کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


سكاڵای تیرۆری كۆمۆنیستەكان ‌وەك ئەزمونێك لەبەردەم بزووتنەوەی گۆڕاندا

Friday, 23/09/2011, 12:00







بەم دوایانەی حزبی كۆمۆنیستی كارێكاری، سكاڵای یاسایی لەسەر بڕیاردەر‌و جێبەجێكەری رشتنی خوێنی 5 ئەندامی خۆی بەرزكردەوە. ئەم سكاڵایە لێكدانەوەی جۆراوجۆری بۆ كراوە‌و تەرەفەكان هەوڵ دەدەن تەفسیری جیا جیای بۆ بكەن.
بەڵام شتێك كە بۆ من مایەی هەڵوێستە لەسەر كردنە، خودی سكاڵاكە نییە، تەنانەت كات‌و شوێن‌و چۆنێتی بەرزكردنەوەی سكاڵاكە نییە، لەوەیش واوەتر ئەوە نییە كە گوایە یەكێتی یان پارتی (بەو شێوەیەی برادەرانی گۆڕان دەیڵێن) لەپشت بەرزكردنەوەی ئەو سكاڵایەوە بن، تەنانەت ئەگەر وایش بێت، هیچ لەو ئەسڵە كەم ناكاتەوە كە مافخوراوێك بۆ بەدەستهێنانەوەی مافەكانی خۆی رێگایەكی مەدەنیانە دەگرێتە بەر‌و داوای مافەكانی خۆی دەكات.
دەكرێت ئێمەیش لەدەرەوەی ئەو مەجەرایەی ئێستا دەگوزەرێت، سەرنج‌و تێبنی خۆمان بدەین، بۆ نمونە دەتوانین بپرسین بۆ سكاڵاكە دوای 11 ساڵ‌و لەم كاتەدا دەكرێت، یان بۆچی جەلال تاڵەبانی سكرتێری ئەو حزبە لەناو لیستی سكاڵا لەسەر كراوەكان نییە‌و دەكرێت بپرسین تا چەند گریمانەی ئەوە هەیە، كە ئەم كەیسە نەبێتە دەستكەلایەكی سیاسی بەدەست پارتی‌و یەكێتی بۆ دژایەتی نەیارەكانیان؟ بەڵام لەگەڵ ئەم تێبنیانە‌و چەندان تێبینی تری لەو جۆرە، كەس لەئێمە مافی ئەوەی نییە خودی پرۆسەی داواكارییە یاسییەكەی ئەوان بخاتە لاوە، بۆ ئێمە مەسەلەكە رووداوێكەو دەگوزەرێت، بۆ ئەوان كێشەیەكی حەیاتییە‌و خۆیان باش‌و خراپیەكانی خۆیان دەزانن.
بەڵام لەم پرۆسەیەدا بزووتنەوەی گۆڕان كەوتە هەڵەیەكی گەورەوە، كە كەیسەكەی وەك كەیسێكی تایبەت بە خۆی وەرگرت، چونكە لە بنەڕەتدا ئەو كەیسە ئاراستەیە بە چەند كەسایەتیەك كە لە شەش كەس چواریان ئێستا لەو بزووتنەوەدا شوێنیان هەیە‌و دوانیان لەناو یەكێتیدان، خودی كەیسەكەش دژ بە بزووتنەوەی گۆڕان نییە، بەڵام ئەو كەسانەی سەر بە گۆڕانن‌و سكاڵایان لەسەرە پێیانخۆشە كەیسەكە بەئاقارێكی تردا بسوڕێنن‌و لە مەسەلەیەكی یاساییەوە بیكەنە مەسەلەیەكی تەواو سیاسی‌و تێكەڵاو ئەو جەوە سیاسییە بێ‌ سەرو بەرەی بكەن كە لەئێستای كوردستاندا باوە.
لەبری ئەوەی سكاڵا لەسەر كراوان قسەی خۆیان بكەن، وتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان دێتە وەڵام، لەبری ئەوەی كە هەر لەسەرەتاوە دان بەوەدا بنێنن كە كارێكی هەڵەیان كردووە لە كوشتنی پێنج كۆمۆنیستدا، دێن‌و بابەتەكە وەك جۆرێك پلان‌و دەست لە پشتدان دەشێوێنن تا بەو شێوەیە بەرەو گێژاوێك لە وتیان‌و دەڵێنی بەرن‌و ئەو سەرەكەی نادیار بێت. سەیرە كەسانێك باس لە سەروەرێتی داد‌و یاسا بكەن‌و خۆیشیان تا ئەم رادەیە گەمژە بن.
گۆڕان لە یەكەمین بەرەو رووبوونەوەی لەگەڵ كەسانێكدا كە مەدەنیترین رێگایان بۆ داواكارییەكانی خۆیان گرتەبەر، كەمی هێنا‌و لەبری ئەوەی بەرێزەوە وەڵامی سكاڵاكە بداتەوە، راستەوخۆ‌و ناڕاستەوخۆ كەوتنە دژە هێرش‌و بڵاوكردنەوەی چەندان ئەگەر‌و هەزاران گریمانەیان وەك یەقین خستە روو، كە دەبوایە بەپێچەوانەوە ئەوان پێش تۆمەتبارەكانی تری ئێستای ناو یەكێتی ئامادەیی خۆیان بۆ ئەو سكاڵایە دەرببڕییایە.

ئەو سكاڵایە، نەك بۆ كەسانێك كە لەناوی بزووتنەوەی گۆڕاندان‌و ئاراستەیان كراوە، بەڵكو بۆ سەرجەم ئەندام‌و لایەنگرەكانی ناو گۆڕانیش دەبێتە ئەزموونێكی دەگمەن، چونكە ئەوانیش لەوەدا بەپرس دەبن كە خەریكە كوشتنی كۆمۆنیستەكان لە كێشەیەكی پەیوەست بە كۆمەڵێك بەرپرس‌و لێپرسراوە سەرەكییەكانی ناو یەكێتی دەگۆڕن بۆ كێشەیەكی ناو بزووتنەوەی گۆڕان‌و ئەگەر بێت ئەو تەیفە لە رۆشنبیران‌و رەخنەگرانی ناو گۆڕان، لەبەرامبەر ئەو جۆرە یاریكردنە بە كەیسەكە هەروا پاسیڤ‌و لامبالات بن، بێگومان لە رووی ئەخلاقیەوە ئەوانیش دەبنە هاوبەش لە تاوانێكی لەو جۆرەدا، كە بەراستی كوشتنی ئەوان هیچی لەو كوشتنانە كەمتر نەبووە، كە لە خۆپیشاندانەكاندا دەكوژران‌و تەقەیان لێدەكرا‌و دواترین تاوانبارەكان لەژێر هەیمەی بارزانی‌و تاڵەبانیدا دەشاردرانەوە..
من دەزانم، دەزگاكانی راگەیاندن، رێكخراوەكانی ناو براو بە كۆمەڵگای مەدەنی، تەیفێكی فراوانی ئەو رۆشنبیرانەی تەنیا ئازادی‌و پاراستنی كارامەتی خۆیان دەوێت، لەبەرامبەر كەیسێكی لەو جۆرەدا بێدەنگ دەبن‌و دەكەونە ژێر ئەو مقۆمقۆیەی كە ئەوە جۆرێك لە پلان‌و تەڵەیە بۆ بزووتنەوەی گۆڕان، لەبەرامبەریشدا هەوڵ دەدەن خۆیان لەو بابەتە نەدەن، بەتایبەت كە خوێنی كوژراوەكان وەك خوێنی كۆمۆنیستەكان بە بێ‌ بەها وەردەگرن‌و بەبیانوی ئەوەی كە تێكەڵاوی بابەتە سیاسییەكان نەبن، هەوڵ دەدەن كەمتر خۆیانی تێوە بگلێنن.
كۆمەڵگای سیاسی ئێمە، كۆمەڵگایەكی بێ‌ شەرمە، ئەوەی باسی ئازادی‌و ماف‌و شەفافیەت دەكات، خۆی دەبێتە دووژمنێكی سەرەكی ئەو شتانەی كە ئیدیعای دەكات.
بزووتنەوەی گۆڕان لەبەرامبەر پرۆسەی بەرزكردنەوەی یاساكاندا، یەك رێگای لەبەر دەمدایە، ئەویش ئەوەیە كە ئەو بابەتە وەك كەیسی تایبەتی چەند كەسێكی ناو بزووتنەوەكە وەربگرێت، نەك وەك كەیسی بزووتنەوەكە خۆی‌و هەوڵ نەدات بیكاتە كەیسی بزووتنەوەكە‌و رێگا نەدەن رێكخراوەكەیان بكرێتە میراتگیری گەندەڵی‌و تاوانەكانی پێشووی یەكێتی، با ئەوانیشمان لێنەبن كە بە پارتی‌و یەكێتی‌و هەوڵ نەدەن رێكخراوەكەیان بكەنە پاناگایەك بۆ شاردنەوەی تۆمەتبارانێك كە دەستیان هەبووە لە كوشتنی دیل‌و گیراوەكانی روداوێكی سیاسی. ئەم كەیسە دەتوانێت جۆرێك ئەزموونكردنی لێپرسینەوە‌و شەفافی‌و دەرخستنی ئەستۆپاكی‌و گێڕانەوەی ماف بێت، واتا رێك ئەو شتەی ئەندامان‌و لایەنگرانی بزووتنەوەی گۆڕان وتویانە‌و دەیڵێنەوە، ئێستا ئێمە چاودێری بارودۆخەكە دەكەین تا بزانین قسەو كردار ئاشنایەتیان بە یەكەوە هەیە یان نا؟ چونكە ئەمە ئەزموونێكی گەورە دەبێت بۆ ئەوان.
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە