وەلامێك بۆ كاك نەوزاد هادی
Friday, 22/10/2010, 12:00
سەرەتا دەمەوێت سوپاسى سەكۆى كوردستان پۆست بكەم كە ئەم هەلە گەورەى دروست كردوە كە خەلك بتوانێت بە شێوەیەكى ئازادانەى رەها لە سەر پرسەكان بیًتە ئاخاوتن وە داواكارم گشت تاوانباران بە شێوەیەكى یەكسان و دادپەروەرانە بگەن بە سزاى خۆیان.
نامەوێت باس لە تاوانبارو تاوانلێكراو بكەم لەبەر ئەوەى ئەمە كێشەى دادگایەو ئەم پرسە دادوەر یەك لایى دەكاتەوە بەپێى پێوەرە كانى داگا لە هەموو جیهان، وە دادگاش پێویستى بە بەلگەو دیكۆمێنتە،بەلام ئایا بۆ یەكێتى گشت بەلگەو دیكۆمێنتەكانى لە دواى سەرهەلدانى سالى 1991 سوتاند خۆ ئەمەش پارتە سیاسییەكانى تر نەبوون؟ بەس بۆ ئەوەى خەلكانى یەكێتى لەكەدار نەبن بە رۆژى نیوەرۆ گشتیان سوتاند، كە دەتوانرا ئیمرۆ گشت تاوانەكان بە بەلگە زۆر بە ئاسانى بسەلمێنرێن بەرامبەر بە هەر كەسێك .
باسى سەروەرى یاسا دەكەیت و دەڵێیت (بۆ ئەوەی یاسا سەروەر بێت و ئەو تاوانبارە بدەینە دەست عەدالەت)،لە ولاتێكى ملیشیاى كە بەهەزاران و دەیان هەزار تاوان كراوەو دەكرێت تاكو ئێستا كێتان لەسەر تاوان و خۆفرۆشى دادگایى كراون، ئەى تاوانەكانى یەكێتى كەمن، یان بانێكەو دوو هەوا.
ئەمەى جێگاى سەرسورمانە لەلاى من كە لەناو رونكردنەوەیەك دوو تێزى دژ بە یەك هەیە، كە لە لایەك دەلێیت (قاسماغا لەو رۆژگارە کون نەبوو خۆی تێدا بشارێتەوە) لەلایەكى تر دەلێت زۆر راسته چونكە جاشەكان بە مردوویى نەیان ئەتوانى نزیك تەرمەكان ببنەوە ئەمەش هەموو خەڵكى كۆیە شاهیدە بەڵێ یەك لەمانە لەناویاندا شەهید شەفیق بوو) ، ئەى چۆن ئەم تاوانبارە كە تەنها هەشت كەسى لەگەل بوو ئەو كات چۆن توانى نۆزدە شێرە پارتیزانى یەكێتى بكوژێت، دیار نیە كەكێ شێرە و كێ ریویە؟ وەرە وەڵام و خۆت یەكلایى بكەرەوە.ئەم تاوانبارە بكوژەكەیە یان تۆمەتى بۆ دروست دەكەیت؟
گەر بێینە سەر باسى ئەنفالى دەشتلى كۆیە ئەوا لە دواى رژێم یەكێتى تاوانبارى یەكەمە، لەبەر ئەوەى یەكێتى زانیارى تەواوى هەبوو كە كەى كاتى سفرچەند بۆ ئەنفالى دەشتلى كۆیە،وە مامە یەحیا و قاسم اغا چەند جار وەلامیان نارد بۆ گوندەكان بەلام یەكێتى رێگەیان نەدا كە خەلك بروات بۆ شارەكان و وتیان ئێمە شەر دەكەین تا دوا تنۆك، بەڵام دواتر كە بۆ بەیانى هێرش دەستى پێكرد شێرەكانى یەكێتى قەیسەریان لێ ببووە كونە مشك بە جەنابیشتەوە كە وەك بەرزەكى سەربانان بۆى دەرچوون و خەلكتان دا دەستى رژێم، لە كام میحوەر ئێوە شەرتان كرد؟ ئەى ئەم فشەتان لەچى بوو؟ ئەى كێ دادگایى ئێوە بكات؟
دەربارەى ئەو خزمەى قاسم اغا كە ناوى خۆى نەوتووە ئەمەش هۆكارى خۆى هەیە نەك لەبەر ترسى قارەمانێكى وەك تۆ، چونكە تۆ دیارى پیاوێكى عەیار چەندیت ، بەڵام كە ئێستا تۆ هاتوویتە دەنگ و دەنەرێنى ئەى لە كۆتایى هەشتاكان كە لە دەشتى كۆیە بوویت ئەتووت ئێستا پێشمەرگەم چیت دەكرد خۆ بە چەند فیشەكیش و لە دوورى دەیان كیلۆمەتریش بێت دەتووانى رقى خۆت دابرێژى دژى ئەو تاوانانەى قاسم اغا كردى دژى براكەت،ئەى ئەوسا چیت دەكرد، بەلام مەسەلەیهكى ئینگلیزى هەیە دەلێن وەرینى سەگ لە دوور نیشانەى گاز لێنەدانە.
هەر ئێوە نەبوون ئەسوەدى براى فەرەجتان لیكردبووین بە پلنگەكەى یەكێتى ، خۆ ئەویش دەستى سوور بوو بە خوێنى دەیان شەهیدى یەكێتى و شوعى (بۆ نموونە گرتنى حسن كاكە) بەلام ئەو كوتبووە باوەشى جەلال تالەبانیەوە و كەس بۆى نەبوو باسى دادگا بكات و لە گول زیاترى پێبلێت.ئەى خۆ تاوانەكانى یەكێتى كەم نین لە كۆیە لە دواى سالى 91 یەكەوە، ئەمە جگە لە تاوانەكانى تر یەكێتى پێش نەوەتەكان ، ئەى كێ ئەمانەو ئێوە دادگاى بكات.
لە سالى 78 تۆ تەمەنت تەنها لە نۆ بۆ دەسال دەبوو، ئەمە چۆن تۆ ئەو كات ئەم كەلە پیاوە بوویتو دەلێیت (چەندان وێنەو نامەو شتی گرنگیان لە گوندەکە شاردبووە، کە دواتر خۆم لەگەل نەسرین چووم بۆ قورە بەرازەو هێنامنەوە) ئەم كارەت چۆن ئەنجام داوە؟
جەنابت ئێستا لە دژە تیرۆرى و دەلێیت (هیچ حیزب و کەسێک و لایەنێک هاوکاری نەکردووین بگرە یەکیەتی نیشتمانی کوردستان پێشی ناخۆش بوو ئەو کارە بکەین) ، ئەمە مافى خۆتە چى دەلێیت لەبەر ئەوەى لە دەزگاى زانیارى ئاوا فێركراوى ، بەلام جەلال تالەبانى زۆر بە راشكاوانە لە كۆبوونەوەیەكى داخراو بەرلە چل رۆژ وتبووى ئێمە لێناگەرێین قاسم اغا هەروا دابنیشێت وحەملەى كەمپین و راگەیاندنى دژى دەست پێدەكەین بەم زووانە، كە زۆر راستیش دەرچوو.
ئەوەى ماوە بیلێم كە جەنابت باشترە راشكاوانە بێیتە ئاخاوتن ، نەك خۆت تووشى تێزى دژ بەیەك بكەیت لە روونكردنەوەیەكى زۆر كورتى لە بابەتە تووشى هەلە بیت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست