کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


شۆڕشی داهاتوو، شۆڕشی دابه‌شكردنه‌وه‌ی سامان ده‌بێت

Tuesday, 19/03/2013, 12:00








راده‌ی جیاوازی به‌هره‌مه‌ند بوون یان نه‌بوون له‌ داهاتی گشتیی كوردستان گه‌یشتۆته‌ ئاستێك، كه‌ له‌سه‌ره‌وه‌‌و لای پیاوانی ده‌وڵه‌تمه‌دار ئاماژه‌ی دیارو روون‌و راسته‌وخۆ بۆ مه‌ترسییه‌كانی ده‌كرێت. له‌ سیاسییه‌كانه‌وه‌ بگره‌ تا ده‌گاته‌ به‌ڵێنده‌ره‌كان، له‌ بازرگانه‌ دیاره‌كانه‌وه‌ بگره‌ تا ده‌گاته‌ فرۆشیاره‌ مام ناوه‌نده‌كان، له‌ فه‌مانبه‌رانه‌وه‌ بگره‌ تا ئه‌گاته‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی داهاتی رۆژانه‌یان به‌ نیوه‌وناچڵیش بۆ دابین ناكرێت، باس له‌ دیارده‌یه‌كی زۆر ناوازه‌ له‌ مێژووی كوردستاندا ده‌كرێت، ئه‌ویش دیارده‌ی بوونی داهاتێكی فراوان‌و بودجه‌یه‌كی بێ‌ وێنه‌‌و سه‌رمایه‌یه‌كی سروشتی له‌بن نه‌هاتوو، كه‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی زۆر گه‌وره‌و فراوانی داهات‌و ده‌وڵه‌مه‌ند بوونی توێژێكی دیاریكراوو له‌و لایشه‌وه‌ هه‌ژاربوونی ژماره‌یه‌كی فراوانی خه‌ڵكه‌، كه‌ ئاستێكی مام ناوه‌ندی ژیان تا ئاستی نزمتر له‌ ئاستی هه‌ژاری ژیان ده‌بنه‌ سه‌ر.
ئه‌م دابه‌شبوونه‌ نابه‌رابه‌ره‌‌و ئه‌م به‌هره‌مه‌ندبوونه‌ زۆره‌ی ژماره‌یه‌كی دیاریكراو له‌ داهات‌و له‌و لایشه‌وه‌ ئه‌م هه‌ژارییه‌ بێ‌ وێنه‌‌و بێ‌ داهاتییه‌ به‌رهه‌می ئاڵوگۆڕێكی له‌ناكاو یان رودانی كاره‌ساتێكی سروشتی یان كه‌وتنه‌ ناو جه‌نگ نییه‌، به‌ڵكو رێك‌و راست به‌رهه‌می چاوچنۆكییه‌كی بێ‌ راده‌ی ئه‌زموونێكه‌ له‌ ده‌سه‌ڵات‌و به‌ڕێوه‌بردن كه‌ ته‌نیا كه‌ڵه‌كه‌ی سه‌رمایه‌ی لا مه‌به‌سته‌‌و بۆ ئه‌و ئامانجه‌ش سڵ له‌ هیچ رێگایه‌كی شیاوو نه‌شیاو، باوو نا باو، یاسایی‌و نا نایاسایی ناكاته‌وه‌، ته‌نانه‌ت به‌ پێچه‌وانه‌ی جیهانی ده‌ره‌وه‌ی خۆشی هه‌ست به‌ بوونی هیچ ره‌قیبێكیش ناكات‌و هه‌ست هیچ فشارێك ناكات كه‌ خرابێته‌ سه‌ری‌و هیچ رێگرییه‌ك له‌به‌رده‌م خۆیدا نابینێته‌وه‌ تا خاوی بكاته‌وه‌‌و ناچاری بكات كه‌مترین پرنسیپه‌ مرۆییه‌كان له‌به‌رچاو بگرێت. له‌م ئه‌زموونه‌ ده‌گمه‌نه‌ی كوردا تا داهات زۆرتربێت هه‌ژاری زیاتر ده‌بێت، تا راده‌ی ده‌رهێنانی سامانی سروشتی زۆرتر بێت راده‌ی پێویست بوون‌و كه‌می ئه‌و داهاته‌ زۆرتر ده‌بێت، تا پرۆژه‌ی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ زۆرتر بێت ئاستی وێرانی‌و كاولی زۆرتر ده‌بێت، تا پرۆژه‌ی نیشته‌جێبوون زۆرتر بێت بێ‌ خانه‌و لانه‌یی زۆرتر ده‌بێت‌و به‌ كورتی ده‌وڵه‌مه‌ندی ئابووری به‌ر ئه‌نجامێكی پێچه‌وانه‌ی خۆی، واتا هه‌ژاری زیاتر به‌رهه‌م ده‌هێنێت.
دابه‌شبوونی سامان، به‌ر ئه‌نجامێكێكی خراپه‌ بۆ ده‌سه‌ڵاتێكی خراپ، به‌رئه‌نجامی به‌تاڵانبردنی سامانی گشتی‌و به‌رئه‌نجامی ده‌سه‌ڵاتێكی بێ‌ مانای حزباتییه‌ به‌سه‌ر حكومه‌ته‌وه‌‌و به‌ر ئه‌نجامی به‌ مافیابوونی ده‌سه‌ڵات‌و به‌ باندبوونی پرۆسه‌ی سه‌رمایه‌گوزارییه‌. كار به‌ راده‌یه‌ك گه‌یشتووه‌ كه‌ ته‌نانه‌ت چاككسازی‌و پیاچوونه‌وه‌‌و رێكخستنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات‌و به‌ڕێوه‌بردن له‌ كۆمیدی كۆمیدیتری لێ‌ به‌سه‌ر هاتووه‌.
ئێستا توێژێك له‌و سیاسه‌تمه‌ندارانه‌ كوردستان ده‌به‌ن به‌رێوه‌، كه‌ هه‌ر خۆیشیان جوڵێنه‌ری شاده‌ماره‌كانی ئابوورین. سه‌رۆك‌و مه‌كته‌ب سیاسی حزبه‌كان، ئه‌ندام په‌رله‌مان‌و وه‌زیره‌كانن، كه‌ له‌هه‌مان كاتدا سه‌رچاوه‌ی ئابووریو بازرگانین‌و خاوه‌ن پرۆده‌ گه‌وره‌كانن‌و پشكی شێری بوجه‌یان به‌ر ده‌كه‌وێت‌و بواره‌كانی بازرگانی‌و ئاوه‌دانی‌و نیشته‌جێبوون، یان راسته‌وخۆ یان به‌شێوه‌ی هاوبه‌شێكی شاراوا قۆرخكردووه‌، ئه‌م دۆخه‌یه‌ كه‌ كوردستانی خستۆته‌ به‌رده‌م ده‌قینه‌وه‌یه‌كی سیاسی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی گه‌وره‌.
ئه‌گه‌ر راپه‌ڕین‌و شۆڕشه‌كانی رابردوو بۆ ئازادی‌و سه‌ربه‌خۆیی‌و ده‌رچوون له‌ژێر ده‌ستی ده‌سه‌ڵاته‌ زاڵم‌و دیكتاتۆره‌كان به‌رپاكرابێت، ئه‌وا بێگومان شۆڕشی داهاتووی كوردستان، شۆڕشی دابه‌شكردنه‌وه‌ی سامان ده‌بێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە