گۆڕانێكى نەگۆڕاو، چى رۆشت و چى مایەوە؟
Wednesday, 10/08/2011, 12:00
من بەتەواوى هاوڕاى ئەوەم، كە دروستبوونى بزووتنەوەى گۆڕان، لە پانتایى سیاسەتى كوردستاندا، بۆ خۆى روداوێكى سیاسى دیارو كاریگەربووە، بزووتنەوەیەك بووە كە مۆركى خۆى لەسەر چەندان رەوتى سیاسى تر داناوەو بۆ ماوەیەكى دیاریكراویش ئیلهام بەخشى كاركردن و بیركردنەوەى ژمارەیەكى فراوانى هاونیشتمانیانى ئێمە بوو، بۆ جیلێكى دیاریكراویش سەرەتاى كارى سیاسى بووەو بۆ نەوەیەكى گەنجیش گەرمیبەخشێكى بە بەها بووە. خۆ ئەگەر لە رووى مێژوویشەوە گۆڕان هەڵسەنگێنین، دەتوانین بڵێین، كە لانیكەم دیاردەیەكى سیاسى هاوشێوەى دروستبوونى چەندان پارت و بزووتنەوەى وەك پارتى، جەلالیەكان، دروستبوونى كۆمەڵەو یەكێتى، ئاڵاى شۆڕش و لە جۆرى ئەوانە بووە، كە لەنێویاندا هەندێكیان بوونە هێزو میحوەرى سیاسەت و دەسەڵات و هەندێكیشیان خرانە ئەرشیفەوەو ناوبردنشیان قۆناغێكى دیاریكراومان بیر دەخەنەوەو بێ ئەوەى ئەمڕۆ هیچ كاریگەرییەكیان لەسەر ئێمە مابێتەوە.
ئەوەى گۆڕان لەو دیاردە سیاسىو رێكخراوەییانەى ناویانبرا، جیا دەكاتەوە، چەند خاڵێكى سەرەكییە، كە لەوانەیە بەهەمان رادە بۆ ئەوان مەیسەر نەبووبێتو لە سەردەمێكى جیاوازدا فرسەتى بوونیان هەبووبێت. گۆڕان وەك پەرچەكردارێك بەرامبەر بەدەسەڵاتى كوردى سەریهەڵدا، میحوەرى خۆناساندنەكەى لەناوبردنى ئەو نەهامەتیانە بووە كە بەهۆى دەسەڵاتە ناوخۆییەكانەوە دروست بووەو گۆڕانكارى لە ژیان خستۆتە جێگاى ئەو ئازادییەى هێزەكانى تر وەك مژدەیەك داویانە بە خەڵك، جیا لەوانەیش گۆڕان لە قۆناغێكى تایبەتى وەهاى كوردستان دروستبووە كە جیا لە بوونى چەندان زانكۆو پەیمانگاو رێكخراوى ناحكومىو لێشاوێك لە میدیاو ناوەندى رۆشنبیرى هەبووە، كە دەكرێت لەماوەى یەك سەعاتدا مەبەستو ئامانجى خۆى بە سەرجەم خەڵك بگەبەنێتو هێز بگرێت...
بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا، دەبێت ئەوەیشى بۆ زیاد بكەین، كە پێش ئەوەى گۆڕان دروست بێت، بزووتنەوەیەكى ناڕەزایەتى بەهێز لەناو شارەكاندا هەبووە، كە بەشێكى زۆر لە كادێرانى سەرەكى ئەمڕۆى گۆڕان ئەركى سەركوتى ئەو بزووتنەوەیەیان لە ئەستۆ گرتبوو.
ئێستا ئەگەر بزووتنەوەى گۆڕان لەچاوى دوو ساڵى رابردوویدا هەڵبسەنگێنین، بەتایبەت كە لەم ماوەیەدا هەردوو رێگاكانى كارى پەرلەمانىو كارى سەر شەقامەكان ئەزموونكرا، بۆمان دەردەكەوێت كە گۆڕان لە هیچ یەك لەو دوو رێگایانەدا نەیتوانیوە سەركەوتوو بێت. لەئاستى پەرلەماندا، جیا لەوەى كە هەرایەكى پەرلەمانى دروستبووە، بەڵام نەیتوانیووە یەك یاسایش بە قازانجى خەڵك یەكلایى بكاتەوە، سەرجەم رۆڵەكانى گۆڕان لە پەرلەماندا زیاتر هەرایەكى ناو كۆبوونەوەكان بووە. ئەو كاتەى خەڵك چاوى بڕیبووە كارى پەرلەمانى، بزووتنەوەى گۆڕان كەمتریش پشتیوانى شەقامیان بۆ كارى فراكسیۆنەكەیان دروست نەدەكردو ئەو كاتەش شەقامەكان جمەیان دەهات لە خەڵك، ئەندام پەرلەمانەكانى گۆڕان بایكۆتى كۆبوونەوەكانى پەرلەمانیان دەكردو لەبرى ئەوەى لەمەیدانى ئازادى شیعریان دەخوێندەوە . ئەم جۆرە سیاسەتە ئەوەى دەردەخست كە گۆڕانو سەرجەم پۆزیسیۆنیش 49% ى پەرلەمانیشیان بەدەستەوە بووبێت ناتوانن هیچ گۆڕانكارییەك لە یاساكانو لێپرسینەوەكاندا بكەنو ئەو كاتەیش ئەگەر زۆربەى شارەكانیش بكەوتناتەیە ناو خۆپیشاندانو ناڕەزایەتییەوە ئەو رێژەیە لە ئەندامێتى پەرلەمان نەیدەتوانى هیچ زیادەیەك بخاتە سەر بارودۆخەكە.
ئەگەر لە لایەنە دیارە دەرەكییەكەى گۆڕان (لەكاتێكدا كە ئێمە ناتوانین دیوى ناوەوەى ببینین) ئەو دوو دیاردەیەى لەسەرەوە ئاماژەى بۆ كرا، پێوانە بێت بۆ هەڵسەنگاندنى ئەو بزووتنەوەیە، ، بۆمان دەردەكەوێت كە شێوەى كارى گۆڕان ئاراستەیەكى بەرەو لاوازى وەرگرتووەو هاوتاى ئەو حەماسەیە نەبووە كە لە 25/7 دا ژمارەیەكى فراوانى خەڵك بۆ دەربڕیوە.
لەرووى كاركردنى تەشكیلاتییەوە، گۆڕان لە قەرەباڵخییەكى سەرەتاییەوە بۆ جۆرێك لە رێكخراوەیى تەشكیلاتى رۆیشتووە. ئەو گردبوونەوەبەى لەدەورى گۆڕان دروست ببوو بەتێپەڕبوونى كات گۆڕا بۆ بازنەكانو لە غیابى سەركردایەتیشدا تەنیا كەسێَك سەرچاوەى بیركردنەوەو بڕیاردان بووەو لێرە بە دواوە سیفەتى حزبى بوون جێگاى بە سیفەتى بزووتنەوەیى بوون لێژكردو ئەو بزووتنەوەیەى هێنایە سەر ئەو رایەى كە رووداوەكان بە پێوانەى بەرژەوەندییە دیاریكراوەكانى خۆیان لێكبدەتەوە، واتا بەهەمان ئەو پێوانانەى كە پارتىو یەكێتى هەیانە، بێ شاردنەوەیش رایاندەگەیاند كە ئەمە شێوازە ئاسییەكەى سیاسەتى ماكیاڤیلانەیە.
لەرووى راگەیاندنیشەوە، دەتوانین ئەو ئاماژانە بە رووى ببینین كە چۆن راگەیاندنێكى هەواڵسازیانە دەگۆڕێت بۆ راگەیاندنێكى حزبىو چۆن لیستى رەشو لیستى بایكۆتكراو بۆ كەسانێك دروست دەكرێت كە گومانى ئەوەیان لەسەر بێت هاوشێوەى گۆڕان بیرنەكەنەوەو كار نەكەن. لەم لایەنەوە ئەم كارە بە روونى لەگەڵ ئەوانەدا پێڕەو كرا، كەدەستیان بەهێشتنەوەى ئەنجومەنەكانى خۆپیشاندەرانەوە گرتبوو، لە لیستى هەواڵو ریپۆرتاژەكانیشدا خەتى سور بەسەر ئەوانەدا دەهێنرێت كە نابێت لە كەناڵەكانى ئەو حزبەوە ناویان بهێنرێت، واتا هەمان ئەو شتانە دووبارە دەكەنەوە كە پێشتر لە حزبى دایكدا ساڵانێكى دوورودرێژ كاریان لەسەر كردووە، بۆ كەناڵەكانى ئەوان كەمپینى دوو كەسىو سێ كەسى دەبێتە یەكێك لە كەرەستە سەرەكییەكانو كۆبوونەوەیەكى 400 كەسى لە بارودۆخێكى ئەمنىو سەركوتى وەك سلێمانى بە هەند وەرناگرن بۆ ئەوەى ناوى ئەنجومەنێك یان كەسێك نەبەن.
گۆڕان لە سەرەتاداو بە پشتیوانى راگەیاندنەكەى، بووەتە جێگاى ئومێدێكى گەورە بۆ ژمارەیەكى زۆرى خەڵك، بەڵام لەماوەى دوو ساڵى رابردوودا، وەك سەرجەم دیاردە سیاسییەكانى ترى كوردستان، قسە لەلایەك كەوتو كردار بە لایەكى تردا رۆیشتووە، ئێستا ئەو بزووتنەوەیە سیما سەرەكییەكانى حزبێكى وەرگرتووە. رۆژگارێك ئەم بزووتنەوەیە باسى لە نەمانى گەندەڵى دەكرد، بەڵام كەیسى گەندەڵی كەسایەتییەكانى لە پارێزگاى سلێمانیدا تا ئێستا بە كراوەیى ماوەتەوە، باسى لە كەمكردنەوەى جیاوازییەكان دەكرد، بەڵام گەورەترین سۆپەرماركێت لەسەر پانتایىو قەڵمڕەوى ئەودا دروست كراوەو ئەو بزووتنەوەیەى كە دەوترا گەنجەكان رابەرایەتى دەكەن، ئێستا كۆمەڵێك خاوەن سەرمایەو پارەدار قورساییەكانى ناوەندى بڕیاردانیان خستۆتە ژێر كاریگەرى خۆیانو ئەوانى تر كە هیچ قورسیاییەكى وەهایان نییە، بەگاڵتەوە پێیان دەوترێت "بێكارەكانى گردەكە". ئێستا ئەو بزووتنەوەیە كادێرو رۆشنبیرەكانى خۆى لەسەر ئەوە پەروەردە دەكات، كە لەبەر ئەوەى یەكێتىو پارتى موڵكى گشتى ناگێڕێتەوە دەبێت ئەویش گردەكە لاى خۆى گل بداتەوەو بەم شێوەیە ناشیرینترین دیمەنى ئەو دزانەمان بۆ نمایش دەكەن كە لەسەر ماڵو موڵكى خاوەنماڵ دەستەویەخەى یەكتر دەبن، بزووتنەوەیەك كە هەمیشە باس لە بەرژەوەندىو سەروەرێتى نیشتمانى دەكات ئێستا ئامادەیە بە ناوبژى دەوڵەتانى چواردەور لەگەڵ دەسەڵات دابنیشێت، بزووتنەوەیەك كە باس لە مافو داواكارى دەكات، رۆژێك بە شەقام دەڵێت ئاژاوەچىو رۆژێكى تریش پێیان دەڵێت نوێنەرایەتیتان دەكەین. لەبێ ئاسۆیدایە كەنەخشەداڕێژەرانى ئەو بزووتنەوەیە بەنرخى رۆژ نان دەخۆنو باشو خراپ بە تەرازووى بەرژەوەندییە خۆییەكان پێوانە دەكەن. ئەو بزووتنەوەیەى كە بە ئومێدى گۆڕانكارییەكى گەورە 25 ئەندامى گەیاندە پەرلەمان، ئێستا ئەندام پەرلەمانەكان سەرقاڵى رۆژ ژماردنن تا تەمەنى ئەندامبوونیان شمولى خانەنشینى بكات، یان لەدواى كۆتایى دەورەى ئەندامێتیان بوجەیەكى زۆرو ژمارەیەك حیمایەیان بەدواوە بێت. زۆربەى ئەو ئەندام پەرلەمانانەشیان لەهەڵبژاردنەكاندا دۆڕان، یەك بەدواى یەك كەوتنە سەركۆنەى لیستەكەى خۆیانو بە بزەوە باسیان لە كۆتایى گۆڕان دەكرد، لەو حاڵەتانەدا بە روونى دەردەكەوت چۆن نوێنەرایەتى گۆڕان كەوتبووە دەست كۆمەڵێك كەسى بەرژەوەندپەرستو لەیەكەم شكستیشیاندا پشتیان لەخۆیانو بەڵێنو بزووتنەوەكەیان دەكرد، هەموو ئەمانەیش لەژێر ناوى گۆڕانو گۆڕانخوازیدا دەچوو بەڕێوە.
گۆڕان وەك بزووتنەوەیەك بۆ گۆڕانكارى كۆتایى پێهات، ئێستا قەوارەیەكە بەدەست كۆمەڵێك كۆنە سیاسییەكانى ناو یەكێتین كە چاوەڕوانى مردنى تاڵەبانى دەكەن تا بگەڕێنەوە ناو حزبى دایكو بەدەست كۆمەڵێك پارەدارەوەن كە بەهۆى گۆڕانەوە زیاتر دەوڵەمەند بوونو بوارێكى زۆرى ئابوورییان بۆ خرابووە سەر پشت، ئەوەى ئێستا لەبەردەستدایە پێكهاتێكە لە قاڵبى حزبێكى تەقلیدیدا. ئەو بزووتنەوەیە بۆ ئەوەى بەشێوەیەكى بەهێزیش بمێنێتەوە پێویستى بەوەیە بەشێوەیەكى خێرا بەرەو شێوازە تەقلیدییەكانى كارى حزبایەتى بڕواتو ئیتر بۆ داپۆشینى شێوازى نەخوازراوى كارە سیاسییەكان دەبێت دەرسى ژمارەیەك كادێر دابدات تا پاكانەى بۆ بكەنو سەركردەى حزبەكە وەك سەركردەى حەكیم بناسێننو لەو لایشەوە بەهۆى وشە بەتاڵەكانى وەك هاوپەیمانىو گۆڕانكارىو دابنو نەریتى كوردەوارییەوە وەڵامى هەموو ئەو رەخنانەى بەرەو روویان دەكرێت بدەنەوە.
لەگەڵ هەموو ئەمانەیشدا، كۆتاییەكان تراژیدین، شكستى گۆڕان وەك جوڵەیەكى رەخنەگر، كاریگەرییەكى خراپ لەسەر پانتایى سیاسەتو گیانى رەخنەگرانەى كۆمەڵگا دادەنێت، بۆشاییەك دروست دەكات كە بەپلەى یەكەم پارتىو بە پلەى دووەم ئیسلامییەكان قازانجى لێدەكەنو هەردوو حاڵەتەكەیش مایەى مەترسییە. بەدڵناییەوە هەڵبژاردنەكانى داهاتوو بە قازانجى دەسەڵات كۆتایى پێدێتو زیانلێكەووتوویى سەرەكیش ئەو بزووتنەوە ناڕەزایەتیەیە كە دەمێك ساڵە لە شاروشارۆچكەكانى كوردستان سەریهەڵداوە، بەڵام بێ ئاسۆ، بێ بەرنامەو پەرتەوازەیەو هەر جارەى شەپۆلێك لەگەڵ خۆیدا دەیبات.
ئێستاو لەم دۆخەدا پرسیارەكە ئەوەیە: ئایا دەكرێت ئەم بۆشاییە بەسیناریۆیەكى باشتر پڕ بكرێتەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست