تریشقە
سێشەمەممە 9ی مایسی 2010
سەرۆ گیان وازبێنە
زاوایەتی سەرۆك سواوە
هەرچی دوژمنی كوردە بە پێش و پاشی سەرۆك و
كچانی خێڵ نوساوە
پێم بڵێ ئەگەر كەسێك هێشتان ماوە؟
تەنیا لە نۆهەت و شەش هەزاران زاوای پێ پەت و ڕەش
هاتن...
بەرەو كوردستان هاتن و بوون بە زاوای
ئەم پارتە دۆڕاوە
كەواتە زاوایەتی بنەماڵە
تڵپی تەڕی تیا نەماوە
من دەزانم تۆش وەك هەر هەموومان
ماڵێكی هەژار و پەككەوتەت لە كۆڵ ناوە
ئەمەیان باوكێكی پیری برسی
ئەمیان دایكێكی نەخۆش و جەرگ سوتاوە
برالەیەكی بچووكت بۆ لەتێ نان ئەگری
ئەویتریان جانتای سەفەری لە كۆل ناوە
تۆش لە وتاردا خوێنی خۆت ئەبینی
لە خەونا بوكی خەونەكانت لە جیاتی خەنە
دەستی خۆی
لە خوێنی تۆ هەڵێناوە
دەتبینم لە سووچێكدا پەژارە كەوتووی
خەم و ئازار دەورتی داوە
دەڵێی: مردن لەم ژیانە شیرنترە نامانترسێنێ
چوون وەچەی ئیمە لە ژیان ترساوە
كەچی لەو لا سەرۆك
بە پاسەوان و سەگ دەور دراوە
كۆشك و تەلاریان دەبریقێتەوە
وەنەوشە و پڕادۆ لە دەستی كچانی خێڵ هەراسانن
دەشنێ و كچی جوان مەی گێڕی دیواخانن
سەرۆكە و مافیەتی
دۆلار و كەیف و خۆشگوزەرانی بۆ خۆیی و خێڵیەتی
شایی و زەماوەندیشە نێچیر سەرچۆپی بۆ كێشاوە
هەر هەمووی
بە ئاهو ئۆف و ئازار و خوێنی
هەزاران لاوی بێ مورادی وەك تۆ تەنراوە
لەو لا شەوە شاعیر و نوسەری (وێران)
خەمخۆری گەلەكەمانن
دەزگای ڕۆشنگەری و گۆڤاری (بەتڕانن)
لە ژێر وێنەی سەرۆك چەپكێ گوڵیان داناوە
بە مەتح و سەنای سەرۆك و ڕیسوا كردنی پێغەمبەران
ئازادیان بۆ گەل هێناوە
پێشكەوتنە...
گۆڤارو دەزگای ڕازاوەی ئاراسی وێرانن
ملیۆنان دۆلاری بۆ تەرخان كراون
سەرۆ گیان ئارام بخەوە
خەڵك دەزانێ
سەرۆك لە مێژە فەرمانی كوشتنتی داوە
كەچی لێژنەیەكی لێكۆڵینەوەی پێكهێناوە
بە پێكەنینەوە ئەڵێ: هەڕن بۆ مە بینن
ئەو تاوانبارانەی
خۆیان لای ئێمە حەشارداوە
ئەڵێن پیاوانی خێڵ بۆ شەرەف تیرۆریان كردی
كەچی شەرەفی خێڵ وا لە هوتێلی ئیستەنبول و بەیروت
لە دوبەی... لە ئەوروپا
بە بەر چاوی بێگانە ڕژاوە
بەهارە سەرۆ كاتی ژیانە
سەوزایی كوردستان ماتەمینی تێدا ئاڵاوە
بەهارە سەرۆ شنەبایەو هەتاوە
هەولێر بە خوێنی تۆ تەنراوە
بارانێكی سوورە
دەڵێن مارەیی زۆرت داوە
بۆ بە زاوا بوون شەهید بوونت پێشكەش كرد
سەری خۆتت لە سەر داناوە
هۆ سەرۆ...!
بێ خەم بە
خوێنی تۆ سەرەتای لافاوە
سبەینێ لە گەڵ خۆر هەڵات
سەرۆك مشكێكە
كۆشكەكەی بۆتە عەڕشی كەلاوە
هەزاران نۆكەری كۆیلەی دەرباریش
بۆ كەمێك بەزەیی میللەت لە لەرزانن
دەبینی چۆن چۆكیان داداوە!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست