ئیبراهیم تاتلیس خێری بۆ ئورفا نەبوو دەبێ خێری بۆ هەولێر هەبێ؟
Sunday, 25/07/2010, 12:00
ئیبراهیم تاتلیس كەلای خەڵكی باكوری كوردستان و شارەكەشی ئورفا بەئیبۆ دەناسرێت، تائێستا هیچ خێرێكی بۆ شارەكەیی و بۆ خەڵكی باكوری وڵات نەبووە، ئەگەر جار جارەش چەند قڕۆشێكیشی دابێتە بزووتنەوەی چەكداری ئەم پارچەیە ئەویش لەژێر فشار و هەژمونی شۆڕشگێڕان دابووە.
ئیبۆ كەتا ئەو دەقەیەی تیادا دەژی بەهیچ شێوەێك دان بەناسنامەی نەتەوەیی خۆی نانێت و حاشا لەكوردبوونی خۆی دەكات، لەهەموو مێژوویی ژیانیشی ئەوەی پێی دەگووترێت هونەری كوردی رەسەن یان كاری ئابووری و بازرگانی لەدەرەوەی درۆو دەلەسەو كاری دەسخرۆكردن هیچی تری نەكردوە،نمونەی هەرەباشیش لەو بەناو فلیمانەی كەدەری خستوون لەگەلأ بەناو گۆرانیەكانی.
ئیبۆ لەسەردەمی شەڕی ساڵانی 90 بە بەشێك لەدەزگای شەڕی تایبەتی دەوڵەتی توركیا بۆسەر بزووتنەوە ئازادەكەی دەژمێردرا، هەموو هەوڵەكانی ئیبۆ بۆ ئەوە بوو چۆن گەنجانی كورد لەشۆڕش دوورخاتەوەو بینكاتە كۆیلەی حەزو ئارەزوەكانیان. ئەو كات لەپالأ ئیبۆ هۆلیا ئەفشار و چەندانی تریش هەبوون.
دوای ئەوەی لەماوەی رابردوو ئیبۆ چەندین سەردانی بۆ هەرێمی كوردستان كرد بەڵام لەهیچیان نەبەكوردی گۆرانی گووت نەلەبەردەم ئاڵای هەرێمیش وەستا، هەتا ناوی هەولێریشی نەهێنا گووتی ئەربیل، ئێستا ماوەیەكە بایەكە پێچەوانە هەڵیكردوەو ئیتر كوردی پلەیەك و خاوەن كوردستان ئیبۆیەو خزمەت بەخەڵكی هەژاری هەولێر دەكات!!!!!!!!
ئیبۆ هیچ خزمەتێكی بەشارەكەی ئورفا كەبەشاری پێغەمبەران دەناسرێت و زۆرترین خزمەتی پێویستە نەكردوە. لەبەر بێكاری ساڵانە هەزاران لەخەڵكی ئورفا بۆ پەیداكردنی پاروێك نان روودەكەنە شارە گەورەكانی رۆژئاوای توركیا و لەئەنجامی رووداووی هاتووچۆو شەڕپێ فرۆشتنیان لەلایەن توركە فاشستەكانە وە دەیانیان گیان لەدەستدەدەن. ئورفا كە رووباری فوراتی بەناودا تێدەپەڕێ و هەزاران دۆنم زەوی كشتوكاڵی هەیە، بەڵام گوزارانی ژیان كارێكی سەختە. یەكێك لەو شارانەی كەشارەوانیەكەی لەدەست كوردا نیە ئەویش ئورفایە. هەروەها ماوەێكە جولەكەكانیش هەستاون بەكڕینی دەشتە بەپیتەكەی.
ئیبۆ هیچ خزمەت بەشارەكەی ناكات، نكۆڵی لەكورد بوونی خۆی دەكات ، لای ئەو هێشتا هەرێمی كوردستان باكوری عێراقە، چۆنە ئیبۆ هاتووەو پارەیەكی زۆر دەخاتە ناو پرۆژەی وەبەرهێنان، لەگەلأ ئەوەش لەماڵی هەژارانی هەولێر دەگەڕێت و بەسەریان دەكاتەوە وەكو ئەوە وایە لەئێستادا بەرهەم ساڵح نا بەڵكو ئیبۆ سەرۆكی حكومەتی هەرێم بێت.
نیازی ئیبۆ دبێ چیبێت لەرژاندنی ئەو هەموو پارەیە لەهەولێر، بۆچی ئیبۆ ئەو كارانە لەئورفا ناكات؟؟؟ !!!
ماوەێك مۆدێلی گۆرانی بێژەكانی كوردستان بوو شوقەو ئاپارتمانەكانیان بەناو ئەوان دەكرد، وادیارە ئێستا مۆدێلەكە گۆڕاوە بەشەریكی لەگەلأ توركەكان دەكرێت!! گۆرانی بێژە كوردەكان ئێستا دەكرێنە بێژەری تیڤیەكان و بەناو بەرنامە كۆمەڵایەتی و هونەریەكانیان پێ پێشكەش دەكرێت.
من بەهەموو خۆشحاڵیەكەوە حەزدەكەم زۆرترین سەرمایەدار لەكوردستان كاری وەبەرهێنان بكات لەگەلأ ئەوەی سیمایەكی نوێ بۆ وڵات دروست دەكات هەمانكات ئابووری وڵاتیش دەبووژێنێتەوە، لەجیهاندا سنوری كار نەماوە بەهۆی پرۆسەی جیهانگیری ، هەموو تاكێك مافی ئەوەی هەیە ممارەسەی كاری وەبەرهێنان بكات بەگوێرەی ئەو سەرمایەیەی لەدەستی دایەو ئەوەش كە دەوڵەت یارمەتی دەدات. واتا ئەوەی دەمەوێت باسی بكەم لەبنەمایەكی تووڕەی نایەت داخۆ بۆچی كەسێكی تورك بێت لەكوردستان وەبەرهێنان بكات چونكە حاڵی حازر زیاتر لە پێنج سەد كۆمپانیای توركی لەكوردستان هەن بەتایبەتیش لەهەولێر ، بەگشتیش كۆمپانیەكان سەربە ئیداری ئەركانی گشتی و پارتەكانی وەك ئەكەپە و مەهەپەن هەمووشیان فاشیستن.
ئەوەی كەمرۆڤ توڕە دەكات ئەو نكۆڵی كردنەیە لەناسنامەو تێكدانی كلتورو دابوونەریتی كوردیە و بەتورك كردنیەتی لەلایەن ئیبۆوە.
سیاسەتی ئابووری حكومەتی ئەكەپە لەهەرێمی كوردستان سەركەوتوو بوو، توانی پارێكی زۆری نەقدی بۆ بانكە بەتاڵەكانی بەرێتەوە، هەمانكات كاریش بۆ كۆمپانیا بێ ئیشەكانی پەیدا بكات، ئەوەش بكاتە منەتێك بەسەر باشبوونی پەیوەندی لەگەلأ حكومەتی هەرێم و (بنەماڵە خانەدانە عێراقیەكە). بەناوێكی تر توركیا لەئێستادا نەك تەنها بەسەربازی هەڕەشە لەهەرێمی كوردستان دەكات بەڵكو بە رێگای ئابووری داگیری كردوە، ئەگەر لایەنی سەربازیشی بۆ سەربگرێت ئیتر داگیركەریەكە تەواودەبێت.
دەشتە جەهنەمەكەی ئیبۆ تەنها بۆ خۆی و ئەو خەڵكەی دەیان رووتێنێتەوە بەهەشتە ئەگەرنا كەسایەتیەكی بێناسنامە بەهەشت بەو دروست ناكرێت . ئەگەر ئیبۆ دەیەوێت خزمەتی میللەتەكەی بكات بابچێت پرۆژەیەكیش لەئورفا دەستپێبكات، لەگەلأ دەشتی هەولێر با دەشتی حەرانیش بكاتە بەهەشت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست