دەبێ تورکیا ڕاستیەکان ببینێ
Thursday, 03/09/2009, 12:00
ئەوە زیاتر لە بیست و پێنج ساڵە خەباتی ڕزگاری خوازی گەلی کورد لەباکوری کوردستان بەردەوامە بۆ وەدەستهێنانی مافەکانی. لەپانزەی تەباخی 1984 یەکەمین گوللەی هێزەکانی پاراستنی گەل بەرەو ڕووی هێزەکانی ئەرتەشی تورک تەقێنرا، ئەمەش لە کاتێکدابوو کە هیچ کەسێک لەشارەکانی تورکیا نەیدەوێرا کوردبوونی خۆی بەیان بکات. بەڵام ئەمڕۆ بەملیۆنان کوردلە هەموو پارچەکانی کوردستان پشتیوانی و خاوەندارێتی لەو شۆڕشە مەزنە دەکەن.
گەلی کورد لەکوردستانی تورکیا قوربانیەکی یەکجار زۆری داوە بەدرێژایی ئەو دەوڵەتەی کەناوی نرا تورکیا. ئەو وڵاتەی کەجاران نکوڵی لەبوونی کورد دەکرد، ئێستا لەئەنجامی بەرخودان و تێکۆشانی گەلەکەمان لەباکووری وڵاتدا، باسی چارەسەری پرسی کورد دەکات. بەڵام دەبێت باش بزانێت دەبێت دانیشتن و دانووستان لەگەڵ نوێنەری ڕاستەقینەی گەلدا بکات و دەستبەرداری گوتاری نابەجێ و سەرلێشێواوانە بن، چەشنی یەک وڵات و یەک ئاڵاو یەک نەتەوە، هەروەها قسەوقسەڵۆکی ئەوەی کەئەوان گفتوگۆ لەگەڵ PKK ناکەن.
سەرانی تورک دەبێ ئەوە باش بزانن کە PKK و DTP و سەرۆک ئاپۆ سیانەیەکن جیابوونەوە قبوڵ ناکەن. بۆیە هەر هەوڵدانێک بۆ جیاکردنەوەی هەر یەکێک لەم سیانەیە بێسوودەو هیچ ئەنجامێکی باشی لێ ناکەوێتەوە. هەر بۆیە بۆ بەرژەوەندی کوردو تورک باشتروایە نەخشە ڕێگای سەرۆک ئاپۆ بەبنەما وەربگرن بۆ چارەسەری پرسەکەو واز لەو ئەقڵییەتە بێنن کە سەدساڵ لەمەوپێش دەوڵەتی عوسمانی میللەتانی غەیرە تورکی کۆیلە ئاسا حوکم دەکرد.
بۆیە ڕۆژی پانزەی تەباخ ڕۆژی ژیانەوەی گەلی کوردە لەباکوری وڵات, چونکە پێش ئەو مێژووە گەلەکەمان هەروەکو هەڤاڵی تێکۆشەر موراد قەرەیڵان لەیەکێک لەچاوپێکەوتنەکانی دەڵێت((لەسەر دۆشەکی مردن بوو)) بەڵام ئەمڕۆ لەسایەی خەبات و تێکۆشانی pkk هەستاوەتە سەرپێ و نەک بەتەنها لە کوردستان تەنانەت لەشارە تورکیەکانیش کوردەکان بەرخودان دەکەن.
تورکیا پێویستە ئاوڕێک بۆ دواوە بداتەوەو پازدەی تەباخی 1984 بێنێتەوە یادی خۆیی و تێبگات کەئەو شۆڕشە لەو ماوەیەدا چەند مەزن بووە کە بەملیۆنان لەخەڵکی کوردستان دەوریان لێداوە. بۆیە خەبات بەردەوام دەبێت تاکو مافەکانی گەلی کورد بەفەرمی لەدەستووری تورکیادا دەچەسپێت.
02-09-2009
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست