کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


مافی‌ مرۆڤ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌روانگه‌ی‌ ئه‌مریكاوه‌

Sunday, 01/03/2009, 12:00


وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌مریكا پێیوایه‌ له‌ساڵی‌ 2008دا دیموكراسی‌ له‌به‌شه‌ عه‌ره‌بییه‌كه‌ی‌ عێراقدا گه‌شه‌ی‌ سه‌ندوه‌، به‌ڵام هه‌رێمی‌ كوردستانیشدا پێشیلكاری‌ مافی‌ مرۆڤ و بنه‌ماكانی‌ دیموكراسیی‌ زیادی‌ كردوه‌.
له‌راپۆرتێكی‌ وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌مریكادا كه‌ سه‌باره‌ت به‌ ره‌وشی‌ مافه‌كانی‌ مرۆڤ له‌ جیهان،له‌به‌رواری‌(25/2/2009)دا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، به‌شێك بۆ عێراق ته‌رخانكراوه‌ كه‌ تێیدا باس له‌ ره‌وشی ناوخۆیی هه‌رێمی كوردستانیش كراوه‌.
له‌و راپۆرته‌دا چه‌ندان حاڵه‌تی تایبه‌ت و رووداوی گشتیی ناو هه‌رێمی كوردستان خراونه‌ته‌ روو، هاوكات بایه‌خێكی زۆریش به‌چه‌مكی دیموكراسی و ئازادی و شه‌فافیه‌ت دراوه‌.
ره‌خنه‌ی‌ ئه‌مریكا له‌یه‌كێتی‌ و پارتی‌
له‌و راپۆرته‌كه‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌مریكادا،ئاماژه‌ به‌پێشكه‌وتنی ره‌وشی مافه‌كانی مرۆڤ كراوه‌ له‌ به‌شه‌ عه‌ره‌بییه‌كه‌ی‌ عێراقدا، به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ره‌خنه‌ له‌چه‌ند هه‌ڵویستێكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و هه‌ردوو پارتی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان وپارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان گیراوه‌.
له‌ راپۆرته‌كه‌دا باسی‌ ئه‌وه‌ كراوه‌ كه‌ هه‌رچه‌نده‌ رێكخراوه‌كانی -ئێن جی ئۆ- له‌ هه‌رێمی كوردستاندا به‌رله‌ ناوچه‌كانی دیكه‌ی عێراق كارابوون و جموجۆڵیان هه‌بوه‌،به‌ڵام مه‌ترسیی‌ ئه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ حكومه‌ت رێگای‌ جیاواز به‌كاربهێنێت بۆ به‌گژاچوونه‌وه‌ی ده‌نگه‌ جیاوازه‌كان.
له‌ درێژه‌ی راپۆرته‌كه‌ی حكومه‌تی ئه‌مریكادا هاتووه‌:له‌ناوچه‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستاندا زۆر له‌ هاوڵاتیان ده‌كرێت بچنه‌ ریزه‌كانی ئه‌و پارته‌وه‌ وبه‌هه‌مان شێوه‌ له‌ ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی پارتی دیموكراتی كوردستانیشدا زۆر له‌ هاوڵاتیان ده‌كرێت ببنه‌ ئه‌ندامی ئه‌و پارته‌.
هه‌رچه‌نده‌ له‌ سێ پارێزگای هه‌ولێر،سلێمانی و دهۆك كه‌ له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندان، به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ‌ ناوچه‌كانی دیكه‌ی عێراقدا كه‌مترین ئاستی توندوتیژی روویداوه‌،به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌ی ساڵانی رابردوو راپۆرته‌كان ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كه‌ن كه‌ ده‌زگا ئه‌منیه‌كان هێز و توندوتیژی زیاد له‌ پێویستیان له‌كرده‌وه‌كانیاندا به‌كارهێناوه‌.
نه‌واو هاوڵاتی‌ و ئاوێنه‌ و لڤین دژی‌ گه‌نده‌ڵی‌ ده‌وه‌ستنه‌وه‌
وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌مریكا پێیوایه‌ رادیۆی‌ نه‌وا و هه‌فته‌نامه‌كانی‌ هاوڵاتی‌ و ئاوێنه‌و گۆڤاری‌ لڤین كاربۆده‌رخستنی‌ گه‌نده‌ڵییه‌كان ده‌كه‌ن.
سه‌باره‌ت ئازادیه‌ رۆژنامه‌وانیه‌كان باسی‌ ئه‌وه‌شی‌ كردوه‌ كه‌ ، جگه‌ له‌ سێ كه‌ناڵی ته‌له‌ڤزیۆنی، هه‌ریه‌ك له‌ پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستان رۆژنامه‌ی زمانحاڵی خۆیان به‌هه‌ردوو زمانی كوردی و عه‌ره‌بی بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌.هه‌رچی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستانیشه‌ خاوه‌نی كه‌ناڵی راگه‌یاندن و رۆژنامه‌ی تایبه‌ت به‌ خۆیه‌تی.
له‌ راپۆرته‌كه‌دا ئه‌وه‌ش نوسراوه‌ كه‌:له‌هه‌رێمی كوردستان جگه‌ له‌راگه‌یاندنی پارته‌كان،چه‌ند راگه‌یاندێكی سه‌ربه‌خۆ كارده‌كه‌ن بۆ ده‌رخستنی گه‌نده‌ڵیه‌كانی حكومه‌ت و پارته‌كان.كه‌ده‌توانرێت رادیۆی‌ نه‌وا، و هه‌ردودوو هه‌فته‌نامه‌ی هاوڵاتی و ئاوێنه‌ و گوڤاری لڤین به‌نمونه‌ بهێنینه‌وه‌.
هێزی‌ ئه‌منی‌ ده‌یانگرێ‌ و دادگاش زیندانییان ده‌كات!
له‌به‌رده‌وامی‌ راپۆرته‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌ش كراوه‌ كه‌ هێشتا دژایه‌تی كردنی رۆژنامه‌نووسان له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌رده‌وامه‌ و دادگاكان بڕیاری ده‌ستگیركردنیان ده‌ده‌ن و هێزه‌ ئه‌منیه‌كانیش ده‌ستبه‌سه‌ریان ده‌كه‌ن،ئه‌وه‌ش ته‌نیا له‌به‌ر بڵاوكردنه‌وه‌ی چه‌ند زانیاریه‌ك له‌ راگه‌یاندنه‌كانیاندا.
له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا سكاڵا له‌دژی سه‌رنووسه‌ری چه‌ند رۆژنامه‌یه‌ك تۆماركراوه‌.ده‌زگا ئه‌منیه‌كان گوشاری زیاتریان خسته‌ سه‌ر نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووسه‌ ئازاده‌كان،به‌ تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی باسیان له‌ گه‌نده‌ڵییه‌كانی ده‌سه‌ڵاتداران كردبوو.
سكاڵاكه‌ی‌ تاڵه‌بانی‌ به‌نمونه‌ هێناوه‌ته‌وه‌...
وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌مریكا گرنگی‌ داوه‌ به‌و سكاڵایه‌كی‌ كه‌ تاڵه‌بانی‌ له‌دژی‌ سه‌رنوسه‌ری‌ هه‌فته‌نامه‌ی‌ هاوڵاتی‌ تۆماری‌ كردوه‌و ئه‌و روداوه‌ی‌ له‌راپۆرته‌كه‌یدا جێ‌ كردۆته‌وه‌.
وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌مریكا له‌كاتێكدا باسی‌ زه‌خت و گۆشاره‌كانی‌ سه‌ر رۆژنامه‌نوسان ده‌كات باسی‌ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ له‌29ی كانونی دووه‌مدا به‌ بیانووی دانانی مانشێتێك كه‌ زیانی به‌ سومعه‌ی گه‌یاندوه‌،جه‌لال تاڵه‌بانی‌ سه‌ركۆماری‌ عێراق سكاڵای له‌دژی سه‌رنووسه‌ری رۆژنامه‌ی هاوڵاتی تۆماركرد.هه‌ریه‌ك له‌ رۆژنامه‌نووسان شێرزاد شێخانی و مه‌ریوان تۆفیق،له‌ پارێزگای هه‌ولێر سزادراون.
به‌دواداچون بۆتیرۆری‌ سۆران مامه‌ حه‌مه‌ نه‌كراوه‌
له‌ راپۆرته‌كه‌دا ئه‌وه‌ش باسكراوه‌ كه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان هیچ به‌دواداچونێكی‌ راسته‌قینه‌ی‌ بۆ كوشتنی رۆژنامه‌نووس سۆران مامه‌ حه‌مه‌ له‌ 4ی ئابدا نه‌كردوه‌ و وه‌ها نوسراوه‌: به‌وته‌ی ئه‌حمه‌د میره‌ سه‌رنووسه‌ری گۆڤاری لڤین كه‌ سۆران كاری تێدا ده‌كرد،ئه‌و رووداوه‌ په‌یوه‌ندی به‌ ئاشكراكردنی چه‌ند نهێنیه‌كی پارته‌ كوردیه‌كانه‌وه‌ هه‌بووه‌ له‌كه‌ركوك.
له‌به‌رده‌وامی‌ راپۆرته‌كه‌دا وه‌ها هاتوه‌:هه‌رچه‌نده‌ ده‌ستوور رێگه‌ به‌ ئازادی راده‌بڕین و رێكخستنی خۆپیشاندانی ئاشتیخوازانه‌ ده‌دات و حكومه‌تیش به‌گشتی ره‌چاوی ئه‌و مافانه‌ی ده‌كرد،به‌ڵام چه‌ند راپۆرتێك ئاماژه‌یان به‌پێشێلكاریه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم كرد به‌رامبه‌ر خۆپیشانده‌ران.به‌پێچه‌وانه‌ی ساڵی 2007ه‌وه‌ راپۆرته‌كان ئاماژه‌یان به‌ كوژران و تۆقاندنی خۆپیشانده‌رانی دژی حكومه‌ت كرده‌وه‌.
هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان، هه‌ردوو پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستان،به‌پێدانی ده‌سه‌ڵات و ئیمتیازاتی زیاده‌ بۆ ئه‌ندامانی خۆیان تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن و ته‌ئكید ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ ئه‌و دوو پارته‌ رێگه‌ به‌كه‌سانی ده‌ره‌وه‌ی پارته‌كانیان ناده‌ن له‌سه‌ر كاری حكومی دابمه‌زرێن.

Saturday, February 28, 2009

http://www.radionawa.com/NewsDetailN.aspx?id=33203&LinkID=70

مافی‌ مرۆڤ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌روانگه‌ی‌ ئه‌مریكاوه‌

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە