مەترسی تیرۆری وەزیری ئەوقاف و مەریوان نەقشبەندی!
Friday, 29/04/2016, 20:20
بیری ئاینی و ئایدۆلۆژیە، یاخود ئەوەی سەپاندنی ڕایەکی کەمینە بەسەر زۆرینەدا دروستی دەکات، ئەوەش وادەکات خەڵکانێک چیدی ئارام لەسەر کپ کردنی ڕاکانیان نەگرن و پەنا بۆ شیوازی بەرپەچ دانەوە ببەن.
ھەر دەسەڵاتێکیش ھەڵیکوتایە سەر کەسە کاریگەریەکانی نێو کۆمەڵگە ئەوە لەوە دڵنیایە بە زیاتر ھۆشیار بوونەوەی کۆمەڵگە بەرژەوەندیەکانی خۆیی و ھیز و دەسەڵاتی دەکەوێتە مەترسیەوە، بێگومان دەسەڵاتی تۆتالیتار و دۆگماش لە تیژبوونی بیری خەڵک و ھۆشیاربوونەوەی کۆمەڵگە ترسی لێدەنیشێت ئەوکاتەش بە بیانووی جۆراو جۆر کەسانی نوخبە ئازار دەدات و قەتیسیان دەکات.
ئەوەی ئێستا لە وەزارەتی ئەوقافدا بەدیی دەکرێت جۆرێکی کودەتایە بەسەر کەسانی ئاینی و مامۆستایانی ئامۆژگاریکەردا دەکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش لەسەرەتادا میمبەری مزگەوتەکان دەکرێنە ئامانج و ئەو کەسانەی قسەی ڕاست و دروست دەکەن و کاریگەریان لەسەر خەڵکی ھەیە قۆناغ بە قۆناغ دوور دەخرێنەوەی لە جێیان مەلای سوڵاتین دادەنرێن، بەدەر لەوەش ئەگەر ئەو کەسانە بە قۆتاغی سەرەتای نەتوانرا دوور بخرێتە رێگاکانی تریان بەسەردا تاقیدەکرێتەوە تا ئەوەی دوور نیە تیرۆر بکرێن.
وەزارەتی ئەوقاف و قەسەکەرەکەی مەریوان نەقشبەندی شەڕێکی دۆڕاو دەکەن و زۆر بەقورسی تێیدەکەون، وە ئەگەر ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و دادگاش ھەڵوێستی دروستیان ھەبێت ئەوا وەزارەتی ئەوقاف و کاکە مەریوان دەبێت بدرێنە دادگا چونکە ئەوەی ئەوان دەیکەن پێشێلکاریە بەرامبەر خوودی ئازادی ڕادەربڕێن وەکو پیشەی ئەو مامۆستایانە کە وتاربێژن وە لە ھەمانکاتدا ھەڵکوتانە سەر مزگەوت و ترساندنی خەڵکی ھەم بێڕێزی کردنە بە موقەدەسانی زیاتر %٩٥ کورد و ھەمیش بنیاتنانی سەرەتایەکی مەترسیدارە لە دروستبوونی تووندوتیژی و بەرپەچدانەوە، کەواتە ئەوەی وەزیری ئەوقاف و کاکە مەریوان کردیان لەوەی چەندین مامۆستای ئاینیان لە میمبەر دوورخستەوە پەلاماری نوێژخوێنان و موقەدەساتی موسوڵمانانیان دا بێگومان بەرپەچدانەوەی دەبێت و خودی کردەیی ئەوانیش بەشێکە لەخولقێنەری تیرۆر.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست