کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئاخ نیشتیمان، كوردستان!!!

Thursday, 19/03/2009, 12:00


ئەگەر دەمزانی خەبات و ئەندێشەی رزگار بوونت، تەنهاو تەنها گووزارشتی لە بەرژەوەندی باڵای تەسكی حیزبایەتی و كەسە هەل پەرستەكان دەكرد؟! هەرگیز نەدەبووم بەو رۆبۆتەی كە ئێستا لە چەرخی بیست و یەكەمدا وڵاتێكی وەكو یابان لە دووای هەوڵ و ماندوو بوونێكی زۆر لە بوواری تەكنۆلۆژیادا، ئەوجار لە بارتەقایدا نییە رۆبۆتێكی هاوشێوەی منی سەددەی بیست بەرهە بهێنێت، كوێرانە رێگای خەباتم هەڵ نەدەبژارد؟!1
ئای بۆ ئەو خۆشەویستییەی كە لە زەممەنێكدا رۆحی لە جەستەمان دەردەهێناو دەیخستە سەر دەستمان و پێشكەش بە خاك و نەتەوەی دەكرد، ئەگەر دەمانزانی لە پشت پەردەی ئازادیی گەل و نیشتیمانەوە، شۆڕشێكی دیكەی دەوێت، تا ئەرزش بۆ ئەو خەڵكە رەسەنە بگەڕێنێتەوە كە ماڵ و گیانی خۆیان لە كۆچی ئەنفال و كیمیا باران و ئیعدامدا كرد بە دیاری دەستییان و بە ئەمەكی خۆیان لە رێگای مەرگەوە بۆ دونیا سەلماند، هەرگیز پەشیوان نەدەبوون تا ئەو ساتە وەختەی دەسەڵاتدارانی كورد لە بەرانبەر تاوانبارندا قڕوو قووپیان كرد، تا ئەو ساتە وەختەی كە بریندارانی كیمیا باران بەبێ كەسی یەك لە دووای یەك رۆحیان بە ئومێدێكی سەراب ئاسا دەسپارد!! هەرگیز نە دەبووین بەو رۆبۆتەی كە ئەمڕۆ زۆرینەمان پەنجەی پەشیوانی بگەزین؟!
ئاخ كوردستانەكەم؛ راستە ئەمڕۆ بە ناو دەسەڵاتێكی تێرمان هەیە، ئەوا دڵنیابە هەزاران خەڵكی لانەواز، بە دەم ئێش و ئازاریی ئەم ئازادییەوە بە شەو رۆژ لە هەوڵی هەلی كاردان تا هیچ نەبێت بە سكێك تێرو دوو سك برسی بن!
خۆزگە ئێمەیش وەكو گەلانی خۆشنوود لە چەمك و ماهییەتی ئازادیی و دیمۆكراسیی و هەڵبژاردن دەگەیشتین، ئەوجار دەمانتوانی بەراورد لە نێوان ئەم دۆخەو ئازادیی راستەقینەدا بكەین!!
ئێمە بۆ ئەوە نەبووین بە پێشمەرگەو خەباتی ژێر زەمینییمان بۆ ئەوە نەكرد، تا بە سەر خەڵكی هەژارەوە لاف و گەزاف لێ بدەین، ئێمە واماندەزانی ئەگەر كوردستان لە داگیركاریی رزگاریی بێت، ئیدی لە ژێر دەستی دەسەڵاتی كوردیدا، كە كووشتەو قووربانیی سیستەمە دیكتاتۆرو داگیركارەكانە، وڵاتێكمان دەبێت بەهەشت ئاسا، پڕو كارتێكراو بە مافی تاكە كەس و ئازادییەكان، شەفاف لە هەموو بووارەكاندا، خاوەن ئیرادە لە هەموو بڕیارەكاندا، نەك ئەو بیرۆكەیەمان لەلا درووست بكات كە ئێمە جارێ بۆ ئەوەی بگەین بە ئازادیی راستەقینەو بەهەشتی نیشتیمانێكی بێ خەوش، پێویستمان بە شۆڕشێكی كۆمەڵایەتیی هەیە و قووربانی دیكەی لێمان دەوێت!
ئای كوردستان لە رەوشی داگیركاریی دوژمنانت، هەمان ئاخ و ئۆف لە رەوشی رزگاریی ژێر دەسەڵاتێكی خۆماڵیت، خۆزگە دەمزانی ئەوە قەدەری تۆیە یان ئێمە، كە دەبێت هەمیشە لە رەوشێكدا ژیان بكەین بیر لە گۆڕینی دەسەڵاتەكان بكەینەوە!

[email protected]





نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە