کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


کاریگه‌ری ده‌رکه‌وتنی لیستی گۆڕان له‌ ستراتیژی سیاسه‌تی هه‌رێمی کوردستان و عێراق و ناوچه‌که‌

Monday, 24/08/2009, 12:00


هه‌ڵبژاردنه‌کانی ئه‌م دواییه‌ی په‌رله‌مانی کوردستان، چه‌ند گۆڕانێکی له‌گه‌ڵ خۆیدا هێنا که‌ سیاسه‌تی هه‌رێمه‌که‌ به‌ره‌و گۆڕان ده‌بات، ئه‌ویش له‌گه‌ڵ ده‌رکه‌وتنی لیستی گۆڕان بوو وه‌ک بلۆکێکی سیاسی په‌رله‌مانی له‌ هه‌رێمی کوردستان دا، ئه‌م گۆڕانه‌ ته‌نها هه‌رێمه‌که‌ نه‌گرێته‌وه‌، چونکه‌ کاریگه‌ری ئه‌م لیسته‌ وا ده‌کات که‌ سیاسه‌تی باوی لیستی کوردستانیش له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌ داهاتوودا گۆڕانی به‌سه‌ردا بێت، ئه‌گه‌ر پرسیار بکه‌ین چۆن؟
ئه‌م وه‌ڵامه‌ش له‌وه‌وه‌ ده‌ست پێده‌کات، کاتێک لیستی گۆڕان نوێنه‌رانی خۆێ ده‌نێرێته‌ ئه‌نجومه‌نی نوێی عێراق، ئه‌م نوێنه‌رانه‌ کاریگه‌ر ده‌بن له‌سه‌ر هه‌موو مه‌سه‌له‌ گرنگه‌کان و بڕیاردان له‌سه‌ریان. ئه‌و شێوازه‌ش خۆی له‌وه‌دا ده‌بینێته‌وه،‌ که‌ بڕیاره‌کانی په‌رله‌مان له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ هه‌ره‌ گرنگه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌کان، ته‌نها به‌ بڕیاری شارراوه‌ و دوو قۆڵی و دوو لایه‌نه‌ نا‌بێت، که‌ ته‌نها مه‌سه‌له‌ی ته‌سکی چه‌ند لایه‌نێک حسابی بۆ بکرێت.
بۆ ئه‌مه‌ش ده‌بێت ئیتر ڕاو بۆچونی کورد له‌ ناو عه‌ره‌به‌کاندا حسابی ته‌واوی بۆ بکرێت، نه‌رمی نواندن له‌‌لایه‌ن لیستی کوردستانیه‌وه‌ ده‌بێت له‌ کاتی خۆی و له‌سه‌ر پرسه‌ گرنگه‌کان بێت. نه‌ک ته‌نها ڕازی کردنی عه‌ره‌به‌کان بێت له‌سه‌ر حسابی ترس له‌ کورسی و له‌ ده‌ست دانی هه‌ندێک به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی چه‌ند که‌سێک و لایه‌نێک، هه‌روه‌ها پشت گوێ خستنی به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌ی کورد له‌ به‌ر خاتری نه‌ته‌وه‌کانی تر. له‌ هه‌مان کاتدا ده‌بێت ڕێز له‌ بیروبۆچونی نه‌ته‌وه‌کانی تر بگیرێت کاتێک ئه‌وانیش ڕێز له‌ بیروبۆچونه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی کورد ده‌گرن و کاریشی پێبکرێت، نه‌ک ته‌نها قسه‌بێت، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ده‌بێت ئه‌ندامانی لیستی تازه‌ زۆر توند بن به‌رامبه‌ر ڕه‌گه‌زپه‌رسته‌ عه‌ره‌به‌کان و ئه‌وانه‌شی پشتگیریان لێ ده‌که‌ن و نایانه‌وێت ماده‌کانی ده‌ستوری عێراقی جێبه‌جێ بکرێت، که‌ سه‌باره‌ت به‌ کورد و به‌رژه‌وه‌ندی کورده‌. ده‌بێت هه‌ندێک جار زمانی توند و هه‌ڕه‌شه‌ش به‌کاربهێنرێت، وه‌ک هه‌‎ڕه‌شه‌ به‌ کشانه‌وه‌ و ئارگومێنتی تر تا به‌کارهێنانی هێز، لێره‌دا ڕۆڵی ئه‌م لیسته‌ تازه‌یه‌ له‌وه‌دا ده‌بێت که‌ هه‌وڵ بدات مافه‌کان و به‌رژه‌وه‌ندی کورد له‌ بڕیاره‌کاندا بخاته‌ پله‌ یه‌ک، پاشان له‌سه‌ر بناغه‌ی ڕێزی به‌رامبه‌ر له‌مافه‌کانمان ڕێز له‌ مافه‌کان و به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌کانی تری ناو عێراق بگیرێت، نه‌ک (کچی خۆمان بکه‌ین به‌ قوربانی کوڕی خه‌ڵکی)، وه‌ک ئه‌وه‌ی تا ئێستا کراوه‌، ته‌نها له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی بڵێن پیاوی چاکه‌ و ئاشتی خوازه‌، ئیتر به‌خشنده‌ بن به‌رامبه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌کانی تر، له‌سه‌ر ‌‌حسابی به‌رژه‌وه‌ندی کورد و خاکی کورد. ڕۆڵی لیستی گۆڕان لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئیتر سیاسه‌تی کورد به‌ ئاقارێکی تردا ڕێچکه‌ بگرێت، ئه‌و ڕۆڵه‌ش ئه‌وه‌یه‌ که‌ ده‌بێت بیگێڕێت له‌ په‌رله‌ماندا سه‌باره‌ت به‌و مه‌سه‌له‌ و بڕیارانه.
ئه‌م جۆره‌ گۆڕانه‌ له‌ عێراقی ئه‌مڕۆدا ده‌بێته‌ هۆی دروست بوونی بلۆکی تازه‌ی سیاسی له‌ په‌رله‌مانی عێراقدا، ئه‌مڕۆ ده‌بینین که‌ عه‌ره‌به‌کان خه‌ریکی خۆڕێکخستنه‌وه‌و دروستکردنی بلۆکی تازه‌ن بۆ هه‌ڵبژاردنه‌کانی داهاتوو، ده‌بێت لیستی کوردستانیش گۆڕان کاری له‌ بیربۆچونه‌کانی خۆیدا بکات سه‌باره‌ت به گشت مه‌سه‌له‌کانی هه‌رێم، لێره‌دا ڕۆڵی نوێنه‌ران و ئه‌ندامانی لیستی گۆڕان و ئه‌و لیستانه‌ش که‌ به‌رژه‌وه‌ندی کوردیان ده‌وێت ده‌رده‌که‌وێت، له‌ یه‌ک هه‌ڵوێستی و هاو خه‌باتی بۆ به‌رژه‌وه‌ندی کورد، له‌ هه‌مان کاتدا وه‌ستان دژی ئه‌وانه‌ی له‌ لیستی کوردستانی دا نه‌رمی ده‌نوێنن به‌رامبه‌ر به‌ عه‌ره‌به‌کان و ئه‌وانه‌ش که‌ له‌گه‌ڵیاندا هاوڕان.
ئه‌م گۆڕان کاریانه‌ عه‌ره‌به‌کان هه‌رزوو هه‌ستیان پێکردووه‌، به‌ڵگه‌ش بۆ ئه‌مه‌ ده‌ستپێشکاری نوری مالکی بوو، که‌ یه‌کسه‌ر ڕۆژی دوای هه‌ڵبژاردنه‌کان گه‌یشته‌ هه‌رێمی کوردستان له‌ ژێر بیانوی جیاواز دا، هاتنی ئه‌و که‌سه‌ بۆ هه‌رێم له‌م کاته‌دا ئه‌وه‌ ده‌رده‌خات که‌ عه‌ره‌به‌کان زۆر به‌ ووردی ئاگاداری گۆڕان کاریه‌کانی کوردستانن و هه‌ستیان به‌م گۆڕانه‌ گرنگه‌ کردووه‌، که‌ له‌ سیاسه‌تی داهاتوی ‌لیستی کوردستانی دا له‌ ڕووی بۆچونی ئه‌ندامه‌کانی دا دروست ده‌بێت، بۆیه‌ ده‌بێت هه‌ندێ مه‌سه‌له‌ که‌ پێشتر له‌لایه‌ن عه‌ره‌به‌کانه‌وه‌ حسابی جددی بۆ نه‌ده‌کرا له‌ به‌ر بێ هه‌ڵوێستی ئه‌ندامه‌کانی پێشوتری لیستی کوردستانی و بێ بڕیاریان و بێ که‌راکته‌ریان له‌ ئاست مه‌سه‌له‌کاندا. باسی ئه‌ندامانی ئێستای ئه‌م لیسته‌ی ناو په‌رله‌مانی عێراق ناکه‌ین که‌ چه‌ند بێ که‌راکته‌رن له‌ ئاست بڕیاره‌کاندا، ئه‌گه‌ر وا نییه‌ بۆچی تا ئێستا هه‌ڕه‌شه‌یه‌کی بچوکی کشانه‌وه‌ له‌ دانیشتنه‌کان دا نه‌کراوه‌؟ کاتێک بڕیاره‌کان ده‌رده‌چن، ئایا هه‌موو بڕیاره‌کان له‌ به‌رژه‌وه‌ندی کورد بوون؟ ئه‌گه‌ر وایه‌ ئه‌ی مه‌سه‌له‌ی ناوچه‌ کێشه‌ له‌سه‌ره‌کان بو به‌چی؟، ئه‌ی بودجه‌ی هه‌رێم که‌ هه‌موو ساڵێک عه‌ره‌به‌کان هه‌ڕه‌شه‌ ده‌که‌ن به‌ که‌م کردنه‌وه‌ی کورد وه‌ته‌نی (گیسکه‌ که‌ی هه‌یاسی خاس) و زۆر شتی تریش.
گۆڕان له‌ سیاسه‌تی ئێستای عێراق دا، مانای گۆڕان له‌ سیاسه‌تی ناوچه‌که‌دا، واته‌ ئه‌م جۆره‌ گۆڕانه‌ وا له‌ ووڵاته‌کانی دراوسێی عێراقیش ده‌کات، ئه‌جندای سیاسی خۆیان به‌رامبه‌ر به‌ عێراق و کورد بگۆڕن، ئه‌مه‌ ته‌نها لێره‌دا ناوه‌ستێت، واته‌ کار ده‌کاته‌ سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌کان له‌ ناۆچه‌که‌دا، و ئه‌جندای سیاسی ئه‌مریکاو هاوپه‌یمانه‌کانی به‌رامبه‌ر به‌ عێراق و ناۆچه‌که‌ به‌ گشتی، لێره‌دا ئه‌و پرسیاره‌ دروست ده‌بێت که‌ ئایا ئه‌مریکا و ده‌وڵه‌ته‌ دراوسێکان ئه‌م گۆڕانه‌یان ده‌وێت؟، یا ده‌بێت ئه‌ندامانی تازه‌ی لیستی کوردستانی هه‌موو شتێک له‌ ژێر فشاردا قبووڵ بکه‌ن؟، ئایا پشتگیری تاکی کورد له‌م بارودۆخه‌دا تا چه‌ند ده‌بێت بۆ نوێنه‌ره‌کانیان؟.
ده‌بێت ئه‌مڕۆ کورد زیره‌کانه‌ مامه‌ڵه‌ له‌ گه‌ڵ ئه‌م گۆڕانه‌ دا بکات، وه‌ بۆ پێداویستی سیاسی ئه‌مڕۆی کورد ده‌بێت گۆڕان دروست ببێت له‌ بیروبۆچونه‌کان دا، ده‌بێت گۆڕان دروست ببێت له‌ ئه‌قڵیه‌تی تاکی کورد دا، وبه‌هه‌مان شێوه‌ش تاکی کورد ده‌بێت پشتگیری خۆی بدات به‌و لایه‌نه‌ی که‌ ته‌نها به‌رژه‌وه‌ندی کوردی ده‌وێت له‌ سه‌رو به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌کانی تره‌وه‌. ئه‌مڕۆ بارودۆخه‌که‌ زیاتر له‌ جاران گۆڕانی ده‌وێت، له‌گه‌ڵیشیدا بۆچۆنه‌کانمان به‌ره‌و ئاسۆیه‌کی ڕوونتر دوور له‌ به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌ت و به‌ر ته‌سکی لایه‌نێک و کیانێک .
بۆیه‌ کاری سه‌ر شانی ئه‌ندامانی تازه‌ی لیستی کوردستانی له‌ عێراق دا ئاڵۆزتر و قورس تر ده‌بێت، بۆ ئه‌مه‌ش ئه‌م لیسته‌ پێویست ده‌کات گوڕو تینی تازه‌ بیجوڵێنێت که‌ خاوه‌نی مێشکی تازه‌ و خاوه‌ن گۆڕان بێت، بۆیه‌ ئه‌مڕۆ له‌ هه‌موو کات زیاتر گۆڕان گرنگه. ئه‌م لیسته‌ش ده‌بێ له‌ ئاستی ئه‌و به‌رپرسیارێتیه‌دا بێت که‌ ده‌که‌وێته‌ سه‌ر شانی له‌ داهاتودا‌.
چونکه‌ تاکی کورد وا ده‌بینێ که‌ گۆڕان ئه‌مڕۆ پیداویستیه‌کی نه‌ته‌وه‌یی یه‌ که‌ چاره‌ نوسی نه‌ته‌وه‌که‌مان له‌ سه‌ر شانی ئه‌وه‌، گۆڕان ئه‌مڕۆ هه‌موو کورد به‌ گه‌وره‌ و بچوکه‌وه‌ چاومان له‌ تۆو کاره‌کانی تۆیه‌، هیوامان گۆڕانه‌ داهاتووی نه‌وه‌ی کورد به‌ره‌و باشتر به‌رێت، به‌ کاره‌کانی به‌ هه‌ڵوێسته‌کانی به‌ بۆچونه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی، بۆیه‌ هه‌موو بڕیارمان دا، بۆیه‌ ده‌نگمان دا به‌تۆ که‌ ده‌بێت گۆڕان دروست بکه‌یت، ئێمه‌ش وه‌ک توێژه‌کانی کۆمه‌ڵ به‌ گشتی له‌ پشت تۆوه‌ وه‌ستاوین تا مردن، به‌ بێ جیاوازی بیرو ڕامان ئه‌گه‌ر تۆ له‌ سه‌ر ڕێچکه‌ی ئه‌و بۆچونه‌ بیت که‌ هه‌ڵتگرتووه‌. ئه‌مه‌ ده‌بێت هه‌ڵوێستی هه‌موو تاکێک بێت.

د. نوح عه‌بدول
18-8-2009

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە