موجامەلە
Thursday, 18/06/2009, 12:00
ئەمڕۆ یەكێك لەو سیناریۆ پێكەنین ئامێزەی كە لە دووای راپەڕینی بەهاری 1991ەوە بە هۆی هەردوو فاكتەری حزبیی و ئابوورییەوە تووانی هەژموونی خۆی بە سەر كۆمەڵانی خەڵكدا بسەپێتێ و هێدی هێدی لە نێو كۆمەڵگەدا ببێت بە نۆرم و جێگەی خۆی بگرێت لە نێو هزری تاكەكاندا، موجامەلەیە.
موجامەلە بە واتای :"خۆش دووانی، قسە سازین، بە جووانی لە گەڵت قسە دەكات، لێبەدڵ ... نا! ". موجاملیش بە مانای " وێولی،خۆ گەێن" دێت بە كەسێك دەگووترێت كە لە پێناو گەیشتن بە ئامانجێكی تایبەتی خۆی ئەو كارە ئەنجام دەدات و رێگاكە كورت دەكاتەوە بۆ شوێنی مەبەست.
موجامەلە بە شێوەیەكی بەر فراوان بەر لەوەی تێكەڵ بە فەزای گشتی ببێت، تەنها لە فەزای سیاسەتدا بە ئاشكرا خۆی وێنا دەكرد. پێش ئەوەی ئەم دیاردە هەڵخەڵەتێنەرو هیچ لە باردا نەبووە دابەزێتە ئاستی خواری خوارەوە، تەنها لە ئاستی سەرەوەدا هەستی پێدەكراو دەبینرا. یەكێك لە نیشانە مەترسیدارەكانی ئەم دیاردەیە دوو فاقییە، بۆیە دەكرێت كاراكتەری كەسی "موجامیل"هەڵگری دوو خەسڵەتی ئەنتی یەك بێت، یەكێكیان بریتییە لە : " رەند، چاپك، عەگید". ئەوی دییان : " رژد، تەنپەروەر، منۆخ". كەسی "موجامیل" هێندەی لە هەوڵی جوانكردن و رووتووشكردنی رووی دەرەوەیدایە، دە هێندەش لە هەوڵی تەقەتكردنی حەقیقەتی ناوەوەیدایە. هێندەی ئیش لە سەر شتی سەر زارەكی دەكات، خۆی لە قەرای واری پراكتیكی بە دوور دەگرێت!
موجامەلەش وەكو هەر شتێكی دیكە چەند روویەكی هەیە: سلبی و ئیجابی. بۆیە كاتێك لە یەكێك لە وڵاتە پێشكەوتووەكاندا دەبینین بەرپرسی كۆمپانیایەك خەڵاتی كۆمەڵێك لە كارمەندەكانی دەكات، بەرپرسی ئەو كۆمپانیایە كەسێكی موجامیلە، بەڵام ئەو لە سەر بنەمایەك بەو كارە هەڵدەستێت كە بەرژەوەندی گشتی رەچاو دەكات، نەك بەرژەوەندییە تایبەتییەكان. یان هێندێك جار لە سەر ئاستی وڵاتێك زانایەك یان بیرمەندێك خەڵات دەكرێت، ئەمیش دیسان رووە ئیجابییەكانی ئەو دیاردەیەیە كە تەنها بەرژەوەندی گشتی هۆكاری قاڵبوونەوەیە لە نێو ئەو دیاردەیەدا، چونكە ئەو كەسەی كە خەڵات دەكرێت یان شایستەی رێز لێنانەكەیە، لە بووارەكەی خۆیدا داهێنانێكی ئەنجام داوە كە خزمەتی بەرژەوەندییە گشتییەكانی وڵاتەكەی دەكات.
ئەگەر بشمانەوێت قسە لە سەر رووە سلبیییەكانی موجامەلە بكەین، ئەو موجامەلانەی كە دەچنە خانەی بەرژەوەندییە تایبەتییەكانەوە، ئەوا دەبینین لە سەر ئاستی خێزانیش ئەو دیاردەیە بوونی هەیە، زۆر جار بینیومانە لە نێو خێزانێكدا یەكێكیان هەمیشە موجامەلەی باوك یان دایكی كردووەو بەم كارەشی توانیویەتی لە نێو دڵ و دەروونی ئەواندا شوێنی خۆی بكاتەوەو ئەوانی دیكە بخاتە پەراوێزەوە. یان لە ئاستی باڵادا ئەو كەسانەی كە راوێژكاری سەركردەكانن، هەمیشە موجامەلەی سەرووی خۆیانیان كردووە تا بتوانن بەرژەوەندییە تایبەتییەكانی خۆیان بپارێزن، بە تایبەتیش لەو وڵاتانەی كە سیتمی دیمۆكراسی تێیدا غائیبە، نموونەی هەرە بەرچاویش رژێمی رووخاوی بەعسە، كە سەرجەم شالیارو ئەندامانی ئەو حزبە و بەرپرسانی ئیشیان تەنها موجامەلە كردنی سەرۆكی قۆماندار بوو تا تووشی ئەو گۆشە گیریەیان كردوو بەو دەردەیان برد! هەر چەندە ئەو چەپڵە رێزانەی میللەتیش لە كاتی دەركەوتنی دیكتاتۆردا ئەگەر لە موجامەلەی ئەوانەی وا بەبەردەوامی لە هەوڵی قایمكردنی پێگەی خۆیاندا بوون، زیاتر نەبووبێت، بێ گوومان كەمتر نەبووە! هەروەكو ئەمڕۆ لە نێو پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكاندا موجامەلەیەكی زۆر و بۆرو نا تەندرووست دەبینرێن كە هەڵگری هیچ جۆرە بنەمایەكی مۆراڵی نین و كەسی موجامیل لە بەرنامەیدایە بە قسە روویەكی جووان پێشان بە لایەنی بەرانبەری بداو خۆشەویستی و دۆستایەتی خۆی تەنها لە رێی دەربڕینەوە بسەلمێنێت. نموونەی هەرە بەرچاویش"بە قووربانت بم، چاومی، دڵەكەم، ئەمر دەكەیت، برای گەورەی، بە ساقەو بم، حەیاتمی، لە خزمەتدام" ئەمانە ئەو دەستە واژانەن كە ئەمڕۆ بوونە بە نۆرم و باو كە لە حەقیقەتدا مایەی سەرنجی بەرانبەر نییە! سەد جار بە قووربانی دەبێت، لێلە ناخەوە ئامادەیی ئەوەی تێدا نییە بچووكترین چاكەی لە گەڵدا بكات، پێی دەڵێت تۆ برا گەورەی ئەمر دەكەیت و بە ساقەت بم، بەڵام لە هەمان كاتدا ئەم خۆی لەو بە گەورەترو دادەنێت و لە بەرنامەیدایە ئەو لە خزمەتی ئەمدا بێت! هەروەكو چۆن گەنجێك لە پێناو تێركردنی شەهووەتی خۆی لە ژێر ناوی خۆشەویستییەوە گەمە بە چارەنووسی كچێك دەكات. بە هەمان شێوەش زۆرێك لە سیاسییەكان لە ژێر پەرچەمی نیشتیمان پەروەرییەوە لە هەوڵی تێركردنی ئارەزووەكانی خۆیاندان! ئەم دیاردەیەش لە قۆناغی موجامەلە كردنەوە قەڵەمباز دەكات بۆ قۆناغی دوو فاقی و لە وێشەوە بۆ پاردۆكس بوون. لێرەوە دەتوانین بگەین بەو راستییەی، كە ئێمە تەنها تووشی گرفتی پارادۆكسی سیاسیی نەبووینە، بەڵكو پارادۆكس لە نێو ئێمەدا بە شێوەیەك تەوزیف بووە، تێكەڵ بە ژیانی رۆژانەمان بووەو لە پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكاندا بە ئاشكرا مرۆڤ دركیان پێدەكات، هەر لە پارادۆكسی ئینتیما بۆ نیشتیمان و حیزب و وەزیفەوە، تا دەگات بە هی خۆشەویستی وخێزان!
بۆیە هیچ بە لامانەوە سەیر نەبێت كاتێك یەكێك دەبینین لە نووسین یان لە دیمانەیەكدا داكۆكی لە نیشتیمان، نەتەوە، پرسی ژنان، گەنجان، یان هەر شتێكی دیكە دەكات، لە ناخیشەوە تاكە مەبەست و خەمی تەنها بەرژییەوەندییە تایبەتییەكانی خۆی بێت و لە بەرنامەیدا بێت بەو شێوە دەربڕینانە موجامەلەی دارو پەردووی ئەم وڵاتەو چارەنووس و ئایندەی مرۆڤەكان بكات!
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست