کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


دوای شه‌ش مانگ له‌ دروست نه‌بوونی حکومه‌ت، ره‌وایه‌تی هه‌ڵبژاردن نه‌ماوه‌

Wednesday, 19/03/2014, 12:00




شه‌ش مانگ تێ ئه‌په‌ڕێ به‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنی هه‌رێمی کوردستان، به‌ڵام هێشتا لایه‌نه‌کان نه‌گیشتونه‌ته‌ رێکه‌وتن بۆ دروست کردنی کابینه‌ی حکومه‌تی نوێ، رۆژ ژماردن له‌سه‌ر شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆنه‌کان لایه‌نه‌کان به‌هه‌ندی وه‌رناگرن، چونکه‌ به‌ڕاستیش ئیتر پێویستی به‌ مانگ ژماردن هه‌یه‌. لیسته‌ براوه‌کانی هه‌ڵبژاردن له‌ماوه‌ی ئه‌و شه‌ش مانگه‌ هیچ جیاوازیه‌کیان له‌گه‌ڵ یه‌کترنه‌بوو، به‌تایبه‌تتریش پێنج لیسته‌ یه‌که‌مه‌که‌، تا ئێستاش کاردانه‌وه‌که‌یان بۆ پێکنه‌هێنانی حکومه‌ت زۆر ساده‌و ئاسایه‌. دیاریش نییه‌ ئه‌گه‌ری پێکنه‌هێنانی کابینه‌ی نوێ تا هه‌ڵبژاردنه‌کانی به‌غدا و پارێزگاکان درێژببێته‌وه،‌ کاردانه‌وه‌یان چی ئه‌بێت؟؟
زۆری له‌سه‌ر نوسراوه‌ پێویسته‌ زیاتریشی له‌سه‌ر بنوسرێ، چونکه‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی وڵات قۆرخکراوه‌ به‌ناوی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌، بۆیه‌ ده‌بێ خه‌ڵک له‌سه‌ر ئه‌و مافه‌ی به‌ده‌نگبێ، ناکرێ هه‌ر چاوه‌ڕێی ره‌حمه‌تی زڵهێزه‌کانی هه‌رێمی کوردستانبێ. چونکه‌ له‌ئێستادا وڵات به‌شێوه‌یه‌کی فعلی و کاتی بۆ ماوه‌ی شه‌ش مانگه‌ به‌ڕێوه‌ئه‌چێ، ئه‌مه‌ له‌پای چی، بۆچی ئه‌بێ لایه‌نه‌کان له‌و کردوه‌یه‌ بێ ده‌نگبن، پارت و لایه‌نه‌کان، رێکخراوه‌کان، که‌سایه‌تیه‌ رۆشنبیرو.....هتد؟؟؟؟؟؟
ره‌هه‌نده‌کانی پێکنه‌هێنانی حکومه‌ت چین؟ گوایه‌ ده‌یانه‌وێ بنکه‌ فره‌وان بێ، به‌ڵام ئه‌وه‌ شه‌ش مانگه‌ به‌بنکه‌ ته‌سکیش هیچ شتێک دروست نه‌بووه‌‌، له‌سه‌ر هه‌موو پله‌و پۆستێک کێشه‌و هێلی سورهه‌یه‌، باشه‌ ئه‌ی بنکه‌ فره‌وانی چۆن چۆنیه‌؟ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش که‌ ئه‌قلیه‌تی لیستی ئه‌رکدارکراو بۆ دروستکردنی حکومه‌ت ته‌سک بین و تاکڕه‌وانه‌یه‌ له‌هه‌موو کارو کرده‌وه‌یه‌کا، ئایا ده‌توانێ حکومه‌تی بنکه‌ فره‌وان دروستبکات؟ ئایا حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانی باشوور، ده‌توانێ به‌قه‌د کانتۆنه‌کانی رۆژئاوا بنکه‌ فره‌وانبێ؟ بێگومان وه‌ڵامه‌که‌ی ئاسانه‌ که‌ نه‌خێره‌، چونکه‌ له‌یه‌که‌م ئه‌زمونی رۆژئاوا ئاشوری و عه‌ره‌ب وه‌ک نه‌ته‌وه‌، ژنیش وه‌ک ره‌گه‌ز جێگری سه‌رۆکی حکومه‌تیان پێدراو سه‌رۆکی کانتۆنێکیش ژنه‌، دوای 23 ساڵ له‌ئه‌زمونی هه‌رێمی باشور هێشتا ئیراده‌ی ئه‌وه‌ نه‌توانراوه‌ نێشانبدرێ که‌ نه‌ته‌وه‌کانی تر و ژن بهێنرێنه‌ ئاستی سه‌ره‌وه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هه‌رێم، له‌هه‌ڵبژاردنه‌کانیش" له‌ ناو هه‌ڵبژاردنی تایبه‌ت تورکمان له‌ ناوچه‌ی به‌حرکه‌ و ده‌شتی به‌ڕانه‌تی ده‌نگی زۆرینه‌ دێنێ که‌ یه‌ک دانه‌ پۆلیسیش به‌ناوی حیزبێکی تروکما‌نه‌وه‌ نییه"‌.!!! واتا بنکه‌ فره‌وانیه‌که‌ ته‌نها له‌نێوان حیزبی کوردیه‌، پرسه‌که‌ش دابه‌شکردنی داهاته‌کان و ئیمتیازاته‌ بۆ لایه‌نه‌کان، ئه‌مه‌ پره‌نسیبێکی لاوازی بنکه‌ فره‌وانیه‌، ئه‌وه‌ش زیاتر مۆدێلی ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه‌یی سیسته‌می سه‌رمایه‌داری و ناوه‌ندگه‌رای نه‌ته‌وه‌په‌رسته‌، ئه‌و شێوه‌ بنکه‌ فره‌وانیه‌ گوزارشت له‌ دیموکراتیه‌تی زۆرینه‌ ناکات، به‌ڵکو دیموکراتیه‌تی لێبڕاڵ و نیۆ لیبڕاڵه‌، له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ ئه‌وه‌ی پڕوپاگه‌نده‌ی بۆ ده‌کرێت به‌ناوی بنکه‌ فره‌وانیه‌وه‌ ته‌نها فریودانی کۆمه‌ڵگایه‌، نمونه‌ له‌ کابینه‌ی پێنج و شه‌ش هه‌موو لایه‌نه‌کان له‌ناو ده‌سه‌ڵات دابوون، ئه‌ی بۆ کێشه‌و قه‌یرانه‌کان چاره‌سه‌رنه‌بوون، ئه‌ی بۆ گه‌نده‌ڵی په‌ره‌یسه‌ند، ئه‌ی بۆ نه‌توانرا که‌رکوک بگه‌ڕێندرێته‌وه‌، ئه‌ی بۆ هێزه‌کانی تورکیا نه‌توانرا له‌ هه‌رێمی بادینان ده‌ربکرێن، ئه‌ی بۆ کێشه‌ی کوشتنی ژنان و بێکاری و خزمه‌تگوزاری چاره‌سه‌رنه‌بوون؟؟؟ ئه‌وه‌ی پێی ئه‌ڵێن حکومه‌تی بنکه‌ فره‌وان له‌ رابردوو ته‌نها له‌یه‌ک کاردا سه‌رکه‌وتوبوو، ئه‌ویش چۆڵ کردنی گونده‌کانی کوردستان، خه‌ڵک به‌ناوی مووچه‌ی ئاسایش و پێشمه‌رگه‌ له‌ شاره‌کان کۆکردنه‌وه‌، فه‌رموون به‌رهه‌مه‌کانی حکومه‌ته‌ بنکه‌ فره‌وانه‌که‌ بژمێرن، ئه‌گه‌ر له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وانه‌ی وتمان شتێکیتر هه‌بوایه ئه‌وا ئه‌مڕۆ هه‌رێم تووشی قه‌یرانی ئابووری نه‌ده‌بوو. سه‌رکه‌وتوبوون له‌ هێنانی زۆری کۆمپانیا تورکیه‌کان بۆ هه‌رێم بۆ دروستکردنی ته‌لار و باڵه‌خانه‌ی به‌رز، ئه‌ی ئه‌مڕۆ له‌ ئابلۆقه‌ی ئابووریدا بۆچی ئه‌و ته‌لار و باڵه‌خانانه‌ فریایی حکومه‌ته‌ بنکه‌ فره‌وانه‌که‌ ناکه‌ون؟؟؟ له‌لایه‌کێتر سه‌رۆکی حکومه‌ته‌ بنکه‌ فره‌وانه‌کانی رابردوو ئه‌ڵێت؛ سیسته‌می ته‌ندروستی فاشیله‌ له‌ هه‌رێمی کوردستان، بێ زه‌حمه‌ت ئه‌وه‌ی ئه‌و سیسته‌مه‌ فاشیله‌ی له‌ ته‌ندروستی بونیادناوه‌ کێیه‌؟؟؟ ئه‌رێ ده‌سه‌ڵاتدارانی تا ئه‌مڕۆ له‌ده‌ره‌وه‌ی ئێوه‌ که‌سیتر هه‌یه‌ که‌ له‌و فاشیل بوونه‌ به‌رپرسیاربێ؟؟ واتا ئه‌وه‌ی ده‌یانه‌وێ دوای شه‌ش مانگ له‌پێکنه‌هێنانی حکومه‌ت بکه‌نه‌ بیانو بنکه‌ فروان کردنی کابینه‌ نوێکه‌یه‌، واتا تائێستا هیچ کابینه‌یه‌کی بنکه‌ فره‌وان پێکنه‌هاتبێ.!!
لایه‌نه‌کانی هه‌رێم ئه‌وانه‌ی به‌یه‌ک کورسیش له‌هه‌ڵبژاردن ده‌رکه‌وتبوون، هه‌موویان ده‌ست له‌سه‌ر سینگ وه‌ستان بۆ ئه‌وه‌ی به‌شداری حکومه‌تی بنکه‌ فره‌وان بکه‌ن، ئه‌وه‌ی به‌لای منه‌وه‌ سه‌یره‌ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌؛ مۆدێلی به‌ڕێوه‌بردن له‌ هه‌رێمی کوردستان له‌ فه‌ڕاشه‌وه‌ تاکو سه‌رۆکی حکومه‌ت مۆدێلی به‌ڕێوه‌بردنی پارتیه‌، ئه‌ویش مۆدێلێکی حیزبگه‌رای ته‌سکبینه‌، بۆیه‌ ئه‌وه‌ی بکه‌وێته‌ ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌وه‌‌ جا وه‌ک هه‌ریه‌ک له‌ پایه‌و پێکهاته‌کانی حکومه‌ت، ئه‌وا پێویسته‌ بخزێته‌ ناو مۆدێل و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پارتی، له‌وانه‌یه‌ به‌شداری لایه‌نه‌که‌ زۆربێ یان که‌م، نمونه‌ هه‌تا ئه‌گه‌ر وه‌زیرێکی بێ وه‌زاره‌تبێ یان وه‌زیری رێکخستنی کاروباری په‌رله‌مان و حکومه‌تیشبێ، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر لایه‌نێک بڵێ له‌و حکومه‌ته‌ به‌شداره‌بم و مۆدێلێکی تایبه‌ت به‌خۆم جێبه‌جێ ئه‌که‌م به‌لای منه‌وه‌ خه‌یاڵ پڵاویه‌. له‌ماوه‌ی رابردووش که‌ یه‌کێتی هاوبه‌شی ستراتیژی پارتی بووه‌ وه‌ک سیاسی، به‌ڵام له‌لایه‌نی ئیداری یه‌کێتی خاوه‌ن مۆدێلی به‌ڕێوه‌بردن نه‌بووه‌، به‌ڵکو به‌شداری مۆدێلی به‌ڕێوه‌بردنی پارتی بووه‌، ئه‌مه‌ش وای کردوه‌ هیچ وه‌زیر و جێگر و به‌ڕێوه‌به‌ر و راوێژکار و له‌هه‌موو پله‌و پۆسته‌کان هیچ گۆڕانکاری شتێکی وایان پێ نه‌کراوه‌ که‌ یه‌کێتی پێی بناسرێته‌وه‌، ته‌نها ئه‌وه‌ی قازانج بووه‌ هاوبه‌شێکی به‌هێزبووه‌ له‌ باجی گه‌نده‌ڵی و شێوازی نادیموکراتی و حکومه‌تی خێڵه‌کی و ئارستۆکراسی کۆپیه‌ کراوی ده‌ره‌وه‌.
ئه‌وه‌ی ئێستا جێی سه‌مه‌ره‌یه‌ ئه‌ویش بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌؛ ئه‌ڵێ ئه‌مه‌وێ به‌مۆدێلی خۆمی لیبڕاڵ به‌شداری بکه‌م له‌ کابینه‌ی حکومه‌تی نوێ "نه‌ک وه‌زیر وه‌زاره‌تم ئه‌وێ". داواکریه‌کی گونجاوه‌، به‌ڵام وادیاره‌ به‌ڕێزانی گۆڕان هێشتا مۆدێلی هه‌رێمیان نه‌ناسیوه‌، ئه‌وه‌ی گۆڕان داوای ده‌کات واتا ده‌سه‌ڵات به‌دوو مۆدێل به‌ڕێوه‌بچێ، که‌ ئه‌مه‌ به‌لا مه‌حاڵ دایه‌، چونکه‌ پارتی هه‌زمی ئه‌وه‌ ناکا مۆدێله‌که‌ی پارچه‌ ببێ، پارتی لایه‌نه‌کانی ئه‌وێ بۆ جوانکردنی مۆدێله‌که‌ی نه‌ک جیاکاری له‌ مۆدێلی ئه‌و، له‌به‌ر ئه‌وه‌شه‌ گۆڕان ئه‌گه‌ر ئاستی داواکاریه‌کانی که‌متریش کاته‌وه‌ به‌لای من سه‌خته‌ پارتی به‌رگه‌ی شێوه‌ی کاری گۆڕان بگرێ، ئه‌ر گه‌وره‌ترین سازشیش بکه‌ن له‌ماوه‌یه‌کی که‌م کۆتایی دێ. هه‌رچه‌نده‌ له‌ ئێستادا گۆڕان چه‌ند شتێکی پارتی وه‌ک پرنسیب په‌سند کردوه‌، دیاریش نییه‌ له‌به‌رامبه‌ر چی؟؟ ته‌نها بۆ به‌شداری پێکردنی حکومه‌ته‌، ئه‌گه‌ر نا ره‌وانکردنی نه‌وت بۆ تورکیا و ئاسایی سه‌یری په‌یوه‌ندیه‌کانی پارتی و تورکیا، له‌ به‌رامبه‌رچیه‌؟؟ تائێستا بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان هیچ رونکردنه‌وه‌یه‌کی نه‌داوه له‌سه‌ر په‌سند کردنی داواکاریه‌کانی پارتی‌؟
لایه‌نه‌کانی تر که‌ ده‌یانویست به‌کورسیه‌ک به‌شداری حکومه‌ت که‌ن، به‌ڵام وادیاره‌ به‌شداریان پێناکرێ، ئه‌ی چی ئه‌که‌ن ئه‌و به‌ڕێزانه‌، چونکه‌ له‌ماوه‌ی 22ساڵی رابردوو به‌رده‌وام له‌ په‌راوێزی حکومه‌تدا ژیاون، سه‌خته‌ به‌ره‌ی ئۆپۆزیسیۆن هه‌ڵبژێرن، چونکه‌ ناتوانن رووبه‌ڕوی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ بوستن، له‌لایه‌کتریش به‌شداریان له‌ حکومه‌ت پێ ناکرێ ئه‌وکات چۆن ئه‌توانن به‌رده‌وامی به‌خۆیان بده‌ن؟؟
یه‌کێتی نه‌هێزی رووبه‌ڕوبوونه‌وه‌و نه‌ توانای ره‌خنه‌ی به‌رده‌وامیشی هه‌یه‌، له‌وانه‌یه‌ شێوازی کۆنی به‌کاربێنێته‌وه‌ "له‌هه‌ردوو به‌ره‌وه‌ خواردنبێ"، چونکه‌ بینیمان ماوه‌یه‌ک بوو هه‌ڵوێستی جیاوازیان هه‌بوو بۆ رۆژئاوای کوردستان، به‌ڵام به‌یه‌ک ره‌خنه‌ی سه‌رۆکی پارتی یه‌کسه‌ر سه‌د و هه‌شتا پله‌ بایاندایه‌وه‌!! له‌ ئێستا دوای ئه‌و هه‌موو کێشه‌ ناوخۆی و بوون به‌پله‌ی سێیه‌م، سه‌خته‌ ئومێدێکی زۆره‌ت به‌ یه‌کێتی بێ، بێگومان هیچ شتێکیش مه‌حاڵ نییه‌.
گۆڕان ئه‌ڵێ: تائێستا هه‌ردوو بژارمان له‌به‌رده‌ست دایه‌، به‌لای منه‌وه‌ له‌ هه‌ردوو لایه‌نه‌که‌ بوو، پارتی وه‌ک گۆڕان ئه‌یه‌وێ به‌شداری حکومه‌تی پێ ناکا ، ئه‌گه‌ر بشیکات ته‌مه‌نی کورته‌بێ، به‌مه‌رجێک وه‌ک ئه‌و گۆڕانه‌ی به‌ڵێنی داوه‌، نه‌ک وه‌ک گۆڕانێک که‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتدا ره‌نگی زه‌رد ببێ، هه‌مانکات باوه‌ڕی شه‌قامیشی وه‌ک جاران نه‌ماوه‌، چونکه‌ له‌شه‌ش مانگی رابردوو به‌ ئاوازی ده‌سه‌ڵات و به‌تایبه‌ت پارتی خوێندوه‌، بۆیه‌ سه‌خته‌ گۆڕان بگه‌ڕێته‌وه‌ ئاستی رابردوو له‌گه‌ڵ شه‌قام ئاشتبێته‌وه‌، چالاکی و خۆپیشاندانه‌کانی سه‌ید سادق و خه‌باتیشمان بینی، که‌ توانای زاڵبوونی به‌سه‌ر شه‌قامیشدانییه‌ بۆ بێده‌نگ کردنی.
لایه‌نه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مان و رێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی ئه‌کرێ ئه‌و بۆشایه‌ پڕکه‌نه‌وه‌و ته‌نگ به‌ده‌سه‌ڵات هه‌ڵچنن و بیخه‌نه‌ ژێرباری خه‌ڵک؟ بێگومان ئه‌وانیش له‌و شه‌ش مانگه‌ی دوای هه‌ڵبژاردن به‌لاوازی ده‌رکه‌وتوون، ئه‌گه‌ر هه‌ندێک جموجۆلیشیان هه‌بووبێ ، به‌ڵام نه‌یانتوانیوه‌ شه‌قام ئاراسته‌بکه‌ن.
له‌ئێستا له‌ده‌ره‌وه‌ی دووباره‌کردنه‌وه‌ی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن وه‌کوتر رێگایه‌کیتر نییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی قه‌ناعه‌تمان پێبێنێ که‌ ئه‌و لیستانه‌ی ئێستا ئه‌توانن کابینه‌ی حکومه‌ت پێکبێنن، دوای شه‌ش مانگ له‌ هه‌ڵبژاردن حکومه‌ت دروستکردن خه‌یاڵه‌.‌ له‌وانه‌یه‌ بگوترێ هه‌ڵبژاردن چ کاریگه‌ریه‌کی له‌سه‌ر ئه‌وبارودۆخه‌، بێگومان ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ قه‌یرانی دروستکردوه‌ حکومه‌ته‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌به‌رامبه‌ر هه‌موو ئه‌و کێشه‌و ته‌گه‌رانه‌ی هاتووته‌ پێشه‌وه‌ هیچ ئاماده‌کاریه‌کی نه‌بووه‌، پێچه‌وانه‌ هه‌موو پشت به‌ستنێکی به‌ دۆستایه‌تی تورکیا و دیبلۆماسیه‌تی ئه‌مریکاو بودجه‌ی به‌غدا بووه‌، ئه‌وانه‌ له‌یه‌ک کاتدا پێچه‌وانه‌ هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ بۆیه‌ش له‌ئێستا ته‌نها به‌ناو شتێک هه‌یه‌ به‌ناوی حکومه‌ت، وه‌کوتر له‌هه‌موو لایه‌که‌وه‌ له‌ناو قه‌یراندایه‌. به‌یاسا و به‌ویژدان ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ی هه‌رێم ئێکسپایه‌ر بووه‌و هیچ به‌رهه‌مێکیشی لێ سه‌وزنابێ.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە