با نه‌ڵێین خۆزگه‌مان به‌ کفن دزی پێشوو

Saturday, 26/02/2011, 12:00



سه‌دام حسێن ئه‌و ده‌عبا بۆگه‌نه‌ی ئاهی میلله‌ت گرتی و له‌ گۆڕ نرا، مێژوه‌که‌ی ئه‌وه‌نده‌ دوور نییه‌ پێویست به‌ بیرهێنانه‌وه‌ بکات. من نه‌مده‌یست ده‌ستپێکی ئه‌م وتاره‌م به‌ ناوی سه‌دام ده‌ست پێ بکات به‌ڵام بڕواتان بێت ڕوداوه‌کانی ئه‌م دوایه‌ی کوردستان به‌گشتی و سلێمانی به‌ تایبه‌تی به‌ به‌رده‌وامی ئه‌و مێژوه‌ تاڵه‌م به‌ بیر دێنێته‌وه‌. چما هه‌ر سه‌دام حسێن نه‌بوو لاوانی کوردی ده‌کوشت و پاره‌ی فیشه‌که‌کانی له‌ که‌سوکاری ده‌سه‌نده‌وه‌، گه‌نجانی بێ سه‌رو شوێن ده‌کرد، باره‌گاکانی به‌ موقه‌ده‌س ده‌زانی ، میدیاکانی به‌ میلله‌ت ده‌وه‌ڕین و پاکانه‌یان له‌و هه‌موو زوڵم و زۆره‌ ده‌کرد، ته‌عدای له‌ ئینسانیه‌ت ده‌کرد و که‌رامه‌تی مرۆڤی ده‌شکاند و گوێی له‌ که‌س نه‌بوو. ئه‌و جیاوازیه‌ بچکۆله‌ی ئیستا هه‌یه‌ ئه‌وه‌یه‌ سه‌رانی کورد له‌ پێشا پاره‌ی فیشه‌که‌کانیان به‌ زیادیشه‌وه‌ له‌ له‌سه‌دا 17 که‌ی میلله‌ت هه‌ڵگرتووه‌، به‌ ڕۆژی ڕوناک و له‌ ناو ئاپۆڕه‌ی جه‌ماوه‌ردا گه‌نجان ده‌ردێنن و بێ سه‌رو شوێنیان ده‌که‌ن، باره‌گا کۆنه‌کانی ڕژێمی به‌عس به‌ پاره‌ی میلله‌ت تازه‌ ده‌که‌نه‌وه‌ و سه‌نگه‌ر له‌ میلله‌ت ده‌کوتن ئه‌و باره‌گایانه‌ی دوێنێ به‌عس کوڕی کوردی تیا ده‌کوشت، میدیاکانی حیزب ئه‌م جاره‌ به‌ کوردی ده‌ڵێن موخه‌ربین غه‌دریان لێ کردوین و هاتونه‌ته‌ سه‌رمان، سه‌رۆکه‌کانمان به‌ جلی کوردییه‌وه‌ پێکه‌نینیان به‌ خه‌می میلله‌ت دێت، ڕه‌نجی سه‌دان ساڵه‌ی میلله‌تێک به‌ خه‌ونی شاعیری ده‌زانن. ئه‌گه‌ر کوشتنی 36000 کورد له‌سه‌ر به‌ده‌ست هێنانی کورسی و ده‌سه‌ڵات ته‌عدا نه‌بێت له‌ ئینسانیه‌ت، چییه‌؟ ئه‌گه‌ر به‌کار هێنانی پیاوێکی جه‌رگ سوتاوی ساده‌ی وه‌ک حاجی عه‌لی گاڵته‌ کردن نه‌بێت به‌ هه‌ستی مرۆڤ، ئه‌ی چییه‌؟ ئه‌گه‌ر پشت گوێ خستنی داوای ڕه‌وای که‌سوکاری ئه‌نفالکراوه‌کان که‌رامه‌ت شکاندنیان نه‌بێت، چییه‌؟



ئه‌م غروره‌ چییه‌ ئێوه‌ی گرتوه‌، بۆ ئه‌وه‌نده‌ به‌رز دانیشتون چاوتان له‌ که‌موکوڕیه‌کانی میلله‌ت نییه‌. ئێوه‌ بۆشاییه‌کتان له‌ نێوان گه‌نج و نیشتماندا دوررست کرد مه‌گه‌رهه‌ر مه‌رگی ئێوه‌ و سیاسه‌ته‌ چه‌وته‌کانتان پڕی بکاته‌وه‌. ئێوه‌ ڕه‌نگه‌کانتان دابه‌ش کرد، قه‌ڵه‌مه‌کانتان شکاند، ئێوه‌ درۆتان له‌گه‌ڵ خۆشتان و ئێمه‌ش کرد. ئێوه‌ ئه‌گه‌ر بتانه‌وێت درۆیه‌کی گه‌وره‌مان بۆ بکه‌ن ده‌چن لێژنه‌ی بۆ ڕێکده‌خه‌ن، ئێوه‌ درۆکانیشتان ڕووی مه‌جلیسی نییه‌، سیناروێ به‌زیوه‌که‌ی سه‌رده‌شتان له‌بیره‌؟ ئێوه‌ سۆرانتان له‌ بادینان تۆران گه‌رمیانی ئه‌نفالکراوتان کرد به‌ قوربانی کوێستانی خۆتان، هه‌ڵه‌بجه‌شتان کرد به‌ ئامرازێک بۆ پڕ کردنی بانقه‌ بێ بنه‌ کانتان، ئاخ هه‌ڵه‌بجه‌.

مه‌گه‌ر هه‌ر خه‌ڵکی به‌شه‌ره‌فی نیشتمان نه‌بوو نان و ڕۆنی له‌ ده‌می خۆی و منداڵی ده‌گرته‌وه‌ و ده‌یهێنا بۆ ئێوه‌ له‌شاخ که‌چی ئێستا به‌ ڕۆحی لاوه‌کانیشیان تێر ناخۆن. ئێوه‌ دزێو ترین وێنه‌ی شه‌قه‌وایه‌تی و ناشرین ترین ئه‌قڵی سه‌رده‌من. ئه‌و فیشه‌کانه‌ی ئێسته‌ ده‌نرێن به‌ لاوانی نیشتمانه‌وه‌ ده‌بوایه‌ ساڵانێک له‌ مه‌و پێش له‌سه‌ر حه‌مرینه‌وه‌ بنرایه‌ به‌ دوژمنه‌وه‌، به‌ڵام خۆ ئێوه‌ ئه‌قڵتان غائیبه‌ و توانای سیاسه‌تیشتان نه‌ماوه‌ ئێوه‌ و ئێوه‌ و ئێوه‌...



به‌سه‌ ئیتر گاڵته‌ به‌ ئه‌قڵمان مه‌که‌ن و پێمان مه‌ڵێن دۆخه‌که‌ ناسکه‌، ئه‌م قسه‌یه‌ تۆزێکی 20 ساڵه‌ی له‌سه‌ر نیشتووه‌ و ته‌واو کۆن بووه‌، میلله‌ت هه‌ر گۆڕانیکی بوێت ده‌یکات خۆشی ته‌حه‌مولی ئه‌نجامه‌که‌ی ده‌کات، ئێوه‌ش به‌رپرسن له‌وه‌ی که‌ ئه‌م دۆخه‌تان خوڵقاندوه‌. ئه‌گه‌ر ئێسته‌ بێکه‌س بمایه‌ ڕووی ده‌کرده‌ ئێوه‌ و په‌نجه‌ی بۆ چاوتان درێژ ده‌کردوو ئه‌ی نه‌ڕاند

ئه‌وا بیست ساڵه‌ من ڕه‌نجبه‌ری تۆم

به‌ نان و ئاو و جل وبه‌رگی خۆم

خزمه‌تم کردی له‌ ئێران و ڕۆم

له‌ پێناوی تۆ شکاوه‌ ئه‌ستۆم

که‌چی هێشتا هه‌ر دیل و ڕه‌نجه‌رۆم

گوناهم چی بوو به‌م ده‌رده‌ت بردم؟!

بۆچی به‌ناهه‌ق وا سووکت کرد؟!



به‌سه‌ ئیتر واز بێنن و دوربکه‌ونه‌وه‌ لێمان با نه‌ڵێین خۆزگه‌مان به‌ کفن دزی پێشوو


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە