كرانەوەكەی ئەردۆغان ئەحمەد تورك دەباتە زیندان
Thursday, 31/12/2009, 12:00
دەولەتی تورك بەسەرۆكایەتی ئەكەپە و ئەردۆغان بڕیاریان داوە ئیرادەی سیاسی كورد لەكەسایەتی دەتەپە و سەرۆك شارەوانی و ئێساش لەخۆئامادەكردندان بۆ هێرش كردنەسەر پەرلەمانتارەكانیان، بۆ ئەمەش ئامانجیانە؛ ئەحمەد تورك، سەلاحەدین دەمیرتاش، ئامینە عەینە، ئەیسەل تۆغلوك و سەباحەت تونجەل دەستگیربكەن.
بەدەستگیركردنی پەرلەمانتاران ئیدی ئەردۆغان وەك زوحاكی سەردەم تۆزێك دڵی ئاسوودە دەبێت. بە دەستگیركردنی نزیكەی 120 كەس لەماوەی دوو سێ رۆژدا لە سەرۆك شارەوانی و ئەندامانی بەڕێوەبەرایەتی حیزبی و چالاكوانانی مەدەنی و دیموكراتی و مافەكانی مرۆڤ هەمانكات بەدەستگیركردنی 5 لەپەرلەمانتاران لە ئەنجامەكانی ئۆپەراسیۆنی دوایدا دەبن.
هەڵبەتە ئۆپەراسیۆن ودوژمنایەتیەكانی دەسەڵاتدارانی دەولەتی تورك بۆ سەر كورد تەواونابێت تا ئەو كاتەی مل نەنێ بەچارەسەری راستەقینەی پرسی كورد.
دیمەنەكانی ئەو چەند رۆژی رابردووی تیڤی باوەڕدەكەم هەركەسێكی بەویژدانی سەرسام كردبێت، بڕواناكەم هیچ كەسێك كاتێك دەستی كەلەبچەكراوی خەتیب دیجلەی بینیبێ و كاریگەری لەسەر نەكردبێت وهەموو گیانی پڕ نەبێ لە رق وقین، بەهەمان شێوە ماڵئاوایە سۆزاویەكەی نەجدەت ئەتەلای لە كچە بچكۆلانەكەی ، لەگەڵ قیڕەی مەردانی سەلیم ساداق و ماڵئاوای لەیلا گۆڤەن لەهاورێیانی جێگەی رێزە كاتێك گووتی خەمی منتان نەبێت لە خەبات بەردەوام بن. ئەمە دیمەنی دڵسۆزی ئەو خەڵكانە بوون كەهەموو ژیانیان تەرخان كردوە بۆ خزمەتی كۆمەڵگاكەیان، بۆیە رق وتوڕەیەكەی عوسمان بای دەمیری سەرۆكی شارەوانی ئامەد لەبەردەم دەزگاكانی راگەیاندەندا هەزار جار مافدار تركرد.
ئەو شەڕەی ئەردۆغان بڕیاری داوە لەدژی گەلی كورد لە دوای دۆڕانەكانی لەهەڵبژاردنەكانی 29-3-2009 بوو. لەهەر قۆناخێك بەشێك لەو جەنگە ناڕەوایەی زیاتر بەرەو قوڵای برد، خۆی دەڵێت دەبێ پاكتاویان بكەین، من باوەڕ دەكەم چەند شەڕەكە بەرەو قوڵای بچێ ئەوەندە ئەردۆغانیش دەكەوێتە ناو قوڵایەكەو لەناویدا دەرناچێ و دەخنكێت.
بەقەد ئەردۆغان دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان بە ئەركی خۆیان هەڵدەستن و كارەكانیان جێبەجێ دەكەن و تائێستاش ئەوەی لەچوارچێوەی كۆردیناسیۆنی چوار قۆڵی دانرابێت پێكیان هێناوە.
سەردانە سەركەوتووەكەی وەزیری ناوخۆی تورك! كەبە ئەركی پاكتاوكاری ئەركدار كراوە لەگەڵ بەرپرسیارانی تر لە ئەمریكی وبەریتانی و ئێراقی و خوابزانێت كێ ی تریش ئامادە بووە، لەدوایدا دڵی خۆیان ئاسوودە كرد، جارێكی تریش هەولێریان خستووە ناو كردەوە ناشایستەكانیان، ئەنجام لەم كۆبوونەوانە هەموویان هاوڕان بۆ پشتگیری پڕۆژە پاكتاوكارەی ئەردۆغان بەڵام جیاوازیك ئەویش سەنگەری پاكتاوكاری چكداریان گواستەوە بۆ سەنگەری پاكتاو كاری سیاسی.
دەسەڵاتدارانی هەرێم خۆیان بەشتێك ئیقناع كردوە ئەویش بەگوێرەی جاران باشە بەڵام بەگوێرەی ئێستا زۆر كەمە، دەڵێن؛ ئێمە وەك جاران شەڕی پەكەكە ناكەین بەڵام هاوكاری ئیستخباراتی، سیاسی راگەیاندنی و ئابووری دەدەینە دەولەتی تورك، بێ گومان ئەوەش لەژێر ناوی ئەكەپە و ئەردۆغان دەكەن گوایە خاوەن پڕۆژەی كرانەوەیە بەڕووی كورد!
هەڵبەتە ئەوان خۆشیان دەزانن كە ئەمە وانیە، ئەوەی پێیان دەكرێت فەرمانی ئەمریكا وئینگلیزە بۆ ئەوەی بڵێن لەتوركیا ئەردۆغان و ئەكەپە كێشەی كورد چارەسەر دەكەن، ئەگەر كوردێكی چڵكاو خۆری وێنەی میر دەنگیر مەحمەد فرات ی گەندڵ و حوسێن چەلیكی بێ كەڕامەت دەبن، ئەگەرنا نابێ باسی نوێنەرانی كورد بكرێت نابێ باسی بەڕێز ئۆجەلان و پەكەكە بكرێت و ئەوانە قەدەخەن.
دەسەڵاتدارانی هەرێم لەپلانە سیاسیەكەدا بەشدارن؛ بەستنی كۆبوونەوەی چوار قۆلی بەهاوبەشی نوێنەری ئینگلیز بۆ جاری یەكەم لە هەرێم، هەمانكات بەردەوامی بەبێ هەڵوێستی و بێ دەنگی دەسەڵاتداران لەبەرامبەر كردەوە دوژمنایەتیەكانی دەولەتی توركیاو هەروەها راگەیاندنەكانیان هێشتا دەهۆڵ بۆ ئەردۆغان و ئەكەپە دەكوتن، بەناو شرۆڤەكارو پسپۆڕەكانیشیان دیسان لە شرۆڤە هەلەكانیان بەردەوامن گوایە ئەردۆغان پڕۆژەی گۆڕانی هەیە بەڵام لەبەر هێزی سوپا ئەو دەرفەتەی بۆ ناڕەخسێ، ئەو كەسانە نازانن كە رۆژانی 27 و 28-12-2009 حاكمەكانی ئەردۆغان چوونە ژوورە تایبەتەكانی سەرفەرمانداری سوپاو بەڵگە نهێنیەكانیان هەموویان درا دەست ئەوكات ئەوانە قسەی پووچەن.
لەكۆتایدا ئەوە دەڵێم كەپڕۆژەكەی ئەردۆغان تەنها دەتوانێت ئەحمەد تورك و هەڤاڵانی بخاتە زیندان.
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست