شێر پەنجەی دەسەڵات
Tuesday, 10/03/2009, 12:00
كاتێك خەون بینین بە بەهەشتی دەسەڵات دەكرێت بە ئامانج، ئیدی پێویست بەوە ناكات بە دەمامكی دیمۆكراسییەوە خۆمان و كۆمەڵانی خەڵك چەواشە بكەین!
یەكێك لە بنەما سەرەكییەكانی دیمۆكراسی هەڵبژاردنە، كاتێكیش هەڵبژاردن دەكرێت بە ئامراز لە پێناو وەدیهێنانی خەونی زیاتری دەسەڵاتداران و قایم كردنی پایەكانی خۆیان، دەبێت چییەتی دەنگی نێو سندووقە داخراوەكان چی بێت؟!
ئەمڕۆ بمانەوێت یان نەمانەوێت، ئێمە بە دەستی پەتایەكی كووشندەوە دەناڵێنین، نە لە بارتەقاماندایە بە زوبانێكی سادە گوزارشت لە واقیعی خۆمان بكەین، نەش دەتوانین بۆ ماوەیەكی دیاریكراو دەسبەرداری زاراوەی "دیمۆكراس"ی ببین!
پەتای دەسەڵات، نەخۆشییەكی بكووژە، گەلێك لە نەخۆشی شێر پەنجە ترسنا كترە، چونكە ئەگەر شێر پەنجە تەنها هەڕەشە لە ژیانی مرۆڤگەلێك دەكات، ئەوا شێر پەنجەی دەسەڵات، ژیانی سەرجەم میللەتێك دەخاتە مەترسییەوە!
میللەتانی هۆشیار، هەستییارن و هۆشیاریی ئەوەیان هەیە چۆن و بە چ شێوەیەك خۆیان لەو پەتایە بپارێزن، بۆیە بە بەردەوامی بە ئەمپۆلی دیمۆكراسیی نوێنەرەكانییان دەكووتن، چونكە ئەوان بە باشی لەوە دەگەن، كە خۆ پاراستن گەلێك چاكترە لە چارەسەركردن!
من لەم وتارەمدا نامەوێت باس لە زاراوەی "دیمۆكراس"ی بكەم، چونكە لە راستیدا ئێمە تەنها ئەو زاراوەیە وەكو پەرچەمێك بە كار دەهێنین و لە حەقیقەتدا ئیش لە سەر چەمكی تر دەكەین، بەڵكو دەمەوێت قسە لە نەخۆشییەكی توولانی بكەم كە ساڵانێكە ئێمەی میللەت باجی دەدەین!
ئەگەر بمانەوێت دەسبەرداری ژیانی شار ببین و بگەڕێینەوە بۆ شەستەكانی سەددەی رابردوو و لە سەردەمی شاخەوە قسە لە سەر ئەم پەتایە بكەین، دەبینین ڤایرۆسی ئەو نەخۆشییە تا چ ئاستێك لە سەر بیر كردنەوەو تێڕوانینی كاراكتەری سیاسییەكان كاریگەر بووەو بووە بە هۆكارو مایەی چێكردنی چ تابلۆیەكی ناشیرین؟! تابلۆیەك كە دوو مرۆڤ لە یەك فۆرمدا و لە ژێر یەك ناو و تایتڵێكداو بە دوو ئامانجی جیاوازەوە بە بێ هیچ جۆرە هۆكارێكی تەندرووست بە چی كارەساتێك لە پێش چاوی هەموو جیهان لە هەوڵی كووشتنی خۆیاندان!
بە داخێكی زۆرەوە لە دووای شكست و نووشستێكی گەورە، نەك نەمانتووانی ئەزموون لەو تابلۆیە وەربگرین، بەڵكو تا بۆمان كرا لە هەوڵی ئەوەدا بووین ئەو تابلۆیە بە شێوەیەك وێنا بكەین كە یەكێك لەو دوو كەسەی نێو تابلۆكە لە بارتەقایدایە یان لە گۆڕەپانەكە ئەوی دی وەدەر بنێت، یاخود لە سەر ئەرزی واقیع وجودی بسڕێتەوە؟!
ڤایرۆسی ئەم پەتایە تا دەهات رووی لە گەشە كردن بوو و رۆژ لە دووای رۆژ خانەكانی نێو هزرمانی زیاتر دەخستە ژێر هەژموونی خۆیەوە، بۆیە لە كۆتایی هەفتاكانی سەددەی رابردوودا لە حەژمەتی ئەوەی وێنەی نێو تابلۆكە لە زهنی میللەتدا كاڵ نەبێتەوە، بۆ جارێكی دیكە بە ڤیستیڤاڵی شەڕێكی خوێناوی بارگاوییان كرد! تا لە دەرەنجامدا بە ناچاری رێگەی ئاشتی دەگرنە بەرو بەرەیەك چێ دەكەن كە ئەوسا لە تووانایدا نەبوو بەڵانسی هاوكێشە سیاسییەكانی ئەو سەردەمە هاو سەنگ بكات!
لە دووای راپەڕینی بەهاری 1991 یش، كە سەرەتای رۆژێكی نوێ بوو بۆ كوردو بزووتنەوە سیاسییەكەی، بۆ یەكەم جار بوو لە دیرۆكماندا پارچەیەك لە خاكی نیشتیمان بكەوێتە ژێر دەسەڵاتی خۆماڵییەوە، لە بەرایی ژیانی شاردا ئەوانەی لە رابردوودا بە تابلۆكە سەر سام بوون، بە رادەیەكی زۆر كەم دەگەڕانەوە بۆ لای تابلۆكەو ئیشیان لە سەری دەكرد، بەڵام پاش ماوەیەكی كەم بۆ سێ بارەو دە بارە بڕیاری ئەوە درا كە ئیش لە سەر زیندوو راگرتنی ئەو تابلۆیە بكرێت و لە یادەوەری مرۆڤەكاندا بە زیندوویی بیهێڵنەوە، بۆیە لە دوای دوو ساڵ و چەند مانگێك بۆ جارێكی دیكە لە پێشانگایەكی ئەفسووناویدا ئەو تابلۆیە دەخرێتە پێش چاوی كۆمەڵانی خەڵك و بە شێوەیەك بارگاوییان دەكەن كە لە تووانایاندا نەبێت خوێندنەوە بۆ رووە شارراوەكانی تابلۆكە بكەن، هەر بەوەشەوە راناوەستان تا كار گەیشت بەوەی زۆر لاپەڕەی سپیش بۆ بەرژەوەندی خۆیان رەش بكەنەوە!!
لە دەرەنجامی رەشكردنەوەی لاپەڕە سپییەكان و كاریگەری خوێندنەوەو راڤە كردنی نا مەنتیقی كەسانێك بۆ تابلۆكە، شارو هاوشارییەكانیش رەنگ دەكرێن و خاكی دایكیش لە جاران زیاتر بەش بەش دەكرێت، لە دووای ئەوەی دیوارەكان بێ تاقەت دەبن لە تابلۆیەك كە گووزارشتی لە رووخاندنی ئەوان دەكرد و كۆمەڵانی خەڵكیش ئامادەیی ئەوەیان تێدا نەما لەوە زیاتر لە تابلۆیەك بڕوانن كە هێمای بۆ كووشتنی ئەوان دەكرد، لە دووای ئەوەی داهاتێكی زۆری مرۆیی و ماددی لەو پێناوەدا بە هەدەر درا، رەوشەكە ئارام بووەوەو بە رێككەوتنێك كۆتایی بە بەشێك لە نەخۆشییەكی بكووژ هێنرا، كە تا ئەم ساتە وەختە جگە لە رابردوویەكی تاڵ و ئێستایەكی پڕو كارتێكراو بە ڤایرۆسی ئەو پەتایە و ئایندەیەكی نادیاری جەستەی شەكەت و ماندووی میللەتێكی ستەمدیدەی دەستی داگیركەران و ململانێیەكی نا تەندرووست و نا شارستانییەوە، باوەڕ ناكەم هیچ كەسێك بتوانێت بە رستەیەكی دیكە گووزارشت لە فاكتی ئەو تابلۆیە بكات!
هەر چەندە پەیامی نێو تابلۆكە، ئاماژەی بە هەبوونی نەخۆشییەكی بكووژ دەكرد، لێ تووانی لە پارچەیەكی دیكەی كوردستاندا بارگەی خۆی بخاو كارەساتی گەورەو جەرگبڕی لێ بكەوێتەوە، تا كار گەیشت بەوەی سەر تاپای جەستەی نیشتیمانێكی داگیر كراو و میللەتێكی ستەمدیدە بخاتە بەردەم هەڕەشەی مەرگ و فەنا بوونەوە، لەم ماوە دوورو درێژەدا نەمانبینی لایەنێك یان حیزبێك بە شێوەیەكی شێلگیرانە لە هەوڵی كەشفكردنی جۆری نەخۆشییەكە و ئەو ڤایرۆسەدا ببێت كە تاكە فاكتەری درووستكردنی تابلۆیەكی قێزەونی نەخوازراو بوو، بەڵكو لە هێندێك بۆنەدا دەیانەوێت لە فۆرمێكی دیكەدا هەر هەمان تابلۆمان پێ بفرۆشنەوە!
لە كۆتاییدا ئەوەندە دەڵێم لە هەر شوێنێك ئامانج بكرێت بە ئامراز، دەبێت پشكنینی پزیشكی وردی بۆ بكرێت، چونكە لە پشت هەر بە ئامراز كردنی ئامانجێكەوە، نەخۆشییەك خۆی مەڵاس داوە، ئەگەر بە ئەمپۆلی دژە ڤایرۆس نەكووترێت، ئەوا هەر هەموومان بە گۆچانی ئەفسووناوی رەهای دەسەڵات لە توون دەنێن!!!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست